"an independent online kurdish website

 هێرشی هێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی! بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران ئەو پرسیارەی ورووژاندووە کە گەلۆ ئەم هێرشە لە ناکاو بووە؟ یان هێرشێکی وشیارانە و پلان بۆ داڕێژراو بووە؟cemil_kolahi13

پاش ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حدکا کرد بەشداری شەڕی دژی داعش بێت، حدکاش پێشمەرگەکانی خۆی ناردە بەرەکانی شەڕ، بەڵام دوای دوو رۆژ بە وتەی بەرپرسانی حدکا لە لایەن لایەنی باشووری کوردستانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێ پێشمەرگەکانتان بگەڕێنەوە ناو بنکەکانی خۆیان! دەنا هێرشیان دەکرێتە سەر!

بە پێی ئەو هەواڵەی کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراوەوە لە نێو حدکادا بە من گەیشتووە، حدکا لە ٢١.٠٢،٢٠١٥ دا و لە پلینۆمی نۆهەمی خۆیدا بە وردی باس لەوە دەکات کە لایەنێک بە تەواوی خۆی ئامادە کردووە کە هیرش بکاتە سەر بنکەکانی حیزب، لە نێو پلینومدا باسی لایەنەکەش دەکرێ!

هەمان سەرچاوە وتی کە بە دوای پلینۆمدا رێبەرایەتی حیزب کۆبوونەوەیەکی ئەمنییەتییان لە هەموو بنکەکانی حیزبدا بۆ پێشمەرگەکان گرتووە و لە سەر مەسەلەی هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە لایەن لایەنێکی باشوورەوە قسەیان کردووە!

دیسان بە پێی هەمان سەرچاوە دوای سێ رۆژ لە تەواو بوونی پلینۆم، دەفتەری سیاسی حدکا لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا کە بۆ کادر و پێشمەرگەکان دەگیردرێ، بە کادر و پێشمەرگەی راگەیاندووە کە هەردەم ئەگەری ئەوە هەیە کە لە لایەن هێزێکی باشوورەوە هێرشمان بکرێتە سەر! لەو کۆبوونەوەیەدا ناوی لایەنەکە ناهێنێ!

لەم ماوەیەدا تیشک تی ڤی تەلەفزیونی حدکا دادەخرێ و حدکا دەزگای تەبلیغی لە کار دەکەوێ! ئەو هێزە نادیارە کە حدکا ناوی ناهێنێ دەرفەتەکە لە بار دەبینێ و بە سەرو چاوی داپۆشراوەوە کە لەوانەیە پاسداری کۆماری ئیسلامیشیان تێکەڵ بووبێت (هێندێک ماڵپەڕی باشووریش ئاماژەیان پێ کردبوو)، بە بیانوی گرتنی کچ و کۆڕێک کە پێکەوە دۆست بوونە و ویستوویانە پێکەوە ژیانی هاوبەش پێک بێنن، بە توندترین شێوە هێرش دەکرێتە سەر بنکەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و دوای لێدان و بریندار کردنی ژن و منداڵی پێشمەرگە، بنکەکە بە جێ دێڵن و دەڕۆن. دوای ئەوە ماڵپەڕی پی.یو.کا ماڵپەڕی فەرمی یەکیەتی لە هەواڵێکدا دەڵێ: “بە بڕیاری دادگا کچێکی رفێندراومان لە ناو کەمپی حیزبی دیمۆکرات رزگار کرد” واتە سناریو قیزەونەکەیان بە ناوی رفاندنی کچێک! دادەپۆشن و مەشرووعیەتی پێ دەدەن! ئیدی کەس نیە لێیان بپرسی کە حوکمی داگاکەتان کوا؟ ئەو هەموو هێزی دژە تیرۆرە بە دەموچاوی داپۆشراوەوە بۆچی؟ بۆ گرتنی كچ و کۆڕێک؟ لە کەیەوە پێوەندی سۆزداری نێوان کچ و کۆڕێک بە لای یەکیەتی نیشتمانی مائۆئیست و چەپەوە بۆتە گۆناحی کەبیرە و وەک داعش دەبێ هەڵسوکەوتی لە گەڵ بکرێ؟

لە هەموو سەیرتر شێوەی کاردانەوەی حیزبی دیمۆکرات لە سەر ئەو کردوەیەیە! دژکردەوەیەکی بە تەواوی ترسەنۆکانە!

لە دوای ئەو کردەوە قیزەونە خەڵکێکی زۆری حیزبی و سەربەخۆ لە دەرەوە و لە ناوخۆ، هاودەردی خۆیان دەربڕی و ویستیان بە مەبەستی مەحکوم کردنی ئەو کردەوە، رێپێوان بکەن! لەم نێوەدا یەکیەتی نیشتمانی وەڤدێک دەنێرێ بۆ دەفتەری سیاسی بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێپێوانەکە! بۆیە رێبەرایەتی حدکا بە پەلە لە رێگەی تەشکیلاتی دەرەوە رادەگەیەنن کە رێپێوان دەبێ هەڵبوەشێتەوە! لە ئاکامدا رێپێوان هەڵدەوەشێتەوە!

لە هەواڵی ماڵپەڕی کوردپادا لە سەر ئەم بابەتە، یەکێک لە هۆیەکانی هەڵوەشاندنەوەی رێپێوانەکە، پاراستنی بەرژەوەندی حکومەتی هەرێم بووە! من لە رێبەرایەتی حیزبی دیمۆکرات دەپرسم چ جیاوازییەکی لە نێوان سەرکوتی کۆماری ئیسلامی و حکومەتی هەرێمدا هەیە؟ ئایا ئاسایش کۆیە بە جێگای چەک و باتون، گۆڵی بە دەستەوە بوو؟ چ جیاوازییەک لە نێوان تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی و یەکیەتی نیشتمانیدا هەیە؟ مەگەر هەردووکیان دەستیان بە خوێنی کادر و پێشمەرگەی رۆژهەڵات سوور نیە؟ مەگەر لە نێو سەیتەرەی کۆیەدا دوو ئەندامی کۆومیتەی ناوەندیتان بە دەستی پێشمەرگەکانی یەکیەتی نیشتمانی تیرباران نەکران؟ ٣٠٠ کادر و پێشمەرگەتان لە سلێمانی و کۆیە هەر بەدەستی ئەوان تیرباران نەکران؟ ئیدی کامە بەرژەوەندی؟ مەگەر شان بە شانی کۆماری ئیسلامی جەلالییەکان بنکەی حدکایان تۆپباران نەکرد؟ خنکاندن خنکاندنە، ئێستا چ بە دەستی کۆماری ئیسلامی بێت یان یەکیەتی نیشتمانی! لە بەرانبەر هەر کامیان رانەوەستی دەتخنکێنێ! ئەدی چ جیاوازییەکی لە نێوان بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی و یەکیەتی نیشتمانیدا هەیە کە سەربەخۆیی خۆت دەبەیتە ژێر پرسیار؟

لە کۆتاییدا:

ئایا پێتانوایە کە ئەمە دوایین جارە کە هێرشتان بکرێتە سەر؟ ئایا بۆ جاری داهاتوو خەڵک وەک ئەمجارە پشتگیریتان لێ دەکات؟ کۆماری ئیسلامی و دۆستە ئێستراتێژیکەکەی واتە یەکیەتی لە باری نیزامییەوە چەکی کردوون، ئێستا دەیەوێ لە باری ئیعتیبار و پریستیژیشەوە چەکتان بکەن؟ دڵنیا بن هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێپێوانەی سۆئێد زەربەیەکی گەورەی لە ژستی سەربەخۆیی بڕیاردانی حدکا دا! بە تایبەتی دوای هاتنی وەڤدی یەکیەتی بۆ دەفتەری سیاسی، بۆ سەلماندنی سەربەخۆیی لە بڕیارداندا، نەدەبوایا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێپێوانەتان دابایا!

 

 

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی