روون و ئاشکرایە و دونیا دەزانێ کە تا ئەمڕۆ سوپای تورکیا تەنها فیشەکێکیشیان بە چەتە بەکرێگیراوە تیرۆریستەکانی داعشەوە نەناوە ..
بە پێچەوانەوە تا ئەمڕۆش تورکیا بە ئاشکرا و بە نهێنی یارمەتی ماددی و لۆجستی داعش دەدات .. بە چەک و بە دەرمان و بە تەقەمەنی و بە سیخوڕیکردن لەسەر شەڕڤـانانی کـورد، هاوکاری داعش دەکەن .. زۆربەی ئەو تەقینەوانەش کە لە تورکیادا ئەنجام دران و دەدرێن .. لە لایەن میتی تورکیاوە پلان داڕێژی بۆ کردوون و جێبەجێ کردوون .. بۆ ئەوەی کە پەنجـەی بوختان و تاوانبارکردن بۆ پارتە سیاسییەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردسـتان درێـژ بکەن .. یا هەمیشە تەقینەوەکان دەدەنە پاڵ شۆڕرشگێڕانی کوردمان .. بە مەبەستی تاوانبارکردن و ناوزڕاندنیان .. بۆ ئەو مەبەستەش کە لە پاڵ شەڕی تیرۆریستان و قۆستنەوەی باروودۆخی ناوچەکە و بێدەنگی و خۆکەڕکردن و خۆلاڵکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرانبەر بەو کۆمەڵکوژییەی کە سوپای دڕندە و رەگەزپەرستی تورکیا بەرانبەر بە کورد ئەنجامی دەدەن .. تورکیا ئەم بارودۆخەی بۆ کۆموڵکوژیی کورد قۆستۆتەوە .. بوونی هێزی پەکەکە و شەڕڤانانی کوردی کردوون بە بیانوو .. تورکیا کورد بە تیرۆریست ناودەبات .. بەڵام کەس بڕوا بە درۆ و بە بوختانەکانیان ناکەن .. ئۆردوگانی تۆرانی رەگەزپەرست لە ژێر عەبای ئیسلامیدا .. درێژە بە ئایدۆلۆژیای بۆگەنی تۆرانیەت دەدات .. چونکە ئۆردوگانیش بە رەگەزپەرستی گۆشکراوە و بە هیچ کلۆجێک دان بە هیچ نەتەوەیەکی تردا نانێت و، تورک بە تەنها نەتەوە دەزانێت .. سەد بەردیشی بە تەنگەی نازیدا داوە .. ئۆردوگان تا سەر ئێسقان دژایەتی گەلی کوردمـان دەکات .. شەڕێکی پاکتاوی نەژاندی خوێناوی لە دژی گەلی کوردمان راگەیاندووە .. بە سۆپایەکی زەبەلاحی دڕندەوە، بە هاوکـاری هـەزاران پۆلیس و میتی بێـڕەوشت، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامەردانە و دوور لە هەموو رەوشتێکی مرۆیی، بە فرۆکەی کوشندەی ئێف شانزە و بە تۆپی قورس و بە تانک و بە زرێپۆش .. پەلاماری خەڵکی سڤیلی بێدەرەتانی شارەکانی باکووری کوردستانیان داوە .. دەست لە منداڵی ناو لانکیش ناپارێـزن .. تا ئێستا بە سەدان منداڵ و ژن و پیر و پەککەوتەی بێتـاوانی کوردیـان شەهید کردووە .. بە سەدان ماڵییان بەسەر دانیشتووانەکانیاندا وێران کردوون .. ئەم بێڕەوشت و نامەردانە تەنانەت رێش بە کەس و کـاری شەهیدەکانیشمان نادەن، کە شەهیدەکانیان بە خاک بسپێرن .. رێش نادەن کە بریندارەکانیان لە نەخۆشخانەکاندا تیماربکرێن .. رێش بە تیمەکانی مافەکانی مرۆڤ و بە رۆژنامەنووسان و راپۆرتنێران و بە میدیاکانیش نادەن، کە لە شوێنەکانی تاوانەکانیان نزیک ببننەوە .. تورکیا فاشستی نەک هەر گەمارۆیەکی ئابووریان بەسەر شارەکانی باکووری کوردستاندا سەپاندووە، بەڵكو گەمارۆیەکی راگەیاندنیشیان بەسەردا سەپاندوون .. رێ نادەن کە پەیامنێران و رۆژنامەنووسەکان، روماڵی تاوانە قێزەوەنەکانیان بکەن و پەردە لەسەر دڕندەیی و بێڕەوشتییان لابدەن .. تا ئێستاش بە سەدان لاو و مێردمنداڵ و پارێزەر و چالاکوانی کوردیان گرتوون و، بە بەبێ تاوان، و بە ناڕەوایی بە تاوانی هەڵبەستراوی ( ناپاکی دژ بە دەوڵەت ) تاوانباریان کردوون .. بەڵکو ئەوان کورد بوون بە تاوان دەزانن .. دژی ناوی کورد و کوردستانن .. نزیکەی نەوەت ساڵە سیاسەتی رەگەزپەرستی و شۆڤێنی لە تورکیادا نە گۆڕاوە و درێژەی هەیە .. زیاتر لە نەوەت ساڵە رژێمە رەگەزپەرستەکانی تورکیا، بە رژێمە رەگەزپەرستییەکەی ئێستای ئۆردوگانی دیکتاتۆری لووت بەرزيشەوە دەیانەوێت بە زەبری هێز و، بە لەشکرتاری و، بە سەرکوتکردن و کوشتن و بڕین و بە کۆمەڵکوژی و بە رەشبگیری .. کۆتایی بە کێشەی رەوای بیست و پێنج ملیۆن کورد لە باکووری کوردستاندا بهێنن .. هەموو رێـگایەک و شێوازێکی دڕندانـە و نامـەردانەیان بۆ توانەوە و بۆ جینۆسایدکردنی کورد بەکارهێنان و دەهێنن .. ئەوەی تا ئێستا بەسەر کوردیان هێناون .. کەمتر نییە لەوەی کە بەسەر ئەرمەنییەکاندا هێنایان، کە تا ئەمڕۆ و تا هەتایەش تاوانەکانیان پەڵەیەکی زەق و زۆر قێزەوەنن، بە تەوێڵی شۆڤێنی تورکەوە، لاپەڕەیەکی شەرمەزاریشن لە مێژووی سەراپای پڕ لە تراژیدیای خوێناوی و رەشیان.
ئۆردوگانی رەگەزپەرست و بێوژدانی دوور لە بەزەیی و لە هەست و سۆزی مرۆڤایەتی ، لە ئەمڕۆدا بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامەردانە بە سوپایەکی پڕ چەکەوە پەلاماری گەلی کوردمانی لە شار و لە شارۆچکەکانی باکـووری کوردستانی خۆڕاگـر و قارەمـان و کۆڵنـدەر داوە .. سوپاکەی سەربەست کردوون لە کوشتنی منداڵان و ژنانی کوردمان، لەسوتاندنی تەر و وشک، لە کاولکردنی شارەکانمان .. لە بەجێهێشتنی زەویی سووتاو .. تا ئێستا لە چەند شارێکی باکووری کوردستاندا کۆمەڵکوژی کوردیان ئەنجام داون .. کە دەچنە، چوارچـێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و، تاوانەکانی نێودەوڵەتی دژ بە مرۆڤایەتی .. بەلامەوە مایەی پێکەنین و گاڵتەجاڕێیە، کە ئۆردوگان باس لە ئازادی و لە دیموکراتی و دادپەروەری دەکات .. بەڵام ئەم قسانەی هەموویان درۆی رووتن و، دروشمی موزایەدەن .. تاوانەکانی دژ بە گەلی کوردمان راستیی درۆکانی دەسەلمێنن . ئۆردوگان ئیسرائیل تاوانبـار دەکات کە منداڵانی فەلەستین دەکـوژن .. بەڵام ئەوەی ئەم دیکتاتۆرە دووڕووە بەسەر منداڵانی کوردی هێناوە .. هەرگیز ئیسرائیل ئەم نامەردییەی بەرانبەر بە فەلەستینییەکان ئەنجام نەداوە ؟ ئۆردوگان بۆ مزایەدەکردن، خەباتی گەلی فەلەستین بە رەوا دەزانێت .. ئێمەش لەگەڵ خەباتی رەوای گەلی فەلەستیندا داین .. ئەی بۆ خەباتی گەلی کوردمان بە تاوان دەزانێت .. ؟! چ جیاوازییەک لە نێوان کورد و فەلەستینییەکاندا هەیە ؟ یا بانێکە و دوو هەوایە .. ؟! ئەی ئەگەر ئیسرائیل بە تاوانبار دەزانێت .. بۆ لە لێدوانێکیدا وتی : پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل دا بەهێزبکەین .. ئێمە پێویستیمان بە ئسرائل هەیە .. ؟! ئەمەیە دووروویی و دووفاقی .. ئەمەیە سیاسەت و هەڵویستی راستی ئۆردوگانی سەدڕوو .. ئۆردوگـان ناتوانێت بەم درۆ و دەلەسانەی خۆڵ لە چاوی خەڵکی بکات .
ئۆردوگان زۆر گەمژەیە گەر وا تێبگات کە بە کوشتن و بڕین و تۆقانـدن و، بە زەبری هێز و ئۆپراسیۆنی سەربازی و، بە هەڕەشە و گوڕەشە، بتوانێت كورد ملکەچ بکات .. خەیاڵی خاوە و سەری خـۆی بە چیای قەنـدیلی سەخت و سەرکەشدا دەکێشێت .. سۆپا دڕندەکەی سەدام حوسێنی گۆڕبەگۆڕی هاودۆستی ئۆردوگان، چەند جارێک هەڕەشەی ئەوەی لە گەلی کوردمـان لە باشووری کوردسـتاندا کرد .. کە کـورد قڕان دەکەن و، ناسننامەی کورد دەسڕنەوە و، لە مـاوەی ساڵێکدا چیاکانی کوردستان تەخت دەکەن و، ناوی کوردستان دەسڕنەوە . بەڵام نە بە کیمیاباران و نە بە ئەنفال و نە بە کۆمەڵکوژی و نە بە راگواستنەوەی بە زۆر و، نە بە گەمارۆی ئابووری و سیاسی و راگەیـاندن .. نەیان توانی کۆڵ بە ئیرادەی پۆڵایین و بە خۆڕاگری گەلی کوردمان بدەن .. نەیان توانی مەشخەڵی خەبات و شۆڕشی گەلەکەمان خامۆش بکەن … بە پێچەوانەی نیازگڵاوییان، کورد و کوردستان زۆر بەهێزتر بوو .. سەدامی دیکتاتۆر و رژێمە رەگەزپەرستییەکەی و حیزبە شۆڤێنییەکەشی گۆڕبەگۆڕبوون .. بە ئۆردوگانی رەگەزپەرستیش دەڵێین ئەگەر کەمێک هۆش لە مێشکیدا ببێت .. پێویستە پەند و وانە لە چارەنووسی سەدام حوسێن و موعەمـەر قەزافـی و حوسنی مبـارک و زین العابـدین و چاوچیسکۆ و میلـۆدۆڤیـچ و هەموو دیکتاتۆرە هاوشێوەکانی ئەمانە وەربگرێت .. کە ئەوانیش هەر وەکو ئۆردوگان لە خۆبایی ببوون .. کەچی لەبـەردەم تسۆنـامی تووڕەیـی و راپـەڕینی گەلەکـانیاندا ، ترسنوکترین کەس بوون .. کونە مشکیان لێببوو بە قەیسەری .
ئۆردوگان بە راگەیاندنی شەڕێکی پاکتـاوی نـەژادی لە دژی گەلی کوردمـان .. تورکیا بەرەوە کارەساتێکی خوێناوی دەبات .. بە هەزاران کورد و تورک دەبنە قوربانی ئەم لە خۆبایی بوون و سیاسەت رەگەزپەرستییەی .. ئۆردووگان لە جیاتی ئەوەی کە بە دوای چارەسەرێکی ئاشتیانەدا، بۆ دۆزی رەوای کورد بگەڕێت .. کەچی هێندەی تر برینەکان قوڵ دەکاتەوە .. بە هۆی دوورنەبینی و هەڵەکانی ئۆردووگانەوە تورکیا، لە ناوخـۆ و لە ناوچەکە و لە دەرەوەدا، تووشی قەیرانێکی سیاسی بووە .. تووشی قەیرانێکی داراییش دەبێت .. چونکە داهاتی کەرتی گەشتگوزاری تورکیا لە پاشەکشێدایە .. لەم مـاوەیەدا بە هۆی ناسەقامگیرییەوە .. ژمارەی توریستانی بیانی بۆ شارەکانی تورکیا کەمبوونەتەوە و، کەمتریش دەبنەوە .. هەر بەم هۆیـەوە لەم ماوەیەدا، تورکیا زیاتر لە دوانـزە ملیار دۆلار زیانی لێکەوتووە .. چاوەڕوانی زیانی زۆرتریشی لێدەکرێت .. ئەم هۆیانەش لە ئەنجامی سیاسەتی نادروستی ئۆردوگان و پەرپاکردنی شەڕی دژ بە گەلی کوردمان لە باکووری کوردستان سەریان هەڵداون .. راگەیاندنی فیدراڵیش لە رۆژئاوای کوردستان هێندەی تر ئۆردووگانی رەگەزپەرستی هەراسـان و نیگـەران و تووشی شۆک کرد .
با ئۆروگان باش بزانێت کە ئەوە ئەستەمە بە کوشت و بڕین و، بە گرتن و تۆقاندن و، بە وێرانکردن و.. بە هەڕەشەکردن .. بتوانێت بەر لە راپەڕین و خەباتی گەلی کوردی قارەمانمان بگرێت .. لە ئێستادا لە ناو تورکیاشدا، ژمارەی ئەوانەی کە ناڕازیین لە سیاستی هەڵەی ئۆردوگان و لە لەشکرتاری و سەرکوتکردنی کورد، رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندان .. چونکە شەڕێکی زۆر ناڕەوایە .. دەتوانرێت بە گفتوگۆ و بە ئاشتی و دادپەروەری کێشەی کورد لە باکووری کوردستاندا چارەسەر بکرێت .. نەک بە شەڕ و کوشتن و دوژمنایەتی .. وەک دەڵێن ( سەد ساڵێ گفتوگۆ .. لە رۆژێکی شەڕ باشترە).
ئێستا بۆ جیهان دەرکەوت کە کێ تیرۆریستە .. شۆڕشگێڕان و پێشمەرگە ئازادیخواز و ئاشتیخوازەکانی کوردستان .. یا ئۆردوگانی لەخۆبای و پارتە نادادپەروەرەکەی و رژێمە رەگەزپەرستییەکەی .. ؟ کامیان ..؟ بەپێێ بڕیاری جنـێف ( شۆڕشگـێڕ پیاوکوژ نییە ) .. شۆڕشگێڕانی کوردستان لە باکوور و لە رۆژئاوا و لە رۆژهەڵاتی و لە باشووری کوردستاندا تیرۆریست و پیاوکوژ نین .. بەڵکو شۆڕشگێری بە راستین و، لە دژی داگیرکەرانی رەگەزپەرستی کوردستان دەجەنگن و .. بەرگری لە مانەوەی گەلەکەمان دەکەن و .. لە پێناوی ئازادی و دیموکراتیدا دەجەنگن .. بەڵام تیرۆریست و پیاوکوژ و توندڕەوی راستی .. تورکیای ئۆروگانی رەگەزپەرست و سوپا دڕندەکەین .. ؟ ئەی کێیە یارمەتی چەتەکانی داعشی بێڕەوشت و، بەرەی نوسرەی جاشی بەکـرێگیراوی تورکیا دەدات .. ئایە راستە کە تورکیا هاوپەیمانە لەگەڵ دەوڵەتانی دژ بە داعش .. ؟! یا تورکیا هاوپەیمانی راستیی داعشە .. ؟ بێگومان دووەمیان راستە .. تا ئێستاکە سوپای تورکیا تەنها داعشێکیشیان نە کـوشتووە ؟ تەنها داعشێکـیان نە گـرتووە ؟ یا فـرۆکە ( ئێـف شانزە ) کانیان، تەنها بۆ جـارێکیش بۆردوومـانی مۆڵگەیەک لە مۆڵگەکـانی داعشیان نە کردووە ..؟! بە بیانووی شەری پەکەکەوە .. بە سەدان خەڵکی سفیلی و بێتاوانی باکوور و باشووری کوردستانیان تیرۆرکرد .. فرۆکە کوشندەکانیان شەلم کوێرم دەست ناپارێزم .. بە دەیان گوند و شارۆچکەی کوردستانیان وێـران کرد ..گوندنشین و مەڕ و ماڵات و ئاژەڵی بێتاوانیان کوشت .. ئەمڕۆش لە کاتی ئەم نووسینەشمدا چەند فرۆکەی جەنگی تورکیای تیرۆریست بە بیانووی بوونی بارەگاکانی پەکەکە .. بۆردوومانی چەند گوندێکی باشووری کوردستانیان کرد، کە تەنها یەک بنکەی پەکەکەش لەو نزیکە نین. سوپای تورکیا بە گیانی خەڵکی سفیلی کوردستان دەوێرن .. فرۆکەکانیان شار و گوند و باخەکانی کوردستان وێران دەکەن ؟ نەک مۆڵگەکانی چەتەکانی داعشی تیرۆریست .. ئەگەر ئۆردوگان داعش بە تیرۆریستیش ناو بهێنێت، بە راستی نییە و، لە دڵیەوە پێان ناڵێت، ( ئۆردوگان گەر بەدەم جـوێن بە داعشیش بدات .. بە چو پێیان دەڵێت وەرن ) . ئۆردوگـان و ئەبوبەکری بەغـدادی، دوو رووی یەک دراون .. هەموو کەسێک ئەوە دەزانێت .. کە هەر تورکیا بوو یارماتیی داعشی دا، لە گرتنی شاری مووسڵ و، شاری كۆبانی و، شەنگال و، تەلعفەر و چەندین شوێنی تر .. تەنانەت چەند رۆژنامەنووسێکی تورکی کە ئەم راستییەیان ئاشکرا کرد .. بە بڕیاری ئۆردوگان بەند کران و بە ناپـاکی کردن لە دەوڵەت و، بە ئاشکراکردنی نهێنی دەوڵەت تاوانبار کران .. هەرکەسێ لەگەڵ ئۆروگان نەبێت بە تاوانباری دەزانێت .. توومەتی ناپـاکی دژ بە تورکیا دەخـەنە پاڵی .. ئـازادی و دیموکـراتی و دادپـەروەری لە تورکیادا.. ناوی رووتن و، بوونیان نییە .
لە ئەمڕۆشدا، تورکیا هاوپەیمانییەکی لەگەڵ چەند دەوڵەتێکی عەرەبیدا پێکهێناوە، کە هەموومان دەزانین کام دەوڵەتانن و، دەیانەوێت پیلانێک لە دژی خواستەکانی گەلی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدەن .. ئەوان نایشارانەوە و بە ئاشکرا دەڵێن ئێمە بە هێز ئەزموونەکانی رۆۆژئاوای کوردستان لە ناودەبەین و .. دژی هەموو خواست و مافێکی کوردین .. پیلانێکی هێڕشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان لە لایەن سوپای تورکیاوە داڕێژراوە و لە ئارادایە .. بۆ ئەم مەبەستەش هێزێکی گەورەیان بە قورسترین چەکەوە ئامادە کردووە .. ئەوەش راست نییە کە ئامانجی تورکیا تیاچوونی رژێمی بەشار ئەسەد بێت .. بەڵکو مەرامی سەرەکی گڵاویان، هێڕشکردنە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی کوردە .. وێرانکردنی شار و گوند و شارۆچکەکان و.. ئاوارەکردن ودەربەدەرکردنی کوردە لە رۆژئـاوای کوردسـتان .
داوا لە هەموو پارتە کوردستانییەکان دەکەین .. لە هەموو رۆشنبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسان و میدیاکاران .. لە هەموو رێکخـراوە مەدەنییەکـان .. لە هەموو کوردستان پەروەرێکی دڵسۆزمان لە کوردستان بن و یا لە هەندەران بن دەکەین .. کە لە ئاستی تاوانەکانی سوپای تورکیای رەگەزپەرست و دڕندەدا، بەرانبەر بە خوشک و برایانی بێتاوانمان لە باکووری کوردستاندا، بێدەنـگ نەبن و، کاردانەوە و هەڵوێستیان هەبێت .. پشتگیری خۆیان بۆ خۆڕاگـری و کۆڵنەدانیان دەرببڕن .. پێویستە یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن و، زۆر بە توندی پرۆتستۆ و شەرمەزاری تاوانەکانی ئۆردوگـان و سوپای دڕندەی تورکیا بکەن و، خۆپێشاندان و رێپێوانی نارەزایی و توڕەیی سازبکەن .
شەرمەزاریشە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان و ژنان ، بۆ رێکخراوی داکۆکیکەر لە مافەکانی مرۆڤ ( هیومان رایتش ۆوچ ) کە خۆیان کوێر و کەڕ و لاڵ کردووە لە ئاستی کۆمەڵکوژی گەلی کوردمان لە باکووری کوردستان لە لایەن تورکیای فاشستییەوە . ئەگەر ئەم تاوانانە دەرهەق بە خەڵکی سڤیلی شارەکانی کوردستان کاری تیرۆریستی و تاوانی نێودەوڵەتی دژ بە مرۆڤایەتی نەبن .. ئەی کـاری تیرۆریستی و تـاوان لە دژی مافەکانی مروڤایەتی لەمانە زیاتر چین .. ؟!
زۆریش سوپاسی وەزیری دەروەی رووسیا ( سیرگی لاڤـرۆف ) دەکەین، کە دەنگیان خستنە پاڵ ئەو کەمپینە کۆدەنگییەی کە کەناڵی راگەیاندنی ( ئاڕ تی ) رووسی لەژێـر ناوی ( دادپەروەری بۆ کورد ) رایگەیاند، کە داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆیان لە لایەن ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ کردووە .. دەربارەی ئەو تاوان و پێشێلکارییانەی ئاراستەی دەوڵەتی تورکیا کراون .. بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی کورد لە شارەکانی باکووری کوردستاندا .. ( لاڤـرۆف ) لەو دیمانە رۆژنامەوانییەی کە لە رۆژی چـوار شەممە (٢٣ی/ ئادار/ ٢٠١٦) لە ( مۆسکۆ ) لەگەڵ وەزیری دەروەی ئەڵمانیادا. پێکەوە لەگەڵ رۆژنامەنووسان و کەناڵەکاندا سازیان کرد، وتی : ” تورکیا هێشتا چەکـدارانی کورد بۆردوومان دەکات و ئاستەنگی دەخاتە رێی خەبات کردنیان لە دژی تیرۆریستان ” لاڤـرۆف جەخـتی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە : ” پێویستە کورد لە گفوگۆکانی جنێڤ دا بەشداربکرێت ” وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش ( ڤاڵتەر شتاینمار ) وتی : ” بـارودۆخ لە تورکیـادا .. دەرەوەیان ورووژانـدووە .. بەڕلیـن هیـوای ئەوە دەخوازێت کە تورکیا رێگایەک بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ کورد دا بدۆزێتـەوە ” .. هیوادارین رووسیا و ئەڵمانیا و، هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە دژی شەڕ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤن لە هەر شوێنکدا بێت و لە هەر بارودۆخێکدا بێت .. بە فەرمی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە هەموو ئەو لایەنانە بکەن کە بڕیاربەدەستن .. داواش لە رژێمی تورکیای رەگەزپەرست بکەن، کە دەست لە کۆمەڵکوژی کورد هەڵبگرن و پەنا بۆ گفتوگـۆ و چارەسەری ئاشتییانە بەرن .. تورکیا بێدەنگی و سەرقاڵبوونی دەوڵەتان و نەتـەوە یەکگرتووەکان و ناتـۆ و کۆمەڵەگـای نێودەوڵـەتی، بە شەڕی دژی داعشەوە قۆستۆتەوە .. لە ئەنجامدانی تاوانە قێزەوەنەکانی دژ بە گەلی کوردمـان .. داواش لە لیژنەی بەرپرس و چاودێر لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین کە بە زووترین کات.. بۆ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە تاوانەکانی تورکیا .. دەستەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ بنێرن بۆ تورکیا .. بۆ رووماڵکردنی تاوانەکان و پێشێلکارییەکانی تورکیا دەرهەق بە گەلی کوردمان .. نازانین تا کەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و، ویژدانی جیهانی، چاوپۆشی لە تاوانەکانی تورکیا دەکەن ..؟!
ئێمەی کورد بە ئەوپەڕی رێز و پێزانینەوە، هەڵویستی بەرزەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئەڵمانیا بەرز دەنرخێنین و لەبەرچاودەگرین .. داواشیان لێدەکەین .. کە لە ئاستێکی باڵاتردا، رووسیا و ئەڵمانیا بە فەرمی پاڵپشتی خەباتی رەوای گەلی کوردمان بکەن .. داواش لە پەڕلەمان و لەیەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەگرتووەکان دەکەین .. کە فشار بخەنە سەر رژێمی تورکیا، بۆ راگرتنی کۆمەڵکوژیی خەڵکی سڤیلی کوردستان .
دڵنیاین و گەشبینین، کە سەرکەوتن بۆ گەلی کوردی قارەمان و ئازادیخواز و ئاشتیخواز و ژیانخوازمـان دەبێت .. زووبێت یا درەنـگ .. داگیرکەرانی رەگـەزپەرستی کوردسـتان ناچاردەکەین کە ملکەچی مافە رەواکانی گەلەکەمان بن .
رەزا شوان / نەرویج
٢٣ ی/ ئادار / ٢٠١٦