"an independent online kurdish website

کەریم پەروێزی: ماوەیەک بوو کە لەناو حزبەکانی کوردستانی ئێراندا باسی پێکھاتنی بەرەیەکی ھاوبەش ھەبوو، کە سەری نەگرت و ھەندێک کاریگەری خراپیشی ھەبوو کە بووە ھۆی دوورکەوتنەوە و دابڕانی ئەو حزبانە، بەڵام دوای ئەو قۆناغە ئێستا ئەو حزبانە دووبارە وردە وردە پێکەوە نزیکتر دەبنەوە، ھەنگاوەکانی لەبەردەمدا دەبێت ببڕێندرێن تاکو کەشێکی لەبارتر پێکبێت.kerim_perwizi12

زۆربەی کات ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی  و باشووری کوردستان دەڵێن حزبەکانی رۆژھەڵات لەناوخۆیاندا پێکەوە تەبانین و لە چەند باڵێک پێکھاتوون, چۆن دەتوانن کار بۆ دۆزی کورد بکەن کە نەتوانن کار بۆخۆیان بکەن, بۆ قسەکردن لەسەر ڕەوشی سیاسی لە رۆژھەڵاتی کوردستان و پەیوەندی حزبەکانی رۆژھەڵات لەگەلا یەکتری و شیکردنەوەی چەندین تەوەر و پرسی تر. چرکە دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ بەڕێز (کەریم پەروێزی) ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەنجامدا،

دیمانە_ گۆران شاخەوان

 

 چرکە: لە ئێستادا بەڕێزتان چۆن دەڕواننە بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان؟ 

کەریم پەروێزی: بە لێکدانەوە و بینینی زۆربەی شتە ڕوون و ئاشکراکان لە سیاسەتی نێونەتەوەیی و ناوچەیی و ناوخۆیی لە بوارە پەیوەندیدارەکان بە ھەرێمی کوردستانەوە، دەتوانین بڵێین کە دەرفەت و دەرەتانی باش و لەبار ڕووی لە ھەرێم کردووە، ھەر لەو کاتەدا مەترسی و ھەڕەشەی جددی  و پڕ لە دڵەڕاوکێ، بەرۆکی ھەرێمیان گرتووە.

لەوەھا دۆخ و ھەلومەرجێکدا، ھەر وڵاتێک کە شتی وای بەرەو ڕوو ببێتەوە، پێویستی بە رێبەرایەتیی سەردەم شەڕ و سەرکردایەتییەکی بە ئەزموون و پڕورە, ھەروەھا چاوکراوە و چاونەترس ھەیە و لە بواری دیکە و لە رەھەندێکی دیکەدا، پێویستی بەوە ھەیە کە گەلیش لێبڕاو و ئامادە بۆ دانی قوربانی و ھەنگاوی گەورە ھەڵگرتنەوە بێ و نە تەنیا ئەوە، بەڵکو دەبێ لەخۆبردوو و خۆڕاگر بێت، چونکە ھەڕەشەکان گەورەن و بە قوربانیدان و خۆڕاگری نەبێت، بە سەرکەوتووییەوە تێناپەڕێندرێن.

 

چرکە: خوێندنەوەتان بۆ ڕەوشی سیاسی لە عێراق چییە و تا چەندە بە حکومەتی نوێی عەبادی دڵخۆشن؟ 

کەریم پەروێزی: پێم وابێ، ئەوەی لە سیاسەت و مێژوو بچووکترین زانیارییەکی ھەبێت، ھیچ دڵخۆشییەکی بەرامبەر بە حکومەتی عەبادی و ھیچ حکومەتێک کە لە بەغدا بێتە سەر کار نابێت.

بۆیە دەڵێم ھیچ حکومەتێک، چونکە لە عێراقی بەزۆر پێکەوە لکێندراودا، نەتەوەی عەرەب بە دوو ئایینزای جیاوازەوە کە شیعە و سوننە بن، زۆرینەی ئەم کۆمەڵگەیە پێک دەھێنن و بەپێی ئەزموونی مێژوویشیان، ڕەنگە لەباری ئایینزاوە لێک جیاواز بن، بەڵام لەباری جەوھەری بیری سیاسی و ئایدیۆلۆژیکەوە جیاوازی جەوھەرییان نییە و لە ھەردوویاندا بیری پەڕگیری سڕینەوە و سەرکوتکەر و پاوانخواز ھەژموونی زۆرینەی ھەیە و ڕەوتە دیموکرات و سێکۆلارەکان تێیاندا ناڵێم نین، بەڵکو لاوازن.

بۆیە دەبینی کە چ حکومەتی زۆرینە عەرەبی شیعە پێک ھاتبێت، یان زۆرینە سوننە، لە سەرەتاوە کە لاواز بوون، بۆ قایمکردنی جێ پێیان قسە و دروشمی شیرین و تامداریان داوە و دوایی ھەموویان فەرامۆش کردووە و بە نیسبەت کوردەوە سەرکوتکەر بوون.

بۆ وێنە ھێشتا بەشێکی زۆری عێراق بە دەستی داعشەوەیە، بەڵام تازە سەرکەوتنیان لە ئامرلی بەدەست ھێنابوو، سەرۆکی ڕەوتی بەدر دەڵێ پێشمەرگە دەبێ! لە کەرکووک بکشێتەوە! جا ئەگەر ھەموو دەسەڵاتەکەیان قورس و قایم بکەنەوە چ دەکەن؟

جیا لە بیری پاوانخوازی و سەرکوتکەر، گرفتێکی ئەساسیی دیکەی حکومەتی عێراقی لەمڕۆدا، ئەوەیە کە دەستنیشانکراوی رژێمی ئیسلامی لە تارانە، ئەو رژێمەش ھەرگیز ئارامی و ئاشتیی بۆ عێراق ناوێت و  ھەتا سەر دوژمنی کورد و دەسەڵاتی کوردی پێشکەوتوو و بەھێزە، بۆیە ھیچ حکومەتێکی لەم شێوەیە جێگەی دڵخۆشی نییە.

 

چرکە: ئایا پێتانوایە حکومەتی عەبادی کار بۆ مافەکانی کورد دەکات؟ 

کەریم پەروێزی: پێموایە حکومەتی عەبادی لە ژێر گوشاری  دەرەکی و لە ژێر گوشاری نائارامی و ناسەقامگیری ناوخۆیی عێراقدا ھەندێک ھەنگاو ھەڵدەگرێت بۆ ئەوەی کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان لانیکەم بە شێوەیەکی کاتی کەمتر بکاتەوە. بەڵام ئەوە تەنیا بۆ کەمترکردنەوەی کێشەکانی خۆی و تێپەڕاندنی قەیرانەکانیەتی، نەک لە باوەڕ بە جێبەجێبوونی داواکاری گەلانی عێراق و دابینکردنی مافی کوردەوە.

سیاسەت کردنیش لەسەر ئەوە ئەساس ناکرێت کە ئایا فڵان دەسەڵات و حکومەت باوەڕی بە مافەکانم ھەیە یان نا و کار بۆ ئەو مافانەم دەکات یان نا. بەڵکو سیاسەت لەسەر ئەساسی ئەوە دەکرێت کە چەندە ھێزم ھەیە بۆ گەیشتن بە داواکاری و مافەکانم و لە ھەر قۆناغێکدا دەتوانم چ تاکتیک و کردارێک بگرمە پێش تاکو دەستکەوتی زیاترم ھەبێت و بە مافەکانمەوە نزیکتر ببمەوە. ھەندێک جاریش سیاسەت بریتییە لەوەی کە کارێک بکەم تاکو گەلەکەم زەرەر و زیانەکانی بەرەو رووی دەبنەوە کەمتر ئازاری بدەن.

چرکە: رەوشی سیاسی رۆژھەڵاتی کوردستان لە چ ئاستێکدایە ؟ 

کەریم پەروێزی: لە کوردستانی رۆژھەڵاتدا رژێمی ئیسلامیی تاران، بەتەواوی کەشی ستەمکارانەی سەرکوتکەری داسەپاندووە و ھەموو کون و قوژبنێکی سیاسیی لە خەڵک ھەڵچنیوە. دەرەتانی ھیچ جۆرە چالاکی و ھەڵسووڕانێک نادات تاکو خەڵک باس لە کەمترین ئازارەکانیان بکەن. تەنانەت ئەگەر چەند لاوێک بە دەوری یەک کۆ دەبنەوە دەیانەوێت دارستان و شاخەکانی کوردستان کە لە گەرمای ھاویندا گڕیان تێبەردەدرێت، ئەو ئاگرانە بکوژێننەوە، دەزگای ئیتلاعاتیی رژێم دەستبەسەریان دەکات و لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دەدرێن.

ھەندێک ڕەوتی سیاسیی وا ھەبوون کە دەیانگوت بە ھاتنە سەر کاری حەسەن رووحانی، کەش و ھەوای سیاسی لە کوردستانی رۆژھەڵات ھەندێک دەکرێتەوە و ئەو کات ئێمە وەکو حزبی دیموکرات گوتمان کە شتی وا لەم رژێمە ناوەشێتەوە، ئێستا ئیتر بە ڕوونی و بە کردەیی نیشان دراوە کە نەک فەزا نەکراوەتەوە, بەڵکو داخراوتر بووە و ڕەوتی لە سێداردەدان و ئەشکەنجە و کوشتن زۆرتر و توندتر بووەتەوە.

چرکە: ئایا ئێوە تا چەندە کارەکانتان لە رۆژھەڵاتی کوردستان ئەنجام دەدەن؟

کەریم پەروێزی: ئێمە وەک حزبێکی سیاسی، لە چەند بواردا تێکۆشانمان ھەیە، کە یەکێک لەو بوارانە، کاری رێکخستنی ئەندام و لایەنگرانی حزب و پەرەدان بەو رێکخستنە و رۆچوونی زیاتر لەناو قوڵایی کۆمەڵگەدایە و لەو بوارەشدا کار و چالاکی و تێکۆشانمان ھەبووە و رژێمی دەسەڵاتداریش زۆر بێڕەحمانە بەرامبەر بە ھەر کەسێک کە تۆسقاڵێک ڕەنگ و بۆی دیموکراتی لێوە بێ دەجووڵێتەوە تەنانەت ئەندامی ئێمە لە ساڵی پاردا لە کاتی بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغاتیدا دەستڕێژیان لێکرد و شەھیدیان کرد.

جیا لەمانەش بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ساڵیادەکانی تیرۆرکردنی د.قاسملۆ، لە شارەکانی کوردستان چالاکیی مەدەنیی داخستنی دوکان و بازاڕ و مانگرتنی گشتیمان بەڕێوە بردووە، کە لەو چالاکییانەشدا بە ھەزاران کاسب لە کوردستان مانیان دەگرت و رژێمیش بە ئازار و ئەزیەت دوکانی پێدەکردنەوە و تەنانەت دوکانی ھەندێکیان دەشکاند و سزای قورسی دەدان و کەسانێکیشی دەستبەسەر دەکرد.

 چرکە: ئایا بە بۆچوونی ئێوە ئەو خۆپیشاندانانەی لە وڵاتانی عەرەبی دەستیپێکرد بووە ھۆی رووخانی چەند رژێمێک، پێتانوایە لەم نزیکانەش لە ئێران سەرھەڵبدات؟

کەریم پەروێزی: سیاسەت و پێکھاتەی کۆمەڵگە لە ئێراندا جیاوازە لەگەڵ وڵاتانی وەکو میسر و لیبیا و بەگشتی ھەموو وڵاتانی عەرەبی. جۆری ئەو رژێمەش کە لە ئێراندا دەسەڵاتی قۆرخکردووە، زۆر جیاوازە لە ھەموو ئەو رژێمانە و لە درۆکردن و چەند ڕوویی و دەمامکداری, ھەروەھا سەرکوت و بێڕەحمیدا لە ھەموو ناوچەدا بێوێنەیە.

بەڵام لەھەمانکاتدا لەبەر چەند نەتەوەیی بوونی ئێران، ئەم رژێمە ھەرگیز نەیتوانیوە ئایدیۆلوژییە سەرکوتکارانەکەی بەتەواوی داسەپێنێت و تەنیا بە ھێزی چەک و دەزگای داپلۆسێنەری ئیتلاعاتی ماوەتەوە کە ئەو ھێزە سەرکوتکەرەشی بە پارەی نەوت بەخێویان دەکات و ئیمتیازیان دەداتێ، دەنا باوەڕیان پێی نییە و ھەر ئەوەندە پارەی تێرکردنیانی نەبێت لێی ھەڵ دەگەڕێنەوە.

لە لایەکی دیکەوە خەباتی دیموکراسیخوازانە لە ئێراندا زیاتر لە سەدەیەک ئەزموونی ھەیە و چەندی قۆناغی بڕیوە و کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەک نییە کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بێدەنگ بێت. ھەر ئەم کۆمەڵگەیە لە یەک سەدەدا دوو جار شۆڕشی کردووە و رژێمی گۆڕیوە.

ھەر چەند ساڵ جارێکیش قەیرانەکانی ناو کۆمەڵگە کەڵەکەیان کردووە و لە دەرەتانێکدا بە رووی رژێمدا تەقیونەتەوە و پێگەی رژێمیان لاوازتر کردووە، بۆیە ھەر ئان و ساتێک ئەگەری سەرھەڵدانی خەڵکی لە ئێراندا ھەیە.

بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێ کە رژێمی ئیسلامی، لە لایەن ھەندێک وڵاتی زلھێزی وەکو رووسیاوە پاڵپشتی دەکرێت و ھەموو جۆرە ئەزموونێکی سەرکوتکاری دەخەنە بەردەستی.

 چرکە: ئایا ئێوە تا چەندە لەگەڵ حزبەکانی رۆژھەڵات تەبان؟

کەریم پەروێزی: ئێمە وەکو حزبی دیموکرات کێشەیەکی تایبەتیمان لەگەڵ حزبەکانی دیکە نییە و پێوەندی دۆستانەمان لەگەڵ زۆربەی ئەو حزبانە ھەیە.

لەگەڵ ئەو ھاوڕێیانەشمان کە چەند ساڵ پێش لە حزب جیابوونەوە، لە ھەوڵ و دیالۆگدا ھەین تاکو دووبارە پێکەوە لەناو ریزی حزبی دیموکراتدا کار و تێکۆشان بکەین.

چرکە: خەڵکی رۆژھەڵات و باشوور دەڵێن حزبەکانی رۆژھەڵات پێکەوە تەبانین و چەند باڵێکن چۆن دەتوانن کار بۆ دۆزی کورد بکەن کە نەتوانن کار بۆخۆیان بکەن؟

کەریم پەروێزی: ماوەیەک بوو کە لەناو حزبەکانی کوردستانی ئێراندا باسی پێکھاتنی بەرەیەکی ھاوبەش ھەبوو، کە سەری نەگرت و ھەندێک کاریگەری خراپیشی ھەبوو کە بووە ھۆی دوورکەوتنەوە و دابڕانی ئەو حزبانە، بەڵام دوای ئەو قۆناغە ئێستا ئەو حزبانە دووبارە وردە وردە پێکەوە نزیکتر دەبنەوە، ھەنگاوەکانی لەبەردەمدا دەبێت ببڕێندرێن تاکو کەشێکی لەبارتر پێکبێت.

بەدڵنیاییەوە ناتەبایی و کێشەی نێوان حزبەکان کاریگەری خراپی لەسەر ورە و بیروڕای خەڵکی دەبێت، بەپێچەوانەشەوە تەبایی و دۆستایەتی و ھاوکاریی ناو حزبەکان و یەک ھەڵوێستبوونیان، ریزەکانی خەڵکی کوردستان یەک دەخات.

چرکە: ئایا حزبە کوردییەکانی رۆژھەڵات چییان کردووە، یاخود بۆ کەمکردنەوەی کێشە و ئاریشەی کوردانی رۆژھەڵات ڕۆڵیان چیبووە ؟  

کەریم پەروێزی: حزبەکانی کوردستانی رۆژھەڵات لە دەسەڵاتدا نین تاکو بتوانن کێشە و ئاریشەکانی کوردانی رۆژھەڵات کەم بکەنەوە، چونکە کەمکردنەوەی ڕەنج و کێشەی خەڵک بە دروشمی سیاسی و بە قسە ناکرێت, بەڵکو بە دەسەڵات و ئیمکانیات و ئامرازە پێوەندیدارەکانەوە دەکرێت، کە ئێستا ھەموو ئەم ئیمکانیاتە لە دەستی رژێمی ئیسلامیدا قۆرخ کراون.

چرکە: دەگوترێت ھەندێک لە حزبە کوردییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ئێرانچیەتی دەکەن، ھەمیشە لەبەردەم دۆزی کورد بوونەتە بەربەست لەم وڵاتە و نایانەوێت کورد لە ئێران جیابێتەوە، ئێوە چی دەڵێن؟ 

کەریم پەروێزی: ئەوەی کە حزبێک ھەبێت ئێرانچیەتی بکات، یان بەو مانایە کە بەرژەوەندیی ئێران بخاتە پێش بەرژەوەندیی کوردستان, ھەروەھا ئەگەر دەرەتانی ئەوە ھەبێت کە کوردستانی رۆژھەڵات دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت و ئەوان دژی ئەوە بن، شتی وا نییە و لە ھیچ حزبێکی راستەقینەی کوردستانی رۆژھەڵاتدا ئەوە نابیندرێت.

بەڵام ھەر حزبێک بۆخۆی لێکدانەوەی سیاسیی خۆی ھەیە و پێیوایە لە دەرەتان و دەرفەتەکاندا تاکتیک و ستراتیژیی لەو چەشنە بگیرێتە پێش کە ئەو حزبە دەیڵێت، قازانج بە دۆزی کورد دەگەیەنێت. بۆیە ناکرێت ھەڵوێستی ھیچ کام لەو حزبانە بخرێتە خانەی کۆسپ و بەربەست لەبەردەم دۆزی کورددا. بەڵکو دەکرێت بە خوێندنەوەی جیاواز بۆ قۆناغ و دەرەتان و مەترسی و ئیمکانەکان ناوی ببەیت.

چرکە: بە بۆچوونی ئێوە گەلی کورد لە خەونی بە دەوڵەتبوون نزیک بووەتەوە یان دوور کەوتووەتەوە؟

کەریم پەروێزی: لە کوردستانی باشووردا بەپێی ھەندێک پێوەرەکانی بە دەوڵەت بوون، ئیمکانەکان و ئامرازەکان زۆرتر و لەبارترن بۆ بەرەو بە دەوڵەتی سەربەخۆبوونی کوردستان، بەڵام ھاوکات گرفتی گەورەی وەکو پیلانی ناوچەیی بەتایبەت دوژمنایەتی و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ھەروەھا گرفتی ناوخۆیی لەباری نایەکھەڵوێستیی حزبەکانەوە و نیگەرانیی باش ئامادە نەبوونی ئیدارەدان و رێکخستنی تواناکان بۆ بەرەو دەوڵەت ڕۆیشتن، ھەندێک لە خەونی بەدەوڵەت بوونی کورد ئاڵۆز دەکەن.

بۆیە لە ئێستادا زەحمەتە بڕیار لەسەر ئەوە بدەیت کە ئایا لە بینینی دەوڵەتی کورد نزیکتر بووینەتەوە، یان دوور کەوتووینەتەوە. بەڵام یەک شت ڕوونە ئەویش ئەوەیە کە قۆناغێکی مێژوویی زۆر ھەستیار بەرەو ڕووی ھەرێمی کوردستانی باشوور بووەتەوە و ھەر جۆر رێبەریکردن و بڕیارێکی سەرکردایەتیی کورد لەمڕۆدا، کاریگەریی لەسەر دواڕۆژی کوردستانەوە ھەیە و سبەی رۆژ مێژوو دادوەریی خۆی دەکات.

 چرکە: لە شەڕی داعش کۆمەڵێک گەنج و لاوی رۆژھەڵات ھاتنە بەرەکانی جەنگ، ئایا لە ئێستادا رێگەیان دەدرێت بگەڕێنەوە رۆژھەڵات؟

کەریم پەروێزی: لە شەڕی دژ بە چەتەکانی داعشدا ئێمە وەک حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بەپێی داواکاریی حکومەتی ھەرێم ھێزی پێشمەرگەمان ناردە بەرەکانی شەڕ و ھەر بەپێی داواکاریی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھێزەکانمان کشاندەوە. ئەو ھێزەش رێگەیان نادرێت بڕۆنە رۆژھەڵات و کۆماری ئیسلامیی تیرۆریست کە بە دیان کادر و پێشمەرگە و ھەروەھا چەند رێبەری حزبی دیموکراتی وەکو د.قاسملۆ و د.سەعیدی تیرۆر کردووە و لە دادگەی وڵاتی ئەڵمانیشدا بڕیاری تیرۆریست بوونی رێبەرانی رژێمی ئیسلامیی تاران دراوە، بەو ھێزەی حزبی دیموکرات کە دژی داعشیش شەڕی کرد، دەڵێت تیرۆریست! ئەمە تەنیا دەتوانێت گاڵتەجاڕی مێژوویی بێ و ھیچی دیکە.

سەرچاوە: ماڵپەری چرکە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی