Hoppa till innehåll
Hem » بەمەبەستی بایکۆتکردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا، خۆپیشاندانێک لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوەچوو.

بەمەبەستی بایکۆتکردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا، خۆپیشاندانێک لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوەچوو.

ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لقی ستۆکهۆڵمی ”کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ”pdki-dji-helbjardn-0

خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی بۆ شەرمەزارکردن و بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئێران لە ” گۆڕەپانی سێرگێل” لە ناوەندی شاری ستۆکهۆڵم بەڕیوەبرد.

ئەو خۆپیشاندانە بە دەستپێشخەری سێ هێزی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، واتە هەریەک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی گەلی بەلوجستان (حزب مردم بلوچستان) لە ئاستی کومیتەی شاری ستۆکهۆڵمدا پێکهات بوو.

خۆپیشاندانەکە کاتژمێر ٦ی دوانیوەڕۆ بە کاتی ئورووپا دەستی پێکرد و سەرەتا مەبەستی خۆپیشاندانەکە ڕاگەیەندرا و دواتر وتەیەک ” بەزمانی سویدی”  لەلایەن ” ئاسۆ ساڵح”  نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ لە ستۆکهۆڵم پێشکەش کرا.

بەڕێز ئاسۆ وتەکەیدا هەڵبژاردنەکانی ئێرانی بە سیناریۆ ناوبرد و لە درێژەدا گوتی کەمترین مەجال بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیک لە سیستەمی سیاسیی رێژیمی ئێراندا بوونی نییە، هەربۆیە ڕیسواکردنی ئەو سیناریۆیە ئەرکێکی ئەخلاقی هەر تاکێکی کۆمەڵگای ئێرانە.

پاشان ” ئازاد ئەمینی” وتارێکی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، پێشکەش کرد.

دواتر ڕاگەیەندراوی ” کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕال” بە زمانی سویدی لەلایەن شاهین خوسرەوی و هەمان ڕاگەیەندراو بە زمانی فارسی لەلایەن سەعید دلپەزیرەوە خوێندرانەوە.

لە بەشێکی دیکەی خۆپێشاندانەکەدا لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئەو خۆپیشاندانەوە چەندین ئامار و بەڵگە لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا وەک گرتن، ئەشکەنجە و ئێعدام بەزمانی سویدی خوێندرایەوە

لە بڕگەیەکی دیکەی خۆپێسانەکەدا، ناڕەوابوونی هەڵبژاردنەکان و بەربەستەکانی بەردەم بەشداری سیاسیی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیی ئێراندا زیاتر فۆکووسی خرایە سەر.

شایەنی باسە لەو خۆپێساندانەدا کۆمەڵی خەڵک وێرای نوێنەرانی ئەو سێ حیزبە لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون و وێڕای پەیامەکانیان بە هەڵگرتنی درووشم و پۆستێری تایبەت بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی خەڵکی ناڕازی و نەتەوە ستەملێکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ ـ ستۆکهۆڵم

٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی

٢٥ی فیڤەریەی ٢٠١٦ی زایینی