"an independent online kurdish website

دانوستانە ناوکییەکانی ئێران و گروپی ٥+١ لەگەڵ ئەوەی کە لە ڤیەن بەرێوەدەچێت، رێکەوتەکەشی هاوکاتە لەگەڵ ٢٦مین ساڵرۆژی تێرۆری ڤیەن و هەر ئەوەش وا دەکات بیر لە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی دەرهەق بە بەرهەڵستکاران و سیاسەتی ئەو رەژیمە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی‌نێوەراست و سیاسەتی  نێوخۆی کۆماری ئیسلامی بکەینەوە.agri-esmailz-nejad

هەر چەند لە دادگایەکی بێ‌لایەندا دۆسیەی تێرۆری ڤیەن تاوتوێ نەکرا هەتا تاوانبار بوونی کۆماری ئیسلامی دەرکەوێت؛ بەڵام کۆماری ئیسلامی لە تێرۆری ڤیەندا گومانلێکراوی سەرەکییە و لەگەڵ ئەوەش لە چەند دادگای باوەڕ پێکراودا بە تاوانی  “تێرۆریسمی دەوڵەتی” حوکم دراوە و هەروەها لە دادگای میکونوسیشدا بۆ پێناسەی کۆماری ئیسلامی زاراوەی “سیستەمی جەنایەتکار” بەکار هاتووە[1].

 لەگەڵ ئەوە کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی دەرەکیی خۆیدا پەیرەوی لە بیرۆکەی “هەناردە کردنی شۆرشی ئیسلامی” و “هیلالی شێعە” دەکات و هەتا ئێستا لانیکەمی  لە رۆژهەڵاتی‌نێوەراستدا هەموو گەڵاڵە ناوچەییەکانی بۆ سەرخستنی ئەو دوو بیرۆکەیە بووە و هەیە و هاوکات سپای قودس کە رێکخراوەیەکی سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییە لە رێگەی رێکخراوەگەلی وەکوو حماس، حوسییەکان، حێزبوڵڵای لۆبنان ، ئەلقاعیدە و رێکخراوەیتر  بەرێوەبەری بەشێک لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامییە.

لەگەڵ ئەوەش وەکوو دەبینین کۆماری ئیسلامی بۆ دابین‌کردنی تێچووی  پرۆژەی ناوکییەکەی و کەم‌کردنەوەی ئاستی زەختی کێشەی ئابووری لەسەر حکوومەت کە لە دەرنجامی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە سەری هەڵدابوو، ئاراستەی گەمارۆکانی لە نێو ئێراندا بەرەورووی بەرژەوەندی و ژیانی رۆژانەی خەڵک برد و وای کرد کە خەڵکی سەرشەقام بە تەواوی هەست بە گەمارۆی ئابووریی سەر ئێران بکەن دۆخی ژیانی ئابووریی گشتیی تێكچوو و تەنانەت گەمارۆکانییان هەتا نێو ژووری نەخۆشەکانی شێرپەنجەش برد.

 ئاراستەکردنی زەختی  دەرنجامی گەمارۆکانی سەر پرۆژەی ناوکیی  ئێران بۆ نێو ژیانی خەڵکی ئێران بۆ دوو مەبەست بوو:

 ١: ئێران بە کەم‌کردنەوەی ڕێژەی ڕاژەی خەڵک و پشتگوێ خستنی پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک ئەوەی خۆی “ئابووریی بەرگری”ی پێ دەگوت، توانی کۆی تێچووی ئابووریی دەوڵەت کەم بکاتەوە و بەم شێوەیە  هەم تێچووی پرۆژەی ناوکی دابین‌کرد و  هەمیش زەختی ئابووریی سەر حکوومەتیشی کەم‌کردەوە.

 ٢: ئێران پتر لە ٣٦ ساڵە دەیەوێت سیمایەکی درندە و بێ‌ئەخلاق لە رۆژئاوا بە خەڵکی ئێران بناسێنێت. و ئەو گەمارۆیانە و نێوان گرژیی ئێستای خۆی و رۆژئاوای کردە بیانوویەک بۆ برەودان و جێ‌خستنی ئەم سیاسەتە.

 لەگەڵ ئەوەی کە خەڵکی ئێران رۆژانە هەست بە زەختی دەرئەنجامی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی  دەکەن و گرێژەنەی ژیانی رۆژانەیان تێكچووە بەڵام هیچ کات پرسیارێک نەبوو بە پرسی ڕای گشتیی کۆمەڵگای ئێران، ئەو پرسیارەی کە چاوەڕوان دەکرا ڕای گشتی لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی بکات ئەوە بوو: “ئەگەر پرۆژەی ناوکی تێچووی ئەوەندە زۆرە کە ژیانی رۆژانەی خەڵک تێکدەدا و تەنانەت کارتێکەری لەسەر بەرێوەچوونی ئەرکی  نەخۆشخانەکان هەیە بۆ ڕاناوەستێ”؟.

 هۆکاری سازنەبوونی ئەو پرسیارە ناچێتەوە سەر گەمژەییی ڕای گشتیی ئێران؛ بەڵکوو دەگەرێتەوە سەر پێکهاتەی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی؛ بۆ وێنە دەبینین لە پاش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە خولی دەهەمدا کاتێک خەڵک ساغ بوونی دەرنجامی هەڵبژاردنەکەیان خستە ژێر پرسیارەوە لە ئاستێکی زۆر بەربڵاودا سەرکووت دەکرێن.

 سیاسەتی ئاراستەی زەختی گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ نێو ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئێران  لە ڕووی دابین‌کردنی تێچووی ئابووریی پرۆژەی ناوکیی ئێرانەوە و هەروەها  لە ڕووی هەڵوێست نەگرتنی ڕای گشتی لە دژی پرۆژەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی بەو واتایەی کە  ڕای گشتی نەبوو بە یارمەتیدەری گەمارۆکان و زەختی نەخستە سەر دەسەڵاتدارانی تاران هەتا بۆ چارەسەری کێشەی ناوکییەکەی و ڕەواندنەوەی گەمارۆکان دانوستان بکات، سەرکەوتوو بووە؛  لەگەڵ ئەوەش ئەو سەرکەوتوو بوونە دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵات نە تەنیا بەرژەوەندیی خەڵکی لەبەر چاونییە، بەڵکوو لە رێگەی سەرکوت و داپلۆسینی فیزیکی و میدیایییەوە، ڕای گشتیی وا سڕ کردووە کە زۆر بە کەمی لەو لایەنەوە زەخت دەکرێتە سەری، بۆیەش کۆماری ئیسلامی بێ منەتی بەرژەوەندیی گشتی و وادە و بەلێنەکانی بە خەڵکی ئێرانە.

پاش ئەو لێکدانەوانە ئەگەر بمانەوێت بە تەکووزی باس بکەین دەبێ بلێن ئێمە لەگەڵ رێژیمێک بەرەورووین کە چەند ڕووی هەیە:

١: رێژیمێک کە لە دادگایەکی باوەر پێکراو(دادگای میکونووس)دا، لەسەر ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە بەرهەڵستکارانی کردوویەتی وەکوو  “سیستمێکی جنایەتکار” ناسراوە و هەر بە پێی ئەو دادگایە و چەند دادگای تر وەکوو “ئامیا” دەستی لە تێرۆری دەوڵەتیدا هەبووە.

 ٢: رێژیمێکە کە  بنەمای سیاسەتی دەرەکیی لەسەر “هەنارەکردنی شۆرشی ئیسلامی”  دامەزراندووە و یارمەتییدەری رێکخراوە تێرۆریستییەکانە.

٣: رێژیمێک کە بێمنەتی بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی ژێردەسەڵاتێتی و توانایی سەرکوتی خەڵکی خۆی و کوێرکردنەوەی ڕای گشتیی نێوخۆی هەیە.

بەو پێیە کۆماری ئیسلامیی ئێران رێژیمێکە کە هەڵسووکەوتی لە چوارچێوەی دابی دیپلۆماسی نێوخۆی و دەرەکییدا ناگونجێت بۆیە لێرەدا پرسیارێکیتر دێتە گۆرێ  

بەڕاست پاش لاچوونی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران بەو داهاتەی کە دەکەوێتە بەر دەستی کۆماری ئیسلامی ئایا ئەو رێژیمە بۆ نێوخۆی ئێران و بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی‌نێوەراست مەترسییدارتر نابێت ؟

 

 

  [١] در برلین هنوز قاضی هست، پایندە مهران،خداقلی عباس،نوذری حمید،١٢٤،چاپ دوم،نشر در اینترنیت  

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی