"an independent online kurdish website

یەکشەممە ١٨ی گه‌ڵاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی چوار بۆمبی وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی لە بارەگای کۆمەڵە پووچەڵ کرانەوە. کێ بۆمبەکانی بۆ کۆمەڵە پووچەڵ کردەوە، ئەگەر جاری داهاتوو بۆی نەکردن چی دەکەن؟Faramarz-Almassy

 سكرتارییه‌تی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێ رۆژی یەکشەممە ١٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٤هەتاوی بەرانبەر بە ٩ی ئوتی ٢٠١٥ وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران چوار بۆمبی لە یەکێک لە بارەگاکانی ئەو حیزبە بە ناوی”زاگرۆس” داناوە و بەتەمای تەقاندنەوەی بارەگاکەیان بووە.

 لەم بارەوە بەڕێز فارووق بابا میری ئەندامی ڕێبەریی ئەو حیزبەش لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی رووداو باسی لەوە کرد کە چوار بۆمب لە لایەن کەسانی سەربەکۆماری ئیسلامی و بە هاوکاری یەکێک لە پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە کە شۆفیری بارەگاکە بووە و لەو شەوەشدا نیگابانی داوە، لە نێو ماشێنێک و چەند شوینیتر دانراون و ویستوویانە بۆ رۆژی دوایی بارەگاکە بتەقێننەوە کە لەلایەن پێشمەرگەکانەوە ئاشکرا کراون و دواتر لە لایەن تیمێکی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پووچەڵ کراونەوە. بابامیری لە درێژەدا وتی کە قەبارەی بۆمبەکان گەورە بوون و لە ئەگەری تەقینەوەی بۆمبەکان دەکرا خەسارێکی گەورەی گیانی و ماڵی لێ بکەوێتەوە.

 

زۆر ڕوونە کە هەموو کوردێک و بە تایبەت هەر کوردێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تۆسقاڵێک سۆزی بۆ نەتەوەکەی هەبێ بەم هەواڵە دڵی کەوتە خورپە و جارێکی تر دونیایەک ڕق و بێزازی بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی و هەموو داگیرکەرانی تر لە دەروونیدا درووست بوو. منیش وەک زۆربەی کوردان بەتایبەت کوردانی ڕۆژهەڵات بێزاری خۆم لە دڕندەیی کۆماری ئیسلامی و ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەردەبڕم و هیوادارم حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە پێکهێنانی بەرەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو تواناکانی خۆیان بخەنە سەر یەک، بۆ ئەوەی لانیکەم پلانەکانی کۆماری ئیسلامی بەر لە جێبەجێ کردن پووچەڵ بکەنەوە. دیارە لە ئەگەرێکی وەهادا ئەوان لە زۆربەی بوارەکاندا بەهێز دەبن کە ئەم خاڵە تەنیا بەشێکی کەمی دەبێت.

 

سەرەڕای خۆشحاڵی لە هەواڵی پووچەڵکردنەوەی ئەو مەترسییە گەورەیە چەند پرسیارێکیش لە دەروونی مندا سەریان هەڵدەدا. پرسیارێک کە ڕاست دوای ڕاگەیاندنی هەواڵەکە لە لای من درووست بوو ئەوە بوو کە ئایا بە ڕاستی بەو جۆڕەی کە لە هەواڵەکەدا باس کرا تیمێکی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆمبەکانیان پووچەڵ کردەوە؟ ئەگەر وایە بۆ دەبێ حیزبێکی چەکدار کە پێویستە ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی پلانەکانی دوژمنێکی فێلبازی وەک کۆماری ئیسلامی ببێتەوە، لانیکەم چەند کەسێکی پسپۆڕی پووچەڵکردنەوە بۆمبی نەبێ؟

 

حیزبێکی خەباتگێڕ کە بیەوێ لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا ڕاوەستێ پێویستی بە پسپۆڕی لە زۆر بواردا هەیە کە پووچەڵکردنەوەی بۆمب تەنیا یەکێک لەوانەیە. ئەگەر دۆخەکە لای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشان وەها بێت، ئەی لای کۆمەڵەکانی تر و دوباڵەکەی حیزب چۆنە؟ دەکرێ هیواداربین کە دۆخی ئەوان باشتر بێ؟ پێموانییە ئەوان باشتر بن و دۆخێکی جیاوازیان هەبێت.

 ئەوا ئەمجارە وەها چارەسەر کرا و بە خێر تێپەڕی. ئەگەر جاری داهاتوو قاسم سولەیمانی هەڕەشەی لە دەسەڵاتی کوردستانی باشوور کرد کە مافی ئەوەیان نییە ئەو جۆرە یارمەتییە بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، چارە چی دەبێ؟ چی دەکەن و چاوەڕوانی چین؟ بۆ لەو دەرفەتانەی کە لە کوردستانی باشوور هەیە کەڵکتان وەر نەگرتووە و ئەو پسپۆڕییانەی کە پیویستە و زۆر ئەزموونی تریش فێر ببن؟ چاوەڕوانی دەستی خێرن یا شتێکی تر لە ئارادا هەیە کە بۆ خەڵکی ڕوون ناکەنەوە، یان وەک زۆربەی کارەکانتان نەکارایی و کەمکاری و کەمتەر خەمی خۆتان دەخەنە ژێر تارمایی دۆخی ئەمنییەتی و لێکدانەوەگەلێک کە زیاتر دەروونی خۆتانی پێ ڕازی دەکەن؟

 من ڕووی قسەکانم تەنیا لە کۆمەڵە نییە و هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. لەوانەیە لە ڕەواڵەتدا بەم ڕەخنانە زویر نەبن، بەڵام دڵنیام لە دەروونی خۆتاندا بەم ڕەخنانە زۆر  زویر دەبن و ئەوەش ئامانجەی منە. چونکە زۆرجار تا ڕەخنەکە ڕەق و بە تەوژم نەبێت و پێی زویر نەبن گوێی نادەنێ. بەڵام ئەوەش ڕوونە کە ڕەخنە بۆ بەهێزکردن و بۆ گرتنی کەلێن بۆشاییەکانە و هیوادارم سەرەڕای زویر بوون ئێوەیش وەهای وەرگرن و کاری بۆ بکەن.

 لەگەڵ ڕێزی فراوانم بۆ چرکە چرکەی خەباتی ئێوە و هەموو خەباتگێڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە هیوای ئەوەی هەرچی زووتر بەرەیەکی کوردستانی زۆر بەهێز لە هەموو هێزەکان پێک بێنن و خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو قەیرانە ڕزگار بکەن. ئێوە تەنیا لە ئەگەرێکی وەهادا و بە پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێزی کوردستانی دەتوانن چاوەڕوانی پشتیوانی گەرم و هەموولایەنەی گشت ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بن و چاوەڕوان بن لە پرۆسەی خەباتدا خەڵک بە دەم داواکانتانەوە بێن.

 

بۆ پێشەوە بەرەو پێکهێنانی بەرەی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

یەکگرتوویی و سەرکەوتن بۆ خەباتی نەتەوایەتی و دادپەروەرانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

مردن و نەمان بۆ داگیرکەران و تیرۆریستان لە بەرگە جیاوازەکانیاندا!

ئوسلۆ 13.08.2015

بابەتی پەیوەندی دار

چوار بۆمبی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە بارەگای کۆمەڵە پووچەڵ کرانەوە



نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی