دوابەدوای ئەوەیكە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەپێی ئەرك و پلان و ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی خۆی هەستا بە كردنەوەی چەن بنكەیەك لە خاڵە سنوورییەكانی كوردستان كە موڵكی هەموو كورد
و لەسەرووی هەموویانەوە مافی حیزبی دێموكرات و هێزەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتە، لە یەكێك لەو بنكانە و لە خاڵێكی سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەداخەوە یەكێك لە هێزە بەناو كوردییەكانی كوردستانی باكوور یان لە ڕووی عورفی دیپلۆماتیكەوە یەكێك لە هێزەكانی كوردستانی توركیە لە هەڵوێستێكی گوماناویی و نابەرپرسیارانەدا، خەریكە ئاستەنگ بۆ ئەم جووڵەیەی حیزبی دێموكرات دروست دەكات و بە زمانی زبر و بەدوور لە پرنسپیە دیپلۆماتیكەكان قامكی هەڕەشە ڕادەوەشێنێ بۆ هێزەكانی حیزبی دێموكرات، حیزبێ كە بە ڕاستی هەڵقوڵاوی ویست و ئیرادەی خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵاتە و بەم پێیە هیچ هێز و لایەنێ ناتوانێ لە بەرامبەر ویست و ئیرادەی ئەم حیزبە ڕەسەنە و خزمەت كردن بە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ببێتە بەربەست و لەسەر ڕێگەی ئەم ڕێبازە پیرۆزەدا كۆسپ و ئاستەنگ دروست بكات.
بۆیە لە ئێستاشدا نەك پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە كە لە نێوەڕۆكی خۆیدا تووشی قەیرانێكی مانایی بووە و هەر ڕۆژە و بە لایەكدا شەن دەكات، هیچ حیزب و لایەن و دەوڵەتێكیش ناتوانن خەت و نیشان بۆ حیزبی دێموكرات دیاریی بكەن چ بگات بەوەیكە بیانهەوێ هێژمۆنی خۆیان زاڵ بكەن بەسەر ئیرادەی ڕاستەقینەی حیزبی دێموكراتدا. چونكوو حیزبی دێموكرات لە مێژووی خەباتی خۆیدا سەلماندوویەتی بەردەوام لە پێناو ئامانجە نەتەوەییەكاندا خەباتی بێ وچانی كردووە و هیچ كات بە دروشم، حەرەكەتی پۆپۆلیستی و پاڵدان بە یەكێك لە وڵاتانی داگیركەری كوردستان لە هەوڵی خەڵەتاندن و بەڵاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی نەبووە.
ئەوەشی كە كراوە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت لەسەر لێكدانەوەی دروست و واقیعی ئەم حیزبە شۆڕِشگێڕە بووە و وا باشترە كە پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە جارێكی دیكە بە خۆیدا بێتەوە و لە تۆمەتباركردنی حیزبی دێموكرات خۆی ببوێرێ و چاوەڕوانی داهاتوو بێت تا بۆی دەربكەوێ كە ئەم هەڵوێستەی حیزب تا چەندە بە قازانجی بەرژەوەندی گشتییە. چونكوو حیزبی دێموكرات خاوەنی مێژوویەكی پڕ لە شانازییە كە بناخەدانەرەكانی ڕێبەرانێكی بلیمەتی وەك پێشەوا قازی موحەممەد و شەهید دوكتور قاسملوو و شەهید دوكتور شەرەفكەندی بووە و ئێستاش ڕێبوارانی ئەم ڕێبازە خۆیان بە گیانفیدای ئەو حیزبە دەزانن و قسەی زۆر لە كەس قبووڵا ناكەن و بەردەوام خۆیان لە دروشم بەدوور گرتووە و بەردەوامیش پابەند دەبن بە ئۆسوول و پرەنسیپە دێموكراتیكەكان. بۆیە ئەگەر لە ئێستادا حیزب باسی ئەوە دەكات كە لە ڕێگەی ئاشتیخوازانەوە كێشەكان چارەسەر بكەین مانای ئەوە نییە كە ترسێك لە ئارادایە، بەڵكوو مانای سەلماندی ئەو ڕاستیەیە، كە فەلسەفەی وجوودی حیزبی لەسەر داڕێراوە، واتە پەیامی ئاشتی و ئاشتیخوازی لە پێناو قازانج و بەرژەوەندی نەتەوەیی و دەستبەركردنی مافە نەتەوایەتییەكانی هەموو نەتەوەی كورد و لە هەمان كاتیشدا نەسرەوتن تا سەركەوتن بۆ گەیشتن بە ڕزگاریی و دابین كردنی ئازادی و دێموكراسی بۆ دیاریی كردنی مافی ڕەوای چارەنووس. بۆیە لە ئەگەری هەر پەرچەكردارێكی نابەپرسیارانەدا لە هیچ چەشنە بەرگرییەكی ڕەوا سڵ ناكاتەوە و ئەمەش لە پێناو ئەو ڕاستییەدایە كە حیزبی دێموكراتی لەسەر دامەزراوە.