Hoppa till innehåll
Hem » پەیامێک بۆ مامۆستایانی ئایینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، با هەموومان پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکەین، عارف شێخ ئەحمەدی

پەیامێک بۆ مامۆستایانی ئایینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، با هەموومان پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکەین، عارف شێخ ئەحمەدی

 بسم الله الرحمن الرحيمaref_shex_ahmadi-

الحمد لله و الصلاة والسلام على سيدنا محمد و على آله وصحبه ومن والاه. واما بعد

سەرەتا داواکارم و دەپاڕێمەوە لە خودای مێهرەبان تاعەت و عیبادەتی هەموو لایەکمان لەم مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەدا قەبووڵ بکات.

بەڕێزان مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتیە میللی و مەزهەبییەکانی ڕۆژەهڵاتی کوردستان

 

وەک ئاگاداران ڕێژیمی ویلایەتی شیعە باوەڕی بە هیچ یەک لە بنەما ڕاستەقینەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام نیە و بە تەقیە و دووڕویی حاکمیەتی خۆی وەک سیستەمێکی دەسەڵاتداری ئیسلامی پێناسە دەکات.

بە درێژایی ساڵانێکە ئەم ڕێژیمە نگریس و ئاژاوە گێڕە بە سەرکوت و زەبر و زەنگ نواندن و ئەشکەنجە و زیندان و ئێعدام و بێ ڕێزی بە سەحابەی خۆشەویستی پێغەمبەرمان موحەممەد (د.خ) لێبێت، دەنگی ئازادیخوازیی هەر تاکێکی کورد بە کوشتن و بێ ڕێزی کردن دەداتەوە و ماڵ و نامووس و سامانی کورد بۆ خۆیان بە فتوای مەرجەعەکانی ویلایەت و حەدیسە درۆینەکانیان بە حەڵاڵ دەزانن.

 

دەرکردنی حوکمی جیهادی لە دژی نەتەوەی کورد لە لایەن خومەینی و شەهید کردنی دەیان و بگرە سەدان ڕۆڵەی کورد و مامۆستایانی ڕێگەی حەق لەوانە مەرحومی کاک ئەحمەد موفتی زادە و کاک ناسر سوبحانی و ئیمام جومعەی خۆشەویستی شاری کرماشان مامۆستا موحەممەد ڕەبیعی و دەیان تیرۆر و جینایەتی دیکە بەشێکن لە کارنامەی ئاخوندە قەبرپەرستەکانی شیعە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کردنەوەی دەیان حوسەینیە و فاتمیە و ناوەندی فەساد لە ژێر ناوی نیکاحی موتعە(سیغە) و ڕێگریکردن لە دەربڕینی ڕای تایبەتی ئێوەی ئەهلی سوننەت لە کاروباری ئایینی خۆتان و خەڵکی کوردستان و شێواندنی جەژنە مەزهەبیەکانی ئەهلی سوننەت و ڕووخاندنی چەندین مزگەوتی ئەهلی سوننەت لە شار و گوندەکان کوردستان بەشێکی دیکەن لە سیاسەتە چەپەڵەکانی مەلاکانی حەوزە جەهلییەکانی قوم و مەشهەد و ئیسفەهان.

 

برایانی خۆشەویست و مامۆستایانی بەڕێز!

 

وەک پێغەمبەرمان (د.خ) لێبێت باشترین نموونەی ئەم ئۆمەتەیە و ئێوەی مامۆستایانی ئایینی ئەو شانازییەتان نەسیب بووە کە ئاڵا هەڵگری ئیسلام و درێژەدەری سوننەتی ئەو پەیامبەرە بەر حەقەی خودای مێهرەبان بن و خزمەتی ئێوەش بە پێی فەرموودەکانی قورئان و حەدیس لە جێگە و پێگەی شایستەدا باس کراوە و جێی دەبێتەوە، کەوابوو بزانن ئەرک و قسە و کردەی ئێوەش پێوانەی تایبەت و شکۆ و هەیبەتی خۆی هەیە.

خودای گەورە دەفەرموێت : (إِنَّا لَنَنصُرُ رُسُلَنَا وَالَّذِينَ آمَنُوا فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَيَوْمَ يَقُومُ الأَشْهَادُ) ”به‌ڕاستی ئێمه پێغه‌مبه‌ره‌کانمان و ئه‌وانه‌ش که باوه‌ڕیان هێناوه سه‌ر ده‌خه‌ین، له ژیانی دنیادا هه‌روه‌ها ئه‌و ڕۆژه‌ش که شایه‌ته‌کان شایه‌تی ده‌ده‌ن”.

کەوابوو گوتنی حەق و پشتیوانی لە ڕێبازێک کە بەرگری لە کەرامەتی نەتەوەی چەوساوەی کورد دەکات و چیدی ناخوازێت داگیرکەر پیلانە چەپەڵەکانی خۆی لە کوردستان درێژە پێ بدات، ئەرکی شەرعی و نەتەوەیی هەمووتانە.

 

دڵنیابن برایانی بەڕێز پشتگیری خوداش هەرگیز بێ ئەزموون وتاقیکردنەوە نایەت، وەک چۆن سەرکەوتنیش بێ قوربانی نایەتە دەست، با وتەی خودای پەروەردگار ورەتان بیر بخاتەوە و دڵتان بداتەوە : (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ اصْبِرُواْ وَصَابِرُواْ وَرَابِطُواْ وَاتَّقُواْ اللّهَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ) ” ئه‌ی ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕتان هێناوه خۆگربن و خۆڕاگریی و ئارامگریی به‌سه‌ر خۆتاندا بهێنن، نه‌به‌زن له خۆگری مانه‌وه‌تان له سه‌نگه‌ردا، هه‌وڵ بده‌ن هه‌میشه له سه‌نگه‌ری خه‌بات و کۆششدا بن، له خوا بترسن و پارێزکاربن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازیی (هه‌میشه‌یی) به‌ده‌ست بهێنن” .

 

ئەگەر ئێوەی بەڕێز وەک برا پێشمەرگەکانمان شەڕی مەیدانی ناکەن و لە بەرەکانی شەڕدا ئامادە نین، خۆ نابێت لە ئاست ناحەقی ڕێژیمی شیعە کە لە مەغۆل و تەتار لە حەقی نەتەوە و مەزهەبی ئەهلی سوننەت خراپتر دەجووڵێتەوە بێ دەنگ و بە هەڵوێست بن.

مانای الساکت عن الحق شیطان ٲخرس، واته ئەو کەسەی حەق ناڵێت وەک شەیتانێکی کەڕ و لاڵ وایە. کەوابوو ئەسحابی کەهف کاتێک حازر نەبوون زوڵم و ناحەقی قەبووڵ بکەن چۆن لای خودای خۆیان خۆشەویست بوون، هەر بۆیە ئەو برا پێشمەرگانەی ئێمەش بڕیاریان داوە چیدی زوڵمی ڕێژیمی داگیرکەر قەبووڵ نەکەن، بۆیە لای خودا و خەڵک خۆشەویستن و پێویستە ئێوەی بەڕێزیش پشتیوانییان لێ بکەن.

ڕەنگە چەند کەسێکی ناسراو کە بە هیچ پێوانەیەکی شەرعی و نەتەوەیی شەخسیەتیان بە هۆی کلکە سوتێ بۆ ڕێژیم لە ناو جەماوەردا نەماوە، سەرەڕای خۆدزینەوە لە حق بێژی، لە نوێژی جومعە و لە کاتی خوتبەکان دا قسە و دوعا بۆ پاسدار و جەلادەکان بکەن و بە سەر و باڵای زوڵم دا بخوێنن، بەڵام دڵنیابن لای خودا و خەڵک ڕوویان ڕەشە و تەنیا ڕەنج بە خساری دونیا و شەرمەزاری ئاخیرەت دەبن.

 

لە کۆتایدا دەخوازم ئێوەی مامۆستایانی ئایینی بەڕێز و سەرجەم کەسایەتیە میللی و مەزهەبیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان بۆتان دەکرێت یارمەتی برا و خوشکە پێشمەرگەکان بدەن، ئەوان موژدەی ئازادیی و سەرفرازییان بۆ ئێوە و ئێمە و هەموو کوردستان پێیە، تکاتان لێ دەکەم لەو ئەرکە شەرعی و نەتەوەیە درێخی مەکەن و دڵنیابن سەبەرزی دونیا و قیامەت بۆ مرۆڤی حەق بێژ و ئەوانە دەبێت کە زوڵم قەبووڵ ناکەن.

 

اللهمو صلى  على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين، وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمین.

براتان عارف شێخ ئەحمەدی

23ڕەمەزانی 1437 مانگی

ڕۆژنامەنووس و چالاکی میللی ـ مەزهەبیی کوردستان