"an independent online kurdish website

12.00

 پشتیوانی لە  کۆبانێ

لە رێکەوتی ٠١/١١/٢٠١٤ بە بەشداری ژومارەیەک لە کوردانی دانیشتووی تڕۆندهایم و هەروەها چەندین کەسایەتی ئازادیخواز و رۆشنبیری غەیرە کورد، بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ گردبوونەوەیەکمان ساز کرد. لەو کۆبوونەوەیە دا چەندین درووشم بە یەکەوە درا و هەروەها لە لایان چەندین کەسی بەناوبانگی شارەکە وتار پێشکێش کرا، لەوانە بێکەس بەرواری، شەوکەت و یان بۆیەر وێدهایم.kewser_mirzayi

دەمهەوێ هێندێک لە رووداوە یەک لە دوای یەکەکانی گەلی کورد کە لەمێژە بێ بەزیانە قەتڵ و عام دەکرێ، بهێنمە بەرباس. مێژوو رووداوێکی دەستکرد نییە کە هەڵسوکەوتی بە ئیرادە و ئیشارەتی خوڵقێنەرەکەیەوە بەسترابێ، بەڵکوو زانستێکە کە دانەری یاسا و رێکخرا و بەڕێوەبەری هەموو ئاڵ و گۆڕەکانی هەبوون و چاوەدێری خەباتە جۆر بە جۆرەکانی جیهانە. رەوتی مێژوو بە گشتی روو بە پێش و بێ وچانە و مادام کە بناخەی بیر و بۆچونی داگیرکاری و خۆ بەزلزانی و کۆنەپەرستانە و دژی مێژووی بەسەر کۆمەڵگاێک دا زاڵ بێ، ئاهەنگی پێشکەوتنی مێژووش هێمن دەبێتەوە و شوێنەواری لەسەر ژیانی مرۆڤ و هەموو نیشانەکانی هەبوون دادەنێت.

بێگومان راگەیاندنی راستی رووداوەکان هەمیشە گرنگ و خاوەنی قورسایی تایبەتن، بەڵام شەرت نییە کە رەوتی ئەم تایبەتمەندییانە هەمیشە و لە هەموو شوێنێک دا هاوکات و هاودەنگ بن.

ئەزموونە دیرۆکییەکان سەلماندوویانە هەر کۆمەڵێک کە بە درووستی لە مێژوو گەیشتبێت و لە گەڵ مێژوو شان بە شان جم و جۆڵی کردبێت، تا رادەیەک خاوەنی ژیانێکی ئارام و دوور لە توند و تیژی بووە. پێچەوانەی رەوتی مێژوو هەڵس و کەوت کردن، بەرامبەر بووە بە کێشە و کارەساتی دڵتەزێن و دوا کەوتوویی لە رەو رەوەی مێژوو کە نیشانەکانی تا ئیستا لە سەر ژمارەیەک لە کۆمەڵگاکان ماوەتەوە.

سەرەنجێک لە سەر کۆمەڵگای فرەنەتەوەیی ئێران، عێراق، تورکیا، سوریا ئەو راستییەمان بۆ روون دەکاتەوە کە رەوتی مێژوو لەم وڵاتانەدا بە شیوەیەکی سرووشتی پێش نەکەوتووە و لە هەل و مەرجێکی یەک لایەنە، خەیاڵی و لە سەر بناخەیەکی بەتاڵ و ئەفسانەیی دا پێکەوە لکێنراوە. سەرەڕای ئەوەش مێژووی نووسراوەی ئەم وڵاتانە کە دەبوا بەرهەمی نووسەرانی ئێرانی، عێراقی، تورکی و سووری بە کەلک وەرگرتن لە نرخە مێژووییەکان بهاتبایەتە نووسین، درووست کراوی دەستی نووسەرانی دەرەکییە کە بە ئامانج و مەبەستی سیاسییەوە رژاوەتە میشکی جەماوەر و بە کەڵک وەرگرتنی ناجەماوەرانە لە خۆش باوەڕی گەلان، سەرلیشێواوی و پرش و بڵاوی خستۆتە ریزەکانی کۆمەڵگاوە.

دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش) و هەروەها دەوڵەتی ئیسلامی ئێران(دائی) ئەم دوو دەوڵەتە تەنها جیاوازییان لە شیعەبوونی دەوڵەتی ئێران و لە سوننی بوونی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام دایە. بەڵام لە بارەی کوردەوە هەردووکیان هاوڕان بۆ سیاسەتی دونیاش هەردووکیان هەر هاوران. پاش ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران (دائی) سەرهەڵدانی گەڵانی ئێرانی بە تەواوی تێکشکاند و ئەندامانی رێکخراوە سیاسییەکانی دژبەری رژیم، ناچار بوون کە وڵات بەجێبهێڵن، باوکی باوکیشم لە رێکەوتی 15.09.1979 رۆژهەڵاتی کوردستانی وەک هەزاران کوردی ئازادیخواز بە جێهیشتووە، ئەو کاتە بابم تەمەنی ١٣ ساڵ بووە….. لە 22.05.2002 پاش ٢٢ساڵ ئاوارەیی لە رێگای نەتەوەیەکگرتووەکانەوە هاتووین بۆ نۆروێژ.

لەو کاتەوە تا ئێستا وردە وردە تێکەڵاویم لەگەڵ خزم و کەس و کار و کۆڕ و کۆمەڵی دۆستانی پەنابەر پێک هێناوە تا رادەیەک لە نزیکەوە ئاگاداری پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتی نۆروێژ بووم. لە رێگای ئەم جۆرە تێکەڵاویانە بۆم دەرکەوت کە ئاستی ژیانی خەڵکی نۆروێژ لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە گەلێک گەشەی کردووە، ئەم پێشەکەوتنە لە ئاستی باشترین وڵاتانی جیهان دایە. کاتێک رواڵەت و نێوەرۆکی ئەم گەشە کردنەم لە گەڵ دواکەوتوویی و سەرلێشێواوی وڵاتە چەوساوە و لەت و پەت کراوەکەی کوردستان دا هەڵسەنگاند، پرسێکی سەرەکیم بۆ درووست بوو. لەخۆم پرسی کە ئەم هەموو جیاوازییە لە کوێوە سەرجاوە دەگرێت؟ مەگەر تورکەکان، ئێرانییەکان و عەرەبەکان خۆیان بە خاوەنی کۆنترین و پێشکەوتووترین فەرهەنگی سەرتاسەری جیهان نازانن؟ ئێستا بۆم دەرکەوتووە کە ئەم مێژوونووس و بانگەوازکەرانەی ئێرانی، عێراقی، تورک و سووری جگە لە درۆ کردن و خۆ هەڵکیشان، هیچی تریان تێدا بەدی ناکرێ ئەوانە بە شیری ئێرانچییەتی، عێراقچییەتی، تورکچییەتی و سووریچییەتی گۆش کراون. بەرامبەر بە مێژوو و رووداوەکانی زۆر بێ سەرەنج و کەمتەرخەمنو هیچ چەشنە بەرپرسیارەتێک لەم بارەوە وەئەستۆ ناگرن. ئەوان رووداوە مێژووییەکان کاتێک بە جیددی دەزانن کە بەرژەوەندییەکانی گەلانی فارس، تورک و عەرەبی تێدا پاریزراو بێت. لە مێژووی کورد دا کارەساتەکانی شنگال و کوردانی ئیزەدی و کۆبانێ زۆرن. بەڵام من بە کورت ئاماژە بە هێندێکیان دەکەم.

1ـ دەوڵەتی ئیسلامی ئێران ( دائی) لە کۆتایی ساڵی 1979 تەنها لە شاری سنە ٣٥٠٠ مرۆڤی بێتاوان (پیاو ژن و منداڵی) بە تاوانی کوردبوون شەهید کرد. هەرچەند ئێستاش هەر بەردەوامە لە کورد کووشتن.

2ـ حکوومەتی سەددام حوسێن لە ساڵی 1988 بە چەکی قەدەغەکراوی شیمیایی ٥٠٠٠ کوردی لە هەڵەبجە شەهید کرد. هەروەها هەر ئەم حکومەتە لە ساڵی 1988 داعش ئاسایی ١٨٢٠٠٠ کوردی بە تاوانی کورد بوون زیندەبەچاڵ کرد. جگە لەمانە ٤٠٠٠ گوند چەندین شار و شارۆچکەشی لە گەڵ عەرز تەخت کرد و خەڵکەکەی راگوێست بۆ کەمپی زۆرەملی.

3ـ تورکیا لە زەمانی خەلافەتی عوسمانییەکان ٣٠٠٠٠٠ کوردی شەهید کرد تا ئێستاش تورکیا بەردەوام کورد دەکووژێ و هاشا لە بیست میلیۆن کوردی وڵاتەکەی دەکا.

ئەم وڵاتانە کە کوردستانیان داگیر کردووە هەمیشە بە ناوی دینەوە کوردیان قەتڵ و عام کردووە هەرچەند زۆربەی کورد موسڵمانە. هەرچەندە ئەو وڵاتە داگیرکەرانە خۆیان بە پێی هیچ رێنماییەکی قورئان و عەینی ئیسلام کار ناکەن. ئێستاش بە خۆشییەوە خۆڕاگری پێشمەرگە کورد بەرامبەر بە داعش بە تایبەت لە کۆبانێ کوردی هەرچوار پارچەی کوردستانی کردە یەک دەنگ و یەک هەڵویست  و یەک کردار و هەروەها توانی یەکدەنگی لە نێوان وڵاتە زلهێزەکانیش درووست بکا هەتتا بە هانای خەڵکی کوردستانەوە بێن، لە هەموو ئەمانەش گرینگتر لە تورکیا باسی کورد کردن قەدەغەیە بەڵام پێشمەرگەی کوردستان بە ئاڵای کوردستانەوە بە نێو خاکی تورکیا بۆ پشتگیری لە کوردانی کۆبانێ دا بەرێکەوت.

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی