26 ساڵ بە سەر كارەساتی ئیعدامی بە كۆمەڵی زندانیانی سیاسی لە زیندانەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی لە هاوینی 1367ی هەتاویدا كە مانگی خەرمانان چەڵەپوپەی كارەسات و رووداوەكە بوو تێپەڕبوو.لەو ساڵە و لە ماوە چەند مانگدا هەزاران زیندانی سیاسی ئازادیخواز وشۆڕشگێر،
كە تاوانیان تەنیا تێكۆشان لە پێناوی ئازادی و دێموكراسی و مافی نەتەوایەتیدا بوو لە بیدادگاكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامییدا بە كۆمەڵ ئیعدام كران. رێژیمی كۆماری ئیسلامیی پاش قەبوولكردنی بڕبارنامەی 598ی شوورای ئەمنییەتی ریكخراوەی نەتەوە بەكگرتوەكان لە 26ی پوشپەری 1367ی هەتاویدا و دان بە شكستی شەڕی 8ساڵە لە گەلِ عێراق لە لایەك و لەلایەكی دیكەوە لە ترسی راپەڕین و نارەزایەتیی گەلانی ئێران، بەحوكمی راستەوخۆی خومەینی، هەزاران زیندانی سیاسی لە بیدادگاكانی رێژیمدا، بە دیاریكردنی لیژنەیەك لە لایەن خومەینییەوە، پێكهاتوو لە: ئاخوند نەییری قازی دادگا، مستەفا پوور محەممدی نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات (وەزیری ئیستای دادگوستەری)، ئاخوند ئیشراقی دادستان، ئیبراهیم رەئیسی جبَگری دادستان، بە راگرتنی مولاقاتی زیندانیانی سیاسی لە سەرتاسەری ئێراندا بە كۆمەڵ ئیعدام كران.
كوشتاری بە كۆمەڵی زیندانیانی سیاسی بە حوكمی راستەوخۆی خومەینی، لە راستیدا سەرەتای پەلاماربردنی رێژیم بۆ پێشگرتن لە ئیعتراز و نارەزابەتی و رەخنەگرتنی خەڵك لە سیاسەتەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی پاش 8 ساڵ شەڕ و كاولكردنی ئێران بوو. بەم جورە لە وەرزی هاوینی 1367ی هەتاویدا، بە كوشتاری بە كۆمەڵی زیندانیانی سیاسی، بە خەیالی خۆیان حیزب و ریكخراوە سیاسییەكان و خەڵكی وەزاڵەهاتوو و نارازیی ئێران چاوترسین بكەن، تا رێژیمی كۆماری ئیسلامیی هەروا درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدا. پاش كوشتاری دڵتەزینی بە كۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی 1367دا، ئێستاش گرتن، رادوونان و ئەشكەنجە وئیعدامی خەباتگێران و ئازادیخوازانی گەلانی ئێران چ لە نێو زیندانەكان چ بە شێوەی تێرور لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، چ بە شێوەی سەركوتی خۆیناویی ئیعترازاتی دێموكراسیخوازیی گەلانی ئێران درێژەی هەیە. چونكە رێژیم لەو بڕوایە دایە كە تەنیا بە سەركوت و خەفەقان و زیندان و ئیعدامی رۆڵە خەباتگێرەكان دەتوانی درێژە بە تەمەنی یڕ لە شوورەیی حۆی بدات. لە لایەكی دیكەوە ئێستاش زیندانەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی لە خوێندكاران، رۆژنامەنووسان ، نیشتمانپەروەران، لاوان و ژنانی مەیدانی خەبات بۆ ئازادی و دێموكراسی، رێبوارانی رێگەی خەباتی مافی نەتەوایەتیی، جمەیان دێ. هەر ئێستاش بیدادگاكانی رێژیم لە ژوورە دەرگا داخراوەكاندا، درێژە بە دەركردنی توندترین و دژەمرۆڤانەترین سزاكان و بە تایبەت سزای حوكمی ئیعدام لە دژی خەباتگێران و شۆڕشگێرانی نەتەوەكانی ئێران دەدەن.
هەر ئێستا زیاتر لە 80 كەس لە رۆڵە خەباتگێرەكانی نەتەوەكانی ئێران لە گەڵ مۆتەكەی مەرگ رووبەروون. بۆ دەلاچوون لەم وەزعە رێگە چارەی گەلانی ئێران، رووخانی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی و دامەزراندن و پێكهێنانی سیستمێكی فیدراڵ و دێموكراتیكە، تا لە داهاتوودا بۆ جارێكی دێكە گەلانی ئێران شاهیدی دووپات بوونەوەی سیستمێكی نادێموكراتیك نەبێنەوە.لەو بونەیە دا ویرای سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی رێگای ئازادی بە گشتیی و قوربانیانی كوشتاری بە كۆمەڵی زیندانیانی سیاسی ساڵی 67، پەیمان نوی دەكەینەوە كە تا وەدێهێنانی ئاواتی شەهیدان لە خەبات دژی كۆماری ئیسلامی نەوەستێن.