"an independent online kurdish website

کورد لەوەدا یەکدەنگە کە دەبێ شەڕی داعش بکات. لەوپەڕی چەپەوە تاوەکو ئەوپەڕی راست ملەقوتەیەتی بۆئەوەی بیسەلمێنێت لەوانی دیکە شێلگیرانەترhemn-abdula

شەڕی داعش دەکات، بەڵام لەوەدا کە چۆن و بە پشتیوانیی کێ شەڕەکە بکات، بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەش بووە. وەکچۆن لە زۆر شتدا دوو ئیدارەیی بە ئاسانی لە باشووری کوردستان هەستی پێدەکرێت، ئاواش پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا لە دوو بەرەی جیاوازدایە.

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا سەردانی دوو بەرەی شەڕی دژی داعشم کردووە. بەرەی یەکەمیان لە باشووری کەرکووک بوو. لەوێ پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ میلیشیا شیعەکان شەڕدەکات. لەنێو میلیشیا شیعەکاندا ئۆتۆمبێلی ئێرانی، بە وێنەی ئایەتوڵڵا خامنەئیم بینی. پاسدارێک بە کوردییەکی رەوان داوای لێبووردنی لێکردم، چونکە ئۆتۆمبێلەکەی رێگەی لە دەرچوونی ئۆتۆمبێلی من گرتبوو. بە شۆخییەوە بە فەرماندەی میلیشیاکانم گوت: “ئەی کوان ئەمریکییەکان؟ ئەوان لێرە نین؟” قا قا، پێکەنی و گوتی: “ئەوان نایەنە ئێرە”. ئەو ناوچەیە بە پشتیوانیی سوپای قودس لەدەست داعش دەرهێنراوە و قاسم سولەیمانی بۆخۆی لەوێ بووە.

بەرەی دووەم کە بینیم بەرەی زوممار بوو. لەوێ پێشمەرگەی کوردستانی لێیە. فڕۆکەی ئەمریکی و بەریتانیش پشتیوانی پێشمەرگەن. لەو شەڕانەدا ئاسەواری خاپوورکاری و بۆمبارانە ئاسمانییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ئاسانی بە ناوچەکەوە دیارە. لەو ناوچەیەدا تاکە پاسدارێکیش نابینیت، بەڵام ئەگەر ئەفسەرێکی بەریتانی یان ئەمریکی ببینیت کە بۆ هەماهەنگی و چاوساخی سەردانی ناوچەکەی کردبێت، زۆر لەلات ئاسایی بێت.

داعش ماڵوێرانییەکی گەورەی بۆ کورد هێنا. گەورەترین ماڵوێرانی ئەو کارەساتە بوو کە بەسەر شنگالییەکانی هێنا. لەو ماوەیەدا کە لە دهۆک و زوممار بووم، هەستمکرد هێشتا زۆرمان ماوە تا بەتەواوەتی هەست بە ئازاری کارەساتی شنگال بکەین. برینەکە هێندە قووڵە کە نە قوربانییان و نە میدیاکارانیش نەیانتوانیوە وێنە راستەقینەکەی بەرجەستە بکەن. لەوەش پڕئێشتر کاریگەرییەکانی دوای کارەساتەکەیە لەسەر شنگالییەکان و کوردستان بەگشتی. ئێمە چیرۆکێکی سادە راماندەچڵەکێنێت، لەکاتێکدا چیرۆکی لەوان کاریگەرتر هێشتا نەگێڕدراونەتەوە. پیاوێک پێیدەگوتم: “بیهێنە پێشچاوی خۆت، هەموو شەوێک لە خەو هەستیت و بیرت بێتەوە کچ و ژنەکەت لەدەست چەکدارانی داعشدان. یەکسەر بیرت بۆ چی دەچێت؟ یەکەم پرسیار کە لەخۆتی دەکەیت چییە؟” نەمدەزانی چۆن وەڵامی بدەمەوە. 

سەرەڕای ئەو ماڵوێرانییەش، وەکچۆن کارەساتی هەڵەبجە یەکینەخستین، ئاواش کارەساتی شنگال یەکمانناخات. ئیدیعا دەکەین کە یەکین، یەک وەزیری پێشمەرگەمان هەیە، یەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستانمان هەیە، بەڵام ئەوەی بەکردەوە دەیبینین وانییە. باشتروایە راستییەکە بڵێین. ئەویش ئەوەیە کە هەوڵدەدەین یەک بین، هەوڵدەدەین یەک وەزیری پێشمەرگە بەڕاستی وەزیر بێت، قبوڵی دەکەین کە یەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان ئاگای لە ورد و درشتی ئۆپەراسیۆن و هاوپەیمانێتییە سەربازییەکانمانە لە شەڕی دژی داعشدا.

پێشمەرگەی کوردستان لەو شەڕەیدا لەدژی داعش لە زولفەقار دەچێت. ئیمامی عەلی شمشێرێکی هەبوو کە دەڵێن حەشری بە کافران دەکرد. شمشێرەکە یەک تەنی هەبوو و لەدژی یەک دوژمن دەوەشێندرا، بەڵام دوو سەر و نووکی هەبوون. دروست وەکو سەر و نووکە ئێرانی و ئەمریکییەکەی لای خۆمان! 

سەرچاوە: روداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی