ڕۆژی دووشه‌ممه رێكه‌وتی ٧ی پوشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی كومیته‌ی ستۆكهۆڵمی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
بە سەرپەرستی ” عەلی ئەسوەند” بەرپرسی ئەو کومیتەیە، سه‌ردانی ( پارتی سوسیالیستی كوردستان – باکوور)ی له باره‌گایی ئه‌م پارته له شاری ستۆكهۆڵم كرد و له‌لایه‌ن شاندی خانەخوێوە به‌گه‌رمی پێشوازی لێ‌کرا.
مەبەستی سەرەکی ئەو دیدارە گەیاندنی پیرۆزبایی ئەندامانی حیزب بوو بە پارتی سوسیالیستی کوردستان بەبۆنەی وەرگرتنی مۆڵه‌تی چالاكی سیاسی و مه‌ده‌نی و كلتوری له توركیه بە شێوەیەکی یاسایی و دانپێدانراو لە چوارچێوەی یاسای گشتی ئەو وڵاتەدا.
سەرەتا شاندی کومیتەی حیزب لە ستۆکهۆڵم، هیوای خواست كه له‌م رێگایه‌وه هاوڕێیانی پارتی سوسیالیستی کوردستان لە گەیاندنی داخوازه‌كانی نەتەوەی كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستاندا بە ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیه و تێکۆشانی زیاتر بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکان سەرکەوتوو بن.
له‌م دیدارە دۆستانه‌یه‌دا چەندین خاڵ تاوتوێ كران کە گرنگترینیان ستراتیژی خه‌باتی تازه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوو كه لەو ماوە کورتەدا له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چەندین حەماسە و قارەمانێتییان نواندوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لەلایەک خەڵکی کورد پێشوازییەکی گەرم لەو هەنگاوە بکات و لەلایەکی تریش بووەتە ترسێکی جیددی بۆ سەر ئەو ڕەوشە سەربازی و ئەمنییەتییەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێکی هێناوە.
لە درێژەی باسەکاندا هەر دوو لا ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری و هاوپشتی زیاتر لە ئێستا و داهاتوودا نیشاندا و جێگای ئاماژە پێدانیشە کە هاوڕێیانی پارتی سۆسیالیستی كوردستان ئەو قۆناخە نوێیە لە خەباتی حیزبی دێموکراتیان بەرز نرخاند و ئاماده‌یی خۆیان بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك كه له ده‌ستیان بێ راگه‌یاند.
له كۆتاییدا هه‌ردوو لا له سه‌ر هاوكاری هاوبه‌ش له پێناویی مافه‌كانی گه‌لی كورد پێداگریان کرده‌وه.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ستۆکهۆڵم،
٧ی پوشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی،
٢٧ی ژوئەنی ٢٠١٦ی زایینی،