"an independent online kurdish website

الا لعنة اللە علی الکاذبین , یەکێک لەو ئاکارە ناحەزو مەترسیدارانەی کە خوا لە مرۆڤەکانی قەدەغە کردوە درۆیە. درۆ ئەوپەڕی پەستیو ڕەزیلیە ، بناغەی خانوی برایەتی کۆمەڵ بنکۆڵ دەکا،mela_biraym1

ڕەوتی کارەکانی بەلای خراپەدا دەگٶڕێ. خاوەنەکەی لەبەر چاوی خەڵک دەخاو سوکو چروکی دەکا . قەدەغە کراوێکە مرۆ خۆی دروستی دەکاو بەگوناحی گەورەش لەئیسلامدا حیساب کراوە . درۆزن هەم دەکەوێتە بەرغەزەبی خواو هەم لە بەر چاوی خەڵک ئیعتیباری نامێنێ. لە ڕوانگەی قورئانەوە دەگەڵ کوفرو دوو ڕوویی هاوتەریبە. خوا فەرمویە : { ئەوانەی درۆیان هەڵدەبەستن ، ئەوانەن بڕوایان بەخواش نیە.}

بابزانین درۆ چیە ؟ قسە یان هەواڵێکە کە دەگەڵ واقعیەت یەک ناگرێتەوە پێچەوانەی ڕاستیە. درۆ لە کۆمەڵگادا هەبوەو هەیە . ئەو کۆمەڵگایەی درۆ لەناویدا برەوی هەیە کۆمەڵگایەکی نەخۆشەو پێویستی بەچارەسەر هەیە. ئەوەی درۆزنە کەسایەتیەکی بێهێزی هەیەو کەمو کوڕی زۆر لەخۆیدا شک دەباو هەوڵ دەدا بەدرۆیان ئەو کەلەبەرانە پڕکاتەوە. کەسایەتیەک بۆ خۆی دروست دەکا کە خۆی نیە . درۆ هۆی گومانو دڕدۆنگیە، درۆزن بەردەوام لەوە دەترسێ لەسەری سور بێتەوە . درۆ دایکی خراپانە . سەرئەنجامیشی ئەوەیە کە خاوەنە کەی لیی پەژیوانە. بەرو بوی درۆ دروست کردنی دژایەتی لە ناو مرۆڤەکانە. درۆزن خەتاباری شەرمەزارە، بەڕواڵەت ساغە بەڵام هەناوی دەغەزدارە. درۆزن لەژیانیدا نە ئاسودەیەو نە خاترجەم . درۆ پەیکی کوفرەو درۆزن دڵڕەشوو دڵڕەقو بێبەزەیە . خوڵقێنەری زۆربەی جینایەتو خەتاکانە . جلو بەرگی دڵ پیسو بێئەخلاقو بەخیلو ناحەزانە . بەکورتی ئیمانو درۆ تا ڕۆژی سەڵایە ململانەیانە . درۆزن شتێک دەڵێ بونی نیە . دەیەوێ شتێک لە خەڵک بشارێتەوە کە لەبەر چاوانە . هەق بەبەتاڵ نیشان دەداو ناهەق بەڕەوا دەقەبڵێنێ. شەڕی بەلاوە خێرەو خێریش وەک شەڕ دەنوێنێ! خەڵک بەهەڵە دەباو هەڵیان دەخلیسکێنێ . ڕاستی بەدوژمنی خۆی دەزانێو ناڕاستی دۆستو برایەتی. دڵی چکۆڵەیەو توانای قبوڵکردنی ڕاستی نیە. نەلە خوا دەترسێو نەشەرم لەخۆیو خەڵک دەکا ، بۆ قازانجی خۆی نەوت بەئاگر دادەکا. ڕوداوەکان بەراوەژو دەگێڕێتەوە و لە بەرپرسایەتی خۆی دەدزێتەوە . وای لێدێ خوی پێوەدەگرێو چێژی لێدەکاو لەزیان گەیاندن بەخەڵکیش سڵ ناکاو بگرە شانازیشی پێوەدەکا. بە شێوەیەکی گشتی درۆ دیاردەیەکی دزیوی ناو کۆمەڵگایە ، پێموایە لە درۆزن زیاتر لەو دنیایەدا کەس بەباشی بزانێ . لە قانونی دنیاشدا وابزانم تاوانە و سەزای هەیە. خراپترین کەس ئەوەیە ئەگەر بەئەمینت زانی خەیانەتت پێبکا ، ئەگەر بە ڵێنی پێدای بەجێی ناهێنێو درۆت دەگەڵ دەکا. ئەگەر دژایەتی دەگەڵت بو جینایەتت دەرهەق دەکا.

لە بەر ئەوەی من خۆم کوردمو بڕوای ئایینیم هەیە لە ڕوانگەی نەتەوایەتیو ئایینیەوە درۆ بە خراپ دەزانمو بە بەڵگەی قورئانی خراپیەکەی سابیت دەکەم چونکە باوەڕم وایە ئەو ئیتمینانو دلنیایەی لە ڕاستیدا هەیە لە درۆدا هەرگیز ئەوە نیە. جیا لەوانەش لە ڕەوتی ژیانی کۆمەڵایەتیو سیاسی خۆمدا زۆرم دێتوە لە درۆ دا زەرەرمان کردوە ، لانیکەمی ئەوەیە زۆر لەوانەی لیمان نیزیکبونو باوەریشیان پێدەکردین لێمان دڕدۆنگ دەبونو سارد دەبونەوە . لەبەر ئەوەی لەزیانەکانی بەشم پێبڕاوە ، ئەوەندەی لێی دەزانم باسی خراپەو زیانەکانی دەکەم. ئەوە ئەرکی ئینسانیو ئەخلاقیو ئیمانیمە کە بەخۆمو کەسانیتر بڵێم : درۆ ، فەتایە ، سەرەتانە ، نەخۆشیەکی بێدەرمانە ، دوژمنی بەرەی ئینسانە ، کیێ کردویە ، ئەورۆ یان سبەی پەشیمانە. هەرچی لەسەر بناغەی درۆ سازکرابێ بەدڵنیایەوە ڕوخاوە . درۆزن لە کاروانی مرۆیانی خاوەن کەسایەتیو جێگەی بڕوا بەجێماوە . ئەگەر خاوەنی ئیمانو ویژدان بوبێ بە درۆکردن هەردوکیانی لەدەست داوە. ئەوەی بەلای منەوە جێی سرنجەو وەک نمونەی درۆ باسی دەکەم بەقەولی کوردی باسی ناو خۆمانە لـەڕۆژ هەڵاتی کـوردستانـو داردەستە بەکرێگراوە درۆزنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. بەداخم لەنێو کۆمەڵگای ئێمەدا هێندێک کەس بۆ گەیشتن بەحەزو ویستو بردنەسەری ڕاو بۆ چونی خۆیان لە باسکردنی هیچ شتێکی ناڕاست سڵ ناکەن ، چییان بەقازانج تەواو دەبێ هەر ئەوە ڕاستە، کێی بە قازانجی ئەوان قسە بکا ئەگەر واشنەبێ هەر ئەو دۆستەو ڕاستە!! وادەزانن درۆ نە خراپەو نەخەتایە . ئەو فـەتـا ویـژدان پـڕوکێنە ئـەو کەسانەشی گرتۆتەوە کە خۆیان بەمەلاو زانای ئیسلامی دەزاننو وتار لەسەر خراپەی درۆ بڵاو دەکەنەوەو هەر بەناوی دینیش درۆیان دەکەن . بۆوێنە مەلاقادری سوهرابی . لەمهاباد ڕوداوێکی ناحەز ڕویداوە . کە چۆنیەتی ڕاستە قینەی نەمنو نە مەلا قادر نایزانین ، بەڵام لەسەر ئەو نەزانیەوە خێرا هـەڵوێستی ئیمام جومعانە ! دەگرێو ئەوانەی بەدژی ئەو کارە نامرۆڤانەیە خۆپێشاندانیان کردوە وەک ئاژاوە گێڕو چێو چی ناو دەبا. ئەو کابرایە ئەوەی نازانێ فتوای مـەلا هەرقسەنیە بابیبا ، جـیـا لـەبـاری مرۆڤانەی بەرپرسایەتی ئایینیشی هەیە . جاریدیکەش کوتومە : ئەو ئیمامەی خەڵکی نەبێو بەفەرمان دیاریکرابێ ، نە خاوەنی بیروڕای خۆیەتیو نە قسەی خۆی دەکا بڵیندگۆیە چی بخەنەسەر هەر ئەوە دەڵێتەوە. جەڕەیانەکە هەرچی بوبێو کێی کردبێتیو چۆن کرابی کارەکە ناحەزەو لەقاودانی خراپەو خراپەکاران هەرچیو هەرکێی بێی هـەر کارێکی جوانو جوامێرانەیە . ئەو مەلایە ئەگەر لەویژدانێکی سالمی نەفرۆشراوەوە سرنجی بدرێتێ ، درۆی کردوەو گومانم نیە درۆزنیش دوژمنی خەڵکو خوایە. دڵنیام هیچکامیان نایبەخشن چۆنکە درۆی بەناو مەلاو ڕێبەری ئایینی زۆر قورسەو خوا بەنەفرین لێکراوی ناودەبا. ئەو درۆیانە هێندێکیان درۆی سیاسینو کراسی ئایینیان دەبەر دەکەن. هەرچەند درۆ خەتایە ، بەڵام لێرەدا جینایەتە چونکە ئەوەی دەیکا ، خۆی بەنوێنەری خوا و میراتگری پەیامبەران ( ورثةالانبیاء ) دەزانێ . دیارە مەلا قادر پەیڕەوی خەتی ئیمامەو ئەوە دەڵێو دەکا کە لەوێڕا پێیدەسپێرن. هەمومان دەزانین کۆماری ئیسلامی ئێران فتوای جیهاد بەدژی کوردی دەرکرد کە فڕی بە راستیەوە نیە بەتەواوی لە واقعیەت دورە . پڕوپاگەندەی بەکرێگیراوو نۆکەری بێگانەمان بەدژ دەکەن ، کە لە سنوری درۆ تێپەڕیوەو چـۆتە نـێو بـازنەی بـۆختان ! ئـەگەر پیوەندی دەگەڵ دەوڵەتـو نەتەوەکانی وڵاتان کوفر بێی، ئەدی پەیمان بەستن دەگەڵ شەیتانی گەورە دەبێی چ بێی ؟!! من بەلامەوە سەیر نیە ئەو ئاخوندە دەسەڵاتدارانە بـۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان هەرچی بۆیان بلوێی دەیکەن ! ئەوەی بەلای منەوە گرینگە ئەو بەناو رۆنکابیرو شارەزایانەو مـامۆستا ئایینیانەی کوردن کە بەچاوی خۆیان دەبینن نیزیک بە (٤٠ ) ساڵ فریودانی موسوڵمانان بەنـاوی شەڕ دەگەڵ شەیتانی گەورە ، ئێستا دروشمەکە بۆتە برایەتی دەگەڵ ئەو دوژمنی خوایە ! نوێنەری خواو شەیتانی گەورە یەکیان گرت دبێی دنیا چی لێبێو خەڵک ڕوو دەکوێی بکەن ؟!! داخوا ئێستاش نازانن ئەوە هەموی درۆو فڕو فیشاڵبو؟! خوشکانی بەڕێزو برایانی ئازیز ، کورد مەسەلەیەکی هەیە دەڵێی : [ بە خشە خشەکەی نەتان زانی گامێشە، بە مشە مشەکەی نەتان زانی گامێشە ، بـەشاخی درێـژی نـەتانـزانی گامێشە ، ئـەدی چـۆنـتان تێبگەێینم ئەوە گامێشە ؟! ] ئەوانە بۆخۆیان هەرچی هەن با ببن، بەڵام بۆکورد لەمەرگو ماڵوێرانی زیاتر هیچییان پێنەبوەو نابێ . موخابن ، هێندێک بەناو مـەلای ئایینی کورد ( مـەبـەستم ئـەو مـەلایانەیە خـۆیان دۆڕاندوە ) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش فریوی ئەو درۆشمو بەیتو بالۆرانەیان خـواردوەو حوکمی کافرو دژی شۆڕشو نـۆکەری ئیمپڕیالیزم ، کە ناشزانن چیە ! بەسەر گەلێکدا دەردەکەن کە ڕاستەو خۆو لێبراوانە بـەدژی کۆماری ئاخوندی داگیرکەر خەبات دەکەن، بـەڵام نەکافرنو نەدژی شۆڕشو نەدەگەڵ شەیتانی گەورەش بـرایەتی دەکەن ! درۆزنی سیاسیش ئـەوەکەسانەن کە زانیاری نادروست بەگەلەکەیان دەدەن . ئەوانەی بۆنە وشتری ناوپەمۆو هەوساریان پساندوە ، چاویان قـوچـانـدوەو وەنێو پەمۆی جوتیاری هـەژار کەوتون ، بـەلایانەوە گرینگ نیە چەندە زیان دەگەێیننو بەکیێان گەیاندوە !! لە بیرمە لە دوای سەرەکەوتنی شۆڕشو دەست پێکردنەوەی خەباتی نەتەوایەتی بەئاشکرا، بەهەمو چەکێک لە کوردیان دەداو درۆشمیان [ شەلم کوێرم کەس نابوێرم ] بوو. ڕوو دەکەمە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانو دەڵێم : بەسە چیدی بڕوا بە بوختانی هەڵبەستراوی دوژمنەکانتان مـەکەنـو بەدو قسەی چەوروبەڕواڵـەت خـۆشو ساویلکە هەڵمەخەڵەتێنو بـەشوێن واقعیەتدا بـگڕێنو بـزانن ئێوە نەتەوەیەکی جیا لەوانیتری ئێراننو ئەوەی لێتان داگیر کراوە مافی شەرعیو قانونی خۆتانە ، دەستو بۆمافی کەس درێژ نەکردوە. دەکرێ کەسێک یان حیزبێکتان بەدڵ نەبێو نەتانەوێی، بەڵام ناکرێ ڕزگاری کوردستانو کورد خەمی گەورەتان نەبێی . بزانن گەلی کورد هیچ کێشەیەکی ئایینی نیە . ئەوگەلە بەرگری لـە مافـو کەرامەتـو کەسایەتیو زێدو نیشتمانی خۆی دەکا ، بەرەنگاری هەر هێزێک دەبێتەوە کە بێهەوێ وڵاتەکەی داگیر بکا ، جا چ موسوڵمان بێی یان غەیرە موسوڵمان . بەکورتی ئێمە داوای مافێکی ڕەوا دەکەین کێی لێمان داگیر بکا بەگژیدا دەچین ئەگەر خۆی بە خڵیفەی ئیسلام بناسێنێ یان هاوپەیمانی شەیتانی گەورەبێ !! دیارە ئایەتـو حەدیس لـە سەر خـراپی درۆ زۆرن . لـە قورئاندا زیاتر لە (٢٠٠ ) ئایەتدا وشەی درۆزن بە نمونەی خراپی ناو براوە ، خۆ حەدیسیش لە ژمارە نایە. لەبەر ئەوەی ناکرێی هەموی ئەوانە لەو وتارەدا بێنم بۆیە دەڵێم : سەرجەمیان بە موسوڵمانان دەڵێن : درۆ دیاردەیەکی قێزەونو نامرۆڤانەیە ئەرکی سەرشانتانە بە جیدی خۆی لێبپارێزنو ئەوەش بزانن درۆزن نە لە لای خەڵک ئیعتیباری هەیەو نەلای خوا ئەنوایەکی دەبێی ، شەرمەزارو ڕەنج بەخەسارە. خوالە سوڕەی ئالی عیمڕان :٦١ دا فەرمویە { نەفرین لە درۆزنان بکەن }.

بەباوەڕی من درۆ یەکێکە لە هۆیەکانی دروستکردنی ئەو هەمو ناتەباییو ئاڵۆزیو ناکۆکیانەی کە دنیایان تەنیوەتەوە ،وایکردوە مرۆڤەکان بایخی یەکتر نەزاننو ڕێز لە مافی یەکتر نەگرنو موتمانەو بڕوایان بەیەکتر ئەوەندە کەم بوبێتەوە کە لە هەمو کەسو شتێک بەگومانو دردۆنگ بن . ناڵێم موتمانە هەر نەماوە بەڵام تا ڕادەی نیزیک بەنەمان کەم بونەتەوە !! بەباوەڕی من تەنیا ڕێگای ڕزگار بون لەو هەمو گرفتو تەنگو چەڵەمانەو دەربازبون لەو ئاژاوەو ناکۆکیو قەیرانانە ئەوەیە بوێرانە بەخۆمان دابچینەوە ، لەڕوی زانیاریەوە ڕوداوەکانی ئەم جێهانە هـەڵسەنگێنینو بـە سەداقتو دڵسۆزیەوە دەگەڵ یەکتر هەڵسوکەوت بکەین، ڕاستیەکان بڵێینو بسەلمێنین ئەگەر بەزیانی خۆشمان بن. بەوردی خۆمانو فەرهەنگو کلتورەکەمان بناسینو چـۆنین ئـاوا خـۆمـان بنوێنینو واز لەدرۆو یەکتر فریودان بێنین ، بەگەزو ڕبەی خۆمان بیپێوینو لە لاساکردنەوەیەکی ناشیانە دەست هەڵگرین .هەوڵ بدەین پێشکەوتویی فێر بین جا دایبەزێنین! ئەوە درۆیەکی گەورەیە جۆرێک خومان نیشاندەدەین کە هەونین . با بەکردەوە نیشانی بدەین کە درۆزن نین.

 براتان مەلا برایمی مەجیدپور

 ڕێکەوتی ١٣ / ٥ / ٢٠١٥ بەرانبەری ٢٣ ی بانەمەڕی ٢٧١٥ی کوردی 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی