"an independent online kurdish website

بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن، ئەوەش بژێوی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگا دابین دەکات. بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕژیمی ئێران سیاسەتی سووتاندنی لێڕەوارaritma_muhammadi

و دارستانەکانی کوردستانی لە پێش گرتووە، هەنووکە ساڵانە سەدان دۆنم لە دارستانەکانی کوردستان بەدەستی هێزەکانی ڕژیم یانخود لە ڕێگای پیاوانی سەربە ڕژیمەوە دەسووتێنرێت و بەو چەشنەش هەم دەرفەتی ئاژەڵداری و دەخڵ و دان کەم دەبێتەوە و هەم دارستانەکان کە سەرچاوەی بژێوی ژیانە، لەنێو دەچن، هەم سەرسەوزیی کوردستان کە ساڵانە سرنجی سەدان هەزار جیهانگەڕ بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و بووەتە سەرچاوەی پاک و خاوێنی ئاو و هەوا، لەنێو دەچێت، بەمەش هەم دەرفەتی کار بنبڕ ده‌كرێت و هەم ئاستی گەرمی هەواش بەرزتر دەبێتەوە و هه‌م ئاستی له‌شساقی خه‌ڵك دابه‌زین به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

 

تەنانەت ڕژیمی ئێران ژیانی دژواری کۆڵبەرەکانی نێوان سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرچاو ناگرێت و ڕێگریان لێ دەکات و ئیزن بە ئاڵووێڵ پێکردنی کەلوپەلەکانیان پێ نادات و ڕۆژانە هەواڵی کوشتن و بریندارکردنی دەیان کەس بڵاو دەبێتەوە کە لە ئەنجامی کەوتنه‌نێو کەمین و بەر دەستڕێژی هێزەکانی ڕژیم گیانیان لەدەست داوە. هەموو هەوڵەکانی ڕژیم لە پێناو ملکەچکردنی کۆمەڵگای کوردستان لە هەمبەر سیاسەتەکانێتی. چونکە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوارچێوەیەکی سیاسیی، جوگرافی و نەتەوەیی پێک دەهێنێت و هەوڵەکانی ڕژیمیش بۆ تێکدانی ئەو چوارچيوە سیاسیی نەتەوەیی و جوگرافییه‌یه‌ کە بووەتە کێشەی مەزن لەبەردەم جێگیر کردنی پلان و پیلانەکانی ڕژیم. لەگەڵ هەمووی ئەو کێشانەشدا ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئێران سیاسەتی ئالوودە کردنی لاوانی کورد بە مادە هۆشبەرەکانی لە پێش گرتووە.

 

بۆیە بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە ئامانج و سیاسەتی کۆماری سه‌ره‌ڕۆی ئێران لە پێوەندی بە نەتەوەی کورد چییە! بەڵام سەرانی ڕژیم کاتێک کە ڕوو دەکەنە کوردستان، ئاگاداری هەموو کێشە و لەمپەرەکانن، بۆیە بەباشی باس لەو کێشانە دەکەن و دەیان بەڵێنی بە کۆمەڵگا دەدەن و خەڵکیش پێیان وایە کە باس کردنی کێشە و لەمپەرەکان بە واتای دۆزینەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانەیە، بەڵام لەپاش چەند ساڵ تێپەڕبوون بەسەر چارەسەر نەکردنی ئەو کێشانە دا، ئەو کات تێدەگەن کە هەر هەمووی بەڵێنییەکان قسە بووە و لە کردەوەدا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنییان نەناوە و تەرخان کردنی بووجەی پووچی زاره‌كیش تەنیا سیاسەت و تاکتیک بووە.

 

وه‌ك ئاماژه‌؛ ‌‌حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری نوێی ئێران کاتێ کە سەردانی پارێزگای ئەیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد، سەدان داوکاری و نامەی ڕادەست کرا کە فریای دارستان و داربەڕووەکانی ئەو پارێزگایە بکەوێت و بووجەیەک دابین بکات و لە لەنێوچوونی ئەو دارستانانە ڕێگری بکات و هەوڵەکانی بخاتەگەڕ و باس لە گرینگی و باییخی دارستانەکانی زاگرۆسی بۆکرا کە چەندە کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیان و دابینکردنی بژێوی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە هەیە، ئەویش بەڵێنی پێدان کە لەو پێوەندییەدا بووجەیەک تەرخان بکات، لەپاش ئەو هەموو ماوەیەدا کەچی تاکوو هەنووکە بووجەکە نەگەییشتووەتە فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ئەیلام.

 

ئەوەی کە دەڵێن زەمەنێک ئەیلام بووکی زاگرۆس بووە، ڕاستە، شاخ و کەژ و کێوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شاخ و پێدەشت و بەرزە ترۆپەکانی دڵڕفێنی زاگرۆس پێک دەهێنێت، هەنووکە سیاسەتەکانی ڕژیمی ئێران لەمپەری سەرەکیی کۆمەڵگا و سرووشتی کوردستانە، ڕژیم نەک هەر هیچ پڕۆژەیەکی بۆ ڕێگری کردن لە سووتان و لەنێوچوونی دارستانەکانی کوردستانی پێ نییە، بگرە هۆکاری سەرەکیی لەنێوچوونی دارستان و سرووشتی جوانی کوردستان خودی ڕژیمە، ڕژیم پلانی بۆ لەنێوچوونی دارستانەکانی کوردستان هەیە و ماوەی چەند ساڵێکیشە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ئەو پیلانانە. حەسەن ڕۆحانی لە دوایین هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماریدا له‌ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی زۆری بەدەست هێنا و بەشێکی زۆر لە هەڵسووڕاوەکانی سیاسیی کورد لەنێو بازنەی سیاسیی ڕژیم بەدوای خۆیدا کێشا و پشتیوانیی زۆری بۆ کۆ کرایەوە.

 

بەڵام لەپاش بوونە سەرۆککۆمار، هیچکام لە بەڵێنییەکانی لە پێوەندی بە کۆمەڵگای کوردستان و تەنانەت ئەو بەڵێنییانەش کە بە هەڵسووڕاوەکانی کوردی نێو بازنەی وەلایەتی فەیقیش دابوو، جێبەجێ نەکرد، بگرە پارێزگارێکی کوردی بۆ یەکێ لەو چوار پارێزگا کوردەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دیاری نەکرد. ئەمە سیاسەتی بنەڕەتیی و بنەمایی ڕژیمی ئێرانە کە لە پێوەندی بە کورد و کوردستان، دانیشتووانی کوردستان و تەنانەت سرووشتی جوان و ڕازاوە و دڵڕفێنی کوردستان هەیەتی. هەروەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێی کرد؛ ئێران كوردستان به‌ نەیاری سەرەکیی خۆی پێناسه‌ ده‌كات. نابێ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش چاوەڕێی ئەوە بێت کە دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵ بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی خه‌ڵكی ئه‌و کۆمەڵگایە بدات، ڕاستە کە ئەوە داواکارییەکی ڕەوایە و مافی سرووشتیی كۆمه‌ڵگایه‌، بەڵام ده‌یانجار مێژوو ئاماژه‌ی پێكردووه‌ كه‌ داواکارییەكانی كورد له‌لایه‌ن ڕژیمی ئێرانه‌وه‌ بێ وڵام ده‌مێننه‌وه‌، چونکە ڕوانگەی بنەڕەتیی هەردوولا دژبەیەکە.

 

کێشەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵات تەنیا لە سەردەمی ئه‌م ڕژیمه‌دا نەبووە، ئەم کێشەیە و ڕوانگەی نەیارانەی دەسەڵاتی ناوەندیی لە ئێران مێژووێکی تاییبەت بە خۆی هەیە و تاییبەت بەم کۆماره‌ی ئێران نییە، بگرە پێشتر و لە سەردەمی بنەماڵەی پەهلەویدا و پێش لەوانیش هەر هەبووە و هەمیشە نەتەوەی کوردیان بە هەموو چەشنێک سەرکوت کردووە و لە بەدەست هێنانی مافەکانیان ڕێگریان کردووە. یانخود تاییبەت بە خوومەینی، خامنەئی، ڕەفسەنجانی، ئەحمەدینژاد و ڕۆحانی نییە، هەر کەس لە ئێران بێتە سەر دەسەڵات هەمان سیاسەت و پلان و بەرنامەی ڕژیمی شا و ڕژیمی خوومەینی بەڕێوە دەبات و لە دژی ناسنامەی نەتەوەیی کورد دەوەستێتەوە. لەبەر ئەوە ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری و زمانەوانیی کورد ناسنامەیەکی بەهێز و کاریگەرە و ئەگەر دەرفەتی خۆدەرخستنی پێ بدرێت، نەتەوەکانی دەورووبەری دەخاتە ژێر کاریگەری خۆی، ئەوەش کێشەی سەرەکیی بەردەم دەسەڵاتی ناوەندییە. وه‌ك ئاماژه‌؛ ئەحمەدینژاد بە یەکەمین سەرۆککۆماری تنئاژۆی ئه‌م ڕژیمه‌ پێناسە دەکرا، کە لە سەردەمی ئەودا ڕێژەی لە سێدارەدان لەو وڵاتەدا بەرز ببووەوە، بەڵام تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی سەرۆککۆماری ڕۆحانیدا لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بەقەد چوار ساڵی ئەحمەدینژاد خەڵک لە سێدارە دراوە.

 

ئەمە بەو واتایە دێت كه‌ کێشەی کورد کێشەی ڕوانگەی تاکی سیاسیی دەسەڵادار نییە، بەڵکوو کێشەیەکە پەیوەندی بە ناسنامەی نەتەوە، كولتوور و سیستەمی سیاسیی وڵاتێکەوە هەیە، گه‌لێك لە مه‌ودای نێوان ڕوانگه‌ی تاکەکانی سیاسیی دەسەڵاتدار قووڵترە. چونکە هەرکەس دەسەڵاتی هەبێت هەمان ڕوانگەی دەبێت و هەوڵ بۆ دەسەڵاتێکی بەهێز لە ناوەند دەدات. کورد دەبێت لە دەرەوەی چوارچێوەی سیاسیی ئێران بیر لە کیانێکی سەربەست و سەربەخۆ بکاتەوە، خەباتکردن بۆ چارەسەر کردنی کێشەی سیاسیی کورد لە چوارچێوەی ئێران، تەنیا پرسی کورد ئاڵۆزتر و کێشەزاتر دەکات.

بابەتەکانی تری نووسەر


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی