Hoppa till innehåll
Hem » گـرنگـییەکانی وێـژەی منـداڵان بۆ ئەمـڕۆ بۆ داهـاتوو.. رەزا شـوان

گـرنگـییەکانی وێـژەی منـداڵان بۆ ئەمـڕۆ بۆ داهـاتوو.. رەزا شـوان

هەموو نەتەوەکان، منداڵەکانیان بە گرنگترین سامان و سەرمایە و ژێرخانی نەتەوەییان دەزانـن و وا لە منـداڵـەکانیـان دەڕوانـن، کە ژنـان و پیـاوانی داهـاتـوون، داهـاتـوویەکی باشـتر و گەشـتر و ژیـانێکی خۆشـتر و شـیریـنتر، لەسەر دەستی ئەمـان بنیات دەنـرێن.

بۆیە پەروەردەکردنی دروست و راهـێنان و ئامادەکردنی منـداڵەکانیان بۆ ئەو داهـاتـووە خوازراوە، هەمووانی سەرقـاڵ کردوون و بـووە بە ئەرک و بە کاری هەرە پێشیـنەیان.
نکووڵی لەوە ناکرێت کە وێژەی منداڵان، رۆڵێکی گرنگ و کاریگەری لە پەروەردەکردن و لە ئارەستەکـرنی ئەرێـنـیی و لە رۆشـنبیرکـردنی منـداڵانـدا هـەیە.
(دۆن مـورایە) دەڵـێـت:”وێـژەی منـداڵان، کاریگەرییەکی گـرنـگ و بایەخـێکی جیاوازی لە ژیـانی ئەمـڕۆ و لە داهـاتـوودا هـەیە”.

وێـژەی منداڵان لە دەوروبەری ساڵی (١٧٠٠) ز. بووە بە فۆرمێکی وێژەیی سەربەخۆ. وێـژەی منـداڵان، بەو دەقـانە پێـناسە دەکـرێـت، کە بـە تایبـەتی بۆ منـداڵان نووسـراون.
لە راسـتیـشدا تا ئەمـڕۆش، پـێـناسەیەکی گـشـتگـیر بۆ چەمـکی وێـژەی منـداڵان نـیـیە.
پـێمـوایە باشـترین پێناسە بۆ چەمکی وێـژەی منـداڵان، پێـناسەکەی (ماریـا نیکـۆلا) یە، کە دەڵـێـت:”وێـژەی منـداڵان، ئەو وێـژەیـەیە، کە لەلایـەن کەسـانی شـارەزای جیهـانی منـداڵانەوە نووسراوە و بەرهـەمهـێنراوە و بڵاوکراوەتەوە، کە خوێنەرە سەرەکییەکەی منـداڵانـن”. وێـژەی منـداڵان بـە واتـا گـشـتـییەکەی، ئـەو بـەرهـەمـە هـزرییـانـەیە، لە هەمـوو بـوارەکانی زانستـیدا، لە پەرتـووکی چـاپکـراودا، ئاراسـتەی منـداڵان دەکرێـن.

وێـژەی منداڵان، کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی و گرنگە لە رۆشنبیریکردنی منداڵان، لە هەموو روویـەکەوە منـداڵان ئاراسـتە دەکـات و گـرنگـییەکی زۆر بـە ئـارەزوو و بە هـرە و بە پێـداویستییەکانیان دەدات و سـروشتی گەشەکردنیان لە هەمـوو روویـەکەوە لەبەرچاو دەگـرێـت. بەشـداری دەکـات لە گەشـەکـردنی زمـان و دەوڵـەمەنـدکـردنی فـەرهـەنـگی وشەکانی منـداڵانی خـوێنـەر، گەشـەکـردنی زانـستی، فـراوانکـردنی ئاســۆی خـەیـاڵ، تـێگەیـشتـنی سـۆزداری، لە بنیاتنانی کەسایەتی دروسـت و هـاوسەنـگی منـداڵان، لە دروسـتکـردنی پەیـوەنـدیی هـاوڕێـتی و کـۆمـەڵایەتی. وێـژەی منـداڵان، ئـامـرازێـکی نـاوازەیە، هـێزی ئـەوەی هـەیە، بە رێگایەکی قـووڵ مـێـشکی منـداڵان دابـڕێـژێـت و کاریـگەریی لەسـەر نەوەکـانی داهـاتـوو هـەبـێـت. ئـیـلهـامبەخـشە بـۆ داهـێـنان و بۆ گـۆڕانـکاریی ئەرێـنی.
منـداڵان بە تایبەتی لە ساڵانی سەرەتـای ژیانیـاندا، کـنجکاویـن و شەیـدای فـێربوون و وەرگرتـن و تاقـیکردنەوەن. وەک ئیـسفەنـج وان. هەمـوو زانیارییەکانی دەوروبەریان هـەڵـدەمـژن و دواتـر هـەوڵی تـێگەیـشـتن و لـێکـدانەوەیـان دەدەن.
لە ئەمڕۆدا، وێـژەی منداڵان بووەتە پێویستییەکی گرنگی نیشتمانی. پێویستە هەوڵێکی زیاتر بـدەین بۆ گەشەکردن و پـێـشکەوتنی وێـژەی مـنداڵانی کورد، لە رووی چەندێتی و چـۆنیەتییەوە. پێویـستـیمان بە داڕشـتـنی پـلانـێکی تـۆکـمە و بە نەخـشـەڕێـگایـەکی وردی سـتراتیـژیی زانـستی و پـسپـۆری هـەیە. کە تایـبـەتـمەنـدیـیـەکان و هـۆیـەکان و میکانیـزمەکانی پـێشکەوتـنی وێـژەی منـداڵان دابـڕێـژن. ئەمەش تەنیا بە قـسەکردن و نووسـین نەبـن، بەڵکو بکـرێـن بە بەرنـامەی کار و بە پـراکـتیکی جـێبەجی بکـرێـن.
وێژەی منداڵان سوود و گرنگییەکی زۆری هەیە، خزمەت بە چەندین مەبەست دەکات. زۆر بە کورتی و بە چـڕی، باس لە هـەنـدێک لە سـوود و لە گـرنگـییەکانی دەکەیـن:
١ـ وێـژەی منـداڵان شارەزاییەکی زمـانی زیـاتر بە منـداڵان دەبەخـشێـت. گەڵێ وشە و زاراوە و رستەی تازەی لێـوە فـێردەبـن. دەشـتوانـن بە زارەکی و بە نووسـین، باشتر گوزارشت لە بیـر و لە هـزر و ئەنـدێشە لە سۆز و خۆشەویـستی ناخی خۆیان بکەن.
٢ـ وێـژەی منـداڵان، سـۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هـاوبەستەبـوون بۆ کورد و کوردستانی نیشـتـمانی شـیرینمان و بۆ ئـاڵای پـیرۆزی کوردستانمان، لەلای منداڵانی کوردمان شيرینتر و خۆشەویستر دەکات. شانازیش بە کووربوونی خۆیانەوە دەکەن.
٣ـ وێـژەی منـداڵان، جـۆگەیەکی هەمیشە خـوڕە، لە جۆگەکانی رۆشـنبیریی منـداڵان.
٤ـ وێـژەی منداڵان، بە شێوەیەکی سووک و ئاسان، زانیاری بە منـداڵان دەگەیەنێت.
٥ـ وێـژەی منـداڵان، منـداڵان بە ژینگەی کوردسـتانەوە دەبەسـتـێـت هـەردەم هـانیان دەدات بۆ پارێـزگاریکردن لە سروشتی جـوان و قەشـەنگی کوردستانی نیـشـتـمانمان.
٦ـ یەکـێک لـە گـرنـگـتریـن سـوودەکـانی وێـژەی منـداڵان، بـەرزکـردنـەوەی تـوانـای خوێـنـدنەوە و نـووسـینە، خوێنـدنەوەش بناغـەی هەمـوو فـێربـوونێکە. ئاشناکـردنی منـداڵان بە پەرتـووک لە تەمەنێکی بچووکـدا، خۆشەویستیان بـۆ خوێندنەوە شیرینتر دەکات و هانیان دەدات کە ببـن بە هـاوڕێی پەرتـووک و گۆڤـاری منداڵان، خوێندنەوە ببێـت بە پێویـستییەکی ژیـانی رۆژانەیـان و بە خوویەکی دەقـگـرتوویـان. خوێنـدنەوە هەستێکی ئاسوودەیی و ئاسایش بە منـداڵان دەبەخـشێـت. بە تایبەتی لە کاتی فـشاری دەروونی یان گـۆڕانکاریـدا. ئـەو منـداڵانەی بە هـەمـیشەیی و بە رێـکی دەخـوێننەوە، لە رووی ئەکـادیـمـییەوە، ئاسـتـێکی باشـتریـان هـەیە و ئەگـەری سـەرکـەوتـنـیان لە قـوتابخـانەدا و لە ژیـانی داهـاتـوویانـدا زیـاترە، بەراورد بەو منـداڵانەی ناخوێـننەوە.
٧ـ وێـژەی منـداڵان، رەوشـت و رەفـتاری نایـاب و هەڵـسوکەوتی پەسەنـد و بەهـای بـەرز و خـوو و نەریـتی جـوان و کـاری بەسـوود لە هـۆشی منـداڵانـدا دەروێـنـێـت.
٨ـ وێـژەی منـداڵانی کـورد، مـژدەبـەخـشی ئـاسـۆیـەکی روونـاکـتر و گـزنـگـدانی داهـاتـوویەکی گەشـتر و شـیاوتـرە بـۆ کـورد و کوردســتان.
٩ـ وێـژەی منـداڵان، گەشە بە ئەنـدێشەی منـداڵان دەکات و هـانیان دەدات بۆ داهـێنان.
١٠ـ وێـژەی منداڵان، ئامرازێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی کەسێتی دروست و هاوسەنگی منـداڵان، لە شـیکـردنەوەی ناسـنانـەی رۆشـنبیرییـان.
١١ـ وێـژەی منـداڵان، یارمەتیی منـداڵان دەدات، بۆ پەرەپێدانی تواناکانی بیرکردنەوەی رەخنەگـرانە و هەڵـسەنگانـدنی دەقـەکـانی ئەو بابـەتە وێـژەیـیانەی کە دەیانخـوێننەوە.
١٢ـ وێـژەی منـداڵان، بێ پەیـام نییە، پەیـامـێکی بـەرزی پـەروەردەیی لەخـۆگـرتـووە. هـەمـیـشە متـمانە بەخـۆبـوون و هـیواخـوازی و گەشـبیـنی بـە منـداڵان دەبـەخـشـێـت.
١٣ـ وێـژەی منداڵان، خۆشی و شادی و چێژی وێژەیی و جوانی بە منداڵان دەبەخشێت.
١٤ـ وێـژەی منداڵان، رۆحی خۆشەویستی و رێـز و سۆزداری و یارمەتی و هاوکاری و هەماهەنگی و هەروەزی و مرۆڤایەتی و نەرم و نیانی لە دەروونی منداڵاندا دەڕوێنێت.
١٥ـ وێـژەی منـداڵان، نـاودارانی ژنـان و پیـاوان و سەرکـردە و شۆڕشگـێڕە قـارەمانە دڵسۆزەکان و زانایان و نووسەرانی ناسراوی گەلەکەمان بە منداڵانی کورد دەناسێنێت.
پێـویـستە وێـژەی منـداڵان، دەرگـاکانی بـە رووی جـیهـانـێکی نـوێـدا بـکاتەوە. دەبێـت وێـژەی منـداڵان تـێکەڵ بـە ژیـریی دەسـتکـرد بێـت. لەگـەڵ زانـسـت و تەکـنەلـۆژیـای سەردەم و گۆڕانکارییەکاندا بگونجێت. ئامادەبێت بۆ سازان لەگەڵ ئەم جیهانە نوێیەدا. بێگـومـان ژیـریی دەسـتکرد و ئامـرازە نوێـیەکـان، روڵـێکی گـرنـگیان لـە داهـاتـووی وێـژەی منـداڵان دەبـێـت.
دوبـەی: ٢٠٢٦