"an independent online kurdish website

ئەگەر بە هەر مەنتیقێک بۆی بچین ١١ ساڵ بەسە بۆ ئەوەی ململانێ و کێشەکان بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیەکی لەگەل مەترسیی توانەوە بەرەوڕوو بوو غورووری خۆمان بخەینە ژێر پێ و دەست لە نێو دەست دیاریی یەکگرتنەوە پێشکەشی ئەویندارانی ئازادی بکەین. یەکگرتنێک کە خەڵک چاوەڕوانیەتی و دوژمن لێی نیگەرانە.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ١١ ساڵە لەگەل کێشەیەکی ناوخۆیی ڕووبەڕوویە کە هەم دابەشی دوو حیزبی ناکۆک بۆتەوە و هەم بەشێک لە هێز و توانای هەردوولا بۆ بە چۆکداهێنانی یەکتری و سەلماندنی حەقانیەت و ئەسالەتی مێژوویی حیزب بۆخۆیان بەکاریان هێناوە کە بە جورئەتەە دەڵێم هیچکامیان لەو هەوڵە دا ئاکامی دڵخوازیان بە دەست نەهێناوە. نە ئەملا توانیویەتی وەک خاوەنی هەموو هێز و توانایی حیزب و بگرە پاشخانی مێژووی ٧٢ ساڵەی حیزب هەنگاو بنێ و خۆی بسەلمێنێ، نە ئەولا توانیویەتی خۆی وەک خاوەنی بسەلمێنێ یان تەنانەت تاریف بکا. نە ئەملا توانیویەتی بە سیاسەت و پڕۆژەیەکی خەبات هەنگاوی زیاتر و بەکەلکتر هەڵگرێ، نە ئەولا بەرینایی جۆغرافیایی هێزەکەی بەشی ئەوندە بووە کە سیبقەت بگرێ و  برواتە پێش.

ئەوەی ئێستا لەبەر چاومانە و دەیبینین، دوو حیزبی دێمۆکراتی مودەعیی یەک مێژوو و یەک ڕێباز لە مەیدانە. هیچکامیان نەیتوانیوە ئەوی تر کەم ڕەنگ بکا ، یان لەمەیدان دەربکا. کەوایە ڕێگای هەرە مەنتیقی و هەرە بە قازانج ئەوەیە کە ئیدی وازبێنین لە کۆبوونەوە بۆ کۆبوونەوە، یەک جێ بڕۆنەوە پڕۆسەی یەکخستنی حیزب . میللەتێک و ڕەوڕەوەی مێژوویەک بۆ کین و بوغزی ئێمە کە ژمارەمان زۆر کەمە ڕاناوەستێ و ڕەوتی ڕووداوەکان هیندە خێران کە ئەگەر فریای خۆمان نەکەوین ، سبەی ڕۆژێ درەنگە .

ئێستا کێشەی نێوان هەردوو بەشی حیزب هاتۆتەوە سەر ئەوەی کە داخوا ئەو بەشەکەی دیکە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانن، یان هاوڕێیانی پێشوو؟ باشە ئەگەر مەبەستمان یەکڕیزییە چ کێشەیەک هەیە کە ناوی ئەوان ئەو ناوە بێ کە خۆیان دیاریان کردووە؟ئەگەر دەمانەوێ یەکبگرینەوە، مانای ئەوەیە کە ئیدی ئەو بەشە وەک حیزبێکی سەربەخۆ وجوودی نامێنێ و  دەبێتەوە بەشێک لە مێژووی حیزبی یەکگرتوو، یان ئەگەر مەبەست یەکڕیزی بێ ئەوان هاوڕێی پێشوو بن چ کێشەیەک هەیە، مادامیکە دبەیە یەک؟ مەگەر ناتانەوێ ببنە یەک دێمۆکرات؟ بمانەوێ و نەمانەوێ حیزبی دێمۆکرات دابەشی دوو حیزب بووە، جارێ تەرازوویەکیش نیە تا بزانین کامیان قورسترە. بەخۆشی یەوە هەردوولا وەفادار بە مێژوو و ڕێبازی حیزبی دێمۆکراتن و ئەوەش وایکردووە کە کێشەی فیکری و ئیدئۆلۆژیمان نەبێ، یان زۆر کەم بێ.کەوایە هۆکاری یەکنەگرتن جگەلە کین و بوغزی کۆن چیدیکە دەتوانێ ببێ؟ لە سەر چی دیکە ڕێکناکەون؟ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت؟ سیستەمی ئابوور، فەرهەنگی، دیپلۆماسی….. ؟ هەردوولاتان بۆ ئێرانێکی دێمۆکراتیکی فیدراڵ خەبات دەکەن،باوەڕتان بە دێمۆکراسی یە ،  ئیدی جیاوازیتان لە کوێدایە؟

پێشنیاری یەکەم

کات حەساسە و ئاسۆ ڕوون،  کوردستان خەڵکێکی فیداکار و لە سەر پێی هەیە، گڵۆڵەی دوژمنان ڕۆژ لە گەڵ  زیاتر  دەکەوێتەوە لێژی، کار و خەباتی زیاترمان لە پێشە ،کەوایە یەکگرتنی هەرچی زووتری هەردووبەشی حیزب پێویستیەکی هەنووکەیی و بەپەلەیە. کات مەکوژن و یەکبگرنەوە، دڵنیابن لەوەی کە ئەگەر یەک نەگرنەوە دەکەونە بەرلۆمەی خەڵک، تەنانەت ئەگەر یەک بگرنەوە و هەموو کێشەکانیشتان چارەسەر نەکردبێ ، باشترەلەوەی کە دوو حیزبی دێمۆکرات بن. یەک بگرنەوە و حیزب بیدەنە دەستی کۆمەڵێك کادری  گەنج و خوێندەواری سەردەم کەلە هەردوو بەشدا بە خۆشی یەوە ژمارەیان یەکجار زۆرە و دەتوانن بە سەر هەموو کێشەکاندا زاڵ بن.

پێشنیاری دووهەم

ئەو هێزە ئێرانیەی کە پێویستە لە ئێستاوە مەجالێکی پێکەوە کارکردنی هەبێ بۆ دواڕۆژ جگەلە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران جارێ هیزێکی دیکە لە مەیدان نیە. ئێمە و ئەوان لەگەل ئەوەی ڕابردوویەکی پڕ لە هێرشی تەبلیغاتیش مان هەبێ، ڕابردوویەکی نیزیک بە ٤ ساڵ هاوخەباتی و پێکەوە کارکردنمان هەیە. بۆیە لەم کات و ساتە دا موجاهیدین ئادرێسێکی گونجاوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیەتیەک بە دژی کۆماری گەندەڵی  ئیسلامیی ئێران.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی