ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە بەشداری شاندێکی ڕێبەری حیزب
لە دەرەوەی وڵات بە سەرپەرستی بەڕێز مامۆستا ” حەسەن شیوەسەڵی” ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزب و لە ژێر نەزارەتی بەڕێزان “مەنسوور عەزیزی” ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی گشتی تەشکیلات لە دەرەوەی وڵات و “ئازاد عەزیزی” بەرپرسی بەشی ماڵی لە دەرەوەی وڵات، هەروەها زۆرینەی ئەندامانی حیزب لەو وڵاتە، کونفرانسی گشتی بەڕێوە چوو.
پاش خوێندنی سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاسان و شەهیدانی میکونووس، بەرنامەی کونفرانس لە لایەن بەڕێوەبەرانی کونفرانس “حەمید تەیمووری و عارف عەزیزی” دەستی پێکرد.
دوای بەخێرهاتن کردنی بەشداربووان لەلایەن ” حەبیب بەهرامی” بەرپرسی کومیتەی حیزب لە شاری ئێسکیلستونا و وەرگرتنی دەنگ بۆ مەشروع پێدانی کونفرانس و دیاری کردنی ناوی ” پشتگیری لە ڕاسان” بۆ کونفرانس، وەک ڕێزگرتنێک لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و کەم ئەندامانی حیزبی دێموکرات، ڕێگا درا بە ” حامید نەسیری” بە چەند وتەیەک کونفرانس بەڕەسمی بکاتەوە.
دواتر کات درا بە “ئەنوەر کاکایی” بەرپرسی کومیتە و “ناسر عەزیزی” بەرپرسی بەشی ماڵی بۆ پێشکەش کردنی ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی کومیتە و داهات و دەرکەوتەکانی بەشی ماڵی لە خیلالی دوو ساڵی ڕابردوودا.
پاشان بەرپرسی تەشکیلاتی گشتی لە دەرەوەی وڵات بەڕێز: مەنسوور عەزیزی وتارێکی سیاسی و سەردەمیانەی پێشکەش کرد، کە تیایدا ئاماژەی بە زۆر خاڵی گرینگ کرد.
پاش دیاری کردنی دیوان و پشوویەکی کورت، زیاتر لە ٤٦ کەس لەسەر ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی کومیتە، وەزعییەتی حیزبی دێموکرات، ڕاسانی ڕۆژهەڵات، پلان و هەنگاوەکانی داهاتووی حیزب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شێوەی کار کردن لە کومیتەکانی داهاتووی حیزب لە وڵاتی سوید و زۆر خاڵی دیکەی گرنگ کە جێگای باسکردنیان نییە قسەیان کرد.
وتەی ڕێزدار مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی کە لێوان لێو بوو لە ڕێنوێنی بەجێ و پێشنیاری بەکەڵک بۆ گەلی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات بەتایبەتی.
پاش وڵامی ڕەخنە و پرسیارەکانی بەشداربووان لە لایەن ئەندامانی ڕێبەری و ئەندامانی کومیتەوە، دەنگ بۆ ڕاپۆرتەکانی کار و چالاکی و ماڵی کومیتە وەرگیرا و بە زۆرینەی دەنگ هەردوو ڕاپۆرت پەسەند کران.
بەشی دووهەمی کونفرانس کە هەڵبژاردنی کومیتەی نوێ بوو، دەستی پێ کرد و لە هەڵبژاردنێکی تەواو دێموکراتیکدا کومیتەی تازە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی دوو ساڵی داهاتوو هەڵبژێردرا و بەم شێوەیە پاش ١٤ کاتژمێر کاری بەردەوام، کونفرانس بە سەر کەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
کومیتەی سویدی حدکا، بەشی ڕاگەیاندن،
٢٧ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی،
١٧ی سێپتامبری ٢٠١٦ی زایینی،
تکایە بۆ وێنەکان ئێرە کلیک بکەن
بۆ راپۆرتی کار و چالاکی، کۆمیتەی حیزب ئێرە کلیک بکەن