هونەرمەندی گەورە، شارام نازری، دوای ساڵانێک هەوڵ و تێکۆشان، سەرەنجام رۆژی پێنجشەممە،١/٣/١٣٩٣ی هەتاوی(٢٢/٥/٢٠١٤ی زایینی) رێگای پێدرا کۆنسێرتێکی دوو زمانەی فارسی، کوردی لە شاری کرماشان بەڕێوە ببا. ئەم کۆنسێرتە، لە نێو میدیا و دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئاخوندیدا هەرایەکی زۆری نایەوە. چوونکە هونەرمەند جگە لە بەشی یەکەم کە تەرخان کرابوو بۆ مووزیک و گۆرانی فارسی، لە بەشی دووهەمدا ئاوڕی دایەوە سەر زمانی کوردی کە زمانی دایکیی هونەرمەندە.
نازری لە بەشی کوردییەکەدا، بە پێشکەش کردنی گۆرانی “کوردستان گەر تۆم نەبێ”، هەستی ئامادەبوانی زیاتر جووڵاند. ئەم گۆرانییە و چەند هەڵبەستێکی فۆلکلۆری دیکەی وەک
خوەم کرماشانی، فارسی نازانم
وە زوانئ کوردی، قەزات لە گیانم…
بەشێک لە فارسە شۆڤێنیستەکانی حاکمی ئێران( کە بەداخەوە ژمارەشیان کەم نییە) لە گەڵ کاسەلێسەکانی نزیک لە دام و دەزگای ئەو رێژیمەی هێنایە لێدوان. جگە لە پێناخۆش بوونی ئەو قوڵەچۆماغانەی دەسەڵاتی ئاخوندی، رۆژنامە و راگەیاندنەکانی وەک “مۆسیقای ئێران”، “رجا نیووز”، “پارسینە” و…هتد دەستیان دایە هێرش و هیچیان بۆ نازری نەهێشتەوە.
ئەو هونەرمەندە ٦٥ ساڵەیە کە لە ٩ ساڵییەوە، تەمەنی خۆی بۆ خزمەت بە هونەری فارسی تەرخان کردووە، بە شەوێک دەبێ بە دژی نەتەوەی فارس و بە جیاوازیخواز و رەگەزپەرست(کورد) لە قەڵەم دەدرێ.
بەر لەوەی بچینە سەر هۆکاری ئەو دژکردەوانە کە دوای ئەو کۆنسێرتە بەرامبەر بە نازری ئەنجام درا، بە پێویستی دەزانم ژیانی ئەم هونەرمەندە ناسراوە، بە چەند دێڕێک بە سەر بکەینەوە:
شارام نازری، هونەرمەندی رەدیفخوێنی ئاواز و مووزیکی فارسی، ساڵی ١٣٢٨ ی هەتاوی لە شاری کرماشان هاتۆتە دنیا. هەر بە منداڵی لە ژێر ساباتی بنەماڵەی نازری، بە تایبەت دایک و باوکیدا پەروەردە کراوە و ئاشنای ئاواز و مووزیکی ئێرانی بە گشتی و مووزیکی رەسمی وڵات (فارسی) بووە.
دوای ساڵانێک خۆماندووکردن، توانیویەتی بڕوانامەی بەرز لە بواری هونەری مووزیک و گۆرانیدا، وەربگرێ.
ئەو یەکەمجار بە شیعری مەولاناجەلالەددینی رۆمی دەستی بە تێکۆشانی هونەری کرد و زۆری نەبرد، لە پانتایی ئێران و دنیای هونەردا بوو بە ناوێکی ناسراو. شارام لە بواری مووزیک و گۆرانیدا”بە شێوازی تایبەت بە خۆی”، بە یەکێک لە لووتکەکانی ئاوازی ئێران دەژمێردرێ. ناوبراو هەر وەها بۆ بەرهەمەکانی لە هەڵبژاردنی شیعری نوێدا رچەشکێن بووە. ئەم هونەرمەندە، خزمەتێکی گەورەی بە مووزیک و زمانی فارسی کردووە.
نازری لە ماوەی نزیک بە چل ساڵ کاری هونەریدا، ٤٠ بەرهەمی گۆرانی و مووزیکی لە چوارچێوەی کاسێت و CDدا بە زمانی فارسی، پێشکەش بە ئاخێوەرانی ئەو زمانە کردووە. لە پاڵ گشت ئەم هەموو هەنگاوانەدا کە چۆتە دەرەوەی وڵات و گەشتی هونەری کردووە، لە گەڵ پێشکەش کردنی بەرهەمە فارسییەکانی بۆ بەشداران، چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردیشی خوێندووە. ئەم کارە، بووە بە هۆی پێوەندییەکی زیندوو لە نێوان شارام و کوردەکانی دەرەوەی وڵاتدا. بە جۆرێک تا هاتووە، پەرەی پێدراوە.
شارام، لە گەڵ ئەوەی شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکا و مووزیکی کوردی بەرز دەنرخێنێ، بەڵام وەک لە فارسییەکەدا لووتکەیە و بۆ ئەو بوارە باش پەروەردە کراوە، لە کوردییەکەدا، جگە لە بەرهەمی ئەساتیر و شانامەخوێنییەکەی کە ئەویش تێکەڵاوێکە لە ئاوازی کوردی و فارسی (بە هونڕاوەی هەر دوو زمانەکە)، داهێنانێکی بە زمانی دایکی خۆی(کوردی) نییە. چوونکە بە پێی ئەو چوارچێوەیە کە لە ئێراندا بۆ نەتەوەیەک بە ناوی فارس پاوان کراوە و بۆ نەتەوەکانی دیکە یاساغە، خاوەن هونەرێکی وەک شارام نازری، تواناییەکەی لەو ژینگەدا و بەو زمانە دەردەکەوێ کە پێی پەروەردە کراوە. ئەویش زمانی زکماکی خۆی نییە. ئەم دیاردەیە تەنیا ئەو ناگرێتەوە، بەڵکوو دەتوانین لە بواری گۆرانیدا ئاماژە بە ناوی سەددیق تەعریف، ئیبراهیم تاتلیساس، نەمر ئەحمەدکایا و… بکەین کە لە فارسی و تورکیدا سوارچاکن، بەڵام لە کوردیدا، کارێکی وایان نەکردووە. لە بواری نووسینی رۆمان و وەرگێڕاندا بۆ سەر زمانی فارسی، نووسەرگەلێکی گەورەی کوردی فارسی نووس وەک نەمران محەممەد قازی، ئیبراهیم یونسی و ئەبوولقاسم لاهووتی ئەم رێگایەیان بەر لە نازری پێواوە. هەر وەها لەو کەسانەش کە ئێستا لە ژیاندا ماون، عەلی ئەشرەف دەرویشیان، مەنسوور یاقووتی و عەلی محەممەد ئەفغانی بە فارسی، یەشارکەماڵ بە تورکی و سەلیم بەرەکات بە عەرەبی سەدان بەرهەمیان پێشکەشی کتێبخانەی زمانی فارسی، تورکی و عەرەبی کردووە. ئەم خاوەن بەهرانە، ئەگەرچی بەرهەمەکانیان لە ناوەرۆکدا دەوڵەمەند و بە پێزن، بەڵام ناچنە خانەی کوردییەوە.
کاتی خۆی، بە بۆنەی ماڵاوایی یەکجاری محەممەدقازی، نووسینێکم بڵاو کردەوە. لەو وتارەدا رامگەیاند: ” لە گەڵ ئەوەی بەرهەمەکانی قازی و یونسی و ئەفغانی و… کە بە فارسی نووسراون یان لە زمانەکانی دیکەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی، شاکارن، بەڵام دەبنە بەرهەمی کتێبخانەی فارسی و ئەو زمانەی پێ دەوڵەمەند دەکرێ”. ئێستاش بۆ بەرهەمە ناوازە و داهێنانەبەرزەکانی نازری کە بە زمانی فارسی هاتوونەتە بەرهەم، هەر هەمان بۆچوونم هەیە.
ئەم خاوەن بەهرەگەورانە، ئەگەر دەرفەتیان هەبایە و بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە کرابان، بێگومان ئەو بەرهەمانەیان بە زمانی کوردی بۆ نەتەوەکەی خۆیان بەرهەم دەهێنا. کاتێک گوێگرێکی کورد، گوێ بۆ تاتلیساس رادەگرێ، لاوکێکی کوردی بە پەیڤی تورکی دەبیستێ. یان ئەگەر خوێنەرێکی کورد رۆمانی مێردی ئاهووخانم”شوهرآهوخانم”ی عەلی محەممەد ئەفغانی دەخوێنێتەوە، وادەزانێ ئەم رۆمانە، سەرەتا بە زمانی کوردی نووسراوە و دواتر کراوە بە فارسی، چوونکە ناوەرۆکی رۆمانەکە باس لە جوغرافیا و ژیانی کۆمەڵە خەڵکێکی ئاشنا دەکا کە کرماشانە. هونەرەکە لە زۆربەی ئەو بەرهەمانە بە بیری کوردی داڕێژراوە، بەڵام بە زمانی فارسی، تورکی یان عەرەبی نووسراوە.
نازری هونەرمەندیش، خاوەن بەهرەیەکی کوردە کە بە زمانی کوردی بۆ نواندنی هونەرەکەی پەروەردە نەکراوە. نەتەوەکەی بندەستە. زمانەکەی لە بازاڕی دەسەڵاتی ئێراندا، نەک بە چاوی زمانێکی سەربەخۆ سەیر ناکرێ و رێگەی پێنادرێ، بەڵکوو بە زاراوەیەکی دەشتەکی زمانی فارسی وێنا دەکرێ. بۆیە ناوبراو و خاوەن بەهرەکانی دیکەی کورد، بۆ ئەوەی توانای هونەریی خۆیان بنوێنن، ناچارن بەو زمانەی تێیدا قاڵن، خۆ دەرخەن.
هونەرمەند نازری، بە وتنەوەی هەڵبەستەکانی مەولەوی، حافیز، سەعدی، فیردەوسی و پەیڤی شاعیرانی هاوچەرخی فارسی بێژی دیکە، دەیان خەڵاتی نێوەنەتەوەیی وەک خەڵاتی ” باشترین مووزیکی عیرفانی جیهان”، ساڵی١٩٩٧، لە فیستڤاڵی فاس لە مەراکیش، خەڵاتی لژیون دونیور، ساڵی٢٠٠٧ ( شوالیەی ئەدەب و هونەر) ساڵی٢٠٠٧ ـ فرانسە، خەڵاتی هونەرمەندی هەڵبژاردەی ئاسیا لە لایەن کۆمەڵەی وڵاتانی ئاسیاوە، خەڵاتی ئەفسانەی زیندووی زانکۆی کالیفورنیا، خەڵاتی زێڕی ئاسمان لە شاری قوونیەی تورکیە، خەڵاتی کلیلی زێڕی شاری خۆی، رۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵاتی شارەداری ئەیرواینی کالیفورنیا، خەڵاتی کۆنگرەی ئامریکا، خەڵاتی زانکۆی هارواردی ئامریکا بۆ خۆی و بۆ زمانی فارسی وەرگرێ. سەرەڕای وەرگرتنی ئەم گشت بڕوانامەگەورانە کە لە سەر ناساندنی شیعر و ئەدەبی فارسی، پێی دراوە و شانازییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زمانە، کەچی لە بەر ئاوڕدانەوەیەکی خێرا و کورتی نازری لە زمان و هونەری کوردی، لەو شارەی کە زێد و شوێنی لە دایک بوونیەتی، ئاوا دەکەوێتە بەر لافاوی بێحورمەتی بەشێکی زۆر لە نەتەوەپەرستە شۆڤیینیستەکانی فارس.
وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، مامۆستا شارام نازری ئەم سەرکەوتن و پێشکەوتنەی تەنیا لە پای ئەو تواناییە وەدەست نەهێناوە کە لە زمانی فارسیدا بوونی هەیە. راستە زمانی فارسی، زمانێکی پێشکەوتووە و بە درێژایی مێژووی کۆن و نوێ وەک تاکە زمان لەو وڵاتە خزمەتی کراوە. بە جۆرێک بە زۆر بووە بە میراتگری زمانی ٥ نەتەوەی دیکە ( کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و تورکەمەن). هەر ئەم زمانەش تەنیا زمانی رەسمی وڵاتە. ئەگەر زمانی نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی ئێران، ئەو دەرەتانەیان هەبایە کە زمانی فارسی هەیەتی، هەم وەک زمانی فارسی گەشەیان دەکرد و هەم ئەو خەڵاتە نێونەتەوەییانەش کە نازری و کەسانی دیکە لە پێناوی ناساندنی شیعر و پەیڤی فارسیدا وەریانگرتووە، دەبوو بە سامانی ئەو نەتەوەیە کە شارامی لە باوەشی خۆیدا پەروەردە کردووە.
لە گەڵ ئەو راستیانەی سەرەوەدا، زۆر جار کورد و هزرڤانانی ئەو نەتەوەیە لە ئێراندا، هەوڵیان داوە هەڵوێستی وا نەنوێنن کە وەک دوژمن سەیری نەتەوەی فەرمانڕەوا (فارس) بکرێ. بەڵام راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگای ئێران کە یان فارسن و یان پەیڕەوی لەو روانگەیە دەکەن، جگە لە فارس و زمانی فارسی، زمان و ئەدەب و وێژەیەکی تر لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە نابینن. هەر ئەم بۆچوونە چەوت و یەکلایەنەی نەتەوەپەرستانی دەسەڵاتدار و بەشێک لە قەڵەم بە دەستانی رێژیمی ئێران(فارس) دژی شارام، وامان لێدەکا، جارێکیتر ئەو پەندە کوردییە دووپات بکەیەنەوە کە لە مێژە وتراوە: ” نە شین بۆ مردوو، نە رەنج بۆ ناکەس”.
ژێدەر:
١ـ شانامەخوێنی بە کوردی https://www.youtube.com/watch?v=HsbAxRjI4Y0
٢ـ شانامەخوێنی بە فارسی
https://www.youtube.com/watch?v=KRTVTFy8e7w
٣ـ وتووێژی شەریف فەلاح، کوردستان میدیا
http://www.kurdistanmedia.com/index.php?besh=dreje&id=13580
٤ـ ماڵپەڕی بەڕوو http://www.balout.ir/cat-148/1393_03/001452.php
٥ـ شەپۆل عەباسی،
http://www.bbc.co.uk/persian/blogs/2014/06/140624_l44_nazeran_nazeri_shahram.shtml
لە بەشی “ئەدەب و هونەر”ی رۆژنامەی کوردستان، ژمارە٦٣٢دا بڵاو بۆتەوە.
قادرئەلیاسی
٣٠/٦/٢٠١٤ ئۆسلۆ