"an independent online kurdish website

هەموو ئایینێك ترسناکە ئەگەر لە خزمەتی ڕزگارکردنی ڕوحی مرۆڤدا نەبێتklaws-gerber

 

 

هەموو باوەڕمەندێك لە جیهان پێویستە لە خۆی بپرسێت، داخۆ بە خۆبەدوورگرتن لە ئەنجامدانی ڕەفتاری نامرۆیی باوەڕی خۆی دەپارێزێت؟ ئەگەر 500 ساڵ بۆ دواوە بگەڕێینەوە، دەبینین مەسیحییەکان یەکدییان دەکوشت. کاتۆلیك و گۆڕانخوازەکان لەژێر ناوی خوادا یەکتریان دەکوشت و چەندین دەڤەریان لە ناوەڕاستی ئەوروپا قەڵاچۆ کرد. وتەی ترسناکی ‘ئەگەر نەخوازیت ببیت بە برام، ئەوا سەرت دەپەڕێنم’ بوو بە هۆی ئەوەی کە لەو شەڕە سی ساڵەییەدا دوو لەسەر سێی دانیشتوانی ئەڵمانیا بکوژرێن. ئایا پاڵەوانە مەسیحییەکان دواتر نەرم بوونەوە؟ نازانم! تا ئێستایش هەندێك لە پیاوانی ئایینیی مەسیحی بە جۆرێك ڕەفتار دەکەن وەك ئەوەی لەگەڵ شیری دایکدا ژیریشیان خواردبێت. ئێستا لەگەڵ کەمبوونەوەی خێرای ئەندامانی کەنیسەکاندا ئەو نەزانییەیش لەسەرخۆ، بەڵام بەشێوەیەکی یەکجارەکی لە گۆڕاندایە.

 

ئەدی ئەمڕۆ لە ئیسلامدا چی ڕوو دەدات؟ هەمان سەرلێشێوانی هاوشێوەی ئەوەی پێنج سەدە لەمەوبەری ئەوروپا. لەسەر ناوی خوا مرۆگەلێك دەکوژرێن کە هیچ شتێکیان بەرامبەر بە چەکدارانی بکوژ نەکردووە. سەلەفییە سەرلێشێواوەکان هەموو شتێك دەکەن بۆ ئەوەی لە ڕای گشتیی جیهاندا زیان بە ناوبانگی ئیسلام بگەیەنن. لە خوا دەپاڕێمەوە و ئومێدم وایە خوا ئەو جەنگاوەرانەی ئیبلیس ڕەوانەی دۆزەخ بکات، ئەویش لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە و پەکەکە و جەنگاوەرانی فڕۆکەوانی وڵاتانی هێزی هاوپەیمانان کە چەند وڵاتێکی عەرەبیشیان تێدایە. بەڵام ئەگەر ئەندامانی داعش بە دیل بگیرێن، ئەوا پێویستە بدرێنە دادگا. ئەوەی لەبارەی تاوانەکانی ئەو دۆزەخییانەوە زانراوە، هی ئەوەیە زۆربەیان سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بدرێن.

 

گشت ئەو تاوانە ترسناکانە کە لە سەرە سەرلێشێواوەکاندا چەکەرە دەکەن، سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە سەر بنەما ڕاستییەکانی ئایین، یان ئەو بنەما و ڕێسایەنەی کە گوایە ئایینین. باشە کەی ئایین دەبێت بە مەترسی؟ بە بۆچوونی من، نزیکەی هەموو ئایینێك ترسناکە ئەگەر بێت و لە خزمەتی ڕزگارکردنی ڕوحی مرۆڤ و ئاسوودەکردنیدا نەبێت. مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە نموونەی ئەو باوەڕمەند و پیاوە ئایینییانەی کە لە پێناوی دەسەڵات و ساماندا ژیانی خەڵکانی بێ تاوانیان لەناوبردووە. لە بیرمان نەچێت: مەسیحییە ئینجیلییەکانیش –بەتایبەتیش ئەوانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا- مایەی مەترسین، چونکە خۆیان لە هاوئایینییەکانیان بە باشتر دەزانن و دەیانەوێت بەتۆپزی بۆچوونەکانی خۆیان بەسەر جیهاندا بسەپێنن. مرۆڤە باشترەکان تەنیا ئەو مرۆڤانەن کە لە خەمی خۆشگوزەرانیی مرۆڤەکانی تردان و کار بۆ ئەوە دەکەن کە هەموو گەلان ژیانێکی باشتریان هەبێت. منداڵانی ئەم جیهانە شایەنی ئەوە نین لەسەر زەوی دۆزەخێکیان بۆ بەجێ بهێڵین.

سەرچاوە: باس نیوز


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی