ئێوە ئارەزووی خۆتانە چۆن بیر دەکەنەوە و ئامانجتان چییە و بۆچی تێدەکۆشن.
ئێوە سەربەستن لەوەی خەبات و تێکۆشانتان لەچی شوێنێکی ئەم گەردوونە درێژە پێدەدەن و بۆچ مەبەستێک تەمەنتان دەبەخشن.
ئێوە ئازادن لەوەی لەچوارچێوەی حیزبێکدا خەبات و تێکۆشان دەکەن یانیش لەدەرەوەی حیزب و ڕێکخراو ، ئەوەش ھەر ئارەزووی خۆتانە.
ھەمووتان ئازادن لەوەی سەربەخۆیتان دەوێ یان مانەوە لەچوارچێوەی ئەو جوگرافیایەی پێی دەگوترێ”عێراق“.
ھەرچۆنێک پێتان خۆشە ئاواھی بیربکەنەوە و چۆنیش بیر لەداھاتووی ئەم نەتەوەیە دەکەنەوە ، دیسان ھەر ئارەزووی خۆتانە.
بێ گوومان ، ئەمنیش ئازادم لەوەی چ جۆرە بیروباوەڕ و حیزب و ئایدیۆلۆژیایەک دیاری دەکەم و خەبات و تێکۆشانی خۆم درێژە پێدەدەم.
ئازادیشم لەوەی داوای سەربەخۆیی بکەم یاخوود مانەوە لەچوارچێوەی عێراقدا.
بەڵام ، کەس مافی ئەوەنییە موزایەدەی سیاسم بەسەردا بکات و ناسیۆنالیستی و کوردایەتیم پێ بفرۆشێتەوە.
دژە کورد نیم و نەتەوەی خۆمم خۆش دەوێ ، ئێمەش مافی خۆمانە”دەوڵەت”مان ھەبێ و لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەندام بین و ئاڵامان لەبینای ئەو ڕێکخراوەیە بشەکێتەوە.
ئێمەش مافی خۆمانە کە کاتێک “سەرۆک”ی ھەڵبژێردراومان دەچێتە وڵاتێک ، فەڕشی سووری بۆ ڕابخرێ و ئاڵاکەشمان لەتەک ئاڵای ئەواندا دابنرێ و شکۆی نەتەوەیشمان پارێزراوبێ.
بەڵام خۆ ئەوە بەپێی حەز و ئارەزووەکانی من و تۆ نییە . بائێمەش حەزبکەین”دەوڵەتی سەربەخۆ”مان ھەبێ و خاوەنی کیانی خۆمان بین!
ئاخر ، حەزی من جیایە و واقعی سیاسی ناوچە و ھەرێمایەتیش جیاوازتر.
حەزەکانی من ، لەگەڵ ئەو تابلۆ سیاسیەی ئەمن لەناوچەکە و جیھانیشدا دەی بینم ، دژبەیەکی تێدایە و یەک ناگرێتەوە ، تەنانەت زۆریش دژن!
بەرژەوەندی وڵاتانی ھەرێمایەتی لەو پانتاییەی کە ئێمە ھەنووکە دەخوازین “دەوڵەتی سەربەخۆ”ی تیادا ڕابگەیەنین ، یەک ناگرێتەوە و ڕوانگەکانیان لەسەر داھاتووی ئێمە یەک نییە!
ئەمنیش حەزم لەوەیە دەوڵەتی سەربەخۆم ھەبێ و شەرم نەکەم بڵێم ئەمنیش ھەم ، بەڵام کاتێک چاو لەدۆخی ناوخۆیی خۆمان دەکەم ، شەرم دەمگرێ داوای سەربەخۆیی بکەم!
ناکۆکییەکانی ئێمە لەناوخۆدا ، ھەتا لێواری شەڕی دەستەویەخە و براکوژی ھەنگاویان ناوە!
ھیچ ڕوانگەیەکی ھاوبەشمان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی تایبەت بە نەتەوەکەمان ، نییە و زۆریش لێک دوورین!
ئێمە ھێشتا ئامادەگییەکی تەواوی ناوخۆییمان بۆ پرسی “سەربەخۆیی” نییە و بەیەکەوە ناکۆکین.
بەوردی دۆخی ئێستای باشوری کوردستان بخوێننەوە ، پێم وایە مەترسییە ناوخۆییەکانمان زۆر زۆرترن لە مەترسییە دەرەکییەکان.
بۆ ڕاگەیاندنی “سەربەخۆیی ، ھۆکارە ناوخۆییەکان ، بەقەدەر ھێندە و زیاتریش گرنگترن لە ھۆکارە دەرەکییەکان.
مەترسییە ناوخۆییەکان ناخی ئەو بەشەی کوردستانی (باشوور) ھەنجن ھەنجن کردووە. “ئینتیما” بۆ خاک و نیشتیمان کاڵ بۆتەوە و کەس خۆی بە بەرپرس نازانێ.
نیشتیمان ھاکا چۆڵ بوو ، ئێوە “دەوڵەت” لەسەر نیشتیمانێکی چۆڵدا بینا دەکەن.ھاوزمانەکانتان بوونە خۆراکی “ئیجە” و ئێوەش ھەر خەریکی موزایەدەی سیاسین.
ئازادی بیرکردنەوە و بڕیاردان ، مافێکی سادەی ھەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگایەیە و کەس ناتوانێ زەوتی بکات.
کەواتە ئاساییە ئەمن واقعە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەوچەشنە ببینم و جەنابیشتان لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە دۆخەکە ببینیت.
ئێوە فەرموون “دەوڵەتی سەربەخۆ” ڕابگەیەنن و ئەمنیش شیوەن بۆ چۆڵی نیشتیمان و خنکاوە ھاوزمانەکانم لەدەریای ئیجەدا دەگێڕم.