ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکارێوە بناخەکانی سیاسەتی خۆی لەسەر بنەمای دەست تێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین داڕشت.
لە پێناو ئەو ئامانجەش دروشمی هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی بەرز کردەوە و باڵی بەسەر گروپە توندڕەوەکاندا کێشا و بۆ دژایەتی کردن دەگەڵ هێزە پێشکەوتنخوازەکان یارمەتی دەدان و لەسەر ئەو سیاسەتەش هەتا ئێستا هەر بەردەوامە.
ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە سەیری رووداوەکان و هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەین، زۆر بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو ڕێژیمە هەر لە سەرەتاوە بێ ئەوەی ڕێزیک بۆ بیروڕای گشتی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دابنێ و حورمەتی یاساو ڕێسایەکانی بگرێ، بەناردنی گروپ و تاقمی ترۆریستی بۆ بەندەران و کردەی ترۆریستی سەروەری و سەربەخۆیی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاواشی خستۆتە ژێر پرسیارەوە و تەنانەت بەوەش ڕانەوەستاوە و بە دروست کردنی تاقمو ڕێکخراوی ترۆریستی سەقامگیری و ئاسایشی نەتەوەیی لە زۆر وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوین و موسوڵمان نشینی دیکەش خستۆتە مەترسێوە.
کارنامە و ئاکامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر کردەوە و هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕۆڵی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە بەدژی دابین کردنی ئاشتی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێ کە ئەو رێژیمە لەلایەک بە ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازی و تەنانەت شارەزایانی بواری نیزامی بۆ ڕاهێنانی باڵەکانی نیزامی ڕێکخراوە توندڕەوەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی موسڵمان نشین هەوڵی داوە ئاگری شەڕێ ماڵوێرانکەر لەو شوێنانە بەگوڕتر بکا و لە لایەکی دیکەشەوە پێش بەوە بگرێ کە پڕنچکی ئاوری ئەو شەڕانە ناوەخۆی وڵات بگرێتەوە.
بەڵام ئێستا کە جوغرافیای گۆڕەپانی ئەو شەڕە ئاڵوگۆڕێکی قووڵی بەسەردا هاتووە و سێ ئاڵقەی بەهێزی وەک وڵاتانی سوریا و ئێران و ئێڕاقی بە دژی ئەمریکا بە تەواوی لێک نزیک کردۆتەوە، هاوکێشەکانی سیاسیش لە نێوان ئەو سێ وڵاتە و ئەمریکا گؤڕانکاری بەسەردا هاتووە.
دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریە، ئێران وێڕای دژایەتی کردنی سیاسەتی ئەمریکا، بە فەرمی پشتیوانی خۆی بۆ ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەربڕی و بەکردەوەش چەک و کەرەستەی نیزامی و تا ڕادەیەکی بەرچاویش شارەزایانی بواری نیزامی بۆ پشتیوانی لە ئەسەد بەڕێگای ئێڕاقدا ناردە سوریە. لە پێوەندی دەگەڵ ئەوەدا ئەمریکا چەند جارێک ئێڕاقی ئاگادار کردەوە و چەند جارێکیش ئەو فڕۆکانەی ئێران کە بەسەر ئێراقدا دەچوون بۆ سوریە، لە فڕۆکەخانەی بەغدا پشکنینیان لەسەر دەکرا. بەڵام کورد گوتەنی” ئەگەر دز و خاوەنماڵ یەک بگرن گا بەکولانکەدا هەڵدەکێشن” ئەو پشکنینانە هیچ دەست کەوتێکیان لێ نەکەوتەوە و حکومەتی مالکیش درێژەی بە جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی ئێران لەمەڕ هەناردە کردنی یارمەتی بۆ سوریە دەدا و هەتا لەسەر کاریش لاچوو ئەو سیاسەتەی درێژە پێدا. بەو شێوەیە سێگۆشەی هاوکاری نێوان سوریە و ئێران و ئێراقی دامەزراند و بە میرات بۆ دەوڵەتی عەبادی نەجێ هێشت.
ئێستاش کە هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتی ئێراق نەماون و لە لایەکی دیکەوە چەکدارانی داعش بەشێکی زۆری ئەو وڵاتەیان داگیر کردوە و بوونەتە مەترسێکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ئێراق و ناوچەکە، کۆماری ئیسلامی ئێران خەریکە بۆ پێشگرتن بە تەشەنە کردنی ئاوری ئەو شەڕە لە ئێرانیش بەرنامەیەکی پێشوەخت دەگەڵ کاربەدەستانی ئێڕاق دادەڕێژێ کە زۆر لە کێشەی داعش مەترسیدارترە. ئامانجی سەرەکیشی لەو بەرنامەیە ئەوەیە کە لە لایەک لە دەسەڵات و نفوزی ئەمریکا لە ئێڕاقدا کەم بکاتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە وەک دەسەڵاتێکی ڕەها خۆی دەست بەسەر ئێڕاقدا بگرێ هەموو سیاسەتەکانی خۆی لەو وڵاتەدا بەسەر حکومەتی عەبادیدا بسەپێنێ و ئەگەر ئەوەش نەبێ بەرەیەکی بەهێزی سێ قۆڵی سوریە و ئێران و ئێڕاق دژ بە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێک بێنێ. ئەو سیاسەتەش لە ناوەرؤکی وتار و `قسەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوی کاربەدەستانی ئێڕاقی ئێرانی بەڕوونی دەردەکەوێ کە بریتین لە:
یەکەم: سەرەڕای ئەوە کە هێشتا بەشێکی زۆری ناوچە سوننە نشینەکان لە ژێر دەسەڵاتی گروپی داعش دان و ئەگەر پشتیوانی هێزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانانی دەرەکی نەبوایە بەشێکی زۆرتری ئەو ناوچانە دەکەوتنەدەستی هێزە ترۆریستەکان و تەنانەت چەند جارێکیش بەغدا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئێڕاق لە ئەبوو غەریب کەوتنە بەر هەڕەشەی ئەو تاقمە ترۆریستانە، وەزیری دەرەوەی ئێڕاق ڕاشکاوانە دەڵێ ئێمە تێچووی ئەو بومبارانە نادەینەوە. لە ڕاستی دا ئەوە بەشێوەیەک جواب کردنی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئوروپایە.
لە لایەکی دیکەوە قاسم سولێمانی فەرماندەی گشتی هێزی سوپای قودس ڕاشکاوانە ئەمریکا و گروپی داعش دەخاتە بەرەیەکەوە ودەڵێ ئەو دوو هێزە دەشکێن و دەبێ لە عێڕاق پاشەکشە بکەن.
جیا لە هەمووی ئەوانەش بە گوێرەی هەواڵێک کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاو بۆتەوە، ئێران بە تەمایە لەژێر پەردەی هاوکاری ئابووری و پیشەسازی ناوەندێک یان بە وتەی خۆیان شاروچکەیەکی پیشە سازی لە ناوچەیەیەکی سولێمانی بە ڕووبەری 250 هێکتار دامەزرێنێ و لە ئێرانەوە نزیک بە بێت و چوار هەزار کرێکار و شارەزای بواری پیشە سازی بۆ بێنێ.
لێرەدا من ناچمەوە سەر باسی شێوازی پلانەکان یان خود زەرەر و زیانەکانی بۆ بازاڕی کار و ئەو باسە بۆ شارەزایانی بواری ئابووری بەجێ دەهێڵم. هەر بۆیە تیشک دەخەمە سەر مەبەستی ئێران و ڕوون کردنەوەی سیاسەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و پیلانەکانی دواڕۆژی ئەو رێژیمە. بۆ ئەو مەبەستەش پێش هەموو شتێک دەبێ ئاوڕێک لە شێوازی و سیستەمی پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردسیان بدەینەوە. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە ڕاگەیەنە گشتییەکاندا بڵاو بوونەوە، هەموو پێوەندییەکانی ئێران و هەڕێمی کوردستان لە ژێر چاوەدێری سوپای قودسە و بڕیاردەری بنەڕەتیش هەر کاربەدەستانی ئەوسوپایە و لە سەرووی هەموانەوە قاسم سولیەمانییە. تەنانەت بە وتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ئەو بنایەی کە ئێستا وەک شوێنی نوێنەرایەتی کەڵکی لێوەردەگیرێ لە پرۆتۆکۆڵی کرێگرتنەکەدا باسێک لە دەفتەری نوێنەرایەتی نەکراوە و بەڵکو لەسەرناوی خودی نوێنەری هەرێم وەک تاکێک بەکرێ پێیدراوە.
بەو پێیە دەتوانین بڵێین ئەو بیست و چوار هەزار کەسەش هەر لەسەر موتمانەی ئەو سوپایە دیاری دەکرێن و یان بە واتایەکی دیکە دەبێ بڵێین ئەو کەسانە سەر بە سوپای قودسن و هەموو هەڵسوکەوتێکیان لە ژێر چاوەدێری ئەو سوپایەدا دەبێ بە گوێرەی هەلومەرجی ڕۆژ کەڵکیان لێ وەردەگیرێ.
بەم جۆرەدەتوانین بڵێین ئەمریکا لە دواڕۆژدا جیا لە حیزب و لایەنە توندرەوەکانی ئێراقی سەربە ئێران دەگەڵ هەزاران کەس بەناو کرێکار و شارەزای بواری پیشەسازی ئێرانیی دژ بە ئەمریکا بەرەوڕوو دەبێتەوە، کە بۆدژایەتی کردن دەگەڵ ئرمریکا پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەت لە هیچ لایەنێک چ لەئاستی نێونەتەوەی و چ لە ئاستی ناوەخۆیی نابێت.
٢٥/١٠/٢٠١٤