"an independent online kurdish website
لێرە و لەوێ دەبینین کە پێنووس بەدەستانی سەر بە پەکەکە کە – ئەوەندەی من دەبینم- خەڵکی باشووری کوردستانن، کەوتوونەتەوە نووسین لە سەر باسێکی هەستیار کە باسی کورد بە گشتی دەگرێتەوە.

k_chomani
کەمال چۆمانی یەک لەو کەسانەیە کە دەنووسێ و هەوڵیداوە  هەندێک لایەنی ئەو باسە روون بکاتەوە. من بە پێویستی دەزانم کە لەسەر قسەکانی ناوبراو چەن شتێک بە سەرنجدان لەسەر قسەکانی ناوبراو بخەمە بەردەست جەنابیان و هەموو ئەوانەی کە ئاوا بیر دەکەنەوە.

کەمال چۆمانی لە گووتارەکەیدا لە یەک رستەیدا دەڵێ: رووداوی کێلەشین ئەمڕۆش رووی نەدابا سبەی لە شوێنێکی دیکە هەر رووی دەدا و هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ گووتاری حیزبی دێموکرات و پەکەکە لەم چەند ساڵەی دواییدا  و بە گووتەی ئەو ،دوژمنایەتیی یەکتریان پێوە دیار بوو.
پرسیار لێرەدایە کە بۆ ئەوان پێیانوایە کە ئەو دوو لایەنە گرژییان پێوە دیار بووە لە دژی یەکدی، لە کاتێکدا ئەوەندەی هەموو لایەک ئاگادارن حیزبی دێموکرات هیچکات نەک هەر گرژ نەبووە بەرانبەر بە پەکەکە بگرە بەردەوام هەوڵی داوە زیاتر لەو حیزبە نزیک بێتەوە و وەک حیزبێکی خەباتکار چاوی لێکردووە.
جەنابیان جگە لەوەی کە بووە بە غەیب زان و لە باتی حیزبی دیموکرات و پەکەکە قسەی کردووە، وردە وردە کە شۆڕ دەبێتەوە بە گووتارەکەیدا زیاتر رووی خۆی دەردەخا و هەڵوێستەکانی نزیک پەکەکە دەکاتەوە و دەکەوێتە دژایەتیی حیزبی دێموکرات.
چۆمانی لە پاراگرافی دووەمی نووسینەکەیدا ئاوا دەڵێ:
کۆی ناوچەکە دەکوڵێت. هەر گرووپێکی بچووکی چەکدارییش، دەتوانێت مەترسی بێت بۆ گرووپی بچووکی گەورەی نادەوڵەتی و دەوڵەتی. لە ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەکرێت گرووپێکی چەکداری ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هەر گرووپێکی تر. گرووپە گەورەکانیش حەز بە سەرهەڵدانی گرووپە بچووکەکان ناکەن!
چۆمانی باز دەدات و دەگاتە گۆڕەپانێکی بەرینتر و دەیکات بە پێگە بۆ قسەکانی و ئەیەوێ لەو سۆنگەیەوە ئاماژە بەوە بدات کە: ١. پەکەکە هێزێکی گەورەیە و بە پێی بارودۆخی ناوچەکە ئەو گوروپە گەورەیە پێدەچێ کێشەی بۆ دروست بێ لە لایەن گوروپێکی چووکەوە و لە روانگەی ئەویشەوە گوروپە چووکەکە حیزبی دێموکراتە! ناوبراو هەروەها دەلێ گوروپە گەورەکان حەز بە سەرهەڵدانی گوروپە چووکەکان ناکەن!
بەو پێیە، یەکەم ئەوەی کە پەکەکە کەسی دیکە جگە لە خۆی قەبوول ناکات و نایەوێ کەسی دیکە لە دژی گەورەیی ئەو بوەستێتەوە. هەر بەو پێیە، هۆکاری بنەڕەتی بۆ سەرهەڵدانی تەقەکە کۆمەڵە بووە نەک حیزبی دیموکرات.
لێرە نووسەر چەند فاکتی گرنگی لەبیرچووە لە ئاماژەدان بە گوروپ و پێناسەکردنی گوروپ. یەکەم ئەوەی کە ئەوەندەی حیزبی دێموکرات خاوەن رەگ و ریشەی مێژووییە لە نێو نەتەوەی کورددا و ئەوەندی ئەو حیزبە سەروەری دروست کردووە و بۆ گەلەکەی، ئەوەندەی ئەو حیزبە لە ئاستی سەربازی و دێبلوماسیدا توانیویەتی خۆ بنووێنێ و دۆزی رەوای نەتەوەکەی بە هەمووان بگەیەنێ، قەت پەکەک نەیتوانیوە! ئەوان وادیارە پێیانوایە ئەو حیزبی دێموکراتە لە مێژوودا جێماوە وئەمەی ئەمڕۆ ئەو حیزبەی جاران نییە! کاک چۆمانی دەبێ دڵنیابن کە حیزبی دێموکرات دە هێندەی ئەوەی جاران بەهێزە و ئەوەش بە چاوانی خۆی دەبینێ.
چۆمانی لە نووسینەکانیدا بە بێ ئەوەی ئەلفبای باسەکەی هەڵسەنگێنێ ئاوا دەڵێ:
دەوڵەتان ناتوانن سنوورەکان بپارێزن، تەنانەت ناتوانن ناو سەنتەری شارەکانیش بپارێزن. بەڵام دواجار ئەو گرووپ و ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییانە سەردەکەون کە پڕۆژە و ستراتیژیی ماوە-درێژیان هەیە. لەو چوارچێوەیەدا، پێکدادانی حدکا و پەکەکە هەر پێکدادان نییە لەسەر گومرگ، پێکدادانە لەسەر پشک، مێژوو، سنوور، داهاتوو و بوون بە هێزی رۆڵبینەر لە گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا. حدکا دەیەوێت چیتر لەوانەدوانەکەوێت، بەڵام پاڵنەرەکانی، شوێن و کاتەکەی، ئەوانەش پشتیوانی بوون، بژاردەی باش نەبوون.
باشە مەبەستت لەوەی کە دەوڵەتان ناتوانن سنوورەکان بپارێزن، لێرەدا ئەوەیە کە ئەوە پێکاکەیە ئەو گوروپەی کە دەبێتە پارێزەری ئاسایشی ناوەند و ئەبێ فاکتۆری سەرەکی بێ بۆ دروستکردنی ئاڵترناتیڤ؟ وەڵام گەر بەڵێیە، دەبێ ئەو سەنتەرەی ئێستا سنوورەکانی بۆ دەپارێزێ، کوێ بێ؟ ئێوە ئەڵێن پەکەکە ستراتیژیی ماوە درێژی هەیە؟ پێم ناڵێی کامەیە ئەو ستراتیژییە ماوە درێژە کە دەبینین ئێستا سەرەتاکەی پڕە لە ملهوڕی و خۆسەپاندن و کوشتن و تۆقاندن؟
بە پێچەوانەی رای نووسەر، لە روانگەی منەوە پەکەکە زیاتر وەک گوروپێکی مافیایی عەمەل دەکات کە لە سنوورەکانی ئێراندا تەنیا نەقشی سپای پاسداران دەگێڕی و ئێران دەیەوێ هەردەم بیکاتە کارتی گووشار بۆ سەر تورکیە و لە روانگەی پان ئێرانیشتیشەوە ئێرانییەکان دەیانەوێ پەکەکە بکەنە خالی وەرچەرخان لە مێژووی کورددا بۆ لکاندنی کوردستان بە ئێرانی باستانیی خۆیانەوە.
چۆمانی کە قسەکانی وا نیشان دەدا سەربە پەکەکە و سپای پاسدارانی ئێرانە، دێتە سەر باسی رووداو و دەڵێ کاناڵێک کە سەر بە پارتی دێموکراتی کوردستانە! ناوبراو وا هەست پێدەکرێ کە ناڕازییەکی توندی پارتی دێموکراتە و پەنا بۆ هەر جنێو و قسەیەکی ناشیرین دەبا تا دژی پارتی قسە بکا و بە هۆی ئەوەشەوە دێت تەڕ و وشک پێکەوە دەبەستێ و روحم بە مێژووی حیزبی دێموکرات ناکات و کوێرم شەلم ناپارێزم هەڵدەکوتێتە سەر حیزبی دێموکرات و بە پارتییەوە گرێی دەدا!
کاک چۆمان ئەوە دوورە لە ئەخلاقی داوەریکردنەوە کە لەبەر هەڵواسراویی خۆتەوە بە بیرێکی کاڵفام و لاواز و دژە نەتەوەییەوە دادەڕوخێیتە سەر رابردوو و پێناسەکانی حیزبی دێموکرات؟ ئایا شەرم لە کوردی رۆژهەڵات ناکەی کە ساڵانێکی زۆر لە پێناو باشوور و هەموو حیزبەکانی ئەو بەشە لە کوردستان و باکوور، قوربانییان دا و ئازاریان دیت؟
چۆمانی بووە بە غەیب بێژ و دەڵێ ئامانجی ئەو حەرەکەتەی حیزبی دێموکرات دوو شت بوو، یەکەم ئەوەی پەکەکە و حیزبی دێموکرات بدەن بە گژ یەکدا و دووەم ئەوەی کە کاریگەریی مەنفی لەسەر هەڵبژاردنەکانی تورکیە دابنێن. باشە گەر جەنابت ئەوەندە رەوان بێژ و غەیب بێژی، چۆنە کە حیزبەکەت دوور نەیڕوانی و لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک غەیب گۆی وەک ئێوەی هەبوو ، تەقەی لە پێشمەرگەکانی حیزب کرد؟ دووەم ئەوەی کاکی رەوانبێژ، پێم ناڵێی بۆ ئەبێ جوڵەی حیزبێکی دێموکراسیخواز لە دژی رێژیمێکی دیکتاتۆر، ئەوەندە زەربە بە دەنگدانێکی دێموکراتیکی وڵاتێکی دیکە بکات، ئەویش بە زیانی دێموکراسی؟ بە پێچەوانەی ئێوە، من پێموایە گەر لە تورکیە بە شێوەیەکی دێموکراتیک دەنگدان دەچێتە پێش، تەقەی دەستی دێموکراسیخوازان لە دژی دیکتاتۆرییەتی ئێرانی، هاندەری بزووتنەوەی دێموکراتیکی تورکیەیە نەک لە دژی.
هەندێک لەو بەناو نووسەرانە ،پەکەکە دەکەنە هێزی لەبنا نەهاتوو و هاوکات گەر مێرولەیەک لەسەر بەردە بچووکێکی قەندیل بجوڵێ، ئەڵێن ئەو مێرولەیە بە مەبەستی تێکشکاندنی پەکەکە کەوتۆتە جووڵە! ئەوان لەوە دەترسن تا بگات بەوەی کە حیزبێکی گەورەی وەک دێموکرات هێزی گەلیی خۆی وەگەر بخات و بیەوێ بچێتەوە سنوورەکانی وڵاتی خۆی! باشە بە من ناڵێن ئەم پاڵەوان فس فسەی ئێوە چییە کە وەک بەفری بەر هەتاوی هاوین هەر چرکە دەترسن  بتوێتەوە؟
چۆمانی دەبێتە حەکیم  و رێ لە حیزبی دێموکرات دەگری و دەڵێ حیزبی دیموکرات بە ویستی خۆی بووبێ یان نا، زەرەمەندی یەکەمە! کاکی برا لە خۆی تێناگا کە لەو وتارە پڕ دژبەرییەی جارێک دەڵێ حیزبی دیموکرات هاندراوە و جارێک دەڵێ لەوانەیە خۆی وەجووڵە کەوتبێ. پرسیار ئەوەیە کە کاکی من تۆ بۆ هێندە ترست لێنیشتووە و لە لایەک تکا دەکەی و لە لایەک هەڕەشە،کە حیزبی دێموکرات تکایە مەچۆوە قەندیل! تکایە مەچۆرەوە نێو خەڵکی خۆت! نازانم بۆ ئێوە هێندە روودارن و دەتانەوێ رێگە بۆ خەڵکی رۆژهەڵات دابنێن کە چی بکەن؟ 
ئێوە بەو قسانەتان هەم تۆمەت دەدەن لە حیزبی دێموکرات و هەم تەوهین دەکەن! ئێوە نازانن کە خەڵکی رۆژهەڵات ئامادەن لە پێناو باوەڕەکانی حیزبی دێموکراتدا قوربانی بدەن و وەجووڵە بکەون؟ ئێوە نازانن کە بە قەوڵی خۆتان ئەو حیزبە کە ٢٥ ساڵە هیچ هەنگاوێکی نەناوە لە بەر چی بووە و ئیستا کە ئەیەوێ هەنگاو هەڵێنێ، لەبەر چییە؟
چیدی تەوهین بە حیزبی دیموکرات مەکەن و بزانن کە حیزبی دێموکرات ستراتیژیی خۆی هەیە بۆ جوڵەکانی و لە راستیدا ئەوە ستراتیژیی حیزبی دێموکراتە کە هێزە ناوچەیی و کوردستانییەکانی خستۆتە چوارچێوەی کاریی خۆیەوە.
ئێوە بە لاتانەوە رەوایە پەکەکە هەر کارێک بکات و لەگەڵ هەر کەس کە پێی خۆشە دابنشێ! ئێوە پێتان رەوایە کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ژێر جاودێریی میتدا هەر کات دەیەوێ بەیاننامە بدات و قسە بکات، ئێوە بە لاتانەوە رەوایە کە پەکەکە هەر کەسێک کە پێی خۆشە دوژمنایەتیی بکات یان دۆستی بێ! باشە ئەو مافە کێ داویەتی بە ئێوە کە هەرچیتان پێخۆش بوو دەیڵێن و دەنووسن و تەوهین دەکەن!
لەبەرچی دوژمنایەتییەکانی خۆتان لەگەڵ پارتی دێموکراتی کوردستان دەکەنە هۆکار بۆ پاساوی هەموو کارە ناشیرینەکانی خۆتان و تەوهین بە گەورەیی حیزبی دێموکرات و خەڵکی رۆژهەڵات!
نووسەری بابەت دەڵێ:
بەڵام دیسانیش لە ٢٠١١ وە، رێککەوتنێک لەنێوان پەکەکە و ئێراندا هەیە کە لە بەرامبەر ڕاگرتنی تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان، ئەوا نابێت هیچ هێزێک لە سنووری پەکەکەوە ئۆپەراسیۆن دژ بە کۆماری ئیسلامی ئەنجام بدات. ئەو رێککەوتنە لە کاتێکدا کرا کە پەکەکە لە سووریا و تورکیا لە شەڕدا بوو، دۆخی پەکەکە لەوپەڕی خراپیدا بوو. پەکەکە نەیدەتوانی بەرەی شەڕی لەگەڵ وڵاتی سێیەمیشدا فراوان بکات بەتایبەت کاتێک بینی سوپای تورکیا و ئێران بەهاوبەشی ئۆپەراسیۆن دژ بە پەکەکە ئەنجام دەدەن. ئەمە وایکرد، پەکەکە باشتر خۆی بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان رێک بخاتەوە، وەک بینیشمان کە ڕۆژئاڤای کوردستان ئێستا بۆتە واقیعێک و ناتوانرێت لە داهاتوی سووریادا، کورد لەوە کەمتری پێببەخشرێت کە ئێستا بەدەستی هێناوە. پەکەکە چالاکییەکانی پژاکیشی لە سنووری خۆی ڕاگرت.
پێم ناڵێی بۆ باس لەوە ناکەی کە:  پەکەکە بە پێی ئەو رێکەوتنانەی بە ئاشکرا و نهێنی لەگەڵ رێژیمی ئێران کردوویەتی، ناتوانێ لە خزمەت ئەو رێژیمەدا نەبێ! پاشان پێم ناڵێی بە کام مافەوە پەکەکە لەگەڵ رێژیمێک کە ١٣ میلیۆن کورد دەچەوسێنێتەوە بە قازانجی خۆی رێک دەکەوێ. ئەو رێکەوتنە ئەوە بوو کە ژمارەیەک پێشمەرگەی یەکیتی شۆڕشگێڕان بکەنە قوربانی و خۆشخزمەتی بە کۆماری ئیسلامی بکەن؟ پێم ناڵێی ریژیمی ئێران کە لە داڕشتنی ستراتیژی و داگیرکاری و چاوچنۆکیدا باڵادەستی نییە، چۆنە کە هەرێمێکی بە ناوی ئێوە کردووە و دەڵێ لە سنووری ئێوەوە هێرش دەکرێتە سەرم؟ کام هەرێم کام جوغرافیای سیاسی و کام رێکەوتن؟ شەرم ناکەن پاساو بۆ ئەو شتانە دێننەوە کە لە تەعریفی دروستی خۆیاندا مانای خیانەت دەدەن؟! 
نووسەری رێزدار تۆزێک دەوروبەری خۆت ببینە و جا بدوێ! ئەو ناوچەیەی پەکەکەی لێیە، ماڵ و مڵکی خەڵکی رۆژهەڵاتە! تۆ کە رقت لە پارتی دێموکراتە، بە چ ئیجازەیەک تەوهین بە حیزبی دێموکرات دەکەی؟ دەکرێ منیش ئێستا بێ ئەوەی تۆ باش بناسم و چاک بزانم لە کوێوە دەتەوێ ئامانج بپێکی، تاوانی جاشێتیت بۆ ئێران ، بخەمە سەر لێنووس؟ ئایا گەر بڵێم خەریکی خیانەت دەکەی و لە ئێران و پەکەکەوە پارە وەردەگری، تۆ ناڕاحەت دەبی؟ پیتوایە ئەوە تاوان و تەوهینە؟ گەر وەڵام بەڵێیە، ئەی باشە بۆ ئیزن بە خۆت دەدەی کە تەوهین بە حیزبێکی گەورەی وەک حیزبی دێموکرات بکەی کە هەموو جوڵەکانی هەمیشە سەربەخۆ بووە و قەت نەبۆتە کلکی خەڵکی دیکە و هیچ  دەسەڵاتێکی ناوچەیی؟
چۆمانیی بەڕێز، حیزبی دێموکرات هەردەم گوێ بۆ خەڵکی خۆی دەگرێ و ئەوە داوای بەدەنەی ئەو حیزبە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە رێگەیەکی نوێ بۆ خەبات بدۆزێتەوە و رێگە بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکەکەیدا لە پیوەندیدا بێ. 
پاشان پرسیارێکت دەدەمێ کە هەندێک بیری لێبکەیەوە! ئەویش ئەوەیە کە، بە قسەی ئێوە پەکەکە زۆر لە مێژە لەو ناوچەیە نیشتەجێێە و ئەو ناوچانە هی ئەون! ئایا ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیە چووە پێش و کێشەی کورد لە تورکیە بەرەو چارەسەری رۆی، ئەودەم پەکەکە دەڵی من لەو ناوچانە ژیاوم و ئەو شوێنانە سەر بە تورکیە یان باکووری کوردستانن؟ ئەوە بە ئیزنی کێ ناوی ئەو ناوچانە دەگۆڕن و خانەخوێ بە بێگانە دەزانن و ناوی ناوچەکان دەگۆڕن! 
لە رستەیەکی زۆر ناشیریندا چۆمانی ئیزن بە خۆی دەدا و رو هەڵماڵاوانە قسە دەکات و دەڵێ:
سەرکردایەتیی ئێستای حدکا بەرپرسە لەو پاشاگەردانییەی حیزب، پێویستە وێنەی خۆیان لەسەر حیسابی ناشیرین کردنی پەکەکە جوان نەکەن.
ئەوە باش بزانە کە سەرکردایەتیی حیزبی دێموکرات ئەوەندە بە بیر و وردبینە کە بە جوڵەکانی خۆی هەمووتانی تووشی شۆک کردووە و دڵنیابە کە تۆ  و پەکەکە و هەموو سەرۆکە ئێرانییەکانیشتان نازانن کە جوڵەی داهاتووی حیزبی دێموکرات چییە و لە نەزم و دسیپلیندا نەک هەر پاشاگەردانی لە نێویدا نییە بگرە ئێوە سەرسام دەکات بە پلانە نوێیەکانی! پاشان تۆ بڕۆ ئاوێنەیەک بۆ خۆت و پەکەکە دابنێ و خۆتانی تێدا ببینن لەبەر ئەوەی سەرتاپای وجودی تۆی کوێربین و پەکەکەی قێزەون زۆر لەوە کەمترن کە حیزبی دێموکرات خۆی بە ئێوەوە جوان بکات!
رۆژهەڵات
نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی