"an independent online kurdish website

 ڕژێمی جمهوری ئیسلامی و دەسەڵاتی پوچەڵی و، کۆمەڵگای مردووی ئێران وا دەکات مرۆڤ ناتوانێت بێدەنگی هەڵبژێرێت.shehla_yarhoseni

ڕۆژانە بە تاک و بە کۆ، گەنج و لاوانی ئێران و کوردستانە دەست بە سەرەکەی من بە تایبەتی، لە ژێر تەوژمی ترس و تۆقاندنی نامرۆڤانەدا ژیان بە سەر دەبەن.

مادە هۆشبەرەکان بووە بە خوویەک لە کۆمەڵگای ئێران و کوردستاندا بڵاو بووەتەوەو لاوانی وڵاتەکەی ئێمەش پێی ئاڵودە بوون، لە سایەی سەری ئاخوندە خوێنمژەکانی ئێراندا ڕۆژ نیە لاوێک یان خێزانێک توشی گێژاو نەبن و دواتر هەڵدەکوتنە سەریان و تۆمەتی نەشیاو لە سەریان تۆمار دەکەن و دەیان هێنن لە نێو قەرەباڵغی بازاڕو کوچەکاندا بە شێوەیەکی نەشیاو  لە خاجیان دەدەن، بۆ ترساندنی خەڵک.

١٠ ساڵ لەمەوبەر گۆڤارێکی ژنان کەوتە بەر دەستم، بەڵام بە داخەوە ئێستا گۆڤارەکەم لانەماوەو دەقیق لە بیرم نییە ناوی گۆڤارەکە چی بوو، بەڵام ئەو گۆڤارە بەراوردی ژنانی وڵاتانی لە گەڵ یەک دەکرد و چۆنێتی ژیانی ژنانی ولاتانی هەڵدەسەنگاند.

یەک لەو وڵاتانە ژنانی بەنگلادش بوو زۆر توند و تیژیان بەرامبەر کرا بوو هەروەها بە ناشیرینترین شێواز مامەڵەیان لە گەڵ کرا بوو.

 کچانی بەنگلادیش بە زۆر بە شوو درا بوون و  بۆ ماوەی ساڵێک یان شەش مانگ لە گەڵ هاوسەری زۆرەملێ پێکەو دەبوون بەڵام بە هۆی ناکۆکی و خۆشنەویستنی یەکترین دوا جار لە یەک جیا دەبوونەوە.

بەنگلادیش لە ڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە تێزاب بە کار ئەهێنن بۆ ناشیرین کردن و لە نێو بردنی ئەو ژنانەی کە ئامادە نین هەموو زوڵمێک قەبوڵ بکەن

هۆکاری ڕژاندنی تێزاب بە دەم و چاوی ژنانی بێنگلادیش، دەیان گەڕاندەوە بۆ جیا بوونەوەیان لە گەڵ هاوسەرەکانیان، یان ئەو کچانەی کە کەسێک بە تامای بوو بێت و لە لایەن بنەماڵەکەی پێی نەدرابا  ئیتر کچ و ژنی بێچارە لە لایەن ئەو پیاوانە تێزابیان پێدا دەکردن بۆ ئەوەی جارێکیتر هاوسەرگیری لە گەڵ کەسیتردا نەکەن و بۆ هەتا هەتایە زیندوویەکی مردوو بن.

ئەو کۆمەڵگانەی تا ئێستا لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراتیک،  نەیانتوانیوە گەشە بکەن هەوڵ دەدەن لەو وڵاتانەی کە خاوەنی دەسەڵاتێکی سەقام گیر و پێشکەوتوو دادپەروەرن، کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن لە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە خزمەتێک بە کۆمەڵگای خۆیان بکەن.

بەڵام بە داخەوە، لە بەر نەگبەتی کۆمەڵگای ئێمە ئەمڕۆ کەسانێک وڵاتی ئێمە بەڕێوە دەبەن، کە پێڕەوی لە یاسایەکی کۆن دەکەن کە ئیتر ڕێکەوتی بە کار هێنانی بە سەر چووەو کەڵک لێ وەرگرتنی، خەڵکی ئێمە توشی نەخۆشی ئێبۆلا دەکات. 

ئەگەر باس لە ژیانی خەڵکی ئێران و ژنان بە تایبەتی بکەین ئەوە  ئێستا نیە کە دەبنە قوربانی  تێزاب، ئەو تێزابە ٣٥ ساڵە بە ناخ و دەرونی خەڵکی ئێراندا دەکرێت بە تایبەتی کوردستانەکەی من کە ئێستا بووە بە مۆڵگەی مافیاو تریاک فرۆشەکانی ئاخوندەکان.

ژنان لە ئێران و(کوردستان) ڕۆژانە دەبرێنە بەندیخانە بۆ ئەوەی بێ حیجابن یان لە ڕێکخراوە مەدەنیەکان چالاکن،یان  خوێندکارن و ڕادەی ڕۆشنبیریان چووەتە سەرێ و نایانەوەێت بیری مەلاو فەقێکان بە سەریان زاڵ بێت و دەست بە جوڵانەوەو چالاکی بە کۆمەڵ دەکەن.

ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا لە شاری ئیسفەهان بە قەوڵ نیوەی جیهان و شاری مێژوو فەرهەنگ ڕوویدا، هەر چەند جێگەی داخ و نیگەرانییە، بەڵام دوور لە چاوەروانی نییە چونکە بەڕێوبەرانی وڵاتی ئێمە لە باتی ئەوەی لە ئەزموونی گەشەسەندنی فەرانسە، ئاڵمان، کانادا، ژاپۆن و وڵاتانی دیکەی گەشەسەندوو کەڵک وەربگرێت، ئەزموونی وڵاتی سریلانکاو بەنگلاندیش لە وڵاتی خۆیدا تاقی دەکاتەوە.

زۆر وڵات هەیە تەمەنیان ناگاتە ١٠٠ساڵ کە ئێستا خەڵکەکەیان خاوەنی سەروەری و مافی یەکسانی و دادپەروەرین و بە ئازادی دەژین .

بەڵام دەڵێن وڵاتی ئێمە خاوەنی تەمەنێکی ٢٥٠٠ساڵەیەو بە قەوڵی بەڕێوەبەرانی یەکەمین جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە لایەن کورشی باوەپیارەیانەوە دانراوە، ئەگەر وایە پاش ئەو هەموو ساڵە، بۆ نەیان توانی تەنیا خاڵێکی لێ جێبەجێ بکەن و ئێستا پەنایان بردووەتە دواکەوترین وڵاتی دونیا بۆ ئەوەی بە کار هێنانی تێزابیان لێوە فێر بن و جوانیەکانی ڕوخساری ژنانی وڵاتی ئێمە بشێوێنن.

ئایا خەڵکی ئەو شارە کە خۆیان ٣٥ ساڵە لە ناخەوە دەسوتێن، هەر بەم شێوەیە

بێدەنگ دەبن بۆ ئەوەی ژنان بێ بەش بکرێن لە ئازادی و جوانی ڕوخساریان؟

شەهلا یارحوسێنی

24.10.2014

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی