"an independent online kurdish website

نووسەر و پزیشکی ناسراوی دەروونی ( رۆدلف دریکۆس ) دەڵێت : ” منداڵ پێویستی بە هاندان هەیە .. هەر وەکو چۆن رووەک پێویستی بە ئاو هەیە ..” ستایش و هاندان، دوو وشەی هاومەبەستن،reza_showan

بە جیا بێن یا پێکەوە، یا کامیان پێش ئەوەی تریان بکەوێت .  مەبەست لە ستایش و لە هاندان، بریتیە لە بە جوانی ناوهێنان و، لەبەرچاوگرتنی باشییەکان و، بەرزکردنەوەی ورە و تواناکانی مرۆڤن .. هاندانی مرۆڤە بۆ درێژەپێدان و گەشەکردن و چەسپاندنی کار و رەفتار و هەڵس و کەوتە دروست و ئەرێنییەکانیانن . هاندان و ستایش پێویستییەکی سەرەکین و، گرنگییەکی گوەرەیان لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی مرۆڤدا هەیە .. بە ستایش و هاندان، مرۆڤ هەست بە خۆشی و شانازی و دڵنیایی و پێزانین دەکات .. وشە و رستە شیرین و جوانەکانی ستایش و هاندان، دەبنە هاندەر و پاڵپشتێکی بەهێز بۆ درێژەدان و گەشەکردنی کاری جوانتر و ئەنجامی باشتر .

منداڵ و گەورە پێویستیان بە ستایش و هاندان و پیاهەڵدان هەیە .. هاندان و ستایش گوڕ و تینێکی زیاتر بە مرۆڤ دەبەخشن و .. هاندەرن بۆ درێژەدان بە کار و بە رەفتارە باشەکانیان .. ستایش و هاندان و خەڵاتکردن، زیاتر تواناکانی مرۆڤ دەوروژێنن و .. زیاتریش دەیانەوێت خۆیان دەربخەن و، ئەوەی لە باریان دایە بگەیەنن .. ستایش و هاندان زاخاوی بەهرە و تواناکانی مرۆڤن دەدەن .. ئاسودەیی و بڕوابەخۆبوون و، هیوا و گەشبینی دەخەنە دڵی مرۆڤەوە .. هەمیشە وشە شیرین و جوان و باشەکان، هێزێکی ئەفسووناوی گەورەیان هەیە، بۆ گەیاندنی خۆشەویستی و، رێز و پیزانین .. وشە و رستەکانی هاندان و ستایش و پیاهەڵدان، ئە گەر لە ناخی دڵەوە دەربچن، هەموویان گوزارشت لە واتایە دەکەن کە : ( من گرنگی بە تۆ دەدەم .. ) ئەگەر وشە و رستەکانی هاندان لە کات و شوێنی کارە ئەنجامدراوە باشەکاندا، بە خێرایی بوترێن .. یا ئەو کەسە بە خێرایی خەڵات بکرێت .. ئەو وشە و خەڵاتانە بە خێرایی لە یاد ناچنەوە .

زانایانی دەروونی جەخت لەسەر گرنگی و کاریگەری هاندان و ستایش دەکەنەوە، بە لای ئەوانەوە ستایش و هاندان، بزوێنەر و پاڵنەرن، بۆ درێژەدان و گەشەکردنی کار و رەفتارەی  پەسەند و، بەها جوانەکان و، رەوشتی بەرز و، شکۆداری و شانازی و پیاوەتی و مرۆڤایەتی و ڕێز و خۆشەویسی و، بەهێزبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ..  ئەم بەها بەرز و جوانانە لە دڵە قنجەکانی منداڵاندا دەڕوێنن ..( شەکســپیر ) دەڵـێت: ” هیچ شتێک هێندەی ستایش و پیاهەڵدان .. کارناکاتە سەر منداڵ “

ئێمەی مرۆڤ، بریتین لە کۆمەڵە هەست و نەستێک، هەر بە هەستی جوان و، بە سۆزداریش، هەستمان زاخاودەرێت .. دەتوانین بە وشە و رستەی شیرین و جوان و شیاو .. بە هاندان و ستایش .. گوزارشت لە هەستی ناخی خۆمان بکەین و .. رێز لە هەستی کەسانی تر بگرین .. ( مـارک تویــن ) دەڵێت : ” بێگومان، من بە قسەیەکی خۆش .. دەتوانم سێ مانگ بژیم “

گرنگترین چین کۆمەڵگاش کە پێویستییەکی زیاتریان بە هاندان و ستایش و خەڵاتکردن هەیە منداڵانن، کە هیوا و نەوەی داتوومانن .. ستایش و هاندانی منداڵان هیچی تێناچێت .. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستییەکی گرنگە و، سوودێکی زۆر گەورە و، گاریگەرییەکی ئەرێنییان هەیە، لە ژیانی ئەمڕۆ داهاتووی منداڵاندا .

ستایش و هاندان، خۆشی و شادی و دڵنیایی و ئاسوودەیی و هیوا و گەشبینی بە منداڵان دەبەخشن .. ئەو هەستەشیان لا دروست دەبێت، کە ئەوان لە لایەن دایک و باوک و مامۆستاکانیان و، کەسانی ترەوە گرنگییان پێ دەدەن و، پێزانینیان بۆ کارە باش و رەفتارە جوان و نایابەکانیان هەیە .. رێزیان لێ دەگرن و، پێگەیان هەیە و، پەرواێز نەکراون .. بڕوایەکی بەهێز و متمانەیەکی زیاتریشیان پێ دەبەخشن .. بۆ درێژەدان بە کارە باش و دروست و پەسندەکانیان .. وەک دەڵێن : ” فێربـوون لە منداڵـیدا .. وەکو نەقشی سەر بەرد وایە “

پەندێکی کوردیشمان هەیە کە دەڵێت : ” دەمە، چیت لێ کەمە ” واتە نابێت مرۆڤ لە قسەی باش و شیرین و جواندا رەزیل بێت .. گەر مرۆڤ قسەیەکی باش بکات لە دەمی کەم نابێتەوە .. هەر بە هەمان مەبەست پەندێکی تری کوردیمان، دەڵێت : ” بە قسەی خۆش مار لە کون دێتە دەر ” واتە تا دەتوانیت، زمانت شیرین بێت و قسەت خۆشبێت، لە گەڵ مرۆڤدا .. بەڵام بە داخەوە، تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکان و لە مامۆستاکان، زۆر بە کەمی هەست بە گرنگی و کاریگەریی هاندان و ستایش و، قسە و رستەی جوان و شیرین و سوودبەخش دەکەن .. کەچی بە ریزە وشە و رستەی هەست بریندارکەر و ناشیرین بە منداڵەکانیان دەڵێن .. یا لەسەر رەفتار و هەڵەیەکی بێ مەبەست .. بە قسەی ناشیرین و نەشیاو، هەستیان دەتەزێنن و، رووشکێنیان دەکەن .. کورد دەڵێت : ( زامی خەنجەر ساڕێژ دەبێت .. بەڵام زامی قسەی ناخۆش هەرگیز ساڕێژ نابێت ) قسەش لە دەم دەرچێت .. ناگەڕێتەوە .

کارتێکردنی ستایش و هاندان لەسەر منداڵان، روون و زانراوە .. لەم بارەیەوە، چەندین تۆیژینەوە و لێکۆڵینەوەی پراکتیکی و مەیدانی، لە لایەن پسپۆران  و دەروونناسان و شارەزایانی پەروەردەی منداڵانەوە، ئەنجام دراون .. کە هەر هەموویان چەخت لەسەر گرنگی و کاریگەرییەکانی هاندان و ستایش لە ژیانی ئەمڕۆ داهاتوی منداڵان دەکەنەوە . هاندان و ستایش بە هۆکارێکی گرنگ دەزانن لە دروستکردنی کەسایەتییەکی دروست و سەرکەوتوودا .. هۆکارێکی گرنگیشە بۆ درێژەپێدان و گەشەکردنی، رەوشتی بەرز و کاری جوان و، کۆڵنەدان و درێژەدان، بە لایەنە ئەرێنییەکانی سەرکەوتن و داهێنان .

دایکان و باوکانی ئازیز، مامۆستا دڵسۆزەکان، خەمخۆرانی منداڵان و داهاتوویەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان .. لە ئەمڕۆدا، ستایش و هاندانی دروست و، بەکارهێنانی وشەی جوان و شیرین و شیاو .. بۆ بەرزکردنەوەی ورەی قوتابیان .. بوونەتە پێویسی و، بە هۆکارێکی گرنگی پەروەردەی نوێ و فێرکردن .. هۆکارێکن بۆ کۆنترۆڵکردنی رەفتارەکانی منداڵان .. پاڵپشتێکی بەهێزن بۆ درێژەپێدان و گەشەکردنی ئاکارە باشەکان و، کارە ئەرێنییەکان .. بۆیە پێویستە درێغی نەکەن و، بە ستایش و بە هاندان، ورەی منداڵەکانتان بەرزبکەنەوە .. هەردەم دڵە پاک و قنجەکانیان پڕبکەن، لە خۆشەویستی و هیوا و گەشبینی .. بە وشە و بە رستەی ناشیرین، هەستی ناسکیان بریندار مەکەن و، ورەیان مەڕووخێنن .. وەکو دەڵێن : ” دڵ لە گـوڵ ناسـکترە “

نموونەیەکی بەرزی هاندان و ستایشتان لە ژیان ( تۆماس ئەدیسۆن ) بۆ دەهێنینەوە .. ئەدیسۆن کە منداڵ بوو، سێ مانگ بوو کە چووبووە پۆلی یەکەمی قوتابخانەی بنەڕەتی ، لە سەرەتای فێربوون و وەرگرتندا بوو .. مامۆستاکانی و بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی، بە گەمژە و بیرکۆڵیان دەزانی .. تا رۆژێک بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی دەری کرد و، پەیامێکی بۆ دایکی پیا نارد، کە تێیدا وتبوویان : ” باشتر وایە کوڕەکەت لە ماكەوە دابنیشێت، چونکە گەمژەیە ” ( ماری ئەدیسۆن)ی دایکی، لە وەڵامی ئەو پەیامەدا وتی:

کوڕەکەم گەمژە نییە، بەڵکو ئەوان گەمژەن ” ئەدیسۆنی لە ئامێز گـرت و، پێی وت :

ئەگەر هەموو کەسێک نکووڵی لە زیرەکی تۆ بکەن، کوڕە بچکۆلەکەم، بۆ تۆ ئەوە بەسە، کە من بڕوام بەوە هەیە تۆ کوڕە زیرەکەکەمی .. لێیان گەڕی چی دەڵێن با بیڵێن، تۆ گوێ لەمن بگرە : تۆ زیـرەکترین منداڵی لە جیهاندا ” بۆیە ( ئەدیسۆن ) خۆی بە قەرزای دایکی دازانێ و، دەڵێت : ” دایکم بوو کە فێری کردم، چونکە رێزی لێ دەگرتم و، بڕوای پێم هەبوو .. ئەو هەستەی پێ بەخشیم، کە من گرنگترین کەسم لە بووندا، بوونی منیش، بوو بە پێویستییەکی گرنگ لە پێناوی ئەودا .. بەڵێنم بە خۆم دا، کە شەرمەزاری نەکەم، وەک چۆن ئەو هەرگیز شەرمەزاری نەکردم ” بەڵی ئەدیسۆن بە هۆی پشتگیری و ستایش وهاندانی دایکییەوە، پێگەیی و، وزەی کارەبا و بە سەدان داهێنانی داهێنان .. بوو بەو کەڵە داهێنەرە، کە تا هەتایە، مرۆڤ قەرزاری ئەون .

ئەدیسۆن، لە دڵسۆزی و پێزانینی چاکەی دایکیدا، دەڵێت : ” لە ژیانمدا هەر زوو ئەوەم بۆ دەرکەوت، کە بە رەهایی، دایک باشترین بوونەوەرە “

کەواتە هیچ شتێک، بە قەی هاندان و ستایش و پشتگیری، دروستکەر و کاریگەرنین .. پێویستییەکن، کە هیچ پێویستییەکی تر ناتوانێت شوێنیان بگرێتەوە .. هاندان و ستایش بە هەستێکی تەواو و، بە تێگەیشتن و بڕواپێکردنەوە .. پاڵپشتن بۆ بزواندنی سۆز و هەستی منـداڵان .. بەڵکو خۆشی و شـادی، بە گیانیشیان دەبەخشن .. زەردەخـەنەی خۆشی دەکەوێتە سەر لێویان و .. روویان گەشتر و .. چاویان روونتر .. دەبنەوە .

هاندان و ستایش، دەتوانن ئەم ئامانجانە بهێننەدی :

١ـ شیرینکردنی سەربەخۆیی و بەرپرسێتییە، لە لای خودی منداڵان .

٢ـ منداڵان بڕوایان بە خۆیان بە هێزتر دەبێت .. رێزێکی زیاتریشیان بۆ خۆیان دەبێت .

٣ـ هۆکارن بۆ چارەسەری هەندێ نەخۆشیی دەروونی، وەکو : شەرم کردن و ترس .

٤ـ یارمەتیدەرن، بۆ ئەوەی منداڵان، بە هیوا و گەشبینییەوە، لە داهاتوویان بڕوانن .

٥ـ ئەو هەست و نەستەیان لا دروست دەبێت، کە ئەوان لە لای کەسانی تر پەسەندن .. ئەمەش لەخۆڕازیبوون و، ئاسوودەیی و دڵنیاییەکی زیاتر بە دەروونیان دەبەخشن .

٦ـ گۆڕینی روانینی منداڵان، لە دەرەوە بۆ ناوەوەی خۆیان .

٧ـ هەڵنان و لەبەرچاوگرتنی کارە باشەکانی منداڵان .. بۆ درێژەدان بە گەشەکردنیان .

٨ـ شیرین کردن و پێزانین .. بۆ کارە باشەکان و، رەفتارە جوانەکانی منداڵان .

٩ـ ئەو ئامانجانە و، بە دەیان ئامانجی تریش، کە لە سایەی ستایش و هانداندا دێنە دی.

پێویستە ئەوەش بزانین، کە بە پێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و، بە پێی قەوارە و گرنگی کارە باشە ئەنجامدراوەکان .. ستایش و هاندان و خەڵاتکردن، پایە بە پایە سەردەکەون .. ئەبێت ستایش و هاندانەکان پڕ بە پێستی کارە جوانەکان بن و، گونجان و، هاوسەنگییەک لە نێوان ستایش و پاداشت و، کارە ئەنجامدراوەکاندا هەبێت .

دووبارەی دەکەینەوە، کە ستایش و هاندان و ستایشی منداڵان، لە سەر ئەنجامدراوە ئەرێنییەکانن .. پێویستییەکی زۆر گرنگن و، کارتێکردنێکی گەورەیان لەسەر رەوشت و رەفتار و، دروستکردنی کەسایەتی منداڵان هەیە .. بۆ ئەوەی ستایش و هاندان بە جوانی و بە دروستی بەربگرن و .. بە باشیش مەبەست و ئامانجەکانیان بپێکن .. پێویستە بە وردی، ئەم هۆکارە سەرەکییانە لەبەرچاو بگرین :

١ـ پێویستە هاندان و ستایش و خەڵاتکردن، لەسەر ئەنجامدانی کارە باشەکانی منداڵان بن، نەک لەسەر خودی منداڵان .. بۆ نموونە :

کاتێک کە منداڵێک لە تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەدا، بە نمرەیەکی باشەوە دەردەچێت .. پێویستە دایک و باوکی، ستایشی ئەو کۆشس و هەوڵدان و ماندووبوونەی بکەن، کە منداڵەکەیان بۆ ئەم سەرکەوتن و ئەنجامە باشەی لە تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەکەی دای .. وەکو پێی بڵێن : ” دەستخۆش، تۆ کۆششێکی باشت کرد بۆ ئەوەی دەربچیت و ئەم نمرە بەرزانە بە دەست بهێنیت .. ” ئەم شێوە ستایش و هاندانانە، یارمەتی منداڵ دەدەن بۆ درێژەپێدان و گەشەکردن و، راهاتن لەسەر کار وکۆشش، بۆ بە دەستهێنانی ئەنجامی باشتر .. کەواتە پێویستە جەخت لەسەر کارە باش و ئەرێنییە ئەنجامدراوەکان بکەیینەوە، نەک لەسەر خودی کەسەکان .. هەر لەم بارەیەوە نموونەیەکی تر :

(جـوان ) کە کچێکی هەشت ساڵانە .. بە باشی حەوشەی ماڵەکەیانی گسک دا .. گـەڵا وەریوەکانی دارەکان و هەموو خۆڵ و خاشاکێکی حەوشەکەیانی ماڵی و، کۆی کردنەوە و کردییە ناو سەبەتەی زبڵەکەیانەوە .. هەموو شتەکانی حەوشەکەیانی، بە جوانی لە شوێنی خوایاندا دانا .. ئەم کارە جوانەی کە جوان ئەنجامی دا .. بووە هۆی دڵخۆشی دایکی .. دایکی دەربارەی ئەم کارە جوانەی کچەکەی .. بەم جۆرە گۆزارشتی لە پێزانین و، لە پێخۆشحاڵی خۆی کرد :

دایک : ” حەوشەکەمان زۆر پیس بوو .. لەو بڕوایەدا نەبووم کە بە رۆژێک، ئەوها جوان پاک بکرێتەوە . “

جوان : ” من وا پاکم کردەوە “

دایک : ” حەوشەکەمان پڕبوو، لە گەڵا و خۆڵ و خاشاک و شتی تر “

جوان : ” من هەموویم ماڵی و، پاکم کردەوە و، کردمە ناو سەبەتەی زبڵەکەوە “

دایک : ” بێگومان تۆ هەوڵێکی گەورەت داوە و .. ماندووبوویتە “

جوان : ” بەڵێ، بە دڵنییایەوە ئەمەم کرد “

دایک : ” حەوشەکەمان زۆر پاکە .. مایەی دڵخۆشییە کە مرۆڤ، بەم پاکییە بیبینێت “

جوان : ” زۆر پاک و، رێک و پێکە “

دایک : ” رووخۆشیت و، دەموچاوی گەشت .. ئەوەم بۆ دەردەخەن، کە تۆ چەند شانازی بەم کارەتەوە دەکەیت .. زۆر سۆپاس بۆ ئەم کارە جوانەت “

جوان ( بە زەردەخەنەیەکی گەورەوە ): ” سۆپاس دایکە گیان “

جوان هەستی بە خۆشی و، بە شادییەکی زۆر کرد، دەربارە وشە جوانەکانی دایکی و پێزانینی بۆ ئەو ئیشانەی ئەنجامی دان .. چاوەڕێی ئێوارەشی دەکرد، کە باوکی بێتەوە و حەوشەکەیان بەو پاکییە ببینێت و .. بۆ جاری دووەم شانازی بەم کارەیەوە بکات .

لە بەرانبەر ئەو وشانەدا، گەر دایکی و شە و، رستەگەلێکی ستایشی وەک ئەم وشانەی بەکار بهێنایە : ” تۆ کچێکی چەند مەزنی ” یا ” کچە بچکۆلەکەم جوانەکەم، تۆ بە راستی یارمەتیدەری منی ” یا ” دایکت بەبێ تۆ هیچی پێ ناکرێت ” یا هەر رستەیەکی تری لەم جۆرانە .. ئەم رستانە ئاراستەی خودی کچەکەی دەکرد .. نەک کارە باشەکانی .. ئەمەش راست نییە و ( هەڵەیە ) .. ئەم زیادەڕۆییانە لە ستایش کردنی خودی منداڵدا .. ناراستی لای منداڵ دروست دەکەن و، بێزاری دەکەن .. لەوانەیە وا هەست بکات، کە ئەو هێندە مەزن نییە و، شایانی ئەو ستایش و پیاهەڵدانە نییە و .. ئەوە فوودانە .

( برولمان ) دەڵێت : ” ستایش کردنی منداڵ بە رستەی وەکو : تۆ هونەرمەندێکی مەزنی ” یا ( لە تۆپی پێدا : تۆ ئەستێرەی ئەستێرەکانی ) .. بەم نازناو و ستایشە زیادە رۆییانە .. منداڵ هەست بە شەرمەزاری دەکات .. خۆ ئەگەر هاتوو لە جاری داهاتوودا نەتوانێت وێنەیەیەکی جوانتر بکێشێت .. یا گۆڵێک تۆمار بکات .. زۆری پێی شەرمە، کە بە نازناوی ” تۆ هونەرمەندێکی مەزنی ” یا ” تۆ ئەستێرەی ئەستێرەکانی ” چونکە ئەم ستایشانە ئاراستەی خودی منداڵان دەکەن، لەوانەیە لە راستیدا، لە ئاستی ئەو ستایش و پیاهەڵدانانە نەبن، هەست بە تەریق بوونەوە و، بەشەرمەزاری بکەن .. راستر ئەوەیە، کە پێویستە ستایشی کارە ئەنجامدراوەکانیان منداڵان بکەن .. بۆ نموونە : ” تۆ وێنەیەکی جوانت کێشاوە ” ، ” تۆ یارییەکی جوانت کرد ” ، ” تۆ بە رووحێکی وەرزشیی بەرزەوە .. یاریت کرد “

٢ـ ستایشی هەوڵدانەکانی منداڵان بکەن .. ئەگەر بە ئەنجامیش نەگەیشتووبن، ئەو بڕوایەیان لە دڵ بڕوێنن، کە شکستی جارێک و دوو جار کۆتایی کارەکان نیین .. هەموو شکستییەک، پەند و وانەیەکی نوێ بە مرۆڤ دەبەخشن، بۆ دۆزینەوەی رێگایەکی باشتر و، هەنگاونان بۆ سەرکەوتن .. ( ئەدیسۆن )ی کەڵە زانا، دەڵێت : ” تەنها ئەو کەسانە شکست دەهێنن، کە واز لە کۆشش و لە هەوڵدان دەهێنن “

( ئەدیسۆن ) بۆ دۆزینەوەی وزەی کارەبا، هەزار تاقیکردنەوەی ئەنجامدا، لە(٩٩٩) یاندا شکستی هێنا، لە هەزارەمین تاقیکردنەوەیدا سەرکەوتنی بە دەستهێنا .. بەڵام ێەدیسۆن هەرگیز هەوڵ و تاقیکردنەوەکانی بە شکستی ناو نەبردوون، بەڵکو دەیوت : ” نۆ سەد و نەوت و نۆ تاقیکردنەوە بۆ سەرنـەکەوتن هەیە “

٣ـ ستایشی منداڵەکانتان بکەن و بە باشی هانیان بدەن .. چونکە دڵنیایی و ئاسوودەییان پێ دەبەخشن و، بەلای ئەوانەوە، ستایش و هاندان بەڵگەیە بۆ ئەوەی .. کە پەسەندن و بایەخیان پێ دەدەن .

٤ـ بە راستی و بە بڕوابوونە ستایشی منداڵەکانتان بکەن و، ناراست مەبەن و سازشیان لەگەڵدا مەکەن .. چونکە منداڵان، وریا و زیرەکن .. باش دەزانن کە ئەو ستایش کردن و پیاهەڵدانەتان، راستن و دڵتانەوە دێن  .. یا سازش و رووکەشی و هەڵخەڵەتاندنن .. یا زیادەڕۆۆیی دەکەن و زیاد لە پێویست ستایشیان دەکەن .. زۆر کەس هەیە بۆ مەرام و مەبەست و بەرژەوەندی تایبەتی، کورد وتەنی : ” ماستاو سارد دەکاتەوە ” و ” مامە حەمەیی دەکات ” و لە خۆتەن، بە شان و باڵ و، لەش و لاری کەسێکدا هەڵدەدات .

٥ـ شێوازەکانی راستی هاندان و ستایش بگرنەبەر .. چونکە رێبازە راستییەکانی ستایش و هاندان .. منداڵان بە سەرکەوتن دەگەیەنن .. لەم بارەیەوە، تۆیژێنەری مەزن ( ئیدی برولمان ) لە ( زانکۆی ئۆتریشت ) لە ( نیوزلەندە ) دەڵێت : ” گرنگ شێوازی ستایش کردن و هەڵنانە، لە تواناکان یا بەهرەکانی منداڵان “

٦ـ ئامادەی ستایش و هاندان بن و دوامەکەون .. چونکە خۆشتر و کاریگەرتر ئەوەیە، لە کاتی ئەنجامدانی کارە باشەکاندا، گەرماوگەرم، ستایش و خەڵاتی کەسە شایستەکان بکرێن .. چونکە لەو کاتەدا خۆشی و تام و چێژێکی زیاتر بەو کەسانە دەبەخشن .. کاریگەرییەکی زیاتریشیان دەبێت .

٧ـ پێشوەخت ستایشی کارێکی منداڵ مەکەن و .. پێشتریش خەڵاتی مەکەن بۆ کارێک  کە نیاز وایە بیکات .. بەڵام هێشتا ئەنجامی نەداوە .

٨ ـ وریابن، هەرگیز ستایشی کار و رەفتاری خراپ و چەوتی منداڵان مەکەن و، هانیان مەدە .. تا لەسەر ئەو کار و رەفتار و هەڵس و کەوتە هەڵە و زیان بەخشانە، رانەیەن و درێژەیان پێ نەدەن .. بۆ نموونە : کە منداڵەکەتان لە منداڵێک دەدات، بێ رێزییەک دەکات، بەرد لە ئاژەڵێک دەگرێت، لقی داێک دەشکێنێت، مان لە خواردن دەگرێت، گاڵتە بە مامۆستاکانی دەکات، بەبێ پرس پارە لە گیرفانت دەردەکات، جوێن دەدات، … هتد . پێویستە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و، بە هێمنی تێی بگەیەنن و پێی بڵێن: ” باشتر وایە وا بکەیت .. ” هەر بەقسەش وایان لێ بکەن کە دان بەوەدا بنێت هەڵەی کردووە ، داوای لێبووردنتان لێ بکات .. بەڵێن و بڕیاریش بدات، کە دووبارەیان نەکاتەوە .. دایکان و باوکانی وریـا و، مامامۆستا دڵسۆزەکان، دەزانن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵانی هەڵەدا دەکەن و .. چ شێوازیكی سەرکەوتوو دەگرنەبەر، بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانیان .. هەرگیز ناکرێت کە ( هەڵـە بە هەڵـە ) راست بکرێتەوە .

٩ـ هەوڵدەن وشەکانی هاندان و ستایشتان هەمەجۆرەبن چونکە زۆر دووبارەکردنەوەی هەمان جۆرە وشە و رستە، لە لای منداڵان چێژیان نامێنێت و، بایەخیان کاڵ دەبنەوە .. هەندێ لە مامۆستاکان، زۆر ئەم وشانە دووبارە دەکەنەوە : ( ئافەرین، بژی، باشە، زۆر باشە، نایابە، چەپڵەیەکی بۆ لێدەن ) مەرجیش نییە کە هاندان تەنها بە وشە و بە رستە بێت .. مامۆستا دەتوانێت، ئەو قوتابییەی کە ئەنجامێکی باش بەدەست دەهێنێت، وێنەیەکی لە سەر ( تابلۆی شکۆداری ) ی قوتابخانەکەی دابنێت، یا ئاڵایەکی بچووکی کوردستان، یا نەخشەی کوردستان، لە بەرۆکی هەڵواسی، یا کتێبێکی منداڵانی پێشکەش بکات، … هتد . یا لە لایەن دایک و باوکییەوە، وەکو خەڵاتێک، بیبەن بۆ ( چـاڤی لانـد، یا پارکي ئازادی، یا پارکی منارە، یا … هتد ) .

جیاوازی لە نێوان ستایش راست و ستایشی ناراست :

لێکۆڵینەوە دەروونییەکان، ئەویان پشت راست کردەوە .. کە ستایش کردن و هاندانی راستەقینەی هەوڵ و کارە باشە ئەنجامدراوەکانی منداڵان، لە لایەن دایکان و باوکانەوە زمانێکی شیرینی پێویستن و، هاندەر و پاڵنەرێکی باش و بەهێزن و، ناکرێت بەلاوە بنرێن، بۆ ئەوەی منداڵان هەوڵێکی زیاتر بدەن و، ئەنجامێکی باشتر بهێننەدی .. بەڵام پێویستە بە شێوازێکی راست و دروست و زانستییانە، پەیامەکەیان بە منداڵەکانیان بگەیەنن .. بۆ ئەوەی بە راستی ئامانجەکانی ستایش و هاندان و هەڵنان بپێکن .

زیادەڕۆیی لە لە ستایش و هاندان و پیا هەڵدان، یا ستایشی ناڕاست و بۆش و بێ بنەما .. زیانیان هەیە و سوودیان نییە .. زۆر منداڵ تووشی شەرەمەزاری دەبێت، چونکە توانا و بەهرە و کار و بەرهەمە ئەنجامدراوەکانی، لە ئاستی ئەو هەموو ستایش و، پیاهەڵدانەدانەی دایک و باوکیدا نین .. دەشێ وا هەستیش بکات کە سەرکەوتن ئاسانە و .. دواتریش وا هەست دەکات کە ژیانیش بۆ ئەو ئاسانە .. ئەمانە هەمووی وای لێ دەکەن کە ببێت بە کەسێکی بێ دەسەڵات و .. ئامادە نەبێت کە رووبەڕووی کێشە و بەرهەڵستییەکان و راستییەکان ببێتەوە، کە لە ژیانیدا رووبەڕووی دەبنە .

زیادەڕۆیی لە ستایش و هەڵنان .. هۆی تووشبوونی منداڵە بە نێرگزی :

هەندێ لە پسپۆرانی بواری پەروەردەی منداڵان، مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵدا، بەم شێوازە هەڵە و نادروستە .. بە هۆیەکی تووشبوون بە ( نیرگزی ) دەزانن لە نەوەی تازەدا.. هەر وەکو چۆن لە بەشێکی لاوانی ئەمڕۆدا بەدی دەکرێت .. کە کەمتر کاردەکەن و، چاوەڕێی دەسکەوتی زیاتر دەکەن .. ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە، دەشێ بە راستی زیان بە منداڵ بگەیەنێت و، نەتوانێت، بەهرە و تواناکانی دروست بکات، کە پاڵپشتن بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانی و پێشکەوتنیان .. هەر ئەم منداڵە تووشی لە خۆبایی بوون و، خۆبەزیاتر زانین و، خۆ بە جیاواز لە منداڵانی تر دەبێت .. هۆیەکەشی ئەوەیە کە لە راستیدا، لەسەر بنەمایەکی پووک هەڵنراوە .. بەهرە و تواناکانی لەوە کەمترن کە وا هەست دەکات هەیەتی .. هۆی سەرەکی ئەم تووشبوونەی منداڵ بە ( نێرگـزی ) یەت دەگەڕێتەوە بۆ نابەڵەدی دایک و باوک، کە زیادەڕۆیی لە ستایش و، لە هەڵنانی بەردەوامی منداڵەکەیان دەکەن، کە لەو ئاستەدا نییە .. بێ ئەوەی زیانەکان و ئەنجامە خراپەکانیان لەبەرچاوبگرن .. ئەو منداڵەی کە تووشی نێرگزی دەبێت .. دەبێتە کەسایەتییەکی زۆر هەستیار و هەمیشە شانازی بە خۆیەو دەکات .. تا ئەو رادەیەی کە بە هاوڕێکانی بڵێت ( من لە ئێوە باشترم ) .. کێشەکانی منداڵی توشبوو بە نێرگزی ئەوەیە، کە ناتوانێت پەیوەندییەکی بەهێز و بەردەوامی لەگەڵ کەسانی تردا هەبێت .

توێژینەوەیەکی هۆڵەندی کە بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر ( ئیدی برولمان ) ئەنجام درا .. کۆمەڵێک لە دەرووناسان و پەروەردەکارانئەنجامیان دا .. توێژینەوەکە لە ماوەی دوو ساڵدا، هەر شەش مانگ جارێک، لەسەر (٥٦٥)  منداڵی کوڕ و کچ، کە تەمەنیان لە نێوان (٧ ـ ١١) ساڵ بوون، لەم توێژینەوەیەدا، پرسیار لە دایکان و باوکانیش دەکرا .. لێکۆڵینەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی .. کە زیادەڕۆیی هەمیشەیی، لە ستایش و هەڵنانی منداڵ، هۆخۆشکەرە بۆ تووشبوون بەنێرگزی .. هەر لەم توێژینەوەیەدا ئەوە دەرکەوت کە ئەو منداڵانەی بە نێرگزی ناودەبران .. ئەو منداڵانە بوون، کە باوک و دایکیان وەک منداڵێکی جیاوازی زیاتر لە منداڵانی تر، هەڵس و کەوتیان لەگەڵدا کردوون .

ستایش وەک ( پەنسلـین ) وایە .. نابێت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دابەش بکرێت .. کۆمەڵێک زانیاری و ئاگاداری هەن بۆ بەکارهێنانی دەرمانی بەهێز .. زانیاری دەربارەی کات و رادە و، دەربارەی زیانە ئەگەرییەکانی هەن .. وەکو تووشبوون بە خروشت و سووربوونەوەی لەش .. هەر بەم شێوەیەش، زانیاری و ئاگاداری دەربارەی چۆنییەتی دابەشکردنی دەرمانی ( سۆزداری ) هەیە .

گرنگترین و دروسترین و تەنها دەستووریش ئەویە، پێویستە ستایش ئاراستەی کۆشش و کارە ئەنجامدراوەکانی منداڵان بکرێن .. نەک ئاراستەی خودی منداڵان بکرێن .

جۆرەکانی ستایش و هاندان و پاداشت و خەڵاتکردنی منداڵان :

١ـ ستایش و پاداشتی کۆمەڵایەتی ( ورەیـی : مەعنـەوی) : کە ئاسانترین و باشترین  ستایشە .. لە خەڵاتی ماددی زیاتر کاریگەریی لەسەر دەروونی منداڵان هەیە .. پاداشتی کۆمەڵایەتیش، بەپێی گونجانی کارەکان و تەمەنی منداڵان جیاوازییان هەیە .. لەوانەش: ( زەدەخـەنە، رووگەشی، ماچـکردن، لە ئامـێزگرتن، دەست بەسەردا هێـنان، دەست خستنە سەر شان، دەست کردنە مـل، چەپڵەلێدان، روانین بە شانـازییەوە، دەستخۆش، دەمخۆش، هەر بژی، ئافەرین، تەمەن درێژبیت، هیوای داهاتوویەکی باشت بۆ دەخوازم ، … ئەمانە و، بە دەیان وشەی جوان و شیرین و ناسکی تری کوردیمان هەیە .. ئەم وشە و رستانە، گوزارشتێکی ئاسایی سۆزدارین بۆ بەرزکردنەو ورە و ها دانی منداڵان بۆ درێژە پێدان و گەشەکردنی کارە ئەرێنییەکانیان و، بە دیهێنانی ئەنجامێکی باشتر .

٢ـ پاداشتی ماددی : بەرانبەر بە رەفتار و کارە باشە ئەنجامدراوەکانی منداڵان، وەکو پێزانین هەندێ جار خەڵاتی ماددیی منداڵان دەکرێت ـ گەر خەڵاتێکی ساکاریش بێت ـ بۆ درێژەدان بە کارە و ئەنجامە باشەکانی و، بە رەفتارە جوانەکانی بدات .. وەک:

( نوقڵێک، بابەتێکی یاری، کتێبێکی رەنگاوڕەنگی منداڵان، تۆپێکی قنج، پێنووسێکی جوان، بووکە شووشەیەکی جوان، لە یەخەدانی ئاڵایەکی کوردستان، بردنی بۆ چاڤی لانـد، بۆ پارکی منارە، هەڵواسینی وێنەیەکی جوانی لەسەر ( تابلـۆی شـکۆداری ) ی قوتابخانەکەی، … هتد .. لە کۆتاییدا، ئەوە دووبارە دەکەینەوە، کە ستایش و هاندان و پاداشتی ورەیی و ماددی، پێویستە لە کات و لە شوێنی خۆیاندا بوترێن .. یا پێشکەش بکرێن .. چونکە لەو کاتەدا، خۆشی و تام و چێژێکی زیاتر بە منداڵان دەبەخشن و، کارتێکردنێکی دەروونی قووڵتریشیان دەبێت .   

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی