"an independent online kurdish website

بەناوی خوای دڵاوای دڵۆڤان وامەزانن ئەوانەی لە ڕێی خوادا شەهید کراون مردون، ئەوانە زیندون….mela_biraym1

 دەی (١٠ ) خاکەلێوە

ڕاستی و ڕەوایی مافی گەلی کوردو هەقانیەتی خەباتەکەی بۆ ڕزگاری گەل و زێدەکەی ئەوەندە گرینگ و ڕون و مەزن و بایخدارو حاشا هەڵنەگرە کە لە ژێرهیچ تەپ و مژو ڕەشە هەورێکدا ناشاردرێتەوە. لە هەمانکاتدا نرخ و بایخە مەزنەکەی هەڵدەگرێی سەری لە پێناو بنێی و شانازی بەخۆشت بکەی. بۆیە دەبێ سەر بکەی بە پردەبازی ڕێگای ڕزگاری گەل و نیشتمان. ئەو چەشنە خۆ بەختکردنە بە ناوی شەهید پێناسە کراوە، چونکە ئەوانەی دەکەونە ناو بازنەی شەهید، ئەو کەسانەن خۆ بەخش و تەنیا بە مەبەستی وەدیهێنانی ئامانجی گەل و ڕزگاری نیشتمان، ئەو ڕێبازەیان هەڵبژاردوەو بە شانازیەوە سەریشیان لە پێناو داناوە. ئەوانە گرینگترین و بایخدارترین دەسکەوتیان بە جێهێنانی ئەرکی نەتەوایەتی و ڕێزو حورمەتی گەلەکەیانە. بایخدارترین بەرهەمیان ئەوەیە لە مێژوی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلدا ناویان وەک قارەمانی ئازادی گەل سەبت کراوە و دەکرێ. لە بەرنامەی خوێندنی زێـدە ئـازاد کراوەکەیاندا لـە ڕیزی پێشەوە جێگایان بۆ دەکرێتەوە. ڕەوڕەوەی خەباتی مافخوازانەی گەلە بەشخوراوەکان، دەبێ بەزانستی سەردەم و ئەزمونی کۆن وەگەڕ بخرێ، خەبات لە پێناوی ئازادیدا بە هیچ جۆر لەبیر نەکرێ . ڕێبەرانی گیان بەخت کردوی گەل دەبێ چرای ڕوناکی دەری ڕێگای سەرکەوتن بن ، کە پێشەوای نەمری ئێمە دیارترین چرا بەدەستانە و چوارچرای مەهابادیش شایەدمانە .

ئەگەر بمانەوێ ئاوڕ لە (١٠) ی خاکەلێوە بدەینەوە و لەوێڕا بڕوانینە کۆماری کوردستان، دەبینین کە پێشەوا گەیوەتە لوتکەی بەرزی بوێری و بڕوا بەڕێبازو وەفاداری بەگەلەکەی و هەر لەوێشڕا بایخ و گرینگی مافی نەتەوایەتی و سەربەخۆیی گەل و وڵاتمان بۆ دەردەکەوێ. ئەگەر بەدڵفراوانی و بەچاوێکی کراوەی دوربین، بەبێ بڕوبیانووی حیزب حیزبێن، بە ئیمانێکی ڕاستەقینە بەڕەوایی مافی گەلی کورد، لە ڕۆژی (١٠) خاکەلێوە بڕوانین دەیسەلمێنین کە ئەو ڕۆژە بەبۆنەی ئەو قوربانیە مەزنانە ڕۆژی بەڵێن نوێکردنەوەیە دەگەڵ گەلـ و گرینگی کەسایەتی ئەو شەهیدانە. شەهیدکرانی ئەو ئەستێرە پڕشەنگدارەی ئاسمانی کوردەواری بەمەبەستی زاڵکردنی شەوەزەنگی زوڵم و زۆرداری، نەک نەبوو بەهۆی گەیشتنی دوژمنانی گەل بە ئاواتەکەیان، بەڵکو خوێنی بەناهەق ڕژاوی ئەو شەهیدانە بـوو بـە بارانی پـەڵـەو هەموو سەرزەوی کـوردستانی ئـاودێری کـردو بـوو بـەمـەشخەڵی ئازادی و سەربەخۆیی و ئێستاش پێشەنگەو دەدرەوشێتەوە.

کەسایەتی نەتەوەیی و زانستی ئەو ڕێبەرە دەگمەنە ئەوەندە بەرزە ، ڕێبازەکەی ئەوەندە ڕوون و گشتگیرە کە توانیویەتی ڕێگەیەک بۆ گەل دەست نیشان بکا، کە چەپ و ڕاست و ، ئاییندارو بێدین ، لە هەر چین و توێژێکی کومەڵ بن ، مادام کورد بن و ماف و ئازادیان بوێ ، دەبێ ئەو ڕیبازە بگرنە بەرو بەو هەورازەدا وەسەر کەون. پێشەوا دەیزانی دوژمنانی گەل دەیـانەوێ داوای مـافی نـەتەوایەتی و ڕزگاری کـوردستان، وەک دیـاردەیەکی دژە ئایین بـەخـەڵک بناسێنن، تـا لـەو ڕێگایەوە بتوانن بـەرهـەڵستی کورد بکەنو بەرەو ڕووی یەکتریان بکەنەوە ، بۆیە وەک ڕێبەرێکی دڵسۆزی گەلو شارەزای بواری ئایینی لە کاتی سوێند خواردندا ، بەکەلامی خواو ئاڵای کوردستان سوێندی خواردوەو نیشانیداوە کە ئەودوانە نەک دژبەیەک نین بەڵکو ئایینەکەت حوکمت پیدەکا ئـەو ئاڵایە بپارێزی . ئەوەی بۆیە کردوە تا مامۆستایانی ئایینی کورد هەڵنەخەڵەتێندرێنو لـە ژێـر نـاوی پـاراستنی دیـن بـەگژ بـرا کانیاندا نـەچنـو بەپێچەوانەی ئەرکە ئایینیەکەیان دوژمـن بـەکاریان نەهێنێ. قازی نەمر بە ڕێبەرانی ئایینی کوردی فەرموە : خەبات بۆ ڕزگاری گەلو نیشتمان بۆ ئێوە نەک هەر ئەرکێکی نەتەوەیی بەڵکو وەزیفەیەکی ئایینیو ئینسانیشە . پەیامبەر (ص) فەرمویە 🙁 حب الوطن من الایمان )واتە ئەوانەی خۆشەویستی نیشتمانیان لە دەروندایە کەسانی خاوەن بڕواو ئیمانن، پێجەوانەکەشی واتە ئـەوەی خەیانەت بـە نیشتمانەکەی بـکاو هـاو نـەژادەکانی خـۆی بـبوغزێنێو بـەقازانجی دوژمـن هـەڵـیـان فـریوێنێ ئیمانی ڕاستە قینەی نـیـە. دایک شەریفترین مرۆیەو خواش فەرمویە دوای منو ناردراوەکەم ڕێزی لێبگرن ، کەوابو نیشتمان دایکی هەمومانە، ڕزگار کردنو پاراستنیشی ئەرکی گشت لایەکمانە. خۆ بواردن لەو ئەرکە پیرۆزە لە دنیا شەرمەزاری گەلت دەکاو لە قیامەتیش دەتخاتە بەر جەنجەڕی غەزەبی خوا.

 10ی خاکە لیوە تەنیا وەبیر هێنانەوەیەکی ساکار نیە بەڵکو زیندو ڕاگرتنی پڕۆسەی بەر خودان و تێکوشانە . ئیلهام دەری ورەبەرزی و بـەهێزی بـڕواو ئیمانە. نیشانەی بەرزی ڕووح و چرای ڕوناکی دەری دەستی پێشەواکەمانە. ئەو یادو ڕێز لێنانە نیشانەی ڕەواییو هـەقانیەتی خەباتەکەمانە. ئـەگەر بـە هەستێکی پاکو بە لێکدانەوەیەکی عادلانە قەزاوەت لەسەر ئەو ڕووداوەسامناکو دڵتەزێنە بکەین دەبێی بڵێن : ئەو بەرەو پیرەوە چونی مەرگە بۆ کەسێکی کە ڕێبەرو سەرکۆمارە ، دەردەکەوێی کە ئامانجی ئەوڕۆو سبەی لەبەر چاوو دیاربوەو مافەکە هێندە بەرزە ئەگەر لە کاتی پێویست دا سەری لە پێناونەندرێی پیاو پێێ قەرزدارە. جیا لەبوێریو چاو نەترسیو لـە خۆ بردویی نـمـونـەی هەرەبەرزی ئیمان بە ڕەوایی خەباتو مافەکەمانە. شاکارێکی بێوێنە یەو سەر لەپێناو گەلو نیشتمان دانانە. دەرسە بۆ نەوە لەدوای نەوە کە ڕزگاری زێـدو گەلو پاراستنی دەسکەوتەکانی خەباتو ئاوەدانکردنەوەی وڵاتـو بـەختەوەری گەل ئەوەندە دینێ گیانی لە پیناو بنێیو سەر بکەیە بردەبازی نەجاتی گەل لـەدەستی دوژمـنانی تینوی خوێنی کـوردان. ئـەوە نیە شەهید قـاسمـلوش دەفەرموێی : گەلێک ئازادی بوێی دەبیی نرخی ئەو ئازادیەش بدا.

با بەدڵێکی پاکو بەچاوێکی ڕووناکو بەهەستو سۆزێکی کوردانە گوێی لەو فەرمودەیەی پێشەوا بگرین کە فەرمویە : ( ئەگەر خەیانەتکاری ناوخۆ نەبوایە جلوبەرگی برایانەی لە بەر نەکردبایە ، کۆمار ئاوا بەهاسانی نەدەڕوخیندرا.) دەبا ڕێگە نەدەین چیتر خائینانی خۆیی ببنە هـۆی سـەرەکی سەرنەکەوتنو وەدوا کەوتنمان . پێشەوای مەزن گۆرانێکی گرینگی لە کۆمەڵگا کەماندا پێک هێنا کەسایەتیەکی تایبەتی بۆ کوردستانو کورد دروست کردوەو بەدەستی ئێمەی ئەسپاردوە . لە بەرانبەر گەلـدا خۆی بـەبـەرپـرسیار زانیوەو ئـەو غیرەتـو جەوهەرەشی هەبوە کە ئەو ئەرکە قورسو گرانە بگرێتە ئەستۆو تـەنانەت لەو ڕێگایەدا لە مەرگیش سڵی نەکردوە.

سەهەڵدانو بزوتنەوە نەتەوەییە کوردیەکان لە ڕۆژ هەڵاتی کوردستان لەکۆنەوە هەبونو قۆناغ بەقۆناغ هاتون گرینگی ئەوجارەیان کە قازی ڕیبەری دەکرد لەوەدا دەردەکەوێی کە سەرجەم چینو تـوێژەکانی گەل تێدا بـەشداربـونـو، سەرقافڵەی شەهیدەکانیش پێشەواو ڕێبەرەکان بون. پێشەوا نمونەی هەرەبەرزی گۆڕینی کـۆمەڵگای کـوردستانـە . بـەشێوەیەکی زانستیانە خەبـاتەکەی لـە قۆناغێکی بەرتەسکی دەورە دراو بـەدەسەڵاتی سەرۆک عەشیرتـو شێخو مەلا ڕا، گواستۆتەوە بـۆ بەشداری سەرجەم چینەکانی کوردستانو ناوەرۆکو ڕواڵەتێکی پێشکەوتوانەو دێمۆکڕاسیانەی پێداوە. هەوڵی داوە ئەو گەلە لێکتر نامۆ نەبنو لیک جیا نەبنەوە. تێکۆشآوە بیانخاتە سەر یەکو لێکیان گرێداتەوە، بۆیەشە بە کۆماری کوردستانی ناو ناوە. پێمان دەڵێێ : کوردو کوردستانی بونو بڕوا بە ئازادی خاڵی بنە ڕەتیو هەرە گرینگی هەوڵو تێکۆشانمانە. بەشداری کردنی هەمولایەک لەو خەباتەدا واجبێکی دینیو نەتەوەییمانە ، هیچ هۆیەک بۆ بەشداری نەکردن قبوڵ نیەو ئەوەی خۆی لێببویرێی لە دواڕۆژدا پەشیمانە ، دژایەتیکردنی ئەو خەباتە هیچ پاساوێک هەڵناگرێو بکـەرەکەی شەرمەزارە. لەبەر ئەوە هەمو خەڵکی کوردستان دەبێی زۆر ژیرانە هەڵسو کەوت بکەن و لەوە تێبگەن کە (١٠ ) خاکەلێوە مەرگ نیە و سەرەتای سەر هەڵدانو راپەڕینو تێکۆشانە. دەبا واز لە کەڵەوەکێشیو ململانەو ئەولاو ئەم لا کردن بێنین، هەڵسوڕانە و دڵسۆزانە ڕانەوەستین تا ئامانجی ئەو شەهیدانە وەدیدێنین.

 

لە ساڵڕۆژی لە دار درانی پێشەواو هاوڕێیاندا لە قوڵایی دڵیکی ئەویندارانە لە بەرانبەر مەزنی ئەو قوربانیانە سەر دانەوێنینو سڵاو بۆڕووحی پاکی ئەوانو سەرجەم شەهیدان دەنێرینو ، دەگەڵ بنەماڵەکانیان هاوخەمی دەکەینو بەڵێنیان پێبدەینو دڵنیایان دەکەین کە نەوەستاوینو نەڕاوەستاوین ، ئەوە جەبری مێژویە جارو بارە ڕەوتی تێکۆشان ڕادەگرێی یان شلی دەکاتەوە. ئێمە ڕۆلەکانی قازیو قاسملوو شەرەفکەندین ، ناسرەوین یان سەردادەنێین یان سەردەکەوین.

 براتان مەلا برایمی مەجید پور. ٢6/ ٣ / ٢٠١٦

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی