خەبات لەهەر بەشێکی کوردستان بەردەوام کاریگەریی راستەوخۆی هەبووە لەسەر بەشەکانی دیکە و هێزێکی بەشێک لە کوردستان گەر لە ژێر گووشاردا بووە، پەنای بردووە بۆ بەشەکەی دیکە و هەردەم ئەو بەشانەی کوردستان پەناگەی یەکدی بوونە.
سمکۆی شکاک دەچێتە سلێمانی و بەخێرهێنانێکی فەرمی بۆ دەکرێ لە لایەن شیخ مەحموودی نەمرەوە، ناوچەی هەورامان و جافایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەبنە پاڵپشت و هێزێکی بەرین بۆ هاوکاریی شێخ مەحموود لە دژی هێزەکانی بریتانیا، بارزانییەکان لە دژی تورکیە و عێراق دەکەونە جەنگەوە و لەو دوو وڵاتە دەکەونە بەر زەبر و زەنگ و دەسبەسەربوون و هاوکات لە ساتێکی هەستیاری مێژووییدا دەچنە مەهاباد و وەک خانەخوێ دەبنە کۆڵەکەیەگی گەورە بۆ کۆماری کوردستان لە مەهاباد، کوردی باشوور ئاوارە دەبن و رۆژهەڵات دەبێتە پاڵپشتیان و ژیان و ماڵ و حاڵ دەخەنە خزمەتیان، دیسان باشوور دەبێتە ماڵێک بۆ رۆژهەڵاتی و باکووری و باشووری رۆژئاوا.
ئەمانە و دەیان نموونەی دیکە لە هاوسۆزی نەتەوەیی لە مێژووی ئێمەدا هەبووە.
خاڵێک کە نامۆیە لە مێژووی ئێمەدا ئەوەیە کە هێزێک لە پڕێک لەسەر ماڵی خانەخوێ، داهێنانێکی جوغرافی دەکا و ناو و ناتۆرە دروست دەکات و بە بەهانەی “هەرێمی مێدیا” ئەبێتە خاوەن ماڵ و خانەخوێ بێبەری دەکات لەوەی بچێتەوە نێو ماڵی خۆی.
گەر سەرنجێکی وردی رووداوەکان بدەین، پەکەکە بە کردەوە خزمەتی گەورەی بە کۆماری ئیسلامی کردووە لەو بوارەدا کە زۆر خێرا کەوتە سیخوڕی بۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامی و شوێنی بوونی هێزەکانی حیزبی دێموکراتی ئاشکرا کرد بەو شەڕەی کە فرۆشتی.
دووەم ئەوەی کە پەکەکە وێڕای ئەوەی لە یەکەم هەنگاوەکاندا خۆشخزمەتی بە کۆماری ئیسلامی کرد، شانسێکی دیکەی هێشتا هەیە و ئەویش ئەوەیە بیسەلمێنی کە بەکرێگیراوی کۆماری ئیسلامی نییە و حیزبێکی نەتەوەیی سەربەخۆیە. ئەوەش تەنیا لەو رێیەوە دەکرێ کە سنوورەکان بۆ کۆماری ئیسلامی نەپارێزێ و جەنگ لە دژی هێزەکانی حیزبی دێموکرات نەکات.گەر بە پێچەوانەی ئەوە رەفتار بکات، ئەبێ خۆی زیاتر وەک هێزە بەکرێگیراوەکانی سەر بە رێژیمی ئێران کە ئێمە بە جاش پاسدار ناویان دەبەین، بناسێنێ.
پەکەکە تەنانەت روحم بە دەنگ و رەنگی “رووداو” ناکات و زۆر زوو دەیانکا بە داردەستی ئەملا و ئەولا، ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو دەنگ و رەنگە زۆر بە وردی بست بە بستی کوردستان پێکەوە گرێ دەدات و راستییەکان بۆ خەڵک روون دەکاتەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان کە دەیەوێ ئێستا لە باتی ” ناسا”لە گۆی ” مریخ” یش ” کانتۆن” دروست بکات، ئیزن بە دەنگ و رەنگێک نادات تەنانەت ئاماژە بە هەواڵەکانیش بکات و ناو و ناتۆرەیان وەپاڵ دەدات.
ئێوە ئێستا لە ژێر رکێفی ئێراندا کار دەکەن، هەربۆیە دەبێ ئەو پەندە باش بزانن کە دەڵێ: نازانم بە سوێندی حەزرەتی عەباست باوەڕ بکەم یان کلکی کەڵەبابەکە!؟
دەم لە نەتەوەیی بوون دەدەن، جێپێی دیاکۆکان دەگرنەوە و پاشکۆی مێدیا و فەلسەفەی گۆڕانی جیهان و ناوچەکە بە دووی خۆتاندا دەکێشن، کەچی لە ماڵی خانەخوێ، دەبنە مڵۆزم بۆ ویستی نەتەوەکەتان لەو پارچەیەی کە ئێوە میوانیانن.
ئێوە ئەبێ بیسەلمێنن کە لەگەڵ کوردن یان دژی کوردن! ئێوە ئەبێ کۆتایی بەوە بێنن کە بەو بیرە شپرزە ناجێگیرانەی کە هەتانن ئاڵۆزی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دروست بکەن.
مەنسوور عەزیزی