"an independent online kurdish website

بە ئێران و تورک و عەرەبەوە یاری بە چارەنووسی کورد دەکەن یان چاو لە کورد زەق دەکەن، سەرباری ئەمەش کورد بۆ خۆشی یاری بە چارەنووسی خۆی دەکات!

ناوچەکە سەر لە بەری لە ناو ئاڵوگۆڕدایە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم گۆڕانە ڕوودەدات و هەر وەک بە ڕوونی دیارە لە لایەن زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکەوە کوردستان بە وردی لە ژێر چاوەدێریدایە!

کوردستان ئەوڕۆکە کەوتووەتە ناو چەقی ڕووداوەکان و هەر بۆیە ئاساییە کە داگیرکەرانی کوردستانیش بە پێی هێز دەستیان لە بەشێکی ئەم ڕووداوانەدا دیار بێت!

ناکرێ کورد لە بناگوێێ بەغدا و لە پەنا تورکیا و دوور لە چاوی تاران و دێمشق ئاڵای سەربەخۆیی هەڵدات و ئەوان دووراودوور چاو لە یارییەکە بکەن!

تا ڕادەیەک ئاساییە کە هەر کەسەو بەرژەوەندی خۆی لە بەرچاو دەگرێت و لە ڕاستیدا خوێندنەوەی بەرژەوەندی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بە باشی لە گۆڕەپانەکەدا هەم یاری بکەیت و هەمیش یارگیری بکەیت!

قاسملوو گۆتەنی: ” سیاسەت هونەری مۆمکینە” ، دەی کە واتە کوردیش دەبێ لەو هونەردا بێ بەش نەبێت و بەرژەوەندی کوردستان ئەو تەوەرە بێت کە سیاسەتەکانی لە خزمەت کوردستانەکەی بێت!

ئەمریکا یەکەم زلهێزی جیهانە کە لەم کاتە ئەستەمەدا دەتوانێت هاوکێشەکان بەم لا و بەو لا بخات!

کورد ئەوڕۆکە نزیکترین هاوپەیمانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و ئەمەش دەرفەتێکە کە لە مێژوودا کەم وا هەڵدەکەوێت کە وڵاتێکی پارچە پارچەکراو و داگیرکراوی وەک کوردستان ببێتە هاوپەیمانی ئەمریکا لە کاتێکدا سیاسەتەکانی تورکیای ئەخوانی و ئەندام ناتۆ زۆر زۆر دوورە لە سیاسەتەکانی ناتۆ بە ڕێبەری ئەمریکا کە ئەم بۆشاییە تەنیا بەکورد پڕ دەبێتەوە و بەس!

ئەمە یەکێ لەو هەلە زێڕینانەیە کە کورد بۆی هەڵکەوتووە!

 مانای ئەمە ئەوەیە کورد وردە وردە لە تورکیا دوور بکەوێتەوە ئەگینا بە ئاگری سیاسەتە هەڵەکانی ئەردۆغانەوە دەسووتێت!

کۆماری سێدارەی ئێران یەکێ لە تەوەرەکانی سیاسەتی ئەمریکایە و بە ئاشکرا ئەوڕۆکە دەبینین کە ترامپ زۆر بە ڕاشکاوانە دژی کۆماری داعش پەروەری ئێران وەستاوەتەوە!

سپای پاسداران گەورەترین هێزە کە لە لایەن ئەمریکاوە بە ترۆریست ناسراوە کە ئەمە سەرەتای مەترسی ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەردەخات!

کورد ئەگەر بە سیاسەت لە گەڵ ئێران هەڵسوکەوت دەکات با بزانێت لەمە بەدوا ئێران بەشێکە لە تەوەری شەڕ واتە هەر بینا ئەمریکا ڕووی مووشەکەکانی لە ئێران کرد، با کورد نەبێتە قوربانی کۆماری سێدارە و پێویستە بە نزیک بوونەوە لە هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی کورد لەم قۆناخە هەستیارەدا بە سەرکەوتوویی دەربچێت و لە هەمان کاتدا داهاتووی خۆیشی مسۆگەر دەکات!

ڕۆڵی کورد جگە لە یاری کردن لە یارییەکە وا باشە کە یاریکەرانی ناو ئەم یارییەش بناسێت و بە پێی پێویست ڕۆڵ بگێڕێت نەک لە خۆڕا تێ بکەوێت!

کورد بە گشتی لەم قۆناخە هەستیارەدا پێویستیان بە بەرەیەک هەیە بۆ ئەوەی هژموونی خۆی زاڵ کات بە سەر ڕووداوەکان کە ئەنجامەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا ڕاشکاوانەتر پشتیوانی لە ڕۆڵی کورد بکات!

بەرەی شێعە بە سەرۆکایەتی ئێران بەرەو کزی دەڕوات!

 تێک شکاندنی داعشەکان پشتی هەر دوو دەسەڵاتی کۆماری سێدارە و تورکیای چەماندووەتەوە!

بەرەی کورد لەم کاتەدا بەهێزترین ئاڵتێرناتیڤە بۆ هاوپەیمانی ئەمریکا!

 

ڕەوف گوڵبەدەن

11.8.2017 ز

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی