"an independent online kurdish website

شایەک هەبوو، تەنها کچێکی بچووکی جوان و روخسارشیرینی هەبوو ، کچەکەی ناوی مینا بوو، تەمەنی یانزە ساڵ بوو شا و شاژن  مینایان، زۆر خۆش دەویست،mnali-erupi

هەموو بابەتێکی یاری کردنی جوان و سەیریان بۆ کڕیبوو ، چەند مامۆستایەکی تایبەتیش فێری نووسین و خوێندنەوە و زانست و زانیاری گشتییان  دەکرد .

شا هەستی بەوە کرد ، کە مینا دڵتەنگ و بێزارە ، زۆر کەم پێ دەکەنێت.، شا چەند پزیشکێکی پسپۆر و چەند شارەزایەکی بانگ کرد .. تا چارەیەک، بۆ بێزاری و دڵتەنگییەکەی مینای کچی بدۆزنەوە .. بەڵام هیچیان پێ نەکرا.  شا رایگەیاند و بەڵێنی دا .. کە هەرکەسی بتوانێت مینای کچی دڵخۆش بکات و بیهێنێتە پێکەنین .. بە قەی سەنگی خۆی زێڕی خاوێنی پێدەبەخشێت.

لە گوندێکی قەشنگ و خۆشی نزیکی شانشیندا ، خێزانێکی جووتیار هەبوو .. بە خۆشی و بە شادی دەژیان .. پیاوەکە ناوی شاباز و ، ژنکەشی ناوی شاناز بوو، کچ و کوڕێکی جوانیشیان هەبوو .. کچەکەیان ناوی نازە بوو ، تەمەنی دوانزە ساڵ بوو .. کوڕەکەشیان ناوی دیاکۆ بوو ، تەمەنی دە ساڵ بوو .

نازە : باوکە ، من دەتوانم خۆشی و شادی بخەمە دڵی مینای کچە شامانەوە .

شاباز ( بە پێکەنینەوە) : نازە گیان .. ئەو هەموو پزیشک و شارەزایانە ، هیچیان پێ نەکرا ، پێم ناڵێیت تۆ چیت پێدەکرێت .. ؟! 

ئەم هەواڵە گەیشتە شا ، یەکسەر ناردی بە دوای شاباز و نازەی کچیدا .

شا ( بە پێکەنینەوە) : نازە خان .. بیستم کە وتووتە دەتوانیت مینای کچم دڵخۆش بکەیت و .. بیهێنیتە پێکەنین .. ئەمە راستە .. ؟!

نازە : بەڵی خاوەن شکۆ راستە .. من دەتوانم خۆشی و شادی بخەمە دڵی میناوە .. بە مەەرجێک .. بەڕێزتان بە ئەم مەرجانەی من قایل بن .

شا ( بە سەرسوڕمانێکەوە ) : مەرج .. بڵێ ، چین مەرجەکانت .. ؟!

نازە : دەبێت بۆ ماوەی نۆ مانگ مینا لەگەڵ ئێمەدا بژێت .. جلوبەرگێکی سادەش لەبەر بکات .. ئێمە چیمان خوارد ، دەبێت ئەو خواردنە لەگەڵ ئێمەدا بخوات .. ئازادیی یاری کردن و تێکەڵبوونی لەگەڵ منداڵانی گوندەکەماندا هەبێت .. لەم ماوەیەدا ئەوەش لە بیری خۆی بەرێتەوە کە کچە شایە .

شا ( هێندەی تر لە مەرجەکانی نازە سەری سوڕما ) : مینا .. کچی شیرینم ، گوێت لە نازە بوو .. بەم مەرجانەی رازی دەبی ..؟ پێت جێبەجێ دەکرێن ..؟

مینا : بەڵی باوکە گیان من بە هەموو داواکانی نازە رازیم و جێبەجێیان دەکەم.  مینا ماڵئاوایی کرد و .. لەگەڵ شاباز و نازەدا بەرەو گوندەکەیان بەڕێکەوتن .

مینا لەگەڵ نازە و دیاکۆ و ، منداڵانی گوندەکەدا بوون بە هاوڕێ .. پێکەوە یارییان دەکرد ، پێکەوە دەچوون بۆ قوتابخانە .. بەهار بوو دوای نیوەڕوان دەچوون لە ناو گوڵزارێکی سروشتی .. پڕ لە گوڵاڵە سوورە و گوڵە زەردە و گوڵە حاجیلە ، پێکەوە تیر یاری و چاوشاركێیان دەکرد و .. گۆرانیان دەوت و هەڵدەپەڕین .. تا خۆیان مەستی شادی و خۆشی  دەکرد .. ئینجا هەریەکەیان تاجەگوڵینەیەکی لە گوڵی رەنگاوڕەنگ دەکرد و ، لە سەری خۆی دەکرد .. بە چەپڵەڕێزان و بە خۆشی و شادییەوە دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە .. پێکەوە نانیان دەخوارد .. شەوانیش داپیرەی نازە نەنە ( گـوڵە ) چيرۆک و هەقایەتی خۆشی بۆ دەگێڕانەوە .. بە خۆشییەوە  دەیکردنە خەو .

لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ، مینا دڵی پڕبوو لە خۆشی و شادی .. لیۆ بە بزە و دەم بە پێکەنین بوو .. دڵتەنگی و ژیانی تەنیایی ناو کۆشکی شاهانەی لە بیرچوونەوە .. بوو بە کچێکی سادە و خاکی .. زۆر دڵخۆش و رووخۆش و قسەخۆش بوو .. بوو بە هاوڕێیەکی دڵسۆزی منداڵانی گوندەکە .

دوای نۆ مانگەکە .. شا و شاژن چون بۆ گوندەکە .. خەڵکی گوندەکە و .. مینا و نازە و هاوڕێکانیان بە گۆرانی و چەپڵەڕێزان پێشوازیان لە شا و لە شاژن کرد .. شا و شاژن کە مینایان بە دڵخۆشی و رووگەشی و پێکەنینەوە بینی .. زۆر گەشانەوە و دڵخۆشبوون .. تێر تێر مینایان ماچ کرد .. تێریش نازەیان ماچ کرد و زۆر سوپاس و ئافەرینیان لێکرد .. بە قەی سەنگی خۆشی زێڕیان پێ بەخشی .. خەڵاتیشیان بە هەموو منداڵانی گوندەکە بەخشی .

شا : دەی مینا ماڵئاوایی لە هاوڕێکانت بکە و .. با بچینەوە بۆ کۆشک .

مینا : بە مەرجێک دێمەوە بۆ کۆشک .. کە رێم لێ نەگرن .. رۆژانە دێمەوە بۆ ئەم گوندە .. چونکە من ناتوانم نازە و هاوڕێکانم و ، نەنە گوڵە و تەواوی خەڵکی دڵسۆزی ئەم گوندە و .. ژیانی خۆش و سادەی گوندەکە لە یاد بکەم .

شا بە مەرجەکانی مینا رازی بوو .. بڕیاریشی دا کە قوتابخانەیەکی تازە و باخچەیەکی جوان و قەشەنگیش بۆ منداڵان لە گوندەکەدا دروست بکەن .

نەرویــج : ٢٠١٥

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی