"an independent online kurdish website

ئەو قەیران و ئالۆزیانەی لە ماوەی چەن رۆژی رابردوودا لە نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و چەکدارانی پێ کاکا دا روویدا، جارێکی دیکەی ئەو زەنگە مەترسیدارەی وەبیر هەموان هێنایەوە کە هێشتا ئەو هەستە زێدەخوازییەazad-shexi

لە ناخی زۆرێک لە هێزە چەکدارە کوردییەکاندا ماوە، دەریدەخا ئەو هێزانە نەیانتوانیوە حەرام بوونی شەری براکوژی لای خۆیان پەسەند بکەن.

نامهەوێ لەسەر چەندو چۆنی ئەو شەرو تێکهەڵچون و پالامارەی چەکدارانی پێ کاکا بۆ سەر پێشمەرگەکانی حدکا قسە بکەم، بەڵکو زۆتر دەمهەوێ لەسەر ئەو ئەرک و وەزیفانە قسە بکەم کە هێزو لایەنی بەشەکانی جۆراوجۆر لەسەر خەبات و وەزیفەی نیشتمانیان هەیانە.

هیچ قسە لەسەر ئەوە نیە کە پێ کاکا وەک هێزێکی خەباتکار لە باکووری کوردستان، هەموو هەوڵەکانی خۆی چر بکاتەوە بۆ بە دەست هێنانی سەرەتایترین مافەکانی کورد لەو بەشە لە کوردستان، هەوڵ و خەباتی ئەم پارتە کوردییە لە باکووری کوردستان تا ئێستا توانیویەتی زۆر دەسکەوت و دەرفەتی باش بۆ ئەوبەشە لە نیشتمانی کوردان برەخسێنی، لە لاێکی دیکەوە بە کردەوە کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا پالپشتی خەباتی رەوای کوردیان کردوە لە باکووری کوردستان.

خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرجاران لە پێناو پشتیوانی لە خەباتی رۆڵەکانی کورد لە باکوری کوردستان قوربانیان داوە،ئەم پشتیوانیکردن و قوربانیدانە بەو مانایە نەبوەو نیە کە پێ کاکا پێوابێ خەڵک دەیانهەوێ پێ کاکا ببێ بە پێشەنگ و وەسیلەی چارەسەری کێشە نەتەوایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بەداخەوە پی کاکا ئەم جۆرە پشتیوانیانەی بە هەڵە لێکداوەتەوە. هەلەی گەورەی پێ کاکا لەوەدایە کە مانەوەی خۆی لە دژایەتی هێزەکانی دیکەی کورد دا دەبینێ.

ئەوەی لە ماوەی رابردوودا روویدا بە دوور لە هەر جۆرە دەمارگیرێکی ناوچەیی، هەلگری سیاسەتێکی پاوانخوازانەی پێ کاکایە کە بە کردەوە رێگری دەکا لە چالاکی تێکۆشەرانی کرد لە بەشەکانی دیکەدا.

ئەگەر بە خێرایی ئاور لە کردەوەکانی پێ کاکا بدەینەوە بەرانبەر بە پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەداخەوە رابردوێکی تەواو ئاڵۆزو زێدەخوازانە و تەنانەت زۆرجاران کردەوەکانی چونەتە خزمەت پەک خستنی خەباتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ە کێشە سازکردن بۆ خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستان.

هەموان چاک ئەو راستیە دەزانین کە تا ئەو کاتەی پی کاکا لە رۆژئاوای کوردستان جێگیر ببو و بنکەو بارەگاکانی لە رۆژئاوایی کوردستان بوو، نەک هیچ باسێک لە کورد لە رۆژئاوای کوردستان نەدەکرا، پێی وابوو دژایەتی دەولەتی سوریە لە بەرژەوەندی کورد دا نیە نابێ دژی بوەستێتەوە، تەنانەت ئەگەرخەلکی کوردی رۆژئاوای کوردستان وەک چەکداری پێ کاکا کاری بکردبایە وەک سەربازی بۆ دەوڵەتی سوریە بە حەسێب دەهات و دەوڵەتی سوریە ئەو کەسانەی نەدەبردە سەربازی. ئەنانەت بە کردەوە دەستیان لە بوونی کوردستانیبوونی رۆژئاوای کوردستان شۆردبەوەو ببون بە بەشێک لە سیاسەتی ئینکاری کورد لە رۆژئاوای کوردستان.

لە باشوری کوردستانیش هەرجارەو بە بیانوێک کێشەو سەر ئێشەیان بۆ خەڵک و حیزبەکانی ئەو بەشە ساز کردوە، شەری براکوژی نێوان پێ کاکا و هێزەکانی باشوری کوردستان ناکرێ حاشای لێ بکرێ. بەکوشتدانی هەزاران رۆلەی کورد لە سەر تەپۆلکەێک ببوە بەشێک لە سیاستەتی ئەو هێزە، پێیان وابوو تا شەهیدیان زۆر بێ خۆشەویستیان زیاترە.

بە نیسبەت کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێ کاکا وەک هێزێکی کوردی باکووری کوردستان کە ژینگە سیاسیەکەی دەبێ باکووری کوردستان بێ، بە کردەوە لە زۆر قۆناغی جۆراوجۆردا مەیدانی خەباتی خۆی گواستەوەتەوە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، کێشە لەوەدا نیە کە ئەگەر خەباتی ئەوان خزمەت کردن بێ بۆ بەروپێشچوونی دۆزی رەوای کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دڵنیاییەوە جێگای رێز دەبوو، بەڵام هەر لە شەهیدکرانی پۆلێک پێشمەرگەی یەکیەتی شۆرشگیرانەوە بگرە تاوەکوو، پەلاماری تەبلیغاتی بۆ سەر هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان نمونێکی زۆر بچوکن بۆ ئەو گۆمان و گریمانانەی کە پێ کاکا نەک نەیتوانیوە خزمەت بە بەروپێشچوونی خەباتی کورد لەو رۆژهەڵاتی کوردستان کا، بەڵکوو بە کردەوە خەباتی ئەو بەشەی چەواشە کردوە. هەوڵدان بۆ ناشیرینکردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێک بوە لە سیاسەتی بە کردەوەو تەبلیغاتی پێ کاکا. دەیان نمونەی جۆراوجۆر هەن کە پێ کاکا دژایەتی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی دێمۆکرات و کومەڵەی خستبۆتە پێش خەبات دژی داگیرکەرانی کوردستان.

ئەوەی لەم تێکهەڵچوونانەدا کە لە چەن رۆژی رابردوودا روویداوە، دەری دەخا پێ کاکا وەک سنوورپارێزێکی باش کاردەکا و رێگری دەکا لە خەباتکارانی کورد بۆ درێژەدان بە چالاکی سیاسی و تەبلیغاتی خۆیان، خراپتر لەوەش بە بێ دوودڵێ سڵ ناکاتەوە لە کوشتنی کوڕی کورد، بە بێ ئەوە تۆمەت لە پێ کاکا بدەم، بەڵام بەراستی ئەم کردەوەی پێ کاکا خزمەت بە چ لایەنێکی بزوتنەوەی کورد دەکا؟ جیا لە خۆش خزمەتی بە کۆماری ئیسلامی.!

پرسیارێکی گەورە کە بۆ هەموو لاێک درووست دەبێ ئەوەیە، بەراستی بۆچی پێ کاکا بە ئاشکرا دەتوانێ چالاکی هەبێ لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تێیدا بحەوێتەوە، بەڵام هیچ هێزێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی دێمۆکراتەکان ناتوانن بۆ کورت ترین ماوە بە بێ پەلامار و هێرشی کۆماری ئیسلامی تێیدا بحەسێنەوەو کاری سیاسی و تەشکیلاتی خۆیان بکەن؟.

ئەگەر خەبات بۆ پێشگری لە چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بۆچی پێ کاکا لە باتی هاوکاری کردن رێگر دەبێ، ئایا ئەمە سازانێک و جۆرێک وەفای بە عەهد نییە بەرانبەر بە دەسەڵاتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی؟.

دوا وتە

رووداوەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردوو دەریدەخا ئەگەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەتوانن یەکگرتوانەتر چالاکییەکانیان رێک بخەن ئەوە داهاتووی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان دەکەوێتە نێوان بەرداشی زێدەخوازانەی پێ کاکا و زۆر هێزی نووستوو بێدەنگی ناوچەکە، کە بەروالەت خەمخۆری خەباتی کوردن لە رۆژهەلاتی کوردستان.

 

ئازاد شێخی// فینلاند

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی