"an independent online kurdish website

لە پاش ٢٠٠٦ و دوایی سەرهەڵدانی شەری سوننی و شێعە لە عێراق لە تارمایی ئەو شەرە خوێناوییەدا ناوی “قاسم سولێمانی” لە دایک بوو.qasm_solemani12

ئەو ناوە لە لایان ڕاگەیاندنەکانی رۆژئاوا هاتە دەرێ و زۆر زوو خرایە لیستی تێرۆرە و دواتر بەدوایی رۆژئاواییەکاندا ڕاگەیاندنی فارسی هەموو رۆژێ ئەو ناوی دووپات دەکردوە و بەگشتی لە ڕاگەیاندنی (فارسی) دژبەری کۆماری ئیسلامییەوە هەتا راگەیاندنەکانی سەر بە بنەماڵەی خامنەای هەموو ئەو کەسەیان وەکوو دلسۆز ، ‌غەمخۆر و شۆرشگێری ئێران و هێمای سەرفرازی ئێران دادەنا و لە بی‌بی‌سی فارسییدا بە نازناوی “سەردار” هەوالی لەسەر بڵاودەکرێتەوە و رۆژنامەی کیهان و بنەماڵەی خامنەای پێی دەلێن: “شەهیدی زیندوو”  پرسیاری بەشی سێهەمی وتاری سپای قودس لە نێوان واقع و وەهمدا ئەوەیە قاسم سولێمانی کێیە؟ و هەتا چەند لە ئەرکەکانی کە پێی سپێردراوە سەرکەتوو بووە؟

سولێمانی لە ١١ ئازاری ١٩٥٧ لە گوندی “قەناتی” سەربە شارە دێی ڕابر لە ئوستانی کرمان لە بنەماڵەیەکی دەسکورتی سەربە عەشایری سولێمانی لەدایک بووە هەتا کلاسی ٧ خوێندوە و پاشان وەکوو خۆی دەلێت بۆ ئەوەی قەرزی بابی بە دەوڵەت بداتەوە دەچێتە کرمان لەوێ کار دەکات و فێری بەنایی و بۆریچێتی دەبێت و لە ئیدارەی ئاوی کرمان دادەمەزرێت و دوو ساڵ دەخایەنێت هەتا قەرزەکەی بابی دەداتەوە.

سولێمانی هەتا شۆرشی نەتەوەکانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی کۆچی هەتاوی”١٩٧٩”،  هەر لە کرمان دەژیت و وەکوو کارمەندی ئیدارەی ئاوی ئەو شارە کار دەکات؛ لە پاش شۆرشی نەتەوەکانی ئێران دەبێتە ئەندامی “کومیتەی ئینقلاب” و دواتر دەبێتە ئەندامی سپای پاسداران و ساڵی ١٣٥٩ کۆچی هەتاوی”١٩٨٠” پاش دەستپێکی خەباتی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دێتە مەهاباد و لە شەر و سەرکوتی کوردەکانی رۆژهەڵاتدا بەشداری دەکات و پاش ٦ مانگ لە مەهاباد دەمێنێتەوە و دواتر بە بریاری سپای پاسداران دەگەرێتەوە، بۆ رێکخستنی تۆری ئاوی بەرەکانی شەری ئێران و عێراق بۆ ماوەیەکی کورت دەنێردرێتە بەرەی شەری ئێران و عێراق و بەڵام پاش ئەو ماوەیە هەر لەوێ دەمێنێتەوە و لەشکرێک بە ناوی “لەشکری ساروڵڵای کرمان” دادەمەزرێنێت و هەتا کۆتایی ئەو شەرە  دەمەێنێتەوە.

سولیمانی لە نێو فەرماندەکانی سپای پاسداران بە کەسێکی “کەڵەرەق و دەمارگرژ” ناسراوە و ئەو کەڵەرقیی ئەو وای‌کردووە کە لە سەردەمی شەری ئێران و عێراقدا زۆر جار سەربەخۆ بریاری دەربکات و پێملی بریاری فەرماندەی سەرتر لە خۆی نەبێت.

پاش کۆتای شەری ئێران و عێراق سولیمانی دەگەرێتەوە کرمان و وەکوو بەرپرسی بەرەرووبوونەوە لەگەڵ فرۆشیارانی “مادەی هۆشبەر” دیاری دەکرێت و لە ساڵی ١٣٧٦ و پاش ئەوەی ئەحمەد وەحیدی وەکوو یەکێ لە گومانلێکراوانی تێرۆری ئامیا دەستنیشان دەکرێت؛ قاسم سولیمانی وەکوو فەرماندەی سپای قودس دیاری دەکرێت.

 هەڵبژاردنی سولیمانی هاوکات لەگەڵ شەری نێوخۆی لە باشووری کوردستان و دەسەڵاتبەدەستەوە گرتنی تاڵەبان لە ئەفغانستان بوو.

هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو بۆ فەرماندەی سپای قودس ئەزموونی شەری چریکی، ناسیاوی دابونەریتی عەشایری و ناسیاوی لەگەڵ حیزبەکانی باشووری کوردستان و گروپە سیاسییەکانی ئەفغانستان بوو.

یەکەم دەرکەوتنی سولیمانی لە ڕاگەیاندنەکان وەکوو یەکێ لە بەرپرسە باڵاکانی سپای پاسداران دەردەکەوێت و دەرکەوتنەکەی بەو شێوەیە بوو:

 لە پاش رووداوەکانی ١٨ی پوشپەری ١٣٧٨ لە زانکۆی تاران ئەو لەگەڵ ٢٣ بەرپرسیتری سپای پاسدران نامەیەکی هەرەشاویان بۆ خاتەمی نارد و لەوێدا گوتیان : “ئەوەی ئێستا دەکرێت ئایا حورمەت شکاندنی کۆماری ئیسلامی نییە؟و نابێت پێوشوێنی بگیرێت؟ ئایا شکۆی ولایەتی فەقێ لە شکۆی زانکۆ کەمترە؟ ئایا شکۆی “ئیمام” ئەو مرۆڤە گەورەیە لە قسە پێگوت بە خوێندکارێک کەمترە؟ ئایا چەند رۆژ تێکدانی ئەمنی وڵات و هێرش‌کردنە سەر کەسانی موسڵمان و لە خواترس و هێرش کردن و ئاورتێبەردان، قەیران نییە؟ ئایا دروشم دان لە دژی کۆماری ئیسلامی و بردنە ژێرپرسیاری پیرۆزەییەکانی کۆماری ئیسلامی و بێحورمەتی بە شەهیدانی کۆماری ئیسلامی، قەیران نییە؟

بەرێز ئاغای خاتەمی لەو چەند شەوەدا کە هێندێ کەس دروشمیان دژ بە “رێبەری گەورەی شۆرش” دەدا منداڵەکانمان چاویان لە چاومان بریبوو، دەتگوت لێمان دەپرسن ئەرێ غیرەتان کوا؟””

بڵاوبونەوەی ئەو نامەیە و دەنگدانەوەی لە رای‌گشتی و راگەیاندندا دەکرێت وەکوو یەکەم دەرکەوتنی سولیمانی لە رای‌گشتی و راگەیاندندا سەیری بکرێت.

پاش ئەوە ژیانی سولیمانی بە پێی ئەرکەکەی نەهێنی دەبێت هەتاوەکوو ساڵی ٢٠٠٦ و سەرهەڵدانی شەری شێعە و سوننی لە عێراقدا.

سولیمانی جاری دووهەم  لە ساڵی ٢٠٠٦ و لە رێگەی راگەیاندنەکانی رۆژئاواوە بە خەڵک ناسێندرا بە پێچەوانەی دابی کەسانی ئەمنی پاش ئەوەی سولیمانی بە خەڵک ناسێندرا، خۆی حاشارنەدا و وەکوو هێمای سەرکەوتنی ئێران و وەکوو بەرێوەبەریی  هێنانەدی دروشمی ” هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی” بەردەوام لە راگەیاندنەکانی ئێران دەرکەوت و تەنانەت لە پاش هێرشی داعش بۆ عێراق زۆر جار کلیپ و وێنەی سولیمانی لە عێراق و لەبەرەی شەری لەگەڵ داعشدا بڵاوبۆوە و وەکوو کەسێک کە موسڵمانانی  شێعە دەپارێزی ناوی دەرکرد.

لە ساڵەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ ئامریکاییەکان زۆر لە هەوڵدابوون کە قاسم سولیمانی  لە عێراق وەچنگی خەن و دەستبەسەری بکەن لە رۆژی ١١ ژانوییەی ٢٠٠٧ دەزگای هەواڵگری ئامریکا ئاگادار دەکرێتەوە کە “محەممەد عەلی جەعفەری” فەرماندەی گشتی سپای پاسداران و قاسم سولیمانی بەرو سنووری حاجی هۆمەران دێن و پاش ئەوەی پێوشوێنینا دەگرن بۆیان دەردەکەوێت کە ئەوانە چوونەتە خانوویەک لە گەرەکی برایەتی لە هەوڵیر و ئەو خانووە “نوسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران” بوو و ئەرتەشەی ئامریکا هێرش دەکاتە سەر ئەو ماڵەو ٥ کەس دەستگیر دەکات لەگەڵ ئەوەی کە ئەو ٥ کەسە هەر پێنجیان ئەندامی سپای قودس دەبن بەڵام قاسم سولیمانی و جەعفەری لەگەڵ ئەو پێنج کەسە نەبوون.

ئامریکاییەکان هەمیشە کەین و بەینی نێوان سولیمانی هێزە سیاسییەکانی عێراقن وەکوو مەتەلێک سەیر کردووە و ئالۆزی ئەو مەتەڵە وای لێکردوون جیاوازی ئەوەی لە عێراقدا ماندووبن و عێراق رادەستی ئێران بکەن زۆر جار کەسانی ئەمنی ئامریکا بە سەر سوورمانەوە باسی سولیمانی بکەن  “جان مگوایێر”  ئەفسەری پەلەبەرزی ئاژانسی سیا لە عێراق لەسەر سولیمانی دەلێت:  “ئەو بەدەسەڵاتترین مامووری نەهێنی رۆژهەڵاتی‌نێوەراستە و کەس ئەو ناناسێت“.

هەر لە درێژەی مەتەلۆکەی سولیمانی بۆ ئامریکاییەکان دەکرێت باسی

کریستوفێر ڕابرت هێل و ریمۆند تی ئۆدیرنۆ بژەین ئەوان لە سالێ ٢٠٠٩دا پایەبەرزترین کەسانی سیاسی ئامریکا لە عێراق بوون باسی ئەوەیان کرد، کە چەند دەیەیە کە جەڵال تاڵەبانی و سولیمانی پێکەوە پەیوەندییان هەیە، ئەو کەسانە پاش یەک رۆژ  نکۆلیان لەو هەواڵە کرد.

 لەگەڵ ئەوە عێراقییەکان خۆیان دەیانگوت: “ڕاستە بالوێزخانەی ئامریکا  لە بەغدا پیامی پیرۆزبایی دامەرزاندنی دەوڵەتی دووهەمی مالکی بۆ ناردیان بەڵام ئەوان خۆیان باشیان دەزانی کە سولیمانی جێی بەوان لە عێراق لێژ کردووە”.

لەگەڵ مەتەلۆک‌بوونی سولیمانی بۆ ئامریکاییەکان، خالی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە دەسەڵاتی سولیمانی لەلایان حیزب و رێکخراوەکانی عێراقەوە و هەم دانیشی پێدا دەندرێ، هەم رێزی لێدەگرێ

 موفق الروبیعی لە وتوێژ لەگەڵ رۆژنامەی “شرق الاوسط” دەلێت: “بێگومان [قاسم سولیمانی] بە‌هێزترین پیاوی عێراقە”.

کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی دووهەمی مالکی بە پانەوەی کەسایەتییە سیاسییەکان عێراق باسی ئەوەیان دەکرد کە سولیمانی توانیویەتی بەسەر ئامریکادا زاڵ بێت و ئەوانی پێمل کردوو کە دوو کەسی باوەر پێکراوی خۆی واتە “نوری ئەلمالکی” و “جەلال تاڵەبانی” وەکوو سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماریی عێراق دیاری بکرێت.

لە وتوێژ لەگەڵ کانالی ڕووداو نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، قاسم سولیمانی بە “حاجی قاسم” ناو دەبات و دەلێت: ئەو کەسی یەکەمی رۆژهەڵاتی‌نێوەراستە”. و لە پاش هەک کردنی ئیملی نازم دەباغ لە ساڵی ٢٠١٠دا دەر دەکەوێت کە کوردەکان لە باشووری کوردستان نازناوی “حاجی”یان بۆ سولیمانی داناوە و لە نێوخۆیاندا بە “حاجی” ناوی دەبەن.

سولیمانی و کۆماری ئیسلامی ئەوەی کە لە عێراق و دەیانەوێت، ئەوەیە کە  دەسەڵاتی پاش رووخانی سەدام دەسەڵاتی ئاواتەخوازی ئەوان بێت و ئاراستەی دەوڵەت لە عێراقدا بەرو بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە ناوچەکەدا بروات، سولیمانی  نەکۆلی لەوە ناکات و نایشارنەوە بۆ وێنە ئەو  لە تاران و لە کۆنفرانسی ” لاوان و هەستانەوەی ئیسلامی” دەلێت : “ئێران لە باشووری لوبنان و عێراقیشە و لە راستییدا ئەو ناوچانە بە جۆرێک لە ژێر کارتێکەری بیر و هەڵسووکەتی کۆماری ئیسلامییدان”.

لە پاش سەرهەڵدانی خەڵکی سوریە لە ساڵی ٢٠١١دا زۆر زوو قاسم سولیمانی بە تاوانی هاوکاری‌کردنی ئەسەد بۆ سەرکوتی خەڵکی سوریە لە لایان وەزارەتی دەرەوەی ئامریکاوە، چووە لیستی ئەو کەسانی کە بەتاوانی تێرۆر و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە سوریە لەلایان ئامریکاوە گەمارۆیان خراوەتە سەر، ئەو پێشتریش بە تاوانی ئەندامێتی و بەرپرس بوون لە سپای قودس دا لەلایان ئامریکاییەوکانەوە گەمارۆی  خرابووەسەر

 خاڵی جێگەی سەرنج ئەوە بوو لە پاش مانگی ٦ی ٢٠١٤ بە بڵاوبوونەوەی وێنەی سولیمانی لە بەرەی شەری داعش لە عێراقدا سولیمانی لە لایان خەڵکی رۆژهەڵاتی‌نێوەراست بەگشتی و خەڵکی شێعەی بە تایبەتی وەکوو کەسایەتییەکی جێگەی رێز و قارەمانێک سەیری دەکرێت .

وەکوو لە سەرەوە هاتووە ئەو قۆناغەی ئێستا عێراق تێدا دەژی بەرهەمی سیاسەتەکانی قاسم سولیمانی و کۆماری ئیسلامییە و ئەوەش ڕوونە کە ئەوان توانیویانە بەر بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە عێراق بگرن و توانیویانە پێشی دامەزرانی فیدرالیت لە عێراق بگرن، بەڵام ئاراستەی سیاسی عێراق ئاراستەی ئاواتەخوازی ئەوان نییە بۆ وێنە هەتا ئێستا عێراق دەوڵەتێکی ناوەندی شێعە تێدا دەسەڵاتدارە بەڵام ئەو دەوڵەتە لاوازە و ناتوانێ سیاسەتەکانی ئێران لە عێراق بێنێتە، لەگەڵ ئەوەی کە بابەتی فیدرالیزم لە عێراق بە تەواوی چۆتە ژێر گومانەوە، بەڵام ئاراستەی سیاسی بەرو دامەزرانی دەوڵەتی ناوەندی پڕدەسەڵاتی شێعە(کە خولیای ئێران لە عێراقە) نییە و  عێراق بەرو هەڵوەشانەوەی و لێبەر بوون دەروات و ئێستا لە عێراقی پاش ئامریکا لەسەر ئەمری واقع سێ دەوڵەتی جیاواز لەسەر دەسەڵاتە و هەر کامەشی مەترسی تایبەت بەخۆیی بۆ سەر ئێران و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا هەیە.
 لەسەر رۆلی سولیمانی و سپای قودس لە سوریەش دەبێت بلێن ڕاستە سولیمانی و کۆماری ئیسلامی پشتی ئەسەدیان گرتووە و ناهێڵن بروخێت بەڵام ئەو نەرووخانە بە نرخێکی یەكجار قورس بۆ سوریە تەواو بووە و لەماوەی شەری نێوخۆی سوریەدا پتر لە ٢٥٠هەزار کەس کوژراوە و پتر لە ٨ ملوێن کەس خەڵکی سوریە ئاوارە بووە و ئێستاش ئەسەد تەنیا ٢٥% خاکی سوریەی لە ژیر دەستدایە ئەگەر کوژرانی خەڵک و ئاوارەبوونیان بۆ ئێران گرینگ نەبێت خۆ مانەوەی دەسەڵاتی ئەسەد کاتێ گرینگە کە ئەو رێژیمە بتوانێ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەرێوەبەرێت ئەوە لە کاتێدایە کە رێژیمی ئەسەد نەک ناتوانێ لە ئاستی ناوچەکەدا پشتی سیاسەتەکانی ئێران بگرێت بەڵکوو خەریکە بەرو لەیبەر بوون دەچێت و ئاسۆی سیاسی لە سوریە پێمان دەلێت کە دامەزراندنەوەی دەسەڵاتێکی ناوەندی بەتوانا لە سوریە لە ژێر دەسەڵاتی ئەسەد تەنیا خەیالێکی سیاسییەوە هیچتر.  

بە کورتی قاسم سولیمانی توانی ئەوەی هەبوو بەر بە دێموکراتیزە بوونی عێراق لە پاش سەدام بگرێت، رێگەنەدا ئەسەد بروخێت بەڵام نەیتوانی سیاسەتەکانی خۆی لە عێراق و سوریە جێگیر بکات و خولیای دەوڵەتی شێعەی پڕدەسەڵات لە عێراق و سوریە  بێنێتە دی و لەگەڵ ئەوەش عێراق و سوریەی بەرو دابەش بوون و شەری نێوخۆی برد.

 ئەگەر دانەمەزرانی دەوڵەتی شێعەی پردەسەڵات لە بەغدا و شەرنێوخۆی و سەرهەڵدانی بیری جیابوونەوەی عێراق و شەری نێوخۆی سوریە و نەبوونی ئاسۆی روون بۆ مانەوەی ئەسەد و تێکچوونی هەموو ژێربنا سیاسی ،ئابووری و کۆمەلایەتییەکانی لە سوریە و عێراق  وەکوو خاڵی لاوازی سولیمانی لە عێراق و سوریە دابنێن، خاڵی بە هێزی ئەو لە ناوچەکەدا ئەوەیە کە خەڵکی شێعە و هەتا ڕادەیەک کوردەکانی باشوور بوونی سولیمانی و سپای قودس وەکوو هێزێکی رزگارکەر سەیری دەکەن  و کۆماری ئیسلامی بە داکۆکیکار و دۆستی خۆیان دادەنێن و  هەتا ئێستا تاوانی ئالۆزی عێراق و سوریە و ناوچەکە ناخەنە ئەستۆی ئەو و حکوومەتەکەی، ئەوش ئەو دەرەتانی بۆ سولیمانی خوڵقاندووە، کە بۆ سەرخستنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا دەرفەت و کاتی زیاتری لەبەر دەست دابێت. 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی