ئەو ڕۆژانە هێندێک دۆستی کۆن و لێم دور داوایان لێکردم بۆچونی خۆم لە سەر راپرسی دەربڕم، بۆیە بەڕاشکاوی دەڵێم : 
هەر پارلمانتار و ڕوناکبیر و زانایەکی کورد ئەگەر دژی سەر بەخۆیی گەل و وڵات بێ ، بێگومان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بیهەوێ یـان نـەی هەوێ دەکەوێتە ناو بازنەی دژبەرانی گەل .
پاڕلمان شوێنی دانانی قانـون و یـاسایە بـۆ ئاوەدانی وڵات و بەختەوەری گەل . هەر نوێنەرێکی هەڵبژیردراو سەر بە هەر حیزب و لایەنێک بێ راستەوخۆ دەکەوێتە بەر بەرپرسایەتی گەل و نیشتمان، ئیتر کە چووە ئەو شوێنە تەنیا نوێنەری ئەوانە نابێ کە دەنگیان پیداوەو هەر بە قازانجی ئەوان کار بکا . سەربەخۆییش مافی سەرجەم گەلەو دەبێی هەوڵی بۆ بداو کەسیش بۆی نیە قۆرغی بکا. پارلمان ئی گەلە و دەبێ بۆ بەرژەوەندی گەل تێ بکۆشێ، کەوابو هەر پارلمانتارێک دژی بەرژەوەندی گەل بێی نوێنەری گەل نیە.
ڕوناکبیر: کەسێکە دور دەڕوانێ ، قوڵ بیر دەکاتەوە ، واقیع بینەو مەسەلەکان بەوردی لێکدەداتەوەو قازانجو بەرژەوەندی گەلو حیزب لێک دەکاتەوە . ئەوەی دژی سەربەخۆیی بێی نەک ڕوناکبیر نیە ، بەڵکو کەسێکی بیر تەسکو تاریک بینەو هەمو گەل لە کەسێک دا کورت دەکاتەوە و لە تاریکی شەوەزەنگێکدا دەژیو لەسەرجەم گەل تاکە کەسێک دەبینێو ئەویشی گەرەک نیە !
زانا :هەرزانایەکی نەدۆراوی بەهەڵە نەبراو هەرگیز ناتوانێی مێژوی گەلەکەی بە هێند نەگرێو ڕێز بۆ ئامانجو خەباتو قوربانیەکانی دانە نێو دژی سەربەخۆیی گەل هەوڵ بدا ، خوێنی بەناهەق ڕژاوی گەلەکەی پێڕێبخا ، بە دڵنیایەوە زانای بەمانای وشە نیەو نـەزانـە ، هەمـو شتێک بـە ڕەشخوێن فێر بـوەو لە ماناو ناوەرۆکیان تێنەگەیشتوە.
دەبا وازلەو من و تۆیە و ئێمە و ئەوان بێنین و کەسایەتی گەلێک بۆ دژایەتی کەسێک نەمرێنین ! کورد کوتەنی (بۆ دەسرەیەک قەیسەریەک نەسوتێنین) . ئەگەر لەو رەوتە نەشیاوە واز نەهێنین هیچ لەهیچ نازانین و هەرکات ویژدانی نستومان وەخەبەر هات پەشیمانین . شتێک کە بەلای منەوە جێی داخ و لە هەمانکاتدا سەیر و سەمەرەیە ئەوەیە: هێندێک دەڵێن: بەزگی برسی سەربەخۆییم بۆچیە!! ئای لەو بۆچونە هەڵەیە، لەو قسە بێناوەرۆکو نەزانانەیە ! ماناکەی ئەوەیە : کێی زگم تێربکا نۆکەری ئەودەبم ! چەند شەرمە نۆکەریو چاو لەدەستی دوژمنو نەیارانت لە سەربەخۆیی پێباشتر بێی ! لەڕاستیدا مردن لە ڕێی ڕزگاری نیشتمانو گەل جێگای فەخرو شانازیە ، ژیانی بەنـۆکەریو ژێـر چەپۆکەیی مەرگێکی بەسەر شۆڕیە.
هیوادارم لە ڕێگای شەهیدەکانمان کە سەربەخۆیی نێشمان و گەلە لەبەرهیچ کەسو بۆ هیچ مەبەستێک لانەدەین. ئاوڕێکی ژیرانە لە ڕابردوو بدەینەوەو بەچاوێکی گەش بین و وردبین تەماشای ئێستاو داهاتومان بکەین .
لەو پێوەندیەدا ( ٢ ) پرسیارم هەن :
( ١) ــ ئـەرێی ئـەگـەر سەربـەخۆییمان نـەوێی چیمـان بـوێی بـاشترە ؟؟
( ٢ ) ــ کە ئێستا کاتی نیە ، کەی کاتی دەبێێ ؟؟
لـە ڕاستیدا بـابەتە کە لـەوە زیاتر هەڵدەگرێی بەڵام پێشینیان فەرمویانە : ( عارفان حەرفێکیان بەسە ) .
براتان مەلابرایمی مەجید پور