"an independent online kurdish website


پێشەکی: تەنیا وڵاتێک کە ئەرتەشی هەیە، بەڵام لە پەنا ئەو ئەرتەشە هێزێکی خاوەن دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری، هەواڵگری، ئیداری و ئەمنیەتی هەیە کە ئەرتەش لەهەمبەری دا پەڕاوێز خراوە ، وڵاتی ئێرانی دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی یە. ئەرتەش لە کۆماری ئیسلامی دا نرخ و بایەغێکی نیە و تەنیا ناوێکی زیادی یە. kavos_azizi12

لەهەمبەر ئەرتەش دا سوپای پاسداران لە ئۆرگانی جۆراوجۆری نیزامی و ئەمنیەتیی سەرکوتکەر بۆ کپ کردنی هەرچەشنە دەنگێکی ناڕەزایەتی لە هەمبەر نیزام دا ، پێکهێنراوە . ئەو سوپایە “هستە” ئەسڵی یەکەی دەگەڕێتەوە چەند ساڵ پێش “انقلابی” گەلانی ئێران کە لە هاوینی ساڵی ١٩٧٧ لە شاری تەورێز دەستی پێکرد و سەرەتای ١٩٧٩ سەرکەوت . پێش “انقلاب” هیندێک تاقمی بچووکی پارتیزانی دژی ڕێژیمی شا دەستیان بە خەباتی چەکداری و کوشتنی مۆرە گرینگەکانی نیزامی شاهەنشاهی کردبوو کە یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو تاقمە چەکدارانە موحسنی ڕەزایی بوو کە ئەوکات ناوە نهێنی یەکەی “میرقاعد” بوو و دواتر بوو بە سەرکردەی سوپای پاسداران بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵ .

پێکهێنانی سوپایەکی بەدەر لە ئەرتەش لە خەونە دێرینەکانی خومەینی بوو . ئەو خاوەن بیرۆکەی ئەسڵی بوو لە دامەزرانی سوپای پاسداران بۆ ئەوەی هەم پارێزگاری لە دەسەڵاتی نیزامەکەی بکا و هەم هێزێک بێ کە بۆ بەرین تر کردنەوەی بیر و باوەڕەکانی خومەینی سنوورێکی سیاسی و ئەخلاقی نەناسێ و ئامادەیی ئەوەیان هەبێ بۆ هەر ئەرکێک کە پێیان بسپیردرێ.

دوای سەرکەوتنی “انقلابی” گەلانی ئێران ، بۆ ماوەیەک بەتاڵاییەکی یەکجار زۆری ئەمنی و نیزامی لە ئێران پێکهاتبوو. ئەرتەش و هێزە ئەمنیەکان یان کوژرابوون، یان زیندانی کرابوون، یان هەڵات بوونە دەرەوەی وڵات و یانیش دەست لە سەر دەست و چاوەڕوانی چارەنووسێکی نادیار بوون. بۆیە لەوەها دۆخێک دا کە چەکێکی زۆریش کەوتبووە دەستی لایەنگرە توندڕەوەکانی خومەینی، ئەوەبوو لە پێشان هیندێک ئۆرگانی بێ سەرەو بەرەیان بە ناوی کۆمیتەی “انقلاب” دامەزراند و ئەو چەکدارە توندرەوانە لەو کۆمیتانە دا کۆکرانەوە. دواتر کران بە موجاهیدینی “انقلاب” و پاسانیش سوپای پاسداران.

سوپای پاسداران لە شەڕی دژی بزووتنەوەی کورد دا هەم ناسرا، هەم سازماندەهی کرا، هەم دەسەڵاتی پێ بەخشرا و بگرە ئەزموونی شەڕیشی وەرگرت. سەرەتا ئیمکانات و کەرەستەی شەڕیان زۆر کەم و سادە بوو. بەڵام دواتر وردە وردە هەم دەسەڵات و هەم ئیمکاناتێکی زۆریان درایە دەست.

شەڕی ئێران و عێڕاق کە دەستی پێکرد، سوپای پاسداران بە سەدان هەزار خۆبەخشی توندڕەو کە بەرەو بەرەکانی شەڕ ئامادە دەبوون، لە خۆیدا سازماندەهی کرد و هاوکات لەگەل شەڕ پەروەدەیی فکریشی کردن. لە ماوەی ٨ ساڵ شەڕ دا سوپای پاسداران بوو بە هێزێکی خاوەن دەسەڵات . هەمیشە نوێنەری ڕێبەری ڕێژیم لە نێو سوپای پاسداران (چ خومەینی و چ خامنەیی )لە جێ کەوتووترین ئاخوندەکان بووە . ئیمکاناتی نیزامی بەشی هەرە چاکی بۆ سوپای پاسداران بووە.

هاوکات سوپای پاسداران لە شەڕی دژی بزووتنەوەی کوردیش دا دەتوانم بڵێم هێزی ئەسڵی بوو. زۆربەی هێز و تاقمە دژی ئازادییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دا سەربە سوپای پاسداران بوو. تەنانەت بچووکترین یەکەی ئیداری کە “بخشداری” یە سەربە سوپای پاسداران بوو تا دەگاتە فەرماندار و پارێزگار.

سوپای پاسداران لە ئێران دا هێزی یەکەمی سیاسی ، نیزامی و دەسەڵاتە:

/ هەر لە کەرتی نەوت و گازەوە بگرە هەتا  دیپلۆماسی و ….. هەمووی لە شێرکەتهایەک دا کۆکراوەتەوە و ئیدارە دەکرێ کە سەربە سوپای پاسدارانە.

/ بەشی زۆری سیستەمی بانکی و توجارەتی گەورە بەدەست سوپای پاسدارانە.

/ نیزیک بە تەواوی سیستەمی “عمران” ئاوەدان کردنەوە و ڕێگاو بان بەدەست سوپای پاسدارانە.

/ سیستەمی بەرگری و مووشەکیی ئێران بەدەست سوپای پاسدارانە.

/ بەرنامە پڕلە هەراو کێشەکەی ناوەکیی ئێران بەدەست سوپای پاسدارانە.

/ سیستەمی ئەمنیەتی و هەواڵگری بەدەست هەمان سوپایە.

/ بەشێک لە سیستەمی پەروەردە بە دەست سوپای پاسدارانە ( ئەو بەشە لە لایەن ئەو کادرە ئەسڵیانەی سوپای پاسدارانەوە ئیدارە دەکرێ کە دوای شەڕی ئێران و عێراق کۆمەڵێک پاسدار نێردرانە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندننی زانکۆکان و هەموویان بوون ەب خاوەنی پسپۆری لە بوارەجیاکاندا) .

/ سیستەمی ترانسپۆرتی ئێران وەک” خطوط هوایی و …..) بەدەست سوپای پاسدارانە.

/ سوپای پاسداران لە دیاری کردنی هەر پۆستێکی ئیداری ،دیپلۆماسی و پەروەردەیی دا خاوەن قسەی کۆتایی یە.

بە گشتی سوپای پاسداران حاکمی بێ ڕکابەری هەتا ئەم لەحزەیەی وڵاتی ئێرانە لە ماوەی ٣٥ ساڵ دا. بۆیەشە بۆ سیستەمی دایرەی دەسەڵاتە شیعەکانی ناوچە بۆتە نموونەی سەرکەوتوو و بۆ نیزامی ئێرانیش هەمان سادر کردنی “انقلاب”ە بۆ جیهانی ئیسلامی . سوپای پاسداران تەنیا هۆکارە کە نیزامی ئیسلامی لە ئیران ٣٥ سالە حوکم دەکا. بۆیە دایرەی شیعە لە ناوچە دا دەیەوێ لەو نموونەیە کەلک وەرگرێ و سیستەمی خۆی جیاواز بکا لە باقی نیزامی ناوچە و بگرە جیهانیش.

بەلەبەر چاو گرتنی ئەو خالانەی سەرەوە دا دەمەوێ ئێشارە بە ئەسڵی مەتڵەب بکەم کە ئەویش بیرۆکەی خومەینی یە و خەریکە لەو وڵاتانەی کە دەسەڵاتی شیعە تێیدا باڵا دەستە جێ بە جێ دەبێ .

هەر وەک گوتم بیرۆکەی پێکهێنانی هیزێکی بە قەول “انقلابی” بۆ پاراستنی نیزامی ئیسلامی خەونی خومەینی بوو کە پیادە کرا. هەروەها بیرۆکەی “صدور انقلاب” یش هی خومەینی یە و ئێستا لە دوای نەمانیشی خەریکە جێ بە جێ دەکرێ و تا ڕادەیەکیش سەرکەوتووە.

/ لە لوبنان هێزێکی میلیشیای بەدەر لە ئەرتەشی وڵات پێکهێنراوە و سەربە حیزبولای لوبنانە کە خۆیان سەربازی ژێر فەرمانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. ئەو هێزە بەتەواوی پەروەردە وپڕجەک کراون، دەسەڵاتیان زۆر زۆرترە لە دەسەڵاتی ئەرتەشی لوبنان و هەرکات پێیان خۆش بێ شەڕ لە گەل ئیسرائیل دەکەن ومنەتیان بە ئەرتەشی وڵات نیە. ئەوان دەتوانن بە بێ بڕیاری دەوڵەت و ڕەزامەندیی ئەرتەشی وڵات، بچنە سووریە و شەڕ بە دژی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە بکەن. ئەوان ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیانیان هەیە. لیباس و جۆری چەک و پەروەدە و هەمووشتێکیان جیاوازە لەگەل ئەرتەشی وڵات .

/ لە سووریە دوای دەست پێکردنی شەڕ و نائارامییەکان لەو وڵاتە و کز و لاواز بوونی ڕێژیمی ئەسەد لە هەمبەر ئۆپۆزیسیۆن دا، ئێران بۆ پێکهێنانی سوپایەکی وەک پاسداران لەوێش دەست بەکار بوو. کۆمەڵێک لە کادر و پسپۆری بە ئەزموونی سوپای پاسدارانی ناردە سووریە، ئەوان دەسەڵات و ئیمکاناتێکی زۆریان لەبەر دەست نرا تا هێزێکی هاوشێوەی سوپای پاسداران لە سووریە دامەزرێنن.

لە سووریە سوپای پاسداران دامەزرا ئەگەر نەڵێم سەرکەوتوو بوون، دەتوانم بڵێـم هەتا ئەم لەحزەیە ئەو سوپایە نوێیە لە سووریە مەیدانداری ئەسڵی یە بۆ شەڕ دژی ئۆپۆزیسیۆن و توانیویەتی ٣ ساڵ لەتەمەنی نیزامی ئەسەد زیاد بکا. ئەو هێزە ناوی جەیشی شەعبی و شەبیحەی لە سەر دانراوە و ئەرتەشی سووریە کە ئەرتەشێکی دڕی ناوچەکە بوو کەمڕەنگ بۆتەوە، کە من دڵنیام ئەگەر ئەسەد لە دەسەڵات دا بمێنێ و دووبارە دەسەڵاتی بە سەر هەموو وڵات داهەبێ( هەڵبەت زۆر زەحمەتە) لەباتی “جیش سوری عربی ”  لە هەمان ئەو هێزە تازەیە کەلک وەردەگرێ و دەبێتەوە سوپای پاسدارانی سووریە.

/ لە عێراق ئەوە عەمەلەن خەریکە هەمان سناریۆی ئێران و لوبنان و سووریە تیکرار دەبێتەوە. دوای ڕووخاندنی ڕێژیمی بەعسی عێڕاق لە لایەن ئەمریکاوە، ئێران هەوڵی زۆری دا کە سوپای بەدر و مەهدی بکاتە جێنشینی ئەرتەشی عێڕاق . ئێران زەبری زۆری بەدەست جەیشی عێڕاق خواردبوو، بۆیە هەر بە نەمانی سەدام کەوتە بیری پێکهێنانی سوپای پاسداران لەوێ . موقتەدا سەدر و جەیشی مەهدی ویستیان لاسایی حەسەن نەسروللا و جەیشەکەی بکەن و ماوەیەک کەوتنە شەڕ بە دژی ئەمریکا و دەوڵەتی عێڕاق، بەڵام زوو زەبریان خوارد و ناچار خۆیان هەڵوەشاندەوە.

کە جەیشی مەهدی خۆی هەڵوەشاندەوە هێزێکی توندەرەوی نیزامیی دیکەی شیعە بە ئیمکاناتی مادی و مەعنەویی کۆماری ئیسلامی پێکهاتووە بە ناوی”عصائبی اهل حق” کە ئێستا هیێێکی جیدی یە لە نێو شیعەکان دا .

سوپای بەدر کە دروستکراوی ئێران بوو لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێڕاق ، بە ڕووخانی ڕێژیمی سەدام، تاڕادەیەک جلەویان لەدەست سوپای پاسداران دا نەمابوو. بۆیە لەم دوایانە دا ئەوانی لە ڕێکخراوی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عێڕاق بە سەرۆکایەتیی عەمار ئەلحەکیم دابڕی و کردنیە ڕێکخراوێکی سیاسی نیزامی کە ڕاستەوخۆ سەربە سوپای قودسی ڕێژیمی ئێرانن و کۆنە بەسیجێکی بە ڕەگەز عێراقی، بەڵام پاسداری ئێران بە ناوی هادی عامریی کردۆتە  ڕێبەر و فەرماندەیان.

دوای گەشەکردنی داعش و هێرشەکانیان بۆ سەر عێراق کە تێیدا بە هۆی لاوازیی ئەرتەشی عێراق توانیان بەشێکی زۆری ناوچە سوننە نشینەکانی عێراق و بگرە بەشێک لە کوردستان داگیر بکەن، باشترین هەل و دەرفەت بوو بۆ کۆماری ئیسلامی کە بیرۆکەی پێکهێنانی ئەرتەشی “انقلابی” پیادە بکا. ئەوە بوو هەر لە ڕۆژی یەکەم دا لە ڕیگای بانگەوازی مەرجەعە شێعەکان و بگرە سەرۆک وەزیرانی پێشوو و ئیستای عێراقەوە ، داوایان کرد کە خەڵکی خۆبەخش(زۆرتر مەبەستیان لە شیعەکان بوو) لە تاقمی چەکداری جیاواز لە ئەرتەش دا ناونووسی بکەن و بچنە بەرەکانی شەڕ. هەر وەها ئیمکاناتێکی زۆریشیان خستە ئیختیار ئەو تاقمانە و دەسەڵاتیشیان پێدان.

ئیستا ئیدی لە عێراق تەقریبەت دەتوانین بڵێین ئەرتەش ناوی ماوە . نە ئەرکی ماوە، نە نرخی ماوە. تەنیا وتەنیا کۆمەڵێک هێزی چەکداری شیعە لە نەوعی تاقمە سەرەتاییەکانی پێکهاتنی سوپای پاسدارانی ئێران دا شەڕ لەگەل داعش دەکەن.ئەوەش وەک ئەزموونی ئێران هەیە کە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش ، ئەو تاقمە چەکدارانە کە ئێستا تەنانەت خەریکی پێکهێنانی ئۆرگانی جۆراوجۆرن بۆ خۆیان و یەک لەوان ئۆرگانی هەواڵگری، دەبنە ئەرتەشی سوپای پاسدارانی عێراق و بە ئاشکرا دەولەتی عێڕاق حیساب بۆ چەکدارە شێعەکان دەکا تا ئەرتەشی وڵات و لەبەرنامەی دایە تاقمی میلیشیا بەهێزتر بکاتەوە. هەمان بەرنامەی سەرەتاکانی دروست بوونی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و سوپای پاسداران وێنا دەکرێ.

بەپێی هیندێک سەرچاوەی هەواڵیش باس لەوە دەکەن ، کە گوایە دەوڵەتی عێراق لە کوردستانیش خەریکە تاقمی چەکدار پێک دەهێنێ و خەڵکێکی زۆریش ناونووسیان کردووە کە بەشێک لەوان گوایە پێشمەرگەی هەرێمن.

دەولەتی ئێستای عیراق لەو بوارەش دا کە : “خەڵک برسی بکە و ئیرادەی خۆتی بەسەر دابسەپێنە ” لە نیزامی کۆماری ئیسلامی یەوە فێر بووە. ئەوان مووچە و بوودجەی هەرێمیان بڕیوە . دەیانەوێ لە لایەک خەڵک و فەرمانبەران موحتاج و برسی بکەن، لە لایەکی دیکەش لە حکوومەتی هەرێم نائۆمێد بکەن . کە ئەوەیان کردووە ئیستا کاتیەتی  بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆیان بە دانی ئیمتیازی پۆست و مادیات کۆمەڵێک چەکداری ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی خۆیان لە کوردستان دروست بکەن کە لە داهاتوو دا دەبنە ماکەی شەڕ ی براکوژی لە کوردستان. لەبیرمانە کە ئێران لەهەمبەر هێزی پێشمەرگەی دێمۆکرات و کۆمەڵە دا هات “پیشمرگان مسلمان کرد” یان پێک هینا کە لە کۆتایی دا بوون بە جاش و خیانەتیان بە نەتەوەکەیان کرد.

ئاکامی کۆتایی

ئێران لە دەرفەتی کێشەی ئیسرائیل و عەرەبەکان دا توانی حیزبولای لوبنان، حەماس و جیهاد پێک بێنێ کە هەرکامەی ئەرتەشێکی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەمر لە ئێران وەردەگرنەوە. لە لوبنان ئەوەی خاوەن دەسەڵات و چەک و جبەخانەیە ، چەکدارەکانی حیزبولان کە دەئەسڵ دا سوپای پاسدارانی لوبنانە و لە بەرپا بوونی شۆڕشی سووریە کەلکی وەرگرت و هێزێکی جیاواز لە ئەرتەشی سووریە و هاوشیوەی سوپای پاسداران بۆ نیزامی ئەو وڵاتە پێکهێنا و ئەرتەشی وڵات کەم ڕەنگ کرایەوە و ئەوانیش ئێستاکە سوپای پاسدارانی سووریەن.

لە عێڕاق بە هێرشەکانی داعش ئێران دەرگای چاوەڕوانیەکانی دەیان ساڵەی کرایەوە و ئەوەتە سوپای پاسدارانی عێراق پێک دێنێ وئەرتەشی عێڕاق هەر ناوی دەمێنێ. ئەوە عەمەڵەن ئەرتەش لە عێراق بە تەبلیغاتی ناڕاستەوخۆی خودی دەوڵەت بێ بایەغ و سووک دەکرێ. ڕۆژانە دەڵێن: ئەرتەشی عێراق بی توانایە، بێ باوەڕە، بەربەرەکانیی لەگەل داعش پێ ناکرێ. هەمووی بۆ ئەوەیە کە زەمینەی پێهینانی سوپای پاسدارانی عێراق ئامادە بکرێ لە بواری فیکریەوە.

لە کوردستانی عێراق ئەوەتە خەریکە لەوەی کە هیندێک هاوکاریی لەگەل کوردەکان کردووە، کەلک وەردەگرێ ولەوێش هێزێکی خۆی پێک دێنێ کە لەداهاتوو دا دەبنە سوپای پاسدارانی کوردستانی عێراق. دیارە پێشتریش ئێران تاقمێکی هەبووە بە ناوی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان کە خاوەن میلیشیا بووە.

لەکاتێک دا القاعدە کەم ڕەنگ بۆتەوە دونیا سرنجی خستۆتەوە سەر داعش، لە یەمەن ئێران حوسییەکانی قیت کردەوە و ئیستا لەوێش خەریکە میلیشیا حوسی یەکانی سەربە ئێران جێی ئەرتەشی یەمەن دەگرنەوە.

لێرە دا ئەو ەماوە بڵێم کە ، ئەگەر سەرکردایەتیی کورد و حکوومەتی هەرێم جیدیەت و دیقەت بەکار نەبەن، لەوێش ئێران و هاوکارەخۆماڵی و عێراقیەکانی کێشەیەک دەدەنە دەست کورد. بۆیە پێموایە پێکهاتنی وەها هێزیک لە کوردستان کارەسات خولقێنە بۆ داهاتوو.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی