"an independent online kurdish website

هەروەك ڕوون و ئاشكرایە كە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی نیزامی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامیدا، وەلی فەقیهـ كە خۆی بە نوێنەری خوا لە سەر ڕووی زەوی دادەنێت، لە جیاتی گشت خەڵكی وڵات بیر دەكاتەوە و بڕیار دەدات و هەموو دەسەڵاتەكانی وڵات لە پاوانی ئەودان و بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ڕەهای خۆی پشت بە دام و دەزگا ئەمنییەتییەكانی وڵات و بە تایبەتی سپای پاسداران بەستووە.dara_natq

سپای پاسداران كە لە دوای شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، بە هێزێكی پەراوێز خراو و سەرلێشێواو دەبینرا، خامنەیی بە كەڵك وەرگرتن لە دەسەڵاتی خۆی وەك فەرماندەری گشتی هێزە سه‌ربازییەكان، توانی مۆرەكانی جێی متمانەی خۆی لە ئاست بەرپرسە باڵاكانی سپادا جێگیر بكات و هەروەها دەرفەتی لەبار بۆ بەشداری پێكردنی سپا لە بوارەكانی ئابووری، ئەمنییەتی، ئیتلاعاتی، فەرهەنگی و سیاسیدا بڕخسێنێ و بەو پێیە دەتوانین بلێین كە لە ئێستادا ئەو هێزە سەركوتكەرە دەستێكی باڵای لە ئیدارە كردن و سیاسەتگوزاری وڵاتدا هەیە.

بێگومان مەبەستی خامنەی لەو ستراتێژییە، دروستكردنی ئۆرگانێكی ئەمنییەتی و سەركوتكەری بەهێز لە بەرامبەر دەوڵەتدا بوو تا وەكوو هەركات كە پێویست بوو بتوانێت لەو ڕێگایەوە سەركۆمار و كابینەكەی كونتڕۆڵ بكات و لە لایەكی دیكەوە بۆ سەركوتی هێزە ئازادیخوازەكان و نەیارانی خۆی و پاراستنی دەسەڵاتی دیكتاتۆری خۆی لەو هێزە مافیاییە كەڵك وەربگرێت.

لە ئێستادا دەبینین كە خامنەی بە پاڵپشتی و بەهێزكردنی دام و دەزگا ئەمنییەتی و داپڵۆسێنەرەكانی، ڕێبەریی باڵی توندڕەو و موحافیزەكاری نێو دەسەڵات دەكات و توانیویەتی لە ڕێگای ئەو باندە مافیاییەوە سەرجەم دام و دەزگا ئیداری و بەرێوەبەریەكانی وڵات بخاتە ژێر پاوان و چاودێری خۆی و هاوبیرانی و پێش بە هەر جۆرە بزاڤ و دەرفەتێك كە ببێتە هۆی ڕێفۆرم و گۆڕانكاری پۆزەتیڤ لە وڵاتدا بگرێت.

لە لایەكی دیكەوە دەبینین كە كۆمەڵێك باند و گرووپی دیكە بە نێوی ڕێفۆرمخواز، بە تایبەتی لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا بە ورووژاندنی كۆمەڵێك پرسی گرینگی سیاسی و جڤاكی و ئابووری و دانی دروشمگەلێكی ڕێفورمخوازانە، دەیانهەوێ بازاڕی هەڵبژاردنەكان گەرم بكەن و سەرنج و دەنگی خەڵك بۆ لای خۆیان ڕابكێشن و بەو شێوەیە بە مەرامی دڵخوازی خۆیان كە بەرژەوەندی تاكەكەسی و مافیاییانه‌، واتە دەسەڵات و بە تاڵانبردنی سامانی وڵات بگەن. ئەوەی كە ڕوون و ئاشكرایە ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیە لە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەریخستووە كە سیستمی زاڵ، ڕێفۆرمهەڵگر نییە و هیچ تاقم و گرووپێك لە هەر پۆست و دەسەڵاتێكدا بێت ناتوانێت لە ئیرادە و ڕێرەوی دیاری كراو لە لایەن ولایەتی فەقیهه‌وە لابدات و هیچ هەنگاوێك لە ڕاستای گۆڕانكارییه‌كی سیاسی و جڤاكی و ئابووریدا هەڵبگرێت.

تێپەڕینی زەمەن و ئەزموونی چەند دەیە لە دەسەڵاتداریی ڕێژیم ئەو ڕاستتیەی دەرخستووە كە، ڕكابەری و ململانێی نێوان گرووپ و باندە مافیاییەكانی نێو ڕێژیم، بە ئامانجی بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتی زیاتر و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی وڵاتە و هیچ یەكێك لەو گرووپ و تاقمانە چ لە كاتی هەوڵدان بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات و چ لە كاتی دەسەڵاتداریدا ڕەچاوی بەرژەوەندی گشتی خەڵكی ئەو وڵاتە ناكەن و هەوڵه‌كانیان زیاتر بۆ بەهێزكردنی باندی مافیایی خۆیانە. xam_nei12

بۆیە لە سیستمێكی ئیدۆلۆژیك و داخراوی وەك ویلایه‌تی فه‌قیهدا كە دەسەڵاتی گشتی وڵات لە پاوانی ئەودایە و ڕێبەریی گەورەترین باندی مافیایی توندڕەوی نێو دەسەڵات دەكات، نە سەركۆمار و نە هیچ یەك لە گرووپ و باندەكانی دیكە تەنانەت ئەگەر ئیرادەش بكەن ناتوانن هیچ ڕێفۆرمێك لە بەرژەوەندی خەڵكی وەزاڵەهاتووی وڵاتدا بكەن.

كۆمەڵگای ئێران ئەمڕۆ بۆتە قوربانی باندە مافیاییەكانی نێو دەسەڵات و وێرای سەركوت و زەبر و زەنگی ڕۆژانە و هاوكات قەیراناوی بوونی ئابووری وڵات و فەقر و هەژاری بێ سنوور كە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی سه‌دان دیاردەی نەخوازراوی كۆمەڵایەتی، ئاستی ژیان و گوزەرانی لەو وڵاتەدا ڕۆژ بە ڕۆژ ئه‌ستەم و دژوارتر كردووە.

بە جۆرێك كە هیوا بە ژیان و داهاتوو لە نزمترین ئاستی خۆیدایە. بێگومان هەموو ئەمانەش بەرهەمی سیاسەتی چەوت و پاوانخوازانە و ڕێرەوەی فەساد و گەندەڵكارانەی باندە مافیاییەكانی حاكم لەو وڵاتەدان كە تەنیا لە بیری پاراستنی دەسەڵات و تاڵان و دزی سامانی وڵاتدان و یاری بە چارەنووسی خەڵكی وەزاڵەهاتوو و بەشمەینەتی ئێران دەكەن.

بۆیه‌ واقعیی ئەمڕۆی وڵاتەكەمان دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە هیچ یەك لە گرووپ و باندە مافیاییەكانی نێو دەسەڵات ناتوانن ببنە سەرچاوەی باوەڕ و متمانەی خەڵك و وڵاتی ئێران لە دۆخی قەیراناوی هەنووكە ڕزگار بكەن و ئیرادەی مافخوازی و ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران بە گشتی لە پرسە گرینگ و چارەنووسازەكانی وڵاتدا دەخیل بكەن.

هه‌ر بۆیه‌ تەنیا ڕێگای ڕزگار بوون لەو دۆخە قەیراناوی و ئالۆزەدا، ڕووخانی سیستەمی دیكتاتۆر و مافیایی ڕێژیمی ئاخووندی و هێنانە سەركاری سیستەمێكی فیدراڵ و دێموكراتیكە كە تێیدا یاسا سەروەر بێت و گشت پێكهاتەكانی وڵات مافی وەك یەكییان لە ئیدارەكردن و بەرێوەبردنی وڵاتدا هەبێت.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی