بۆ ئاوڕ دانەوە لە شوێندانەری و کاریگەری کۆماری دیموکراتیکی کوردستان بە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتەوە،پێویستە پێش هەموو شتێک ئاماژە بە خاڵێکی سەرەکی بدرێ.لە بنەڕەتدا کۆماری دیموکراتی کوردستان ناسنامە و دەستکەوتێکی حیزبێکی نەتەوەییە کە شاسواری رەوتی خەباتی نەتەوەییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان،ئەویش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
حیزبی دێموکرات لە ئەنجامی رەوتی مێژوویی خەبات بۆ دابین کردنی مافی نەتەوەیی ودامەزرانی کیانی نەتەوەیی هاتە کایەوە.مەفهومی مافی نەتەوەیی ومافی دیاریکردنی چارەنووس بنەمایەکی سەرەکی و بەرنامەیی حیزبی دیموکرات بوو کە دواتر لە ئەنجامی کۆمەلێک هەل و مەرجی ناوخۆیی،ناوچەیی و نێودەوڵەتی، کۆماری کوردستانی لە سەر دەستی خۆی دامەزرادند.
ئەم رۆژانە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان دەکرێتەوە،لە یەکەم روانیندا میرات و بەها بەرزەکانی کۆماری کوردستان وە بیرمان دێتەوە.رەنگە ئەم میرات و بەهایانەی کۆماری کوردستان خۆی لەم پرسیارەدا ببینێتەوە:حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تا چەن میرات و رێوشوێنە سیاسی،فکری و نەتەوەییەکانی کۆماری کوردستانیان لە بەرچاو گرتووە.
بەردەوام بوونی رەوتی گشتی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان،کە رەوتی نەتەوەییەکەی گوتاری زاڵ و باڵادەستی بۆ خۆی تۆمار کردووە بە باشی وڵامەکەی لە خۆیدا جێ کردۆتەوە.
کە باسی رەوتە سیاسی و فکریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین،دەبێ ئەوەش بخەینە روو کە بە پێچەوانەی هەل و مەرج و دۆخی شەڕی سارد کە جۆرێک لە جەمسەر بەندی جهیان و ناوچە وکوردستانی داگرتبوو،هەر وەک چۆن ئەکتەرێکی سەرەکی ئەم هاوکێشە نێودەوڵەتیە هەڵوەشایەوە،بە هەمان شێوە لە ئاستی فکری و سیاسی و رێرەوی خەباتی حیزبەکان ئەم هاوکێشەیەش بە قازانجی رەوتی نەتەوەیی لە رۆژهەڵات پەراوێز خرا.
لە ئەنجامی هەڵوەشانەوە وداڕمانی بلۆکی سۆڤییەت،دوو پرسی سەرەکی دیسان سەری هەڵدایەوە.یەکەم مەسەلەی نەتەوەیی بوو،دووهەمیان پرسی دیموکراسی و بەهاکانی بوو.لێرەوە بوو کە بەشێک لە هێزە چەپەکانی کوردستان لە ژێر کاریگەری ئەم رەوتە و پاشان لە ژێر رووناکایی و کاریگەری واقیعەکانی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستا،لە لووتکەی ئارمانخوازی داگەڕآن بۆ لای پرسی نەتەوەیی.لە ئێستادا پرسی نەتەوەیی و فاکتەری نەتەوەبوون لە زۆربەی هەرە زۆری بەرنامە ومانیفێستی حیزب و لایەنەکانی رۆژهەڵآتی کوردستان خاڵی هاوبەشە.ئەم بنەما هاوبەشە رەنگە کاریگەرترین و شوێندانەرترین بنەمای هزر و سیاسی کۆماری کوردستان ئەژمار دەکرێ کە وەک میرات بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی و کۆمەڵگای کوردستان ماوەتەوە.
ئێستاش حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان،لە سەرووی هەموویانەوە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران،کۆماری کوردستان و بەها بەرزە نەتەوەیی،ئەخلاقی وسیاسیەکانی وەک هێڵە گشتیەکانی سیاسەتی خۆیان پاراستووە،بەشێک لەم بەهایانە بریتین لە:ئاڵای کورستا،سرودی ئەی رەقیب،رەمزی پیشمەرگە و کوردایەتی،پێکەوە ژیانی ئاشتیانە،هەوڵدان بۆ چآرەسەری ئاشتیانەی پرسەکان،عەدالەتی کۆمەڵایەتی،دیموکراسی و نۆرمەکانی.
لە ئێستادا هەر هێز ولایەنێک بیهەوێ بێتە ناو کایەی سیاسی یان درێژە بە حەیاتی سیاسی خۆی بدات،رجوع دەکات بە وێستگەی میژوویی و سیاسیی مێژووی هاوچەرخی کورد،ئەویش سامانێکی دەوڵەمەندی سیاسیە بە ناوی کۆماری کورستان.هەر بۆیە حیزبەکان خۆیانی پێ پێناسە دەکەن و تەنانەت ئەگەر بۆ رەوایی دان بە بەرنامەی سیاسی و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان بێت ناتوانن ئیلهامی لێ وەرنەگرن.هەر بۆیە ئەوەی کە ئێستا لە رەوتی خەباتی نەتەوەیی کورد لە رۆژهەڵات هەیە بێ گومان میراتی کۆماری کوردستانەو وئەمەش رێنوێن و رێپیشاندەر و ئیلهامبەخشی دواڕۆژی رەوتی راستەقینەی خەباتە .
لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێ کۆماری کوردستان قوتابخانەی کوردایەتی و پڕاوپڕە لە وانەکانی ئازادی،سەربەستی و دیموکراسی ولەم راستایەشدا هەر لایەنێک بیهەوێ خەبات و تێکۆشانی خۆی بباتە پێش دەبێ وانەکانی کۆمار لە بەرچآو بگرێ و خۆی بە قوتابی ئەم قوتابخانەیە بزانێ.