"an independent online kurdish website

هەموو مان ئەو بۆچوونەمان بیستووە کە دەڵێن: زمان کۆڵەکەی بوونی هەرنەتەوەیەکە و ئەگەر زمان لە مەرج و پیوەری نەتەوەیەک لابەرین ، باقی مەرج و پێوەرەکانی پێکهێنەری نەتەوەیەک تا ئاستی هەرە نەگاتیڤی پێوەرەکان دادەبەزێ. kiteb_hecab

کەوایە زمان بەردی بناغەی هەر نەتەوەیەک و لەهەمانکاتیش دا ناسنامەی هەرە دەرەوساوەی نەتەوەیەکیش هەر زمانەکەیەتی. زۆرن ئەو نەتەوانەی کە بە هۆی جۆراوجۆری یاسایی و نایاسایی بە تێپەڕ بوونی زەمان ، زمانەکەیان لە بیر کراوە و ئیستا زمانێک نین لە جیهان دا. ئەو نەتەوانە چوونکی زمانیان نەماوە، ئیدی بە هەموو پیوەرەکان خەسلەتی نەتەوەییشیان لەدەست داوە.

کوردێک ئەگەر زمانی کوردی نەزانێ و بە زمانێکی دیکە قسە بکا، دەتوانێ تەنیا ئیدیعای کوردبوون بکات و بەس. چوونکی ئەوە زمانە ناسنامە و سەلمێنەری کوردبوونی ،واتە هەر ئیدیعایەکی بێ پشتیوانە. بۆیە پاراستن وگەشە پێدانی زمانی کوردی و خزمەت لە پێناو بەرینتر کردن و دەولەمەند کردنی زمانی نەتەوەیی ئەرکی هەرمرۆڤێکی باوەڕمەند بەو نەتەوەیەیە.

زمان ناسان و پسپۆرانی بواری زمانی نێو ئەم نەتەوەیە سەربازی هەرە جەنگاوەری مەیدانی بەرگری لەزمانی کوردین کە هەم پێویستە هەموو تاکەکانی کورد پشتیان بگرین و هەمیش ڕیز لە گەورەییان بگرین کە پشکی شێر وەبەر شاعیران و هونەرمەندانی دێرینی نەتەوەکەمان دەکەوێ.

یەکێک لەو تێکۆشەرانەی کە لە زۆر بوار دا سوارچاکی مەیدانە ، کاک عەبدولا حیجاب تێکۆشەری دیاری نێو بزووتنەوەی کوردە. ڕەنگە ئەگەر لە خۆی بپرسین کە داخوا پسپۆرە لە بواری زمانناسی و زمانەوانی دا، بێ گومان ئەو خۆی پێ سوار چاکی ئەو مەیدانە نیە، ئەوەش دوو حاڵەتی هەیە کە : هەم لە تەوازوعی بەڕێزیانە و هەمیش خوێندن و خۆ پێگەیاندنەکەی لەو بوارە دا نەبۆوە(سیاسەتی خوێندووە). بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو لە بەکار هێنانی زمانی کوردی دا زۆر بە دیقەت و لێهاتوویە و هەردوو زاراوە سەرەکی یەکەی کورمانجیی سەروو و خواروو بە باشی دەزانێ و بە کاری دێنێ . بە تایبەتی لە سەر کورمانجیی سەروو شارەزاییەکی زۆری هەیە و لە هەڵبژاردنی پەیڤەکان لە شوێن و مەجالی دەقیقی خۆیدا زۆر وەستایە.

لەم ڕۆژانەی دوایی دا کاک عەبدولا حیجاب بۆ سیمینارێکی سیاسی تەشریفی هاتبووە دانمارک و دیاری یەکی یەکجار بە نرخی بۆ هێنابووم کە پڕ بەدڵ سوپاسم کرد ، بەڵام پێموابوو ئەو سوپاسە لە هەمبەر کارە بە نرخەی کە ئەو بۆ ئێمەی کوردی کردووە بەس نیە و پێویستە بە نووسراوەش سوپاسی بکەم.

دیارییەکە دوو بەرگ کتێبی کوردی بوون کە بۆ پەروەردە بە زمانی کوردی لە چوارچێوەی یاسای پەروەردەیی وڵاتی نۆروێژ و لە لایەن خودی خۆیەوە نووسراون و پەروەردەی وڵاتی نۆروێژ ئەو ئەرکەی بە پێی لێزانی و شناختێک کە لەسەر تواناکانی بەڕێز حیجاب هەیانە، بۆ دیاری کردووە.

کتێبەکان یەکێکیان بۆ پۆلی یەکەم و ئەوی دیکەی بۆ خوێندنەوە و فێر بوونە کە لەگەل ئەوەی داڕشتنی دەرسەکان بە زمانی شیرینی کوردین ،بەڵام لە هەمانکاتیش دا شێوەی داڕشتنی پەروەردەی ولاتێکی بە ئەزموونی ئەورووپایی پێوە دیارن . نووسەر کوردە، خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دوا ناوەندیی بە زمانی فارسی تەواو کردووە و کاری سیاسی ، ڕۆژنامەوانیی و لێکۆلینەوەکانی خۆشی زۆربەی بە کوردی و لە ناوەندە سیاسی یە کوردییەکان و ڕاگەیاندنە کوردییەکان دا پەرەپێداوە. بۆیە ئەو کارە بەنرخەی بەڕیز حیجاب تێکەڵاوێکە لە زمانێکی دێرینی ڕۆژهەڵاتی کە بەردەوام هەڕەشەی نەمانی لەسەر بۆوە ، بەڵام بە داڕشتنێکی ئەورووپیانە بۆ پەروەردە ئامادەکراوە.

حیجاب دوای ئەوەی کە لە وڵاتی نۆروێژ گیرساوەتەوە ، فۆق لیسانس( ماستەر) ی لە نۆروێژ و بە دوو زمانی نۆروێژی و ئینگلیزی تەواو کردووە. هەروەکا کۆمەڵێک بەرهەمی هەیە بە زمانی نۆروێژی.لەبەر ئەو ئەزموونانەی کە هەیەتی بەڕێز حیجاب تواناییەکی زۆری هەیە لە داڕشتنی بابەتی پەروەردەیی دا و لەو مەیدانەش د اکەسێکی سەرکەوتوویە ، وەک زۆر بواری دیکە. بەڕیز حیجاب زمانەکانی : کوردی( هەردوو زاراوە سەرەکییەکەی) فارسی، تورکی(تورکیی ئیستانبولی و ئازەری) نۆروێژی و ئینگلیزی بە باشی دەزانێ و موتاڵای بەو زمانانە هەیە.

زۆری لە سەر ناڕۆم و پێ لە بەڕەی کورتی زانیارییەکانم درێژتر ناکەمەوە ، هەڵسەنگاندنی کتێبەکان و شێوەی داڕشتنیان بۆ پسپۆرانی ئەو بوارە بەجێ دێڵـم. تەنها و تەنها ویستم بەبۆنەی ڕۆژی زمانی دایک لە لایەن خۆم و بنەماڵەکەمەوە سوپاسی زەحمەت و تێکۆشانی هاوڕێ حیجاب بکەم و سوپاسی ئەو دیارییە بەنرخانە بکەم کە بۆ بنەماڵەکەمی هێنابوون.

ئەوەش وەک مزگێنی یەک زیاد بکەم کە کاک عەبدولا مژوولی نووسینی کتێبی دیکەیە بۆ پەروەردە لە ئاستی دوا ناوەندی بۆ زمانی پەروەردەی کوردی لە وڵاتی نۆروێژ و هەر لە ئێستاوە هەم سوپاسی دەکەم و هەم هیوادارم بەردەوام بێ . ماڵت ئاوا و هەر بمێنی بۆمان .

kiteb_hecab_1kiteb_hecab_2

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی