دەسبەسەركرانە بەربڵاوەكان دوابەدوای خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی خەڵك لە شارەكانی كوردستانی ئێران كە بۆ پشتیوانی خۆڕاگری قارەمانانەی خەڵكی كۆبانێ لە دژی گرووپی تیرۆریستی داعش ئەنجام درا، جارێكی دیكە لاگیری كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچە و جیهان بە جوانی نیشان دا.
ئەنجامدانی ڕێپێوان بۆ نیشاندانی بێزاری لە كاروكردەوە دژە ئەخلاقی و دژە مرۆییەكانی گرووپی تێرۆریستی داعش، لە لایەن خەڵكی ئازادیخواز لە كوردستانی ئێران، هاوشان و هاوكات لەگەڵ نەتەوەی كورد لە ناوچەكانی دیكەی كوردستان و ئازادیخوازانی هەموو جیهان، بووە هۆی ئەوەیكە ڕێژیمی ئێران جارێكی دیكە لە هەموو شارەكانی كوردستان فەزای پولیسی و فەزاێكی داخراو دروست بكا. بە شێوەیەك كە لە بەرەبەری 1ی نوامبر ڕۆژی هاوپێوەندی لەگەڵ خۆڕاگری كۆبانێ، هەموو شارەكانی كوردستانی ئێران، بە تەپ و تۆزی بەربڵاوی هێزە پاسدار و بەسیجییەكان دابپۆشرێ.
كۆماری ئیسلامی هەر لە ڕۆژەكانی سەرەتایی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ئێراندا، بە گرتنە بەری سیاسەتی گرژی و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، بە كردەوە لە بەرامبەر بەرەی دێموكراسیخوازی و پێشكەوتوو ڕاوەستا. لەوەیكە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی كوردستان، بە بەها ئەخلاقی، مرۆیی، مرۆڤدۆستانە و مەدەنییەكانی وەك بەرەبەستی سەرەكی لە بەرامبەر ئامانجە فراوانخواز، دواكەتنخوازانە، خەیاڵی و دژەبەهاكانی حاكمانی ئێران ڕاوەستا، كوردستان چووە سەرەوەی پێرستی بەرنامە سەركوتكەرانەكانی ڕێژیم. كۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانانی هاوفكری بە توندكردنی سەركوت، كپكردن، كوشتار، و بزووتنەوەی كوردستان بە پێداگری لە سەر ڕێگەی ئاشتیانە و دادپەروەرانە، بەرابەری، دێموكراسی و لەبەرچاوگرتنی مافی مرۆڤ، هەر كام لە ڕێگایەكی بە تەواوەتی جیا لە یەكتر هەنگاویان هەڵدەگرت. لەو ڕۆژەوە دوو بەرەی ستەم و عەداڵەتخوازی لە بەرامبەر یەكتر ڕاوەستان و ئەم هەڵویست گرتنە تا هەنووكەیش هەروا بەهێز ماوەتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا، هاونیشتمانمان لە كوردستانی ئێران، زۆر جار بە كەڵكوەرگرتن لە گۆڕانكارییەكانی ناوچە و ئەو دەرفەتانەی كە لە بەشەكانی دیكەی كوردستان هاتوونەتە پێش لەگەڵ دەربڕینی پشتیوانی لە هاوزمانەكانیان داواكارییە سیاسی و نەتەوەییەكانی خۆیشیان هێناوەتە بەر باس. ترسی ڕێژیم لە هاتنە بەرباسی ئەم داواكارییانە بووەتە هۆی ئەوەیكە هەر كات نیشانەیەك لە بیچمگرتنی بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی یان جووڵەیەكی خەڵكی لە كوردستان هەست پێكرابێ هێزە سەركوتكەرەكانی كۆماری ئیسلامی بە خێرای كردەوە سەركوتكەرانەكانی خۆیان لە هەموو كوردستان دوو قات دەكەنەوە.
لە بەرەبەری ڕۆژ جیهانیی هاوپێوەندی لەگەڵ خەڵكی كۆبانێ، هێزە سەكوتكەرەكانی كۆماری ئیسلامی تا ئەو جێگەیەی كە توانایان هەبوو هەوڵیان دا بە هەر شێوەیەكی لواو پتانسێلی (وزەی) شۆڕشی كوردستانیان بە قازانجی ئامانجەكانی خۆیان ئەندازیاری بكەن. كاتێك كە لەم كارەدا سەركەوتوو نەبوون، ئەمجارە هەوڵیان دا پێش لە گردبوونەوەی خەڵك بگرن. لەم ڕووەوە هاوكات بە ڕاگەیاندنی بڕیاری ئازادیخوازانی جیهان بۆ پشتیوانی جیهانیی لە كۆبانێ و پێش ئەوەیكە حیزبە سیاسییەكانی كوردی ئێران و لە سەرەوەی ئەوان حیزبی ئێمە، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوی پشتیوانی بەربڵاو لەم كردەوەیە بڵاو بكاتەوە، لە كوردستانی ئێران سەركوتی چالاكانی مەدەنی گەیشتە ترۆپكی خۆی. بەرنامەی ئیعدامی گرووپێك لە مەحكوومكراوە كوردەكان لە گرتووخانەكانی ڕێژیم، بە شێوەیەكی بەتەواوی ئامانجدار و تەنیا چەند ڕۆژ پێش لە 1ی نوامبر لە گرتووخانەی ورمێ ئەنجامدرا و بەشداریی هێزە سەركوتكەرەكان لە شەقامەكان بەشێوەیەكی ئاشكرا زیادی كرد. بەدواداچوون و سزادانی” چالاكانی شوناسخواز”ی كورد لە هەموو ناوچەكانی كوردستانی ئێران توندتر بوویەوە و هێزە سەركوتكەرەكان بە هەموو تواناوە هەوڵیان دا پێش لە هاودڵی و یەكیەتی خەڵكی كوردستانی ئێران لەگەڵ بەشەكانی دیكەی كوردستان بگرن. زیاد لەمە لە شارە فرە نەتەوەییەكانی وەك ورمێ، نەغەدە، خۆی، ماكۆ و سەڵماس بەكرێگیراوانی رێژیم هەوڵیان دا تاكوو بە بەڕێوەبردنی نمایشە بێ بنەماكانی دژی كورد، لە كردەوەدا ببنە بەربەست لە بیچمگرتنی یەكیەتی نەتەوەیی لە دژی جینایتكارانی داعش.
هاوكات هێزەكانی سپا و بەسیج لە بەشێك لە شارەكانی كوردستان بە دانانی دووربینی خولگەداخراو لە كافی نێتەكاندا، هەوڵیاندا كە فەزای گشتی هەرچی زیادتر كونترۆڵ بكەن و بێدەنگی زاڵ بەسەر كۆمەڵگا دوو قات بكەنەوە. لە لایەكی دیكەوە بە دەسپێكی شەپۆلی نوێ لە سەركوتی گشتی و پێشگیری لە كەڵكوەرگرتنی خەڵك لە سەتەلایەت و بەهێزكردنی فیلتێرینگی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان هەوڵیاندا پێش لە ڕێكخستنی ناڕەزاییەتییە خەڵكییەكان لە پشتیوانی لە كۆبانێ بگرن.
كاتێك كە هیچ یەك لەم كردەوە سەركوتكەرانەیە نەیتوانی خەڵكی خەباتگێڕی كوردستانی ئێران لە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەكان لە پشتیوانی لە خۆڕاگری كۆبانێ ڕاوەستتێنێ، ڕێژیم ڕوویكردە كردەویەكی نوێ بەڵام كۆن و هەمیشەیی، ئەویش كەڵكوەرگرتن لە هاوفیكرانی داعش لە كوردستان واتە گرووپە سەلەفییەكان. ڕەوتێك كە هەر لە سەرەتاوە بێ ئاكام هاتە گۆڕەپانی سیاسی كوردستانەوە و هیچكات نەیتوانی پێوەندێكی نزیكی ئەم دوو هێزە ئەهریمەنییە لەگەڵ یەكتر بشارێتەوە.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، سەرهەڵدانی گرووپە سەلەفییەكان لە بەشێك لە ناوچەكانی كوردستانی ئێران یان بە واتایەكی دیكە، دروستكردنی گرووپە سەلەفییەكان لە لایەن خودی دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەكانی ڕێژیمەوە لە شارەكانی كوردستانی ئێران بووە ئامرازێكی نوێ لە دەستی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سەركوتی چالاكانی سیاسی و مەدەنی و دێموكراسیخواز. بە شێوەیەك كە ڕێژیم، بە خەیاڵی خۆی بۆ پێشگیری لە ڕەوتی گەشەی ئۆپۆزیسیۆنی كوردستانی لە كۆمەڵگا، ئەم بە ڕواڵەت ئامرازەی دۆزییەوە تاكوو بە دانی پوانی كاتی و ئاسانكاری بۆ چالاكی ئەم تۆڕە ئایینییە دەمارگرژە سەلەفییە، لە لایەك داواكاری سەرەكی خەڵكی كوردستان تووشی ئاڵۆزی بكات و لە لایەكی دیكەوە ڕووخساری مافویستانەی بزووتنەوەی كوردستان لە جیهان بە لاڕێدا بەرێت.
كۆماری ئیسلامی بە هەڵویستێكی دوولایەنە، ئەم جووڵە دەمارگرژانەی ڕێنوێنی كرد و ئاراستەی كرد و ئەوی خستە كونترۆڵی تەواوی خۆیەوە تا هەركات پێویست بوو ئەوی لە دژی بزووتنەوەی كوردستان بەكار بێنێ. بە شێوەیەك كە تا ئەوجێگایەی كە ئەم گرووپە تەنیا سەرقاڵی ئەندامگیری لە نێو لاوانی كورد بە مەبەستی بەكارهێنانی ئەوان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی كۆماری ئیسلامی دابێ و پشتیوانیانی لێ كرد. بەڵگەكان بە ڕوونی نیشان دەدەن كە ئەو دەستە لە گرووپە سەلەفییەكان كە تەنیا جەختیان لەسەر ڕاكێشان و ناردنی ئەندامە بە ناو موجاهێدەكان بۆ شەڕ لە ئەفغانستان، كوردستان ( بە دڵنیاییەوە لە دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كورد)، یەمەن، سۆماڵی و… بێ، زۆر كەم لەگەڵ هێزە ئەمنیەتییەكان تووشی كێشە دەبن و تەنانەت لە هاوكارییە بەرفراوانەكانی سوپای پاسدارانیش كەڵك وەردەگرن. زۆریەك لەم هێزانە بۆ جیهاد دەنێردرێنە ئەفغانستان یان كوردستانی عێراق و سووریە و هەندێك لە ئەوان هیچ كات ناگەڕێنەوە. بەڵام كاتێك كە ئەم گرووپە بیهەوێ كە پێ لە بەڕەی خۆی زیاتر ڕاكێشێ و لە دژی كۆماری ئیسلامی چالاكی بكا، ئەندامەكانی سەركوت، زیندانی و تەنانەت ئێعدامیش دەكرێن.
لە پێوەندی لەگەڵ گۆڕانكارییە سیاسییەكانی بەشەكانی دیكەی كوردستانیش ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی هەر ئەو سیاسەت پەیڕەو دەكا. بەشداری چالاكانەی بەكرێگیراوانی ڕێژیم لە باشووری كوردستان لە ڕێگەی هێزەكانی شێعەی بەستراوە بە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق، هەوڵدان بۆ دەستێوەردان لە بزووتنەوەی كوردستان لە ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان و چالاكی بەربڵاوی پرۆپاگەندەیی بۆ وانیشاندانی پشتیوانی لە كوردەكانی بەشەكانی دیكە هەر لەمەوە هەڵدەقوڵێ. بەڵام خەڵكی كوردستانی ئێران ساڵانێكە ڕووی ڕاستقینەی كۆماری ئیسلامیان بۆ دەركەوتووە و پەرەدەیان لە سەر لابردووە و هەموو فێل و تەڵەكەكانی كۆماری ئیسلامییان لە سەرەتاوە ئاشكرا كردووە چوونكە خەڵكی كوردستانی ئێران ڕۆژی 28ی گەڵاوێژی 1358 و فتوای جینایتكارانەی خومەینیان كە لەودا بڕیاری سەركوتی هۆڤانەی خەڵكی كوردستانی دابوو لە بیرناكەن. لەو ڕۆژەدا خومەینی، هێزەكانی ئەرتەش، پاسدارەكان و بەكرێگیراوانی هاوڕێ لەگەڵ دوو جین دادوەری دڵڕەق و دواكەوتوو بە سەرپەرەستی ئاخووند خەڵخاڵی بۆ بەڕێوەبردنی حوكمی جیهاد لە دژی خەڵكی كورد ناردە كوردستان. خومەینی جیا لە تۆمەتباركردنی بێ بنەمای ئەوەیكە خەڵكی كوردستان بەكرێگیراوی ڕۆژئاوان، تاوانی سەرەكی ئێمەی ” دژایەتی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی” و ” بایكۆت كردنی ڕیفراندۆم” ڕاگەیاند و هەر بەم هۆیە ویستی بۆ هەمیشە نەتەوەی ئێمە سەركوت بكا. ئەو هەروەها بە نووسینی ڕەستەی” دژبەرانی ئیسلام كە دەیانهەوێ وڵات بەرەو كوفر بەرن، دەبێ ڕیشە كێش بكرێن” بەستێنی جنایەتێكی بەربڵاوی بۆ دوژمنان لە كوردستان هێناگۆڕێ تاكوو ئەوان لە ئێعدام و بومبارانی گوند و شارەكانی كوردستان هیچ دوودڵیكیان نەبێ.
لەو ڕۆژەوە تاكوو ئێستا كاربەدەستانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران وەك بەكرێگیراوی ڕۆژئاوا و دوژمنی سوێندخواردووی خۆیان سەیری نەتەوەی كورد دەكەن. بۆ ئەوان جیاوازییەك لە نێوان كوردی ئێران، یان كوردەكانی بەشەكانی دیكەی كوردستان نەبووە و نییە، بەڵام ئەوان بۆ گەیشتن بە ئامانجە دژە كوردەكانیان هەرجارەو لە فێڵێك كەڵكوەردەگرن. گۆڕانكارییەكانی ئەم دوواییانە، بەتایبەت هەڵوێستگرتنی كۆماری ئیسلامی لە دژی خۆپیشاندانەكانی پشتیوانی لە كۆبانێ، دژایەتی لەگەڵ ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ پشتیوانی لە هاوخەباتەكانیان لە كۆبانێ و دژایەتی توند لەگەڵ پشتیوانی هێزە هاوپەیمانەكان بە تایبەت ئامریكا لە خەباتی ڕەوای كورد بە دروستی ڕوخساری دژەكوردی كۆماری ئیسلامی و ترسی ئەوان لە خەڵكی كوردستانی نیشانی جیهان دا.
نوێترین نموونەی ترسی ئێران لە خەباتی خەڵكی كوردستانی ئێران و حیزبە سیاسییەكان لەم بەشە لە خاكی كوردستان سەركوتی خەڵك، بەتایبەت شارەكانی كرماشان، سنە، بۆكان و ورمێ بوو كە دوای كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەكانی كوردی ئیزەدیی لە كێوەكانی شەنگاڵ و كوردەكانی سووریە و دوابەدوای دووایین خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە كۆبانێ ئەنجام درا. بەرپرچدانەوەی نامرۆڤانەی هێزەكانی سپا و بەسیج لە بەرامبەر جووڵە ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی كوردستانی ئێران، جارێكی دیكە ترسی ڕێژیم لە جووڵەی خەڵكیی و چالاكی حیزبە سیاسییەكان، بەتایبەت حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی نیشان دا. چوونكە ڕێژیم نیگەرانی ئەوەیە كە قەیرانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دێر یان زوو بەرۆكی دەسەڵاتدارانی تارانیش دەگرێ و لەوەها دۆخێكدا بەتەواوەتی ڕوونە كە هێزی پێشڕەوی بزووتنەوەی گۆڕانخواز لە ئێران بزووتنەوەی كوردستان دەبێ.