"an independent online kurdish website

ڕون و ئاشکرایە کە سەرۆک باراک ئۆباما سورە لەسەر گەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دا، بەبێ گوێدانە ناوەڕۆک و دەرئەنجامەکانی.iran_amroka12

تەنانەت کە وتاری وێبسایتێکی ئێرانیش پشتگوێ بخەین کە ڕایگەیاندووە ئیدارەی ئەمەریکا ئامادەیە تاکو ڕێگا بە ئێران بدات ٦٠٠٠ خۆشکەری ناوەکی بەکاربهێنێت. ئەوەی ڕونە ئەوەیە کە سەرۆک ئۆباما ئامادەیە بۆ هەوڵێک تاکو قبوڵی بکات کە ڕێگا بە ئێران دەدات ڕێژەیەک لە سیستەمی پیتاندنی (ناوەکی) بەدەستبخاتەوە. لەمەشدا، ئۆباما ئەوە بە سەرۆک ڕۆحانی دەبەخشێت کە زۆر پێویستی پێیەتی: سوکبونی سزاکان کە ئابوری ئێرانیان لە گەشە وەستاندووە.

پەلەی سەرۆک ئۆباما لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک پێش ٢٤ نۆڤێمبەر، کە دوواساتە داندراوە ڕێککەوتنی تێدابکرێت دەربارەی بەرنامەی ناوەکی ئێران، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو سەرزەنشتکردنەی دەنگدەرانی ئەمەریکیەوە هەیە لە دووا دەنگداندا دژی دیمەکراتەکان. ئۆباما دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دا پێش ئەوەی کۆنگرێس بە سەرۆکایەتی کۆماریەکان دەستبەکاربێت. کۆنگرێسی ئێستا ناتوانێت هەنگاو بنێت دژی ئەم ڕێککەوتننامەیە یا هەڵیبوەشێنێتەوە. سەرەڕای دووبەرەکییان لەگەڵ کۆشکی سپی دا، سینەتی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی دیموکراتەکان لەوانەیە ئامادە نەبن بۆ ئەو ڕێککەوتنە و ئۆباما ڕوگیر بکەن لە نەبەستنی ڕێککەوتننامەکە دا، ئەمەش پیشانی دەدات حیزبەکەی چەند ناڕێکی تێدایە.

بەڵام ئەگەر ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ ئێران دا بکرێت، دەرئەنجامەکەی شەڕیکی ترە بۆ ئەمەریکا لە ڕژهەڵاتی ناوەڕاست. ئیسرائیل چەندین ساڵە لەژێر هەڕەشەدایە و ئامادەکاری کردووە هێرشی ئەکلایەنە بکاتە سەر ئێران ئەگەر ئەو وڵاتە بەرنامە ناوەکیەکانی ڕانەگرێت. بەهۆی ئەو بێمتمانەییەی لەنێوان سەرۆک ئۆباما و سەرۆک وەزیران بنیامین نەتەنیاهۆدا هەیە، و ئەگەر بێتو کۆنگرێس بەجددی هەوڵی وەستاندنی ئەو ڕێککەوتننامەیە نەدات، ئیسرائیل لەوانەیە هێرشێک بۆسەر ئامانجەکانی ئێران ئەنجام بدات.  لە وەڵامدا، ئێران تەنها هەوڵی تۆڵەکردنەوە نادات دژی ئیسرائیل، بەڵکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بەرپرسیار دەزانێت، ئەگەرچی واشنتۆن ڕەتیشیبکاتەوە. ئەگەر دوواتر ئێران هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا یا هاوڵاتیانی سیڤیلی ئەمەریکی لە هەر شوێنێکی دوونیادا، ئیدارەی ئەمەریکا ناتوانێت هیچ بکات جگە لە بەرپەرچدانەوە. سەرۆک کۆمار ئەوکاتە خۆی لەو ئەگەرەدا دەدۆزێتەوە کە هەوڵەکانی بۆ پڕۆسەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دا ویستان ڕێیلێبگرن: شەڕێکی گەورە کە پێویستییەکانی لە کەلوپەل و هێزی مرۆییی دا دەگاتە لوتکە.

ئەمە بۆچونی زۆرینەی کۆمارییەکانی کۆنگرێسە کە لەوانەیە هۆکارێک بدات بە نەتەنیاهۆ تاکو هێرشی سەربازی ئەنجام نەدات. تەنانەت ئەگەر ئۆباما بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دا و پەرچەکرداری کۆنگرێس پشتگوێ بخات، کۆنگرێسی تازەی ژمارە ١١٤ بە دڵنیایییەوە  یاسا دەردەکات و هەرچی سزای سەر ئێرانە دەیگێڕێتەوە کە سەرۆک کۆمار هەڵیپەساردبون تاکو پشتگیری ئێران بەدەستبهێنێت بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن دەربارەی داهاتووی بەرنامە ناوەکیەکەی. هەروەها، کۆنگرێس لەوانەیە هەمو ناڕونیەک دەستنیشان بکات و هیچ کەلێنێک نەهێڵێت کە ئۆباما بەکاریهێناوە بۆ سوککردنی سزاکانی سەر ئێران. لەکۆتاییدا، ئەگەر سەرۆک هەر بڕیارێک بۆ سزای نوێ ڕەتبکاتەوە، کۆنگرێس بەسەریدا سەردەکەوێت، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە دیموکراتەکان دژی ڕێککەوتنن. دوواتر سەرکردایەتیەکی کەمینە توانای نابێت پشتگیری زۆرینە بباتەوە بۆ سەرۆک لەکاتێکدا تەنانەت ژمارەیەک لە دیموکراتەکان خواستیانە بێلان بمێننەوە لەو بابەتەدا.

ئەگەری هەڵوەستەکردنی کۆنگرێس بە گەڕانەوەی سزاکان یا دەرکردنی سزای نوێ پێویستە زیاتری لەتوانادا بیت نەک تەنها وەستاندنی نەتەنیاهۆ. ئەمە پێویستە ببێتە هۆی ئەوەی ئۆباما دووبارە بە ستراتیجی ئەمەریکی لەگەڵ ئێران دا بچێتەوە. دوایین شت کە لێرەدا ئۆباما پێویستی پێیەتی بریتییە لە زاڵبون بەسەر ڤیتۆی زۆرینەی ناو کۆنگرێس. ئەمەش تەنها هەوڵەکانی ئۆباما ئاڵۆز ناکات بۆ باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆنگرێسدا کە لەساڵی داهاتوودا دەیدات، بەڵکو ڕوی لاوازی سەرۆکایەتی کۆماری ئەو وڵاتە دەردەخات، کە دوژمنەکانی ئەمەریکا دەیانەوێت سودی لێببینن کە لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا کردویانە. ئەمە تێڕوانینێکە کە هیچ ئەمەریکیەک، کۆماری یا دیموکرات، خۆشی لێنابینێت.

وەرگێڕانی: دارا علی

سەرچاوە: Foreign Policy

وەرگیراو لە خەندان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی