کۆماری کوردستان (٢٢/١/١٩٤٦)، نە تەنیا دەستکەوتێکی گرینگی مێژوویییە، بەڵکوو سامانێکی بەرزی نەتەوەییشە. بوونی کۆمار وکوو ڕووداوێکی مێژوویی، تەنیا یەکێک لە لایەنە هەرە بچووکەکانی ئەم سامانە.
بوونی ئەڕتەشی سوور لە بەشێکی ئێران و سوپای بریتانیا لە بەشێکی دیکەی ئەو وڵات، بۆشایییەکی سیاسی و جوگرافیایی بۆ پێشەوا (١٩٠٠-١٩٤٧) ڕەخساند و، ئەوی بۆ ئەو چەمکە گرینگەی سیاسەت گەڕاندەوە، دەرفەت مێژوو دەخوڵقێنێت. کەڵکوەرگرتن لە بوونی سوپای سوور بۆ جاڕدانی کۆماری کوردستان، ئەمە یەکێکە لە خاڵە هەرە بەهێزەکەی پێشەوا.
هەر دیاردە، یان ڕەوتێکی سیاسی و مێژوویی، بەڕێگەی دوو هۆکارەوە گەشە دەکات و سەرهەڵدەدات. هۆکارە ناوخۆیییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، کە لە ئاکامی ململانێی دژەناوخۆیییەکاندا، کێشەکە بەلایەکدا دەشکێتەوە. هۆکاری دووەم کە یارمەتیدەرەی یەکەمە، لە فەلسەفەدا بە هۆکاری دەرەکی ناوی دەبەن، گەرچی زۆرینەی فەیلەسووفەکان لەسەر ئەوە ساخ بوونەتەوە، کە هۆکاری دەرەکی دەتوانێت ڕەوتی ڕووداوە ناوخۆیییەکان خێرا یان خاو بکات، تەنانەت دەتوانێت دەوری پێچەوانەیشی هەبێت. کۆماری کوردستان ڕێک بەڕێگەی ئەم دوو هۆکارەوە (ناوخۆیی و دەرەکی) لەدایک بوو و ئەمەش لێهاتوویی بنیاتنەرانی کۆمار دەگەیێنێت.
ئەوانەی ئاستی کۆماری کوردستان تەنیا بۆ “ڕووداو”ێکی مێژوویی یان بۆ بوونی سوپای سوور دەگەڕێننەوە و لە بایەخی کەم دەکەنەوە، نە ئاگایان لە دەوری هۆکارە دەرەکییەکان هەیە و نە لە سیاسەتیشدا بڕوایان بە دەرفەتی دەرەکی هەیە، کە ئەگەر بێتو کەڵکی لێ وەربگیرێت، دەتوانێت ڕەوتی مێژوو بگۆڕێت.
ئەو کۆمۆنیستانەی کە فۆندەمێنتالیستن، کە بێشک دەمارێکی دینیشیان هەیە، لە سیاسەتدا شتێک بە ناوی دەرفەت بوونی نییە، بەتایبەت ئەگەر دەرفەتەکە دەرەکی بێت. لەلای ئەوانەوە، دەرفەت یانی ئۆپۆرتۆنیسم. یان ئەگەر سەرکردە و بەڕێوەبەرانی بزووتنەوەیەک کە بەرهەمێکی مێژوویی هەبێت وەکو کۆماری کوردستان، جا ئەگەر سەرکردەکانی شێخ، ئاغا، مەلا و دەوڵەمەندی ئەستوور بن، ئەوە خێڕا “هێڵێکی ڕەش”ی بەسەردا دێنن!
ئەوانەی “تەنیا و تەنیا” پشت بە هێزی گەل دەبەستن، سەرچاوەی هزرییان بۆ کۆمەڵگەی دەربەگایەتی دەگەڕێتەوە، کە کۆندێک لە بواری ئابوورییەوە (ماست، پەنیر، شیر، شیرێژ، خوری، کەشک دۆ، برینج، کەنم، نیسک، هەرزن و دەیان شتی دیکە)ی بەرهەم دێنا و پێویستی بە گوندەی جێرانی نەبوو، چونکە هەر بۆ خۆی ئاشی خۆی دەگەڕاند. بەڵام هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستان و لە بواری سیاسییەوە، ئەم تێڕوانینە خێڵەکی و نەریتییە ڕەت کرایەوە و پانتایییەک دۆزرایەوە، کە دەبێ سوود لە هەموو هاوکێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان وەربگیرێت.
بەشداریی نوێنەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هەر لە ڕۆژی یەکەمی کۆمارەوە تا کۆتاییی تەمەنی، ئەو هەرەوەزە نەتەوەیییە بوو، کە لە مێژووی کورددا تا ئێستا وێنەی نەبووە و، مۆرکێکی تەواو نەتەوەیی بە بەرۆکی کۆماری کوردستانەوە هەڵواسی. گەرچی کۆماری کوردستان لە نزیک بە (٣٠%)ی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دنیا هەڵێنا، بەڵام بەشداریی پارچەکانی دیکەی کوردستان، سنووری نەتەوەییبوونی ئەو کۆمارەی بەرفراوان کرد، هاوکاتیش سنووری “ڕەسمی”ی چوار دەوڵەتی داگیرکاری کوردستانیان بەزاند.
بوونی سەرکۆمار، سروودی نەتەوەییی (ئەی ڕەقیب)، ئاڵای کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، چوار کۆڵەکە و پێناسەی هەرە سەرەکین، کە نەتەوەییبوونی ئەو کۆمارە دەسەلمێنن!
ئەو بابەتە لە لاپەرەی فەیسبۆکی نووسەر وەرگیراوە