"an independent online kurdish website

کاتژمێر ١ی دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی کۆڕێکی رێزلێنان بۆ شەهید قادر کەریمی لەلایەن کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکرات بە هاوکاری یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.yadi-qader-kerimi-stockholm-00

لەو کۆڕەدا هەیئەتیکی ڕێبەری حیزب لە دەرەوە کە پێک هاتبوو لە بەڕێزان ” مامۆستا مەلا حەسەن شێوەسڵی، مەنسوور عەزیزی و لوقمان ئەحمەدی” و هەروەها نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە وڵاتی سوید، کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات تێیدا بەشدار بوون، رێز لە خەبات و تێکۆشانی شەهید قادر کەریمی گیرا و هێرشی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا ” پ ک ک ” بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات رەخنەی لێگیرا و شەهید و بریندارکرانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتیش مەحکوم کرا.

سەرەتای کۆڕەکە بە سروودی نەتەوایەتی ” ئەی رەقیب ” و خولەکێک بێدەنگی راوەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و بەتایبەت نوێترین شەهیدی دەستی غەدر و تاوان شەهید ” قادر کەریمی ” دەستی پێکرد.

دواتر ژیاننامەی شەهید قادر کەریمی لەلایەن خاتوو ئاوارە جەلالی خوێندرایەوە. پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە وڵاتی سوید لەلایەن بەڕێز ” ئەنوەر کاکایی ” بەرپرسی کومیتە خوێندرایەوە. بەڕێز کاکایی لە پەیامەکەیدا وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر مەحکومکردنی ئەو کردەوەی ” پ ک ک ”  هیواخواز بوو کە هەنگاوی جیددی و ئاشیخوازانە لە رێگای گفتووگۆ و یەکتر قبوڵکردنەوە  لەلایەن رێبەرایەتی  پارتی کرێکارانی کوردستانەوە  بگیرێتە بەر و گەلی کورد بەگشتی و کوردستانی رۆژهەڵات بەتایبەتی بەرە و پێشهاتی نەخوازراو و ناخۆش پەلکێش نەکرێ.

دواتر ” فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان ” لە وڵاتی سوید بەو بۆنەیەوە پەیامێکی هاوخەمی و پشتیوانیان بۆ حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهید قادر هەبوو کە لە لایەن بەڕێز ” سەلام جزیری”یەوە خوێندرایەوە.

پارتی سۆسیالیستی کوردستانی تورکیا لەژێر ناوی “نابێت پ. ک. ک. ببێتە پارێزەری سنوورەکان” پەیامێکی هاوخەمیان گەیاندە دەستی بەڕێوەبەرانی کۆڕەکە  لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆڕەکەوە خوێندرایەوە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بەو بۆنەوە پەیامێکی تایبەتی ئاراستە کردبوو، کە لە لایەن بەڕێز ” چیا عەلیار”ەوە خوێندرایەوە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- کۆمیتەی ستۆکهۆڵم، هاوخەمی خۆیان بۆ حیزبی دێموکرات و نیگەرانیان لە رووداوەکەی کێلەشین لە لایەن پ. ک. ک.ەوە لە پەیامێکدا پێشکەش بە بەشداران کرد کە لەلایەن بەڕێز “عەلی ئاشناگەر” ەوە خوێندرایەوە.

مەنسور عەزیزی ئەندامی کومیتەی ناوەندی بەرپرسی گشتی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشدارانی کۆڕەکە کرد و لە وتەکانیدا وەڵامی هەموو ئەو دەنگۆ و پرسیار و رەخنانەی دایەوە کە پارتی کرێکارانی کوردستان و لایەنگرانیان سەبارەت بە رووداوەکەی کێلەشین حیزبی دێموکراتی پێ تۆمەتبار دەکەن.

بەڕیز عەزیزی لەگەڵ هەڵدانەوەی لاپەڕە زێڕینەکانی حیزب کە بە ئاکامی سیاسەتی راست و بوونی ستراتیژی نەتەوەیی دەزانی، پێداگری دەکردەوە کە حیزبی دێموکرات لە قۆناغە جیا جیاکانی خەباتیدا ئەو راستییەی سەڵماندووە کە سەربەخۆیی سیاسی حیزبەکەی بە هەر نرخێک بێت دەستبەرداری نابێت و نیشانی گەلی کوردی داوە کە هەنگاوەکانی هەردەم لە راستای پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و دۆزی کوردا بووە.

کاک مەنسوور لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی کرد بە گرنگی جوڵانەوە و پشتیوانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاودەنگی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەرز نرخاند و رێگرتن بە جموجۆڵی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەژێر هەرناوێکدا بە پێشێل کردنی ماف پێناسە کرد.

ناوبراو دڵنیایی دا بە بەشدارانی کۆڕەکە کە خوێنی شەهید قادر هاندەری سەرەکییە بۆ سووربوونیان لەسەر چوونەوە بۆ نێوخۆی کوردستانی رۆژهەڵات و بۆ ئەو مەبەستەش لەو شوێنانەی ئێستا پێشمەرگەکانیان لێ جێگیر کردووە بە هیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ گوشارێکدا ناکشێنەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا هۆنراوەیەک لەلایەن مەلا محەمەد بەگزادەوە خوێندرایەوە.

سروودی ” دایک ” بە دەنگی خۆش و هەست بزوێنی ” عەلی ئیسوەند” بۆ گیانی پاکی شەهید قادر کەریمی خوێندرا.

دواتر سروودی ” ئەی شەهیدان” لەلایەن کۆرسی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا.

چەندین بروسکە و پەیامی هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ ئەم بۆنەیە گەیشتبوون کە لەبەر نەبوونی کات تەنیا ئاماژە بە ناوەکانیان کرا.

بزوتنەوەی گۆڕان – سوید.

یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ سوید.

یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران – سوید.

ناوەندی یەکیەتی کوردان – سوید.

چالاکانی مەدەنی یارسان لە سوید.

 

کۆڕی رێزلێنان لە شەهید قادر کەریمی کاتژمێر ٣ی دوا نیوەڕۆ کۆتایی پێهات.

شایەنی باسە دوای چەند رۆژ لە گەمارۆدانیان بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پ. ک. ک.) لە ناوچەی کێلەشین هێرشیان کردە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە ئاکامدا پێشمەرگەیەک بە ناوی قادر کەریمی شەهید بوو و سێ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. ئەو رووداوە شەپۆلێک نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێنا لە هەمبەر سیاسەتی هەڵە و توندوتیژی پ. ک. ک. و هاوکاتیش هەریەکە لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، کەسایەتی و چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی بە شێوەی جیاواز و لە رێگەی خۆیانەوە ئەو کردەوەیان مەحکوم کرد و هاوسۆزی خۆشیان بۆ بنەماڵەی شەهید قادر، بریندارەکان و حیزبی دێموکرات دەربڕی.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ سوید

تکایە بۆ وێنەکان ئێرە کلیک بکەن 


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی