ماڵپەڕی ئاوێنە لەبەرواری 27ی سەپتەمبەر هەواڵێكی زۆر مەترسیداری بڵاو كردەوە كە دەبوایە كاردانەوەی زۆر بەرامببەری بكرابایا بەناونیشانی (ههڕهشهی مەترسیدارترین كاراكتهرهكانی رۆژههڵاتی ناوهڕاست پرۆسهی ریفراندۆمی كوردستانی رانهگرت),

لەبەشێكی هەواڵەكەدا حاجی سلێمانی رازێكی گرنگی مەترسیدار ئاشكرا دەكات ئەویش, هەوڵی داگیركردنەوەی كوردستانە لەلایەن حەشدی شەعبیەوە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم, واتا خۆیان زۆر زوتر بۆ هێرش بۆ سەر كوردستان ئامادەكردووە, وەلێ پەلامارەكانی داعشو كێشە ناوخۆییەكانیان دوایانی خستووە, لەراپۆرتە هەواڵیەكەدا هاتووە ((بهپێی ههواڵی ماڵپهڕی “ئهلمۆنیتەر”، قاسمی سلێمانی لهسهردانهكهیدا بهكاربهدهستانی ههرێمی راگهیاندوه “تا ئێستا ئێمه هێرشی حهشدی شهعبیمان بۆ سهر كوردستان راگرتوه، ئهگهر ریفراندۆم ئهنجامبدهن ئیتر لهمهودوا ئێمه رایناگرین”.ئهلمانیتۆر باس لهوه دهكات قاسمی سلێمانی ههڕهشهی ئهوهی لهكاربهدهستانی ههرێم كردوه كه “تهنها سهیری مهندهلی بكهن بزانن چی لهوێ رویدا ئهمه سهرهتای ههراكهیه”.)).
وەك دەبینین پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمیش لەسەر زاری قاسمی سلێمانی گەورە بڕیاردەرو كۆنترۆڵی حەشدی شەعبی ویستی پەلاماردانی كوردستانی هەبووە بۆ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە چوارچێوەی عێراق, خودی حاجی سلێمانی بۆ خۆی ئەزمونی لەو بوارەدا هەیە لەساڵانی 1979 بۆ 1980 لەگوندی رافۆری پارێزگای كرمانەوە زیاتر لە 1500 كیلۆمەتری بڕی بۆ كوردستان تا جیهاد بكات بۆ ئیسلام بەسەركوتكردنی راپەڕینی خەڵكی كوردستانو وەك پاسدارێك ئەزمونی خۆی لەبەرەو روبونەوەی چەكدارانەی دوژمنانی ئیسلام لەسەركوتكردنی خەڵكی كوردستان دەستپێكرد, كە لەو كاتەدا بەخودموختاریەكی سەرەتایی رازی بون, وەلێ كۆماری ئیسلامی ئێران پێیانی رەوا نابینی, دەیان هەزار وەك سلێمانی چەكدار كردو ناردیانی بۆ سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان, نەخوازەلا وەك باشورییەكان داوای پێك هێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بكرێت, كە كفرێكە پاك بونەوە لێی نییە, ئەو یەكێك لەو چەكدارە 22 ساڵیانەی ئیمامی زەمان بوو پۆستاڵەكەیان لەپێ دانەكەند تا گرتنەوەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانو گەڕاندنەوەی بۆ ژێر فەرمانڕەوایی حكومەتی ولایەتی فەقی.
قاسم سلێمانی فەرماندەی 19 ساڵەی فەیلەقی قودس كە بڕیارە كاری سەرەكی ئازادكردنی قودس بێت,وەلێ ئەو بەرەیەی چۆڵ كردووەو خەریكی گەرمكردنی شەڕی عەلیو عومەرەكانە لە كۆمەڵێك وڵات, ئەو ریمۆن كۆنترۆڵی حەشدیو شەعبیو حیزبولڵای لوبنانو تەواوی گروپە چەكدارە شیعەكان لەدەرەوەی ئێران لەگیرفانیەتی, هەڕەشەكانی سلێمانی نیشانەی ئەوەیە ملكەچی بڕیارەكانم لەئێستاو بڕیارەكانی قۆناغی داهاتووش نەبن, چونكە داواكاریەكانی ئەو بەپێی پرۆژەی گۆڕینی عێراق بۆ كۆماری ئیسلامی دەگۆڕێت, ئەوا حەشدی شەعبی بەر دە دەمە گیانتانو لەكوردستان دەرتان دەكەمو دەیكەمەوە باكوری عێراق وەك عەبادیو ئەردۆگان ناویان برد, ئاخر ئەو خویەكی گرتووە بەشیری تەركی ناكات بەپیری, ئەو دەستپێكی بەپاسداربونی بەبەشداری لەسەركوتكردنی هاوڵاتیانی كوردستان دەست پێكردبێت,چۆن چاوی لێ نابێت دوبارەی بكاتەوە, دڵی عاشقان هەمیشە لای یەكەم دڵدارە, دیارە هەر بەوەشەوە ناوەستێت , ئامادەیە تەواوی گروپە چەكدارە شیعەكان لەجیهان بۆ رزگاری كەركوك رەوان بكات,كەركووك كە مەنزڵگای ئیمام قاسم و ئیمام عەباسو ئیمام زەین عابدینی لێیە, وەك ئیمام گوڵپیەگانی وتی پیرۆزەو ناهێڵین سەربەخۆ بێت, خەو دەبینین بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆیان, چۆن بەبەهانەی داكۆكی لەمەرقەدی زەینەب سەرەتا چوونە سوریاوە, هێشتا نەگەڕاونەتەوە.
نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت, كۆنترۆڵكردنەوەی فرۆكەخانەكان هەولێر و سلێمانی نەخشەی لەمێژینەی حكومەتی عێراقییە لەسەر داوای ئێران, چونكە ئەوان بەمەترسی دەزانن بۆ سەر خۆیان, لەهاتوچۆی هەندێك بێزارن, تازە نییە.
حەشدی شەعبی مەترسی گەورەیە بۆ سەر ئایندەی كوردستان, هێزێكی میلشیایی تاوانكاری چەكداری شیعەیە لە 13ی ئازاری 2014 دامەزراوەو لە 67 گروپی چەكداری ئیسلامی پێك هاتووە, تەواوی باڵە جیاجیاكانی ئیسلامی سیاسی شیعی و مەرجەعەكانیان گروپی خۆیان تێیدا دروستكردووە, سەرباری گروپێك بەناوی رەیان كلدانی كە ئەویش دژ بە ریفراندۆم هەڵوێستی گرت, دامەزراندنی حەشدی شەعبی لەعێراق 11 ساڵ دوا كەوتووە لە چاو دامەزراندنی سوپای پاسداران لەئێران, ئاخر زەمینەی عێراق لەبار بوایە دەبوایا ساڵی 2003 پێك بهاتبایە وەك چۆن بە دوای بەناو شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەوێ پێك هات, بۆ 4 ساڵ هەموو كەندو كۆسپە ناوخۆییەكانی ناو ئێرانی لەسەركوتی گەلانو پارتە سیاسییەكان بەتایبەت چەپەكانی لەسەر كۆماری ئیسلامی ئێرانی نەهێشت, ژمارەی چەكدارانی حەشد 60 بۆ 90 هەزارە, هەندێك لە چاودێران پێیان وایە 125 هەزاری تێپەڕاندووە , هاوكات نزیك 3 ملیۆن خۆبەخشی هەیە, ئەم هێزە زەبلاحە دوای شەڕی داعشو سەركوتكردنی بزووتنەوەی عەرەبە سونییەكان, لە قۆناغی دواتردا وەك حاجی سلێمانی ئاماژی پێدا چاوی لەسەر كوردستانە, خۆ شەڕەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش سەرەتا لەشەڕی پچڕ پچڕی ناوچەیی وەك مەندەلییەوە كڵپەی سەند, تا هەنووكە بەردەوامە, بەقۆناغیش پەلاماری ئەحوازو گومەبەد كاوسو كوردستانو تارانو شارەكانی دیدا, تەنانەت پارتە سیاسییەكانیش تا لەكۆتادا كەسیان نەهێشتەوە جگە لە خۆیان و عەمامە رەشو سپییەكان نەبێت.
بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆیانو بنیات نانی دەوڵەتێكی ئیسلامی شیعی ئەو رێگرە ناشرینەی ناوی كوردستانی هەڵگرتووە كە رازی نییە بەگۆڕینی عێراق بۆ كۆماری ئیسلامی عێراقی شیعی پێویستە نەمێنێت,كوردستان ئاگادار نەبێت دەبێت چاوەڕوانی پەلاماری ملیۆنان چەكداری حەشدی شەعبی كلیل لەمل بن, خۆیان بەفیدای عەباسو قاسم بكەن بۆ زەین عابدین بمرن, بۆیە گەڕانەوە بۆ عێراق بێ زەمانەتێكی نێو دەوڵەتی وەك ئەوەیە كوردستان لەسەر سینیەكی زێڕین پێشكەش بەحاجی سلێمانیو حەشدی شەعبی بكرێت, نابێت خۆشباوەڕ بین بەسەركردەی پارتە ئیسلامییە شیعەكان, بەدەستی سیاسەت تەوقە دەكەن, دەستی تفەنگیان لەناو حەشدە خۆیان بۆ رۆژە پیرۆزەكەیان ئامادە دەكەن.
سەرچاوە: ئاوێنە