"an independent online kurdish website

بەو هێرشەی لە چەند رۆژی رابردوودا فڕۆکە تورکییەکان کردیانە سەر بارەگاکانی پەکەکە، ترس هەیە پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بگەڕێتەوە خاڵی سفر.hemn-abdula

هەندێک کەس دەڵێن جەمیل بایک و هاوبیرەکانی لەنێو پەکەکە کار بۆ ئەوە دەکەن شەڕ لەگەڵ تورکیا دەستپێبکاتەوە. دەشڵێن ئۆجەلان نە رازییە بەوە و نە پشتیوانیشی دەکات. بەڵام ئایا ئەمە راستە؟

 

ئۆجەلان لە ساڵانی رابردوودا لە “داواکراوی ژمارە یەک”ەوە گۆڕدرا بۆ “موخاتەبی ژمارە یەک”، کە دەوڵەتی تورکیا بۆ چارەسەری کێشەی کورد رووی تێبکات. ئەو گۆڕانە بەرهەمی هەوڵی دوورودرێژی نێوانکاران، بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان و هەردوو بارزانی بوو. لەو ساڵانەدا ئۆجەلان لە کونجی زیندانەوە و ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتیی وەزیران و بەدوایدا چانکایاوە تورکیا و باکووری کوردستانیان لە وڵاتی پڕ لە شەڕوشۆڕەوە گۆڕی بۆ وڵاتی هەلی ئابووریی نوێ و ئومێدەوار بە گەشەی خێرا. بەڵام تەقینەوەکەی پەرسووس، بەدوایدا کوشتنی پۆلیس و سەربازانی دەوڵەت بەدەستی گەریلا و بەدواشیدا هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر قەندیل و گارە و شوێنەکانی دیکە، تارماییەکی نوێی رەشی دروستکردەوە.

 

پرسیار ئەوەیە: ئۆجەلان و ئەردۆغان بۆچی ریسی چەند ساڵەیان دەکەنەوە خوری؟ یان ئەگەر خۆیان نایکەن، بۆ دەهێڵن ئەوە رووبدات؟ ساڵح موسلیم لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای عەرەبی دەڵێت ئەوان دڵنیانین لەوەی تورکیا هاوکاریی داعش بکات، بەڵام دڵنیان کە “هەندێک لایەن لەنێو حکومەتدا” ئەو کارە دەکەن. ئەو کوشتنانەی پەکەکەش لە باکوور و لە تورکیا دەستیپێکردووە و بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانیانی وەئەستۆ گرتووە، هەمان پاساو بۆ ئەنجامدانیان هەیە: “مادام دەوڵەت ناتوانێ ئەو بەرپرسانە سزا بدات کە هاوکاریی داعش دەکەن، ئێمە سزایان دەدەین”. بەڵام سزادانێک رای گشتیی تورکیا بوروژێنێت و دەوڵەتیش هار بکات بۆئەوەی کاردانەوەی توند پیشانبدات، بەرهەمدار دەبێت؟

 

دەگوترێت هەموو فیتەکە لەژێر سەری جەمیل بایکدایە. دەنا ئۆجەلان ئەمەی ناوێت. هەرچەندە ئەوە راستە کە بایک رۆڵی خراپی گێڕاوە لە دروستکردنی گرژیی سیاسی لە نێوان پەکەکە و پارتی و پەکەکە و ئاکەپەدا، بەڵام بە تێگەیشتنی من لە سترەکچەری پەکەکە بڕواناکەم ئەوەی روودەدات تەنیا کاری بایک بێت.

 

بایک بڕیاردەری سیاسەتی پەکەکەیە، بەڵام قەرەیلان بڕیاردەری سەربازیی ئەو حیزبەیە. کاتێک قەرەیلان سەرۆکی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە بوو، کە پۆستێکی هاوئاستە لەگەڵ ئەوەی ئێستا بایک هەیەتی،  پەیوەندیی پەکەکە و پارتی و پەکەکە و تورکیا باشتر بوو لە ئێستا. پاش ئەوەی بایک چووە شوێنی ئەو، پەیوەندییەکان لەڕووی سیاسییەوە تێکچوون، بەڵام کردەوەی سەربازی ئەنجامنەدران. قەرەیلان بەوە ناسراوە کە زۆر نزیک بووە لە ئۆجەلان و لە سووریاش لەگەڵی ماوەتەوە. هەمیشەش کە گەریلا چوونەتەوە باکوور، ئۆجەلان لە شام ماڵئاوایی لێکردوون، بەڵام قەرەیلان لە شامەوە تا سەرسنوور لەگەڵیان چووە.  هەرچەندە ئۆجەلان ئەوی بە مامۆستای خۆی زانیوە، بەڵام قەت بایک بۆ ماوەی درێژ لەگەڵ ئۆجەلان نەماوەتەوە و لێی نزیک نەبووە. لەوەتەی لە زیندانیشە ئۆجەلان قەرەیلانی نەشکاندووە، بەڵام بایکی شکاندووە. بۆیە ئەوانەی پەکەکە دەناسن، دەڵێن قەرەیلان نەک بایک پارێزەری دەسەڵاتی ئۆجەلانە بەسەر هێزی سەربازیی پەکەکەوە.

 

کەواتە ئەگەر پەکەکە شەڕ دەستپێبکاتەوە، دەکرێ لەژێر کاریگەریی بایکدا ئەوە بکات، بەڵام بەبێ رازیبوونی ئۆجەلان و بەبێ جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەلایەن قەرەیلانەوە هیچی لێ شین نابێت. رێی تێدەچێت ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات مانۆڕێکی ئۆجەلان بێت بۆ دروستکردنی کارتێکی نوێی گوشار لەسەر مێزی دانوستاندن. دەشکرێت بەپێچەوانەوە بێت و قەرەیلان لە هەژموونی ئۆجەلان دەرچووبێت و بەقسەی بایک بکات. ئەگەر ئەمەی دووەمیان راست دەرچێت، ئۆجەلان دوو جار ریسی دەبێتەوە خوری، یەکێکیان بەوەی کە پرۆسەی ئاشتی لەباردەچێت، دووەمیش بەوەی کە چیدیکە هەموو پەکەکە بۆ هەنگاوەکانیان چاوەڕێی ئەو دووکەڵە ناکەن کە لە ئیمراڵییەوە هەڵدەستێت.  

سەرچاوە: روداو

راپۆرتێك   NRT

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی