ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، کومیتەی هاوکاری هێزە سیاسیە کورد و کوردستانییەکان بە هاوبەشی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم
و فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان سیمینارێکی بەربڵاو بۆ شاندێکی پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرستی دوکتۆر ” یوسف محەممەد ” کە بە سەردانێک هاتبوونە وڵاتی سوید، پێک هێنا.
سەرەتا سیمینارەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان و وتەیەکی کورت لەلایەن خاتوو ” سۆسەن کوردستانی” سەرۆکی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان بە دوو زمانی کوردی و ئینگلیزی دەستی پێکرد.
پاشان لەلایەن ” محمەممەد ئەحمەدی” سەرۆکی کومیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان بەخێرهاتنی بەشداربووان و بەتایبەت شاندی پارلەمانی کوردستان کرا و دواتر وتەیەک پێشکەش کرد.
دواتر لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە ” شەرمین بوزئەرسەلان” ڕیزبەندی بەرنامەکە خوێندرایەوە.
پاشان داوا کرا لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەڕێز: ” د. یوسف محەممەد” و هەروەها بەڕێز: ” زانا عەبدولڕەحمان” لێ پرسراوی لیژنەی پێوەندیە کوردستانییەکانی پەرلەمانی کوردستان. باسەکانیان پێشکەش بکەن. سەرەتا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د. یوسف باسێکی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و ڕووداوەکانی ئەم دوایانە و پاش پەلامارەکانی ڕێکخراوی تێرۆریستی ” دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام” (داعش) و کاریگەرییەکانی ئەو ڕووداوە و هەروەها جێنوساید کردنی کوردانی یەزیدی پێشکەش کرد.
ناوبراو لە بڕگەیەکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە پێگەی ئێستای هەرێمی کوردستانی کرد و تیشکی خستە سەر ئەو پشتیوانیە نێو دەوڵەتییەی کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ناوبراو بە گەش بینییەوە باسی گۆڕانکارییەکانی پاش هاتنی ” داعش ” دەکرد و لەو پێوەندییەدا هەرێمی کوردستانی لە ئاستێکی باشدا هەڵدەسەنگاند.
لە درێژەی باسەکەیدا وتی لە ئێستادا وڵاتانی جیهانی بە چاوێکی دیکەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن و باس لە وە دەکرێت کە کاتی ئەوە هاتوە کە ڕێکەوتنی سایکسپیکۆ چاوخشاندنی پێدا بکرێتەوە.
لە دواین بەشی سیمینارەکەدا دەرگای کفت و گۆ بەڕووی بەشداربووان کرایەوە، کۆمەڵێک لە بەشداربووان سرنج و ڕاو بۆچوونەکانی خۆیان لەسەر و تەکانی سەرۆکی پەرلەمان خستە ڕوو، پاشان سەرۆکی پەرلەمان و هاوکارەکەی وڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.
شایانی باسە لەو سیمینارەدا لە سەر داوای پێک هێنەرانەی ئەو سیمینارە، شاندێکی کومیتەی سویدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی ” ئەنوەر کاکایی” بەرپرسی کومیتە بەشداری کرد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ کومیتەی سوید