"an independent online kurdish website

شەهید کاک د. قاسملوو فەرمووی:”گەلێک ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئاوا ئازادییەش بدات”. e95af9599010acad1ed35863830aba40af26db51dcb735f04f15705d10d887d5
ئەو نرخەی شەهید کاک دوکتور ئاماژەی پێداوە،لەوانەیە زۆرکەس وەک فیداکاری پێشمەرگە و رووبەروو بوونەوەیان لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان و تەنانەت شەهید و بریندار بوونیان لەی بڕوانێ، بەڵام ئامانجی شەهید کاک دوکتور قاسملوو لەو بەها پیرۆزە زۆر لەوە بەربڵاوترە و واتایەکی گشتگیرتری هەیە،هەرچەند بوونمان بەو خۆڕاگری ، فیداکاری و قوربانی بەخشینی شۆڕشگێرانەوە گرێدراوەو مرۆڤی کورد ناتوانێ حاشای لێ بکات.

نەتەوەیەکی وەک نەتەوەی کورد کە خەبات لە پێناو هێنانەدی مافە رەواکانی دەکات، بێ گومان پێویستی بە مکانیزم گەلێکیشە تا لە خەباتەکەیدا سەرکەوێ کە بەرچاوترینیان بەرێکخراوە کردن و کۆکردنەوەی هەموو ئەو کەسانەیە کە بۆ ئامانجێکی لەوچەشنە خەبات و تێکۆشان دەکەن. ڕکخراوەیەک کە لە هەموو بوارەکاندا پێویستی بە رێکخستن و ئورگانیزەکردنی بەشەکانی هەیە، هەموو ئەوانەش بە بێ هێزی مرۆیی، بونیەی ماڵی، دام و دەزگای خزمەتگوزاری، کەرەسەی ڕاگواستن و پشتیوانی ماڵی نامومکینە.ڕێکخراوەیەکی سیاسی -چەکداری وێرای ئەو پێداویستیانەی پێشتر ئاماژەم پێدا، پێویستی بە ناوەندی ڕاگەیاندن ، چەک و تەقەمەنیی و نەخۆشخانەش هەیە کە هەموو ئەمانەش راستەوخۆ پێویستیان بە پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک دیارترین و لەمێژینەترینی پارتەکانی کوردستان و بەتایبەت کوردستانی رۆژهەڵات قۆناغی جۆربەجۆری بەخۆیەوە بینیوە، هەوراز و نشێوی زۆری دیوە و بە هەزاران کەس لە رێبەر، فەرماندە، کادر، پێشمەرگە ، ئەندام و دۆست و لایەنگری لێ شەهید کراوە، بەڵام هەموو جارێکیش بە ئیمان بە خەباتی رەوای گەلەکەی و پشتبەستن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەروا قورس و قاییم لە گۆرەپانی خەبات و تێکۆشاندان ماوەتەوە. لە قۆناغی ئێستادا کە بە قۆناغی “پەراوێزکەوتنەوەی کوردستانی رۆژهەڵات “لەچاو بەشەکانیتری کوردستان ناوزەد کراوە و گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستان هەڵوەدای هەڵمژینی شنەبایی ئازادیی و رزگاری لەدەست کۆماری ئیسلامین ، حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران بریاریان داوە کە خەبات و تێکۆشانیان چڕتر کەن و پتر لە جاران لەگەڵ خەڵکی نێوخۆی کوردستان لە پیوەندی دابن تا لە ئەگەری هاتنە ئارای هەر جۆرە دەرفەتێک بتوانن ئامادەگی تەواویان هەبێ و لە قازانجی گەلی کورد و مافەرەواکانی ئەو هەلە بقۆزنەوە. بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوێکی گرینگیان هەڵهێناوەتەوە کە پێویستی بە پشتگیری هەموو لایەک هەیە. هەنگاوی ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە کە رێک لێرەدایە فەرموودەکەی شەهید کاک دوکتور قاسملوو لەسەر خەبات و تێکۆشان و نرخی ئازادی دەبێتە باڵانوێنی وەدی هاتنی ئازادی و واتا دەگرێ.
گەلی کورد وەک گەلێکی خوازیاری ئازادی و پێکەوە ژیان هەردەم ئەرکی پشت و پەنا بوونی بزووتنەوەکەی بەباشی بەجێ گەیاندووەو نەرخی بۆداوە، هەر بۆیە لەم قۆناغەشدا بۆ جارێکیتر ئەو ئەرکەی دەکەوێتەوە سەرشان و بەتایبەتیش کە ئاڵ و گۆری زۆر بەسەر ناوچەکدا هاتووە، زۆر دۆستی ئێستای کورد تا چەند ساڵێک بەر لە ئێستا هیچ بڕوایەکیان بە مافی کورد نەبوو یان لە باشترین حاڵەتدا بەرژەوەندی خۆیان لەسەروو بەرژەوەندی کوردەوە دەبینی بەڵام ئێستا یان دۆستی کوردن و یان بەرژەوەندی ئابووری-سیاسی خۆیان لە دۆستایەتی لەگەڵ کورد دا دەبیننەوە، لە پارچەکانیتری کوردستانیش کورد توانیویەتی بەشێکی زۆر لە مافەکانی بەدەست بێنێ و ئەو گۆرانکاریانەش دەلاقەی هیوایان بەرووی کوردی رۆژهەڵات کردۆتەوە و هەموو ئەمانەش ئەرکی تاک بە تاکی ئێمەی رۆژهەڵاتی قورستر دەکات و وەبیرمان دێنێتەوە کە ئەگەر بەراستی خوازیاری ئازادی و وەدی هێنانی مافە ڕواکانمان و دەرباز بوون لە داگیرکاری و ژێردەستەیین، دەبێ قولی هیمەتی لێ هەڵماڵین و بەشداری بەخشینی ئەو نرخە بین کە گەلێکی خوازیاری ئازادی لەپێناو بەختەوەری و رزگاری هەتاهەتایی خۆی دا دەیبەخشێ.
ئەرکی ئێمە لەدەرەوە و ناوخۆی کوردستان ئەوەیە کە بە هەموو توانامانەوە هاوکار و پشت و پەنای بزووتنەوەکەمان بین. بە شێوەیەکی کۆنکریت “بوون بە پێشمەرگە،کۆکردنەوەی یارمەتی ماڵی،یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە و دابین کردنی شوێنی حەسانەوە و شاردنەوەیان، دانی زانیاری دروست لەسەر جموجۆڵی دوژمن،ئاگادار کردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە مەترسییەکان،روون کردنەوەی ئامانجەکانی بزووتنەوەی کورد لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان،لە زانکۆ، لەقوتابخانە ، لە مزگەوت و شەقامەکان، دەربرینی پشتیوانی مەعنەوەی و ورەبەخشین بە بزووتنەوەی کورد و بردنەسەرەوەی موڕاڵی پێشمەرگە، دابین کردنی کەل و پەلی دەرمانی و هەر شتێکیتر کە پێمان وایە لە قازانجی بزووتنەوەکەمانە”لەو ئەرکانەن کە دەبێ بە سەخاوەتەوە لە ئەستۆیان بگرین و بەگیانێکی بەرپرسیارانە و دڵفراوانییە هەوڵی جێ بەجێ کردنیان بدەین.
رەشید زەرواوی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی