دەوڵەتی تورکیا، لە دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ، وەکو دەوڵەتێکی رەگەزپەرستی، بە ئاسن و بە ئاگر،بە کوشتن و بڕین و بە گرتن و ئەشکەنجەدان، مامەڵەیان لە گەڵ کورد دا کردووە و دەکەن،
ئەوان نەک هەر دژی هەموو خواستێکی کوردن، بەڵکو لە راستیدا دان بە بوونی ( بیست و پێنج ) ملیون کورد لە باکووری کوردستاندا نانێن .. سەرکۆماری تورکیا ئۆردوگان پێش چوار مانگ بەر لە ئێستا وتی لە تورکیادا کێشەیەک نییە بە ناوی کێشەی کوردەوە .. بە سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی گەلان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا، هێندەی تر گڕ لە رەگەزپەرستە دەسەڵاتدارانەی تورکیا بەربوو .. تورکیای فاشستی تا ئێستا چەندین کۆمەڵکوژیان لە گەلی کوردمان لە باکووری کوردستاندا کردووە، لە کۆمەڵکوژییەکەی ( دێرسیم ) دا بە هەزاران منداڵ و ژن و پیر و لاوی کوردیان کوشت تا دەگاتە کۆمەڵکوژییەکەی (پرسوس ) .. لە ماوەی سی ساڵی شەڕشیدا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان زیاتر لە چل و پێنج هەزار لە سەربازی تورکیا و گریلا و خەڵکی سڤیل شەهیدبوون و .. هەر لە لایەن سوپای دڕندەی تورکیاوە، زیاتر لە چوار هەزار گوندی کوردیان لە باکووری کوردستاندا سوتاند و تەختیان کرد و، خەڵکەکەیان دەربەدەرکردن و، بە هەزاران لاو و مێردمنداڵی کوردیان لە گرتووخانە سامناکەکانی تورکیادا بەبێ تاوان بەندکردوون، رۆژانە پیسترین ئەشکەنجە و ئازاری چەستەیی و دەروونیان دەدەن .. ئێستاش جارێکی تر، رژێمە رەگەزپەرستییەکەی ئۆردوگان بە کوشندەترین فرۆکەی جەنگی و تۆپی قورسی دوورهاوێژ، بەبێ شەرمانە و بە ئەوپەڕی دڵڕەقی و بێ ویژدانییەوە، کوردستان بۆردوومان دەکەن و دەست لە منداڵ و ماڵ و مەڕ و ماڵاتیش ناپارێزن .. تەنانەت شاخەکانی کوردستانیش بە دوژمنی خۆیان دەزان .. وا دیارە تاوانبار ئوردوگان تووینێتی بە خوێنی هەزار بێتاوان نەشکاوە .. دەیەوێت بە ناڕەوا هەزاران بێتاوانی تریش بکات بە قوربانی لووتبەرزی و لە خۆبایی و مەرام گڵاوەکانی خۆی .. دەستپێکردنی هێڕشەکانی تورکیا بۆ سەر بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و، بۆ سەر گوندنشینەکان و، مەڕ و ماڵات و، سوتاندنی باخ و رەزی جوتیارانی کوردمان لە باشووری کوردستاندا، بەبێ شەرمانە و، بەرچاوی دەوڵەتان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە .. تاوانێکی قێزەوەن و شاڵاوێکی رەگەزپەرستی ترە لە پاڵ زنجیرە تاوانەکانی تورکیا فاشستی لە دژی هیوا و خواستەکانی گەلی کوردمان .. ئەوان تا سەر ئێسقان رەگەزپەرستن و، ئامادە نین دان بە بوونی کورد دا بنێن .
پارتی کرێکارانی کوردستان، پارتێکی تیرۆریستی نییە، پارتێکی شۆڕشگێڕە و نوێنەری بیست و پێنج ملیۆن کوردە لە باکووری کوردستاندا .. ئۆردوگان ناوی پارتی کرێکاران و ناوی داعش پێکەو
و جیاوازی لە نێوانیاندا ناکات .. لە راستیدا وا نییە .. چونکە داعش دروستکراو و جاشی بەکرێگیراوی تورکیایە .. ئۆردوگان و ئەبو بەکر بەغدادیش دوو رووی دراوێکن .. منداڵێکی ناو لانکیش ئەوە دەزانێت، کە تورکیا بە چەک و بە پەڕینەوە و، بە مەعنەوی و، بە سیخوڕی و هەواڵگری و لۆجستی، هەموو توانایەکی خۆی خستۆتە بەردەم داعشی تیرۆریستی بەکرێگیراوی خۆی .. بۆیە کەس بڕوای بەوە نییە و، دوورە لە راستییەوە، کە تورکیا بە راستی بێت کە هەڵوێستی بەرانبەر بە داعش گۆڕیبێت .. هەر تورکیا بوو کە داعشی هێنایە کۆبانی و شەنگار و ناوچەکانی تری کوردستان .. ئێستاش بەم هەڵویستە دوورووییەی دەیەوێت .. لایەنگیری دەوڵەتان بۆ لای خۆی رابکێشێت .. مەبەستی بەر و دواشی پارتی کریکارانی کوردستانە، بۆ ئەوەی بە پارتێکی تیرۆریست بیناسن .. بەڵام ئەگەر دەوڵەتان بە ویژدانەوە بڕوانن .. دەبێت هەڵویستیان هەبێت و، راستییەکان لە بەرچاویانن کە تورکیای فاشستی تیرۆریستە و شەڕی دەست پێ کردووە .. نەک پارتی کرێکارانی کوردستان .
بەداخەوە بۆ دووروویی و سیاسەتی دووفاقی ئەمریکاش، كە چارەنووسی گەلێکی ئازادی و ئاشتیخوازی وەک کورد، دەکاتە قوربانی ( بنکەی ئەنجەرلیک ) و دەڵێت ” تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات ” ئەی گوایە گەلێکی خاک داگیرکراو و ماف زەوتکراوی و بێ ئازادی وەک کورد، لەسەر خاکی خۆیدا مافی رەوای خۆی نییە کە بەرگری لە بوون و لە مانەوە لە خاکی خۆی بکات .. ؟؟! ئەمەیە دووروویی ئەمریکا .. کە لە راستییەکان خۆی لا دەدات و، بە دوو پێوەری جیاواز دەیان پێوێت .. ئاشکرایە کە ئەمریکا چرای سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد کە لە پەکەکە بدات و بچێتە خاکی رۆژئاوای کوردستانەوە .. بۆ ئەوەی رێگری لە هێنانەدیی هیوا و خواستەکانی گەلی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستاندا بکەن . .. ێێمەی کورد هەرگیز لەگەڵ شەڕدا نەبووینە و نین .. بەڵام بەرگری کردن مافێکی رەوایە و .. تا دواتنۆکمان بەرگری لە بوون و مانەوەی خۆمان دەکەین .. تورکیا تا ئەمڕۆش لە سەر ئەقڵیەتی هێز و لەشکرتارییە .. بەڵام هەرگیز ناتوانن بە هێز و بە کوشتن و بڕین و بە گرتن .. چۆک بە گەلی کوردمان دادەن و، بتوانن ڕەوڕەوەی بۆ پێشەوەچوونی بزووتنەوەی رزگاریخوزی کورد بوەستێنن .
دوا لە گەلی کوردمان دەکەین، یەكڕیز و یەکدەنگ و یەکهەڵەوێست و یەک وتار بن و، بێ دەنگ نەبن لە ئاستی تاوانەکانی تورکیادا، پێویستە هەڵوێستیان هەبێت .. داواش لە هەموو حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان لە سەراسەری کوردستان و هەندەران دەکەین، کە پرۆتستۆی ئەم هێڕشانەی تورکیا بکەن و .. رێپێوانی ناڕەزایی و تووڕەیی لە بەردەم باڵیوزخانەکانی تورکیادا سازبکەن و .. یاداشتی نارەزایی و تووڕەبوون و شەرمەزاری کردن بە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگای نەتەوەیەکگرتووەکان و هە موو گەلە ئازادیخوازەکانی جیهان بدەن .. داوایان لێبکەن، کە داوا لە تورکیا بکەن دەست لە تاوانەکانیان هەڵبگرن و هێڕشەکانی بۆ سەر کوردستان رابگرن .
ئێمەی سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵەی منداڵانی کورد / لە نەرویج .. بە توندی هێڕشە ناڕەوا و دڕندەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستان پروتستۆ و شەرمەزار دەکەین .. پشتگیری خۆمان بۆ خەباتی رەوای گەلی کوردی ئازادیخواز و ئاشتیخوازمان دەردەبڕین .. دواش لە رژێمی لەخۆبایی تورکیا دەکەین کە لۆژیکی عەقڵ بەکاربهێنن .. نە هێز و کوشتن و بڕین و گرتن .. چونکە هەموو لایەک لە شەڕدا زەرەرمەند دەبێت .. دۆزی رەوای کورد بە لەشکرتاری و شەر چارەسەر ناکرێت .. تەنها بە دانێشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و، دان پێنان بە مافە رەواکانی کورد چارەسەر دەبێت .
بژی کورد … بژی کوردستان
مردن و رسوایی و شەرمەزای بۆ داگیرکەرانی کوردستان و تیرۆریستان .
رەزا شوان / سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد / نەرویج
نەرويـج : ٢٧/ ٧/ ٢٠١٥