"an independent online kurdish website

 پێوەندی  ژنو  مێرد،    پیرۆزترین  گرێبەستmela_biraym1

دەست پێدەکەم   بەناوی  هێزێکی  نادیاری  لە هەمو  شتێکدا  بیندراوی خاوەن دەسەڵاتی بێسنوری وەدێهێنەری ئەو زەوی و ئاسمانانە و ئەو مرۆڤەی کە هەزاران زاندراوو  نەزاندراوی  لە مێشکیدا هەیە . سڵاوو ڕێزم بۆ پەیامبەرەکەی  کە لە سەردەمی نەزانی و عەشیرە بازاڕی و تایەفەگەری و کڕین و فرۆشتنی مرۆڤەکان وەک پاتاڵی چێوداری، ئەو سەردەمەی کە ژن تەنیا وەک کارەکەر و ئامرازێکی عەیش و نۆش و خۆش ڕابوێری حیسابی بۆ دەکرا، کە  جۆڕێک بو لە کۆیلایەتی، مزگێنی ئازادی هێناو بەرەنگاری داب و نەریتە  کۆنەکان و  دارو  بەرد  پەرستی و  مرۆڤ فرۆشی  ڕاوەستاو لە خەبات  بۆ ڕزگاری  کۆیلەو هەژاران و  سەربەستی گەل و زێدەکەی درێغی نەکرد و کۆڵی نەدا. پەیامی(ئەی مرۆڤەکان گشتتان لە نێرو مێیەک خوڵقاون) بۆ سەرجەم مرٶڤایەتی هێناو بنەمای بەرانبەری و یەکسانی ژن و پیاوی دامەزراند.   

لە سەرەتای دروست بوونی  مرۆڤەوە تا ئیستاش بۆ بەردەوامی نەسلەکان جا مرۆڤ بن یان حەیوان هاوجوتی کراوەو پێویستی ژیان و بەردەوامیە لە دنیادا. بۆ حەیوانات یاسای سروشتی  خۆیان  هەیەو ئێمە  نایزانین  بەڵام بۆ مرۆڤ هەر ئیدە و ئایینێک بۆ خۆیان یاسایەکیان داناوە بۆ هاوجوتی و  پێکەوە  ژیان. هەر  هەمویان یاساو مەرج و شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەوەی من لێرەدا باسێکی کورتی لێدەکەم ئەو پێوەندیەیە لە ڕوانگەی ئیسلامەوە. بۆ ئەو مەبەستە دەمەوێی تاریفێک لەو پێوەندیە بکەم کە پیی دەکوترێی ئیزدواج . 

ئیزدیواج چیە ؟ داخوا پەیمانێکی تیجاریە لە نیوان دوشەریکی ژیاندا ؟ وەسیلەیە کە بۆ دامرکاندنی ویستی جینسی مرۆڤەکان؟ تێکەڵاویەکە بۆ کاتێکی تایبەتی ژیان؟ ئەوانەو زۆریتریش هەبون کە لە پێش ئیسلام و ئێستاش لە هێندێک شوێن کاریان پێدەکرێی .بەڵام ئەو پێوەندیە لە ڕوانەگەی ئیسلامەوە کە قورعان باسی  لێدەکا برێتیە  لە  گرێبەستێکی   پیرۆزو دایمی  بۆ بەردەوامی  کۆمەڵگا  بە  ئوسول و شێوازێکی کە دەگەڵ هەموجۆرەکانی تری  جیاوازی هەیە، پێکەوە گرێدانێکی مرۆڤانەیە  بە شێوەیەکی  دروست و خاوێن و هەمیشەیی کە کۆمەڵگاو تاک  کەڵکی لێوەردەگرن. واجبێکی  کۆمەڵایەتیە  بۆ پاراستنی  نەوعی  بەشەر. دابینکردنی ئارامی  ڕوحە بۆ تاکەکان و دارشتنی بناغەیەکی  پتەوی پڕ لە سۆزوخۆشەویستی و دڵسۆزیە لە نێوان دو شەریکی پێکەوە ژیان.سوڕەی(ڕوم: ٢١){ لە نیشانکردەکانی خوایە کە هەر لە خۆتان هاوجوتی بۆچێکردون؛ کە پێکتر بحەسێنەوە و خۆشەویستی و ئەوینی لە ناوتاندا دروستکردوە. لەوە دا بۆ ئەو کەسانەی کە بەوردی سرنجی شتەکان دەدەن بەڵگە زۆرن } ئەوە بەهێزترین بەڵگەیە بۆ بەرانبەری و شەراکەتی  ژیانی ژنو مێردان. خوا پێمان دەڵێی وامەزانەن ئێوە لە دو کەرەسەی جیاواز دروستکراون واش مەزانن کە وەستای یەکێکتان لە ئێ ئەویتر شارەزاترە ! کەرەسەی  بۆنتان و وەستای وەدیهێنەرتان هەر یەکە. بۆیەش لەیەک شتن هەتا لێک نامۆ نەبنو  زوو پێکەوە ڕابێنو بەیەکەوە خوو بگرنوخوشەویستی بدەن بەیەکتروببنە هۆی  دابین کردنی ئارامی ڕوحو تاموچێژکردن  لەژیان.ئەوەندە  بە سۆزوسەداقەتەوە یەک بگرن کەهیچ  شتێک نەتوانیێ لێکتر دڕدۆنگتان بکا ، یان باشتر بڵێم ببنە یەک ڕوح  لە دوو جەستەدا ، ئازاری  هەرکامتان  ئەویتر بهێشێنێو شادی یەکێکتان ئەویتروەزۆق بێنێی. پەیمانەکە  دەبێی دەگەڵ خوێنی هەردوک لادا  تێکەڵاوبێو لەدەماری هەردوکیاندا بگەڕێی.

 لە قورعانیشدا ئەوچەشنە گرێبەستە  پێی لەسەر داگیراوە. سوڕەی( نیساء : ٢١) { واخذن منکم میثاقا غلیظا} پوختەی ئایەتە کە ئەوە دەگەێێنێ کە لەنێوان ژنو  مێرددا گرێبەستێکی گەلێک توندو قایم هەیە کە پێی دەکوترێی (ئیزدواج) کە هەڵوەشاندنەوەی  زۆرسەختو  دژوارە.  پەیمانێکە ئەرک دەخاتە سەر ژنو پیاوکە دەبێی لەبەرانبەریەکدا بەتەواوی بەرپرسیار بن، بەڕێزەوە ئەوبەرپرسیاریە  بیپارێزن.ئەوپەیمانە دەبێی لەسەر بناغەی سەداقەتو خۆشەویستیو وەفاداریو ڕێزی بەرانبەر بەسترابێی ،دەبێی ڕاگرتنی ئەو پەیمانە وڕەچاوکردنی پێوەرەکانیو  بەردەوامیەکەی وەک  ئەرکێکی  شەرعیو ئینسانیو ویژدانی حیساب کرابێوخۆ لێبواردنو پێشێل کردنیان بەگوناحو تاوان بزاندرێی. چونکە قورعان ئەودوانە  بۆیەکتری وەک جلوبەرگێک کە عەیبوعاری مرۆڤ دادەپۆشی ناودەباودەفەرموێی:سوڕەی(نیساء :{ئەوان جلوبەرگن بۆ ئێوە ، وەک ئێوەش  جلوبەرگی ئەوانن} بڕوانە خواچۆن ژنی  دەگەڵ  پیاو وەک یەک  چاو لێکردوەو بایخی بەقەدەر یەکی  پێداون ، سەیرکەن ئەوە هەر پیاو نیە دەتوانێی عەیبو عاری  ژن  داپۆشی  بەڵکو لەو بوارەشدا ژن هیچی لە پیاو کەمتر نیە ، ئەگەر جلو بەرگ  دەتوانێی عەیبوعاری  روالەتی  بشارێتەوەو  بیڕازێنێتەوە ، ئەوە ژنو مێردن دەتواننو دەبیێ ڕازینەرەوەی ئەخلاقو خووخدەوهەستو سۆزی دەرونی یەکتربن .ژنو پیاودەتواننودەبێی پارێزەری کەرامەتوکەسایەتی یەکتری بن. دەبێی سوکنایی دەری  ڕوحی بدەن بەیەکو  گوڕو تینو  هێزبن  بۆیەک. لە ئیسلامدا ئەوگرێبەستە دەبێی لەکەشو هەوایەکی بەتەواوی ئازادوبەحەزوویستی دەرونیو ڕەزامەندی هەردوک لابێی دوای هەڵسەنگاندنی هەمو بارو بوارەکان. پەیمانێکە بۆهەتایە پێکەوە ژیان دەبەستریێودەبێی جۆرێک دابەسترابێی کە هیچ شتێک نەتوانێ بێگەێینێتە حاندی هەڵەوەشانەوە، مەگەروەزعێک هاتبێتە  پێشێ کە  پێکەوە ژیانەکە  نەگونجاوبێی  ئەوکاتەیە  کەدەکرێی  لێک جیابنەوە  کە لە ئیسلامدا ناخۆشەویستترین حەلاڵ لەلایخواجیابونەوەی ژنو  مێردانە. دیارە ئەو لێکترازانە  بمانەوێو نەمانەوێی خەتای گەورەتری  لێدەکەوێتەوە کە چارەنوسی منالەکانیانە. ئەوان   دەکرێنە  قوربانی  ویستی   نابەجێی  دایکو  باوکیان . کە بەداخەوە هەرچەند  ئێستا  سەردەمی گەشەی عیلمو زانستە ، زۆرینەی خەلک بەنێرو مییەوە  خوێندەوارنو تاڕادەیەکی زۆریش ئەو قەدەغەو قۆرغانەی قەدیم هەبون  ناڵێم  نەماون  بەڵام  زۆر کەمبونەوە،کچو کوڕو ژنوپیاوەکان لەجاران کراوەترن، کەچی پێوەندیەکانی ژنو مێردایەتی زۆرشلو شەوێقنو جیابونەوەکان ئەگەر زیادیان  نەکردبێی کەمیان نەکردوە ،کوشتنو سوتاندنو  خۆ خنکاندنیشی هاتۆتە سەرێی!! چارەنوسی  مناڵی  بێتاوانیش  ئەسڵەن  بایخی  پێندراوە. وەک لەو  ڕۆژانەدا  لەتلویزیۆنەکانی باشوری  کوردستان مناڵێک  نیشاندرا کەباوکە نەزانەکەیو  زڕدایکە بەناو خوێندەوارو  زاناکەی چ بەڵایەکیان بەسەر  هێنابو. من ناڵێم  ئەو شتانەنەبون  بەڵام   بەدەڵنیایەوە  دەڵێم  ئەوەی  خۆم  وەبیرم  بێی دەگمەن  بون . بەپێی  ئەوەی  من لە تەمەنی(١٤)ساڵیمەوە  بومە فەقێولە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان  حوجرەم گۆڕیونو  بومە مەلاو  دەفتەری  سەبتی ئیزدیواجو تەڵاقیشم هەبوو پاشان بومە پێشمەرگەو لەوێش زۆرتر کاری  کۆمە ڵایەتیم  دەکرد ،هەموی ئەوانەش سەروکاری دەگەڵ  ژنو پیاوو  مارەو  تەڵاقو چارەسەری  کێشەو  ئاڵۆزیەکان  بەگشتیو نێوانی ژنو مێردان بەتابەتی هەبوو. ئەوانە گەیاندمیانە ئەو باوەڕە کەلەوپێوەندیەدا ئەزمونو بۆچونەکانی خۆم بخەمە بەردیدی خوێنەران،بەوهیوایە کە توانیبێتم خزمەتێکی چوکم بەوگرفتە گەورەی کۆمەڵگاکەمان  کردبێی . ئەوەی  من لەڕوانگەی  دینو  دنیاوە  لێی تێگەیشتوم خۆشترینو  پیرۆزترین پێوەندی نێوان ژنو پیاوان پێوەندی ژنو مێردایەتیە ، کە هێندێک جاریش تاڵترین بەرهەمیشی دەبێی کە جیا بونەوەیە. هۆی هاتنە ئارای ئەوحاڵەتە تاڵەش دانەڕشتنی بناغەیەکی پتەوە بۆڕاگرتنی ئەوبارەقورسو گرانە. بەباوەڕی من ئەوپێوەندیە ئەوەندە خاوێنو پاکە،کەچوکترین  پەڵەی  پێوە  دیارە. ئەوەندە هەستیارە کەبۆ بەردەوامیەکەی دەبێی چەند خاڵی گرینگی  تێدا  ڕەچاو بکرێن، نەبون یان نەمانی هەرکام لەوانە  سەرجەم  پێوەندیەکە  ئەگەر  هەڵیش نەوەشێنێ  تاڵی  دەکاو دەیشێوێنێ .

 ئەوخاڵانە  برێتین لە(١)خۆشە ویستی .(٢) موتمانە.( ٣) سەداقەتو ڕاستی.(٤) ڕێزو  حورمەتی  بەرانبەر.(٥) لێبوردەیی. (٦ ) ڕاو ڕاوێژدەگەڵ یەکتری.(٧ ) لاسا نە کردنەوەو  چاولێکەری .  لێرەدا هەر کامەیان بەکورتی تۆزێک  شیدەکە مەوە.(یەکەم )خۆشەویستی ژنو مێرد دەبێی لەسەر  بناغەی  هەستو  سۆزێکی ڕاستەقینەی دەرونی  دامەزرابیێو  لە هەمو کەسو شتێک بەلای هەردوکیانەوە پیرۆزتربیێ . واتە یەکتریان لە هەمو کەسو شتێک خۆشتر بوێو ئامادە  نەبن  بۆ هیچ شتێک  وازی  لێبێنن،  چونکە ئەگەر وانەبیێ،یانی کەسێکوشتێکیان بەلاوە خۆشەویستتر  بوو لێک  ترازانیان زۆرهاسانە کەئەوە زۆریش ڕویداوە!کاتێک خۆشەویستی نامێنێ ژیانیش مانای خۆی لەدەست دەدا. دیارە ئەو خاڵەیان لە هەمو بوارو کارەکانی ژیاندا پێویستە. چونکە هەرکارێک  ئەگەرخۆشت نەوێو حەزت لێی نەبێی،هەرکەسێک بەدڵت نەبێیو  بەزۆر  بەسەرتدا  سەپابێی،  ئەگەر بەزۆر  پێتبکەن ئیجبارەو  ، ئەگەر بەزۆریش  نەبێی  بەڵام  ناعیلاجی توشت بکا جەبری مێژویە.کەسێک  ئەگەر خۆشت  نەوێو وابنوێنی  کەخۆشتدەوێی  درۆت دەگەڵ خۆتو ئەویش  کردوە.

(دوهەم)=موتمانە:ئەگەرلەنێوان دووهاوژینداموتمانە نەما، ئەو دوانە یان توشی لێکترازان دەبن یان ژیانەکە دەبیێ بەژانوبەهەشتەکە دەبێتە دۆزەخو ژیان ماناو ناوەرۆکو تامو چێژی نامێنێ. ئەوە خراپترین حالەتی نێوانی ژنومێردانە.ئەوەیە کە هەرگیز لێکتر ئارخەیان  نینو لەهەمو شتێکی یەکتر بەگومانن. دیارە ژیانی لەگوماندا  تاڵترین  حاڵەتی ژیانە.(سێهەم = سەداقەت:خراپترینو شورەیی ترینو  نەزانانەترین حاڵەتی نێوانی ژنومێرد ئەوەیە کە درۆ دەگەڵ یەک بکەن.چونکە ئەو دوانە پێویستە  ئەوەندەیان بڕوابەیەک هەبێی کە بتوانن چاکو خراپ دەگەڵ  یەکترباس بکەنو ڕێنوێنویاریدەدەری یەک بن.دەبینی درۆ لە سەر یەکیان سور دەبێتەوەوگرژیو ئاڵۆزی دروست دەکاو دیواری  بڕواو موتمانەش بنکۆڵ دەکاو هەرەسی پێدێنێ . ژنومێرد  نابێی  شتی  شاراوە  لێکتریان هەبیی دەبێی عەیبو عاری  خۆشیان  زۆر  ڕاشکاوانە  بەیەکتر  بڵێن. لەلایەکیتر  ئەو  درۆ کردنە یەکتر بەکەمگرتنەو زیان بەکەسایەتیشیان  دەگەێێنێو بەردەوامیش  لەوەدەترسن کە درۆکەیان لەسەر سوربێتەوە. خۆئەگەر موسوڵمانیش بن دەبێی  ئەوە  برانن کە درۆئەوەندە خراپە کەخوا لەعنەتی لەوکەسە  کردوە  کە دەیکا ( چوارەم )= رێزوحورمەت: ئەو رۆژە  کە بنەماڵە  دەبێتە  جەهەندەمو ژنومێرد  دەبنە گاڵتە جاڕی خۆیانو خەڵک ،ئەوەیە کە بێحورمەتی پێک دەکەنوکورد  کوتەنی لەلای کەسانیتر  نێوونرتکە  لێک هەڵدەدەنو یەکتر بکەم  دەگرن، دەبنە  گاڵەتە جاڕی خەڵکو تەنانەت  خزمو کەسانیش  بەچاوی  سوک  چاویان  لێدەکەن. لەڕاستیدا کەسایەتی  خۆیان شکاندوەو ئیعتباری  خۆیان  لەلای  خەڵکیش  بردوە. (پێنجەم)= لێبوردەیی:بێگومان ژنو مێردیش وەک هەمو مرۆڤەکانی ئەم جیهانە  خاوەنی  هەڵەو  پەڵەو خەتاو هێندێک  جارتاوانیش  دەبن . ئەوان کە بەردەوام  پیکەوەنو  خاوەنی زەوقو سەلیقەوهەستو سۆزی  جیاوازیشنو لەلایەکیتریشەوە سەرقاڵی کاروبارو دابینکردنی  ژیانن، ماندو دەبنو جاریوایە کورتیشی  دێنن ، بێگومان  قسەشیان  لێک  هەڵدەبەزێتەوەو لێک  توڕە دەبنو  قسەی  ناخۆشیش  پێک  دەڵێن، جائەگەر  ڕووحو توانای لێبوردنو چاوپۆشی لێک  کردنیان  تێدا نەبێو لەسەرشتی  چکۆڵە  کێشەی  گەورە   دروست  دەکەن ، بەردەوام  مشتو مڕیانەو سەرباری  ماندوبونی  ڕۆژانەیان  کورد  کوتەنی “ماندو حەسێنەوەیان دەسکەنەی  نۆکانە ” بەکورتی  لەوحاڵەتانەدا  سەبرو  لەسەرە خۆییو  لێبوردن باشترینو  کاراترین   دەرمانە ،  پەیامبەریش  فەرمویە: “سەبرو  لەسەرەخۆیی کلیلی  دەرگای هەمو خیرو  بێرەکانە ” ئەوەش  کە‌ هەڵدەچێو  هەراو  ناخۆشی سازدەکا لەدواییدا پەشیمانە. ئەگەر کوردانەتریش بڵێم: ژنو مێرد دو دیوی یەک سکەن هەرکە یەکیان لە ڕەواج کەوت ئەویتر بایخی نامێنێی ،دەبێی ئەوەندەیان بەلاوە گرانو بەقیمەت  بێی کە پێیان وابیێ بەهەر نرخێک  بیفرۆشن هەرزانە. ئەگەر وانەبن نەک ژیانیان خۆش نابێی بەڵکو  لێکترازانیشیان  بەلاوە هاسانە، سەبەبکاریش هەرکامەیان  بیێ لەویژدانیدا پەژیوانە. بەکورتی هەمو ئەو شتانە گونجاوو  هاسانن ئەگەر هاوبەشی  ڕاستقینە   بۆیەکتر  بسەلمێننو یەکیان  وای دانەنیێ کە لەویتری زیاتر پێدەبڕێی. ئەوخاڵە گرینگترین  مەرجی  بەردەوامی ژیانێکی بەختەوەرانەی ژنو مێردانە. خوای مەزن  لەبارەی  هەردوک حاڵەتی ژنو مێرددا  واتە لە ژیانی  بەختەوەرانەو  ژیانی پڕ  لە ڕەنجو  مەینەتو  تاڵیدا ئاوای باسی  بنەماڵە کردوە.(ماڵو مناڵ زینەتی ژیانی دنیان) واتە ئەوانە ئەگەر رێکو  پێکو دروستو پاک  کەڵکیان  لێوەربگیرێی  ژیان  دەڕازێننەوەو مرۆڤ دەحەسێننەوە. ئەگەر لەبنەماڵە داخۆشەویستیو ڕێزوحورمەتوهاوکاریو ڕێنوێنیو لێبوردەیی هەبودنیاکە دەبێتە بەهەشتوژنەکان حوریو پپاوەکان فرشتەن.بارەکەی تریشی فەرمویە (ماڵو مناڵ فتەنەن) ئەوەشیان راستوایە ئەگەر هەرکام لە  ژنو مێردو منالەکان  خراپکارو  بەد  ئەخلاقو  دزوحیزو  فرتوفێڵاوی  بون ، ماڵو داراییەکەش  هەر بۆ ئاکارو ڕەفتاری خراپ دەکار دەهێندرا ئەوە  ژیان دەکەن بەجەهەندەمو  مرۆڤ  دەکەن  بەشمرو  شەیتانو   ژیان  دەکەن  بەقوزەڵقورتو ژەهریمار. (شەشەم)=خەمخۆریو  دڵسۆزیو  پێکەوە ڕاوێژ کردنە: ئەگەر ژنو مێرد کە لە هەمو کەس  لێک  نیزیکترنو  ئاگاداری  هەمو  سەوداو  سوڕێکی یەکترن ،ژیانیان  تێکەلاوەو بەیەکەوە  بنەماڵەیان  پێکهێناوە، خەمخۆری یەکتر نەبنودڵیان  بۆیەکتر نەسوتێی ، بێگومان  ژیانەکە  بۆیە  نابیێ  پشتی پێببەستیو لێی خاترجەم بیی. لەوەش گریبگتر ژنو مێرد دەبێی لە کارو بەرنامەی  ژیانیی هاوبەشیاندا ڕاوێژ کاری یەکتربن ، دەبێی لەسەر هەمو  شتەکانیان  ڕای یەکتر وەرگرنو  لەسەر  ئەنجامدان،  یان  نەدانیان   یەکڕابن . ئەوە جیا لەوە کەزۆر پێویستە ، بەدڵنیایەوە   دەبێتە  هۆی  پەتەوی   موتمانەو  سەرخۆشتر  بون لە کارەکان .

( حەوتەم )  لاسا نەکردنەوەو  چاولێکەری:  گەورەترین  گرفتی  کە کێشە  لەناو  ژنو مێرد دا دروست لاساکردەنەوەو چاو لەخەڵک  کردنە. بۆوێنە زور  جارپێوەندیە کە  لە سەر  ئەوە تێکدەچی   کەبۆچی   فڵانەکەس   ماشێنی ئاوای  هەیەو  ئێمە نیمانە ؟! بۆچی  فیسارەکەس  خانوی هەیەو  ئێمەش کڕێی نیشینین ؟! یان  بۆچی مارەیی کچەکەی  منیش بەقەدەر مارەیی کچی فڵانکەس نیە؟!. یان دەبێی  ئەوەندەی زێڕو زەمبەری بۆبکڕن  وەک بۆ کچی فڵانە کەس کڕاوە ؟!  یان  پێاوەکە  دەڵێی  کچی  فڵانەکەس  ئەوەندەی  جیاز دەگەڵ  خۆی بردبوو  ئەتۆ هیچت نەهێناوە. بەکورتی  داوای  بێجێو  دەست تێوەردانی دایکو باوکو  بنەماڵە  لە ژیانی  ژنو  مێردان . دیارە شتی لەو بابەتە  زورنو پێویست بەباسکردنیان  ناکا .  بەڵام  ئەوە دەگەیێنن کە پێوەندیەکە  لە  مەبەستی  ئەسڵی خۆی   لایداوە ،  چونکە  ژنو  مێرد دەبێی  ئیمکانو  دەرەتانی  خۆیان  بناسنو پێشی  ڕازی   بن ، هەوڵ   بۆ  ژیانی  باشتریش  بدەن.  جیالەوەش  بەشەڕو ناکۆکی  نێوانیان   چارەسەر  ناکرێیو  ئوسولەن   پێوەندیان    بۆ ئەو   شتانە بەیەکەوە گرێنەداوە . ئەو جۆرە  مەرجو داوایانە  لەبایخو  پێرۆزی پێوەندیەکە کەم  دەکەنەوە . ئەوانە  نیشانی  دەدەن  مەبەستی  راستە  قینەی   پێوەندی ژنو مێردایە تیان   نە پێکاوە.  هیوادارم   بتوانم   لەبەشە کەیتردا  زیاتر  لەسەری بڕومو شیبکەمەوە. ئەوخاڵانەی باسمکردن پیوەندیەکی ئەوەندە  پتەویان پیکەوە هەیە ، کە نەمانی هەرکامیان  ژیانی هاوبەش ئەگەر هەڵیش نەوەشێنن  بێمانای دەکەن . بەداخەوە  لەو  دنیا  پێشکەتوەی  ئەوڕۆشدا  کە  دەبێی هەمو  شتەکان زانستیانەو بەبەرنامە  ئەنجام  بدرێن ، هەمو پێوەندیەکان بەشێوەی عیلمی زۆر توندو تۆڵو  لێزانانە  ببەسترێن ،کەچی دەبینین  پێوەندیەکان زۆریان  لەرزۆکو کورتخایەنن  ، زۆر جارێش  توشی  مەترسی  کوشتن  دەبن . ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە  کە گرێبەستە کە  بە مەبەستی   ژیانی  بەردەوامو  دامەز  راندنی بناغەی  بنەماڵەو  پەرەپێدانی  ژیانی  هاوبەشو لە سەرئەساسی  خۆشە ویستیو ڕێزی دولایەنە  دانەمەزراوە . ئەگەر  پێوەندیەکە   بۆدامرکاندنی  هەوەسو  بۆ تەماعی  ماڵی دنیا ، یان  هەڵخەڵەتان  بەپلەو  پایە  یان  بە پێی  نەریتی  کۆنو زۆرو  جەبری   بنەماڵە  بەسترابو  بێگومان  نەچێژی   واقعی ژنو مێردایەتی هەیەو نەبەردەوام  دەبێی .لەبەر ئەوەی  پێوەند یەکە  گەلێک  گرینگو پیرۆزە، دەبێی  ئەوانەی  پێکەوە  پێەوەندی  گرێدەدەن تاڕادەیەکی پێویست یەکتر بناسنو لەخووخدەی  یەکتر ئاگاداربن ، مەسەلەکەیان  هەڵسەنگاندبێو  تەنانەت  دەگەڵ باوەڕپێکراوی  خۆشیان  راوێژیان کردبێیو بەو ئاکامە  گەیشتبن  کەدەیانەوێیو دەتوانن  ببنە هاوژین . گومانم  لەوەدانیە  کە لەقوناغی سەرەتایی  یەکترناسینو ئیزدواج  کردندا   ناتوانن   وەک  پێویست  یەکتر  بناسن، ئەوقۆناغە  هەموی نیشاندانی خۆشەویستیو  سرنجی یەکترڕاکێشانە جیالەوەش  قۆناغی  سەرەتایی دەزگیرانەتی  تادەگاتە  زەماوەند  کردن  دەگەڵ  قوناغی  دوای زەماوەند  لێک جیانولەداواییدا  قوناغی  بونی مناڵو دەرگیر بون دەگەڵ  دابینکردنی پیداویستی ژیان  دێتە  گۆڕیێ  کە هەمویان  تایبەتمەندی  خۆیان  هەیە ، ئەگەر لە چاوی سەرەتای  دەست  پێکردنی  خۆشەویستیو  ئاشنا  بونەوە  لێی بڕوانی  فەرقیان زۆرەو یەکناگرنەوە. ئەو دەم  هەمو  خۆشەویستیەکەیان  بۆیەکتر بونن،  بەڵام لەدواییدا  دابەش دەبێی  بۆیە  دەبێی  بزانن  ئەوان  هێچکامیان نەگۆڕاون ئەوە قوناغەکەیە  گۆڕانی  بەسەرداهاتوەو  ئەوان نازاننو ناتوانن خۆی دەگەڵڕابێنن. ئەوسرنجانەش  دابەش  دەبنو  نابێی   وابزانن   کەحەزیان   بۆیەکتر  نەماوە، بەڵکومـاوە بەڵام  بەشی  کەسانیتریان لێدراوە . ئێستا بابزانین ئەوانەی دەتوانن بەشێوەی  شەرعیومەنتیقی  وەرگیراو لە دەقی قورعانی  گرێبەستێکی دڵخوازو جێی  موتمانە  ببەستن   دەبێی چ  مەرجێکیان   هەبیێ . لە ئیسلامدا  ئیزدیواج بە گرێبەستێک  دەکوتریێ  کەلەسەر پێکهاتنو ڕێکەوتنی  دولایەنەی کچو کوڕ یاژنو پیاو بەسترابیێ . مەرجی  گرینگو  سەرەکیشیان  برێتین  لە (١) باڵغبون (٢) ئاقڵبون(٣)ئازاد  بون. 

دیارە ئەگەر لەقالو  قیلوفتوای ناڕەواو دابو نەریتی کۆن  دوور کەوینەوەو  پشت بەدەقی   قورعانی  ببەستینو  لە تانەو لۆمەو فڕو لاتاوی  کەسانیش  نەترسین   دەبێی   بەڕاشکاوی   بڵێین : هەرشتێکی بەزۆر سەپاو  لەدیندا ئیعتیباری نیە تەنانەت  ئیمان بەخواش.دەقێ ( لااکراە فی الدین ) زۆر  ڕوکو  بێپەردە  ئەوەمان  بۆ دەسەلمێنێ .لەپێشدا ئەوکەسەی  نەگەیشتۆتە تەمەنی بلوغ  لەشەرعی  ئیسلامدا  تەکلیفو واجبی شەرعی لە سەرنە نوسراوە. بەلامەوە  سەیرە ئێمە ئەو غەڵەتە  گەورە ئەگەر نەڵێم  تاوانی گەورە بەردەوام مەحکۆم  ناکەین کە پێش  باڵغبون  زۆر جاریش  پێش هاتنە  سەردنیا  بڕیاری پێکەوە ژیانی هەتا مردنمان  بۆ داوەو  دەیدەین کە نازانن  بەمردویی  دەبن یان ئەگەر بون   چەندە دەژین!! من  لێرەدا  سوپاسی  بیروڕای  گشتی  گەلەکەمان دەکەم  کە  مەجبوریان  کردین  واز  لەو شتانە   بێنین  ئەگینا ئێستاش لەوهەڵە گەورانە دەکران.  ئەگەر  باڵغیش  بوو بەڵام ئاقڵ  نەبو خوا  ئەرکێکی  لەسەر شێت  دانەناوە . ئەگەر  باڵغو  ئاقڵیش  بوو  بەڵام   ئازاد  نەبوو بەزۆر  شتیان بەسەردا  سەپاند  ئەو شتە چ  بەڕواڵەت  باشبێی  یان  خراپ کردەوەکەچۆنکە نەخوازراوە  لەدەفتەری  خوادا  نەنوسراوە . لە مەحکەمەی   خواییدا  دەرگای زوڵم   قفڵ دراوە ، چۆن  دەکرێی  ئەو زوڵمە  قێزەونە   بەناوی  دین  ئەنجام درابیێ ! ئەگەر بەزۆر ئیمانی  پێهێندرابیێ   لەلای خوا قبوڵ نەکراوە.  بە پێی ئەو مەرجانە  کاتێک  ژنێک  باڵغو  ئاقڵو ئازاد  بوو مافی  سروشتیو  شەرعی خۆیەتی نەک هەربەکەیفی خۆی هاوبەشی ژیانی هەڵبژێرێ بەڵکو دەبێی هەمو ئەومافانەی  هەبێی   کەیاساو  قانون   بەپیاوی   داوە ، هەبونی  ئەو  مەرجانە هەروەک   مافیان  بۆ دەسەلمێنێ  ئەرکیشی  لە  سەرشانی  داناون. خواش  لە قورعان  سوڕەی ( بەقەڕە:٢٢٨) دا دەڵێی: {ولهن مثل الذی علیهن بالمعروف} چۆن وەکژن  ئەرکیان لەسەرشانە، ئاواش مافیان لەسەر پیاوەکانیانە. هەمو ئەو ئایەتانە  پێمان  دەڵێین : پێوەندی  ژنو  مێرد  لەسەر  بناغەی  ڕەزاو ڕەحمەتو بڕوا  پێک  هێنانە . لەمافو  ئەرکی   ژنو   مێردایە تیشدا  وەک  مافی ئینسانی بەرامنبەرن . لێرەدا ڕادەوەستم  دوایی بەو بەشە  دێنم . لەبیرتان نەچێی ئەوەی باسی دەکەم  ئوسولی   ئیسلامە  وئەرکی   سەر شانی   ئێمەی  موسوڵمانە  !! گومانم نیە   لەزۆر  بواردا  ئێمە   بەجێمان  نەهێناوە .  ئەگەر مەرگ  مۆڵەتم بدا، مـەسەلـەی   مـارەکردنی  بەزۆرو ، بەمنداڵیو ،  فرۆشتن بەپوڵو، فریودان بەپلەو،  پایەو ، ماڵو  دارایی ،  دەخەمە   بەرباسو  دەڵێم:  هەرچێ   ئەو سێێ مەرجەی  سەرەوەی   تێدا  ڕەچاو   نەکراوەو،  دەکرێی  هەڵەیەکی   گەورەیە  بەزیانی  کۆمەڵگاکەمان  ئەنجام  دراوە.

          براتان  مەلا  برایمی  مەجید پور.  ٢ / ١١/ ٢٠١٤  هـوڵـەنـد.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی