"an independent online kurdish website

otom_iran12

دەنیز سەرنج
رووداو- كۆپنهاگن

سیاسەتمەدارانی ئەوروپا لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و لە سێدارەدانی هاووڵاتیان بەبێ دادگایی پێویست نیگەرانن. هەروەها نیگەرانیشن لە دۆخی كەمینەكان، لەوانەش كورد.

ژان لامبەرتی بەریتانی كە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە بە (رووداو)ی گوت یەكێتی ئەوروپا زوو زوو باس لە كێشەی لەسێدارەدان لەگەڵ ئێران و ئەو وڵاتانەی دیكە دەكات كە ئەو سزایە پێڕەو دەكەن، بە ئەمریكاشەوە.

لە ئێران سەركوتكاری بەردەوامە، پاراستنی یاسایی و پرۆسەی دادگاییكردنی دروست نییە. زۆرجار سیستەمی دادوەریی ئێرانی سزا بەسەر تۆمەتباردا دەسەپێنێت بێ ئەوەی بەڵگەی دروست لەسەر تاوانەكەی هەبێت و دادبینی ورد بۆ تۆمەتبار ناكرێت”. لامبەرتی هەروەها دەڵێت “بەڵام ئێمە دەبێت بەردەوام بین لە فشار خستنە سەر ئێران بۆ ئەوەی مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ پێشێل نەكات”.

كامپینی نێودەوڵەوتی بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران و هەروەها سەنتەری دۆكۆمێنتكردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لە راپۆرتەكانیاندا دەڵێن لەوەتای حەسەن رووحانی بووە بە سەرۆكی دەوڵەت، ژمارەی لە سێدارەدان لە ئێران كەمی نەكردووە. هەرچەندە رووحانی بەڵێنی پێڕەوكردنی سیاسەتی نەرمی دابوو.

بەپێی راپۆرتی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ئێران دان بەوەدا دەنێت كە لە ساڵی رابردوودا 369 كەسی لە دار داوە “بەڵام سەرچاوە باوەڕپێكراوەكان رایانگەیاندووە كە 335 كەیسی لە سێدارەدانی دیكە هەبووە لەو ساڵەدا. راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بەلای كەمەوە 11 لەو كەسانە لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە بوون لە كاتی تۆمەتباركردنیاندا.” ئەمە بە قسەی ژان لامبەرتی.

 تینی ناكس، پەرلەمانتاری هۆڵەندیش لە پەرلەمانی ئەوروپا دەڵێت پەرلەمانەكەیان لیژنەیەك دروست دەكات تا بەدواداچوون بۆ یاسای لە سێدارەدانی ئێران بكات و هەروەها لە پێشێلكارییەكانی دیكەی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە بكۆڵێتەوە.

كوردۆ باكسی، لە پارتی سەوزی سوێدی دەڵێت وڵاتانی ئەوروپا ئەوەی كە لە ئێران روودەدات پشتگوێیان خستووە.

باكسی دەڵێت “كەس لە دژی رژێمەكەی تاران كە مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات ناوەستێتەوە. دەبێت تەركیزی زیاتر بخرێتە سەر مەسەلەی مافی مرۆڤ لە ئێران نەك تەنیا چەكی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە”.

ئەم بۆچوونە لای پارتەكانی دیكەش هەیە. پێر ستیگ مۆلەر، سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی دانیمارك كە بۆ خۆی كۆنزێرڤاتیڤە، مامەڵەی ئێران لەگەڵ كوردی ئەو وڵاتە بە “جێی مەترسی ” وەسف دەكات. ئەو لەگەڵ ئەمانس پیرمە كۆبووەتەوە كە لەگەڵ سیاسەتمەدارانی دانیمارك بەدواداچوون دەكات دەربارەی دۆخی مافی مرۆڤی كورد.

ژمارەی كورد لە ئێران نزیكەی 8 ملیۆنە، بەڵام هیچ پارتێكی یاسایی كوردی لەو وڵاتەدا نییە.
لە ماوەی رابردوودا بەرەی یەكگرتووی كورد كە رێكخراوێكی ناحكومییە لە ئێران، داوای لە كاربەدەستانی ئێران كرد مۆڵەتی دامەزراندنی حیزبیان پێبدەن. سەرەڕای رازیبوونی ئەو بەرەیە بە مەرجەكانی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بۆ پێدانی مۆڵەت بەو بەرەیە، لەوانەش لادانی ناوی كوردی لە بەرەكە، بەڵام هێشتا مۆڵەتیان پێنەدراوە.

نیكۆلاژ ویلمسن، ئەندام پەرلەمانی دانیمارك و ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا پێیوایە كە كێشەكانی مافی مرۆڤ و مافی كەمینەكان پشتگوێخراون بەهۆی ئەوەی كە تەركیزەكە هەمووی لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەیە.
ئەو دەڵێت “گرنگە فشار بخەینە سەر ئێران تا واز لە سەركوتكردنی كەمینەكان و لە سێدارەدان بهێنێت”.

ئەو هەروەها دەڵێت كە رژێمی ئێران دوو رووە لە كێشەی مافی مرۆڤدا “ئەوان رەخنە لە وڵاتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرن لەسەرئەوەی كەمینەكان دەچەوسێننەوە، بەڵام بۆخۆشیان مافی مرۆڤ پێشێل دەكەن”.

ئێستا باشووری كوردستان خاوەنی قەوارەیەكی تایبەت بە خۆیەتی، باكووری كوردستانیش بەهاتنە سەر حوكمی پارتی دادوگەشەپێدان خەریكە گرێی بەختی دەبێتەوە، رۆژئاوای كوردستانیش سوودی لە ئاڵۆزییەكانی سووریا وەرگرتووە و پارتی یەكێتی دیموكراتی  PYD ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان دەكات، بەڵام رۆژهەڵاتی كوردستان بە تەواوی لە دەرەوەی هاوكێشەكانە و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانیش خەباتی چەكدارییان لە دژی ئێران راگرتووە.

فیلیپ كرێینبرۆیك، بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئێران لە زانكۆی گۆتینجن لە ئەڵمانیا، پێیوایە وڵاتانی رۆژئاوا تەركیز ناكەنە سەر دۆخی كورد لە ئێران “چونكە كوردی ئێران وەكو كوردی عێراق و توركیایان بەرامبەر نەكراوە”.

فیلیپ هەروەها دەڵێت، دابەشبوونی ناوخۆیی لە نێو پارتە كوردییەكانی ئێراندا كاریگەری لەسەر توانای ئەوان بۆ لۆبیكردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروستكردووە.

بەڵام دەشڵێت “خۆ هێندەی یەكێتی و پارتی لە ساڵانی نەوەتەكاندا دژی یەك نەبوون، كەچی یەكێتی و پارتی هێشتا توانییان بەردەوامی بە دۆزەكەیان بدەن”.

جان بیەرە كریستنسن، لێكۆڵەرێكی پەیمانگای لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە دانیمارك پێیوایە رەخنەكانی یەكێتی ئەوروپا لەسەر ئێران كاریگەرییەكی ئەوتۆ دروست ناكەن.

كریستنسن دەڵێت “ئێران گوێ لە رەخنەكانی یەكێتی ئەوروپا ناگرێت، چونكە یەكێتی ئەوروپا شەرعیەتی لای ئێران نییە، بە رەخنەگرتن لە پێگەی خۆی كەم دەكاتەوە، هەتا ئەوكاتەی كە گەمارۆ ئابوورییەكان لەسەر ئێران بن، ئەو وڵاتە گوێ لە یەكێتی ئەوروپا و رۆژئاوا ناگرێ”.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی