لە چەند مانگی رابردوودا رێکخراوی تیرۆریستی داعش چەند شارێکی ئێراقی گرت و هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستانیش، کە بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێڕشانەدا هەزاران کەس بوونەتە قوربانی و دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
پاش کۆماری کوردستان لە شاری مهاباد، ئەوە یەکەمجارە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە بەرامبەر کردەوەکانی گروپی تیرۆریستی داعشدا یەکیان گرتبێت و بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی هاتبنە سەنگەری بەرگری لە خەڵک و خاکی باشووری کوردستان.
هێزەسیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هێندکیان هێزی پێشمەرگەی خۆیان ناردە بەرەکانی شەڕەوە و هێندێک لایەنیش ئامادەیی خۆیان بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگە دەربڕی.
بە هەمانشێوە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا خەڵک کردەوەکانی داعشیان شەرمەزار کرد و بە هەر شێوەیەک کە بۆیان کرابێت هاوکاریی مرۆیی خۆیان کوکردۆتەوە و رەوانەی کوردستانی باشووریان کردووە.
ئەم هەڵوێستەی هێزەسیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەک و کوکردنەوەی هاوکاریی مرۆیی لە لایەکی ترەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانی تووشی نگەرانییەکی زۆر کرد، هەر بۆیە لە زۆر شوێن مۆڵەتی کوکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکانی بە خەڵک نەداوە یانیش گیرو گرفتی زۆری بۆ ناونەتەوە.
ئینجا رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەم یەکڕیزییەی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی کردەوە نامرۆییەکانی داعشدا هانی کەسانێکی تۆندرەوی ئیسلامی و سەلەفی دا بۆ ئەوەی پشتیوانی لە گروپی داعش بکەن و هەڵوێستی دژە نەتەوایەتی لە رۆژهەلاتی کوردستاندا بنوێنن.
کوماری ئیسلامی بەوەش رانەوەستاوە و هەر رۆژەو لە شار و ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان خەلکانێکی جێگای باوەری خۆی بە شێوەی چەکدارانی داعش بڵاو دەکاتەوە، تەنانەت لە چەند شوێنێک تەقەشیان لە بنکە و بارگاکانی چەکدارانی کوماری ئیسلامی کردووە و دوایی هەر لە رێگای کەسانێکی سەر بە رێژیمەوە دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە کە گوایە ئەمانە چەکدارانی داعشن و هاتوونەتە ناو ناوچەکەوە.
نمونەی هەرە تازەی ئەم پیلانەی رێژیمیش لە رۆژی ٢٧ مانگی ئوتی ساڵی ٢٠١٤ لە گوندی ماوانەی ناوچەی تەڕگەوەڕی ورمێ بووە، کە بەداخەوە لە سایت و ناوەندەکانی راگەیاندنیشدا ئەم بابەتە بە هەمان شێوە بڵاو کرایەوە کە رێژیم بەرنامەی بۆ دانابوو.
خەلکی ناوچەی تەڕگەوەڕی ورمێ وگۆندی ماوانە هەموویان شایەتی لەسەر ئەوە دەدەن کە ئەمە پیلانەی رێژیم بووە.
ناوچەی تەڕگەوەڕ دەکەوێتە ٢٥ کیلۆمێتری شاری ورمێ و لەگەڵ باکووری کوردستاندا هاوسنوورە. ئەم ناوچەیە هەمووکات شوێنی بەربەرەکانی بیری ئازادیخوازی خەڵکی ناوچە لەدژی داگیرکەرانی کوردستان بووە، خەڵکی ئەم ناوچەیە خاوەنی رابردوویەکی پاک و پڕشنگداریی کوردایەتین و لە رێگای رزگاری نیشتمان و ئازادی نەتەوەییدا سەدان رۆڵەی خەڵکی ئەم ناچەیە گیانی خۆیان فیدا کردووە و هەر ئێستاش سەدان کەسی تریان لە ناو سەنگەری خەباتی نەتەوەیی دا ئەرکی نیشتمان پەروەری خۆیان بەجێ دەگەیەنن.
سەرجەم خەڵکی ناوجەی تەرگەوەر کورد و سوننی مەزهەبن، هێج سەلەفی و وئیسلامییەکی توندڕەو لەو ناوچەیەدا بوونیان نەبووە و نییە. وەکوو ئاشکراشە هیچ کەسێک لە ماوەی چەند رۆژێکدا نابێت بە سەلەفی، بەڵکو ئەو کەسانە دەبێت ماوەیەکی زۆر لە ناو ئەو ئیدیۆلۆژییەدا بە کردەوە ژیابن و هەڵسوکەوتیان کردبێت، کە لەم حاڵەتەشدا لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە دەناسرێنەوە. وەکوو باسکراوە گوایە ٢ کەسیان لە ناو گوندی ماوانە دا دیوە کە ریشیان هەبووە و جلی رەشیان لەبەردا بووە. بەڵام ئایا تەنیا ئەم پێناسەیە بەسە بۆ ناسینەوەی چەکدارانی داعش؟ گەروابێت ئەوە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران و بە تایبەتیش بەرپرسان و دارو دەستەی کۆماری ئیسلامی هەم ریشی درێژیان هەیە و هەمیش جلی رەش لەبەر دەکەن!
بەڵام ئامانجی رێژیم لەم پیلانە چییە؟
١- رێژیم دەیهەوێت بەم پیلانە ترس و دڵەڕاوەکێ لە ناو خەڵکی ناوچەکەدا پەرە پێ بدات، بۆ ئەوەی زیاتر هێزی چەکداری خۆی بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵک رەوانەی ئەم ناوچەیە بکات.
٢- رێژیم هەروەها دەیەوێت لەم رێگەیەوە هانی خەڵک بدات بۆ ئەوەی بە ناوی بەرگری لە خۆیان چەکی رێژیم هەڵبگرن و هەموو جووڵەیەکی ئیعترازی خەڵکی ناوچەکە لە دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە ناوی گروپی داعشەوە تەواو بکەن.
٣- هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستا، لاوانی ئەم ناوچەیە وەکوو لاوانی هەموو ناوچەکانی تری کوردستان بە تاوانی دژایەتی رێژیم و تێکدانی باری تەناهی وڵات و مادە هۆشبەرەکانەوە دەستگیر و پاشان لە سێدارە دراون، ئەم پیلانەی رێژیم رێگا بۆ دەستگیرکردن و لە سێدارەدانی زیاتری لاوانی ئازادیخواز و نەیارانی رێژیم خۆش دەکات، بۆ ئەوەی بە ناوی ئەندامانی گروپی داعش خەڵکێکی زیاتر لە ناوبەرن.
لێرەدا حیزب و رێکخراوەکانی سیاسی و کومەڵگای مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت رۆڵی خۆیان بگێڕن و زۆر هوشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ مەسەلەکەدا بکەن. هەر بۆیەش ئەوان پێویستە لە لایەکەوە، لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنی خۆیانەوە، زانیاریی زیاتر لە سەر گروپی تیرۆریستی داعش بە خەڵک رابگەیەنن و خەڵک لە ناوەڕۆک و تایبەتمەندییەکانی ئەم رێکخراوە تێرۆریستییە ئاگادار بکەنەوە. لە لایەکی تریشەوە پێویستە پیلانە تازەکانی کوماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان بۆ خەلک روونبکەنەوە، نەکا هەر هێرش و دەنگێکی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بچێتە قالبی ئارمی رەشی داعشەوە، کە لە راستیدا ئەمە بەشێکی بنچینەییە لە پیلانی کۆماری ئیسلامی و دەیەوێت دەرکەوتنی ئەم رێکخراوە لە ئێراق و سوریە بە کار بهێنێت بۆ ئەوەی هەر جۆرە جووڵانەوەیەکی ناڕەزایەتی بخاتە قاڵبی چالاکییەکانی ئەم رێکخراوە تێرۆریستییەوە و لەم رێگەیەشەوە مەشروعییەت بە نواندنی توندوتیژی لە دژی خەڵکی ناوچەکە بە خۆی بدات.
عەزیز مورادپەرەست
2014/ 8/ 30