لەم رۆژانەدا فیلم و وێنەی ئەم منداڵە کە لە نازو خۆشەویستی دایکی خۆی بێبەشە، بوو بە هۆی هەژاندن و ڕەنج و ئازار لە نێو دڵی زۆر مرۆڤدا. ئەم کارەساتە جەرگبڕانە نە یەکەم جارە ڕوو دەدات و نە ئاخیر جاریش دەبێت. هەموومان ئاگاادرین کە هەر ماوەی جارێک ڕووداوێکی لەو چەشنە بڵاو دەبیتەوە، کە منداڵانی بێناز لە لایەن باوک و باوەژنەکانیانەوە رووبەڕووی تووندوتیژی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە.
ئەمە کارەساتێکی مرۆییە و دوورە لە هەموو بەها مرۆییەکانی منداڵان. پاراستنی مافی هەموو منداڵان لە ئەستۆی بەرپرسانی وڵاتە. لە هەمان کاتیشدا ڕێکخراوە مەدەنییەکان، مێدیای وڵات، ڕێکخراوەکانی ژنان نابێت خۆیان بە بێ ئەرک بزانن لە بەرانبەر ئەم کارەساتانەدا. ئەوانیش ئەرکی سەرشانیانە کە هەوڵ بدەن بۆ ڕوون کردنەوەی کۆمەڵگا و دانی زانیاری گشتی لە سەر پاراستنی مافەکانی منداڵان و دابین کردنی ماڵێکی ئارام و دوور لە تووندوتیژی بۆ منداڵانی بێنازی کوردستان.
ڕەنگە زۆر کەس تاوانی ئەم کارەساتانە بە تەنیا بخەنە سەرشانی ژنان و بڵێن ئەوە ژنانی باوەژنە کە ئەو کارانە ئەنجام ئەدات. من نامەوێ هیچ کات لە تاوانی ئەو ژنانە کەم بکەمەوەو هیوادارم ئەو ژنانە سزای یاسایی خۆیان بدرێت. بەڵام ئەوەی کە زۆر جار ئازاری من زیاتر دەکات ئەوەیە کاتێک من دەبیستم ئەو منداڵە بێتاوانانە باس دەکەن کە باوکیان یان شەریکی ڕاستەوخۆ یان بینەری تووندوتیژیەکە بووە. ئەمە بۆ خۆی کارەساتەکە قوڵتر و جەرگبڕ تر دەکات کاتێک باوکێک ئەوەندە بێڕەحم و بەزەیی بێت لە بەر ئارەزووە سکسیەکانی خۆی ئامادە بێت بێدەنگی بکات لە بەرانبەر ئازار و لێدانی جگەرگۆشەکەیدا.
ئەم ڕووداوانە وەبیرمان دێننەوە، کە کۆمەڵگای کوردستان تەنیا ڕووبەڕووی کارەساتە نامرۆییەکانی داعش نەبوەتەوە و کرداری دزێوی ئەم باوک و باوەژنانە هیچی لە کردارە دوور لە هەموو بەها مرۆییەکانی داعش کەمتر نییە. جا بۆیە هەروەک چۆن هەموو تاکێکی کۆمەڵگای کوردەواری ئەرکی سەرشانییەتی بۆ پاراستنی ئاوو خاکەکەی و دانی زانیاری پێویست لە سەر هەڵسوکەوتەکانی داعش بە پێشمەرگە و دەستەڵاتدارانی حکومەت، ئاواش لە سەریەتی کە بەرپرسانی وڵات ئاگادار بکاتەوە لە هەڵسوکەوتەکانی باوک و باوەژنەکان لە کاتێکدا دەبینن منداڵێک ژیانی لە مەترسیدایە.
باوک و زڕ دایک
ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی هەست بە بەرپرسایەتی بکەن لە بەرانبەر پاراستنی گیانی منداڵاندا، گومانم نییە کە مەیدانی تووندوتیژەکان کەمتر دەبێتەوە بۆ بنەمالەکان. نابێت لە بیرمان بچێت کە منداڵان تەنیا لە ژێر چاوەدێری باوەژنەکاندا توندوتیژیان دەرهەق ناکرێت و زۆر دایک و باوک هەیە بۆ خۆیان لە بەر نەبوونی زانیاری دروستی پەروەردە و فێر کردن و هەروەها کێشە دەروونیەکانی خۆیان بەردەبنە گیانی منداڵەکانیان. ئەمانە پێمان دەڵێن کە منداڵان مرۆڤی هەرە بەستەزمانی کۆمەڵگان کە بێدەستەڵاتن و زۆر زوو دەکەونە بەر تووندوتیژی ئەگەر ئێمە چاومان پێیانەوە نەبێت.
لە کۆتاییدا هیوا دەخوازم کە بۆ پاراستنی گیانی منداڵان لە کۆمەڵگای کوردستاندا کۆمەلەی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوە مەدەنیەکان، مێدیا، ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵ بدەن بۆ دابینکردنی سزای قورسی یاسایی بۆ ئەو کەسانەی کە تووندوتیژی دەرهەق بە منداڵان دەکەن. لە هەمانکاتدا هەوڵ بدەن بۆ ڕوونکردنەوەی کۆمەڵگا لە سەر مافەکانی مندالان و هەروەها دانانی لیژنەیەکی کۆنترۆڵ کە کاری تەنیا ڕاگەیشتن بە سکالاکانی مندالان و لێپرسینەوە بێت لە مەکتەبەکاندا. چوون ئەگەر منداڵان کەسانی تایبەت بە خۆیان هەبێت لە مەکتەبەکاندا کە سکاڵای دڵی خۆیانی لا بکەن، ڕەنگە زووتر بتوانرێت یارمەتیان بدرێت. مندالان زۆر جار ناتوانن دەردی دڵیەکانی خۆیان بۆ مامۆستاکانی خۆیان باس بکەن هەربۆیە دانانی ئەو بەشە زۆر باش دەبێت.
نۆروێژ