"an independent online kurdish website

پێشەکی:

پێشینیانی کورد فەرموویانە ” کورد لە کاتی شادی و شین دا بناسە”mehran-nihmeti-_herki-8000kes-dehwet-0

لە زەماوەندێکی تایبەتی عەشاییری دا لە ڕێکەوتی 29 خەرمانانی ساڵی 2715 کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە گوندی کانی سپی سەر بە شاری شنۆ، بڕی 8 میلیارد تمەن دیاری کۆ کرایەوە و 8 هەزار کەس بانگهێشت کرابوون. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 300 هەزار دۆلار(یەک میلیارد تمەن) دەکاتە دیاری بووک و زاوا و سێ گرووپی موسیقا بەشدار دەبن و شوێنی زەماوەند پێکهاتبوو لە 10 دۆنم زەوی کوێستانی کە بۆ ئاهەنگی بووک گواستنەوەی کوڕی سەرۆک عەشیرەتی هەرکی(مێهران نێعمەتی) ڕێک خرابوو!!، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش داوای مۆڵەتی لێیان نەکردبوو، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەگەر کەسێکی ئاسایی زەماوەند بکات دەبێت حەوت خانی ڕۆستەم ببڕێت کە هێزی ئینتزامی ڕێگەی پێ بدەن شادی و گۆڤەند بگێڕێت!!. ئەم زەماوەندە لە سەرجەم میدیاکانی ئێراندا بە مەزنترین زەماوەند ناوبانگی دەرکردووە و هەموان باسی دەکەن.

kani-spi-zemawendi-2 

kani-spi-zemawendi-1

یەکێک لە نەتەوە هەر شاد و دڵخۆشەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئەم جیهانە نەتەوەی کوردە لە هەموو بەشەکانی کوردستان. کورد بە هەبوونی کلتوورێکی هەمەڕەنگ و پڕاوپڕ لە ڕەنگدانەوەی سرووشتی ڕازاوەی کوردستان و کەلەپوورێکی کۆن و مێژوویی و بایخدان بە خۆشی گوزەرانی لە ژیاندا لە ناو گەلانی دیکەدا دەناسرێتەوە.

بە باوەڕی زۆربەی زانایانی بواری فەرهەنگ، شاد بوونی نەتەوەی کورد مێژوویکی دوور و درێژی هەیە و دەگەرێتەوە بۆ سەرەتاکانی “مێهرپەرەستی” و دواتر ئایینی ئەهوورا مەزدا(ئایینی زەردەشت).

لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە کەلەپووری کورد دەریانخستووە کە هەبوونی سێ خشتی سەرەکی و لەوانە باوەڕ بە خوداوەندی ئەهوورا مەزدا و سرووشت و شادی پێکهێنەری کۆمەڵگەی کوردەواری بووە. کاتێک ئاشوو زەردەشت(حەزرەتی زەردەشت) لە ڕۆژی شەشەمی مانگی خاکەلێوەی وەرزی بەهاردا لە دایک دەبێت پاش تێپەڕبوونی یەک هەفتە، دۆغدۆا کە دایکی بووە بەشداری ئاهەنگ گێڕانێک دەبێت بۆ کۆرپەکەی کە لە ئێستادا ناسراوە بە ڕۆژی “سێزدەبەدر”  و وەک لە ئایینی زەردەشتی دا هاتووە سرووشت و گوڵ و بولبل کەیف خۆش دەبن بە هاتنی زەردەشت.

نەتەوەی کورد بە هەبوونی دەیان ڕۆژی جەژن و شادی وەک نەورۆز و بوکەبارانە و کەپرەشینە…هتد و دەیان جۆری هەڵپەڕین و گۆڤەند، بە نەتەوەیەکی شاد دەناسرێتەوە. سەرەڕای هاتنی داگیرکەرانی وەک مەغۆل و عەڕەب و عەجەم و کاولکاری زۆر لە وەڵاتی کوردستان، دیسانەوەش نەیانتوانیوە پێش بە زەماوەند و شادی نەتەوەی کورد بگرن و هەموو ساڵێک ئاهەنگ و جەژنی سرووشتی و نەتەوەیی لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت.

وشەی کورد بە داخەوە لە دوای بەڵگەی مێژوویی کارنامەی ئەردەشێری بابەکان(پاپەکان)وە کە نەتەوەی کورد وەک کۆچەر و عەشایر ناوزەد دەکات، زۆرتر لە سەردەمی ئیسلامییەوە و لە لایەن مێژوونووسانی وەک “ئیستەخری” و ئیبن بەلخی” و”مەسعوودی”یەوە بە واتای ” کۆچەر” مانا کراوەتەوە، ئەگینا کورد و نیشتیمانەکەی لە سەردەمی پاشایەتی سومێرییەکانەوە  تاوەکوو سەردەمی پاشایەتی سوڵتان سەنجەری سەلجووقی کە بە فەرمی بە ناوی “کوردستان” هاتووە، بە نەتەوەیەکی مێژوویی و خاوەن ناسنامە و کلتوور ناوبانگی بووە.

ئەوەی کە بۆچی بە کورد گوتراوە کۆچەر زیاتر هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ باروودۆخی ژیانی هۆزە جیاوازەکانی کورد کە خاوەنی مەڕ و ماڵات بووەن و بە درێژایی سال گەرمیان و کوێستانیان کردووە. وەک دەشبینین لە زاراوەی “تەبەری” یان مازەندەرانی کۆندا، وشەی کورد ڕاست بە مانای کۆچەر مانا دەکرێتەوە.

بەڵام ئەوەی لە هەموو گرنگترە زۆربەی هۆزەکانی نەتەوەی کورد بە عەقڵیەتی عەشاییری و خێڵەکی هەڵسووکەوتیان دەگەڵ دۆست و دوژمندا کردووە و هەر بۆیەش ئەم جۆرە پێناسە کردنە لە لایەن مێژوونووسانەوە وەک کراسێک بە باڵای تەواوییەتی کورد دا بڕاوە.

شۆڕشەکانی نەتەوەی کورد و شادی و ماتەمینی ئەم نەتەوەیە لە هەر کەلێن و قوشبنێکی کوردستاندا ڕەنگاڵەی عەشاییری پێوە دیار بووە، زۆر جاران لە مێژوودا هۆزێکی کورد خیانەتی کردووە و هۆکار بووە بۆ پێناسەیەکی گشتی ئەم نەتەوەیە و زۆر جاریش قارەمانیەتی و بەرخۆدانی هۆزێکی دیکە دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانی بە چۆکدا هێناوە و چاوترسێنی کردوون و کێو و کەژ و دەشت و دۆڵی کوردستان پڕن لە گۆڕی کوژراوی دوژمن و نەیاری کورد بە مەغۆل و عەڕەب و عەجەمەوە.

کتێبی “شەرەفنامە”ی شەرەفخانی بدلیسی وەک سەرچاوەیەکی کوردی کە پێناسەی کۆمەڵگەی کوردی بە هەڵسەنگاندی جۆری ژیانی هۆز و عەشاییرە کوردەکان کە لەو سەردەمەدا بەخێو کردنی مەڕ و ماڵات و پیشەی کۆچەرییان هەبووە بە جوانی ڕوون دەکاتەوە.

لە ڕوانگەی بەشێکی زۆر لە مێژوونووسانی عەڕەب و عەجەمیش هاوکات گرنگی دان بە کار و پیشەی کورد وەک سیفەتێک بۆ هەڵسەنگاندن و پێناسەکردن کەڵکی لێوەر گیراوە. کاتێک لە ئەدەبیاتی عەڕەبیدا بە دەیان قسەی نەستەق لە سەر نەتەوەی کورد هەیە و دەیان نووسەر و شاعیری کورد بە عەڕەبی نووسراوە یان دیوانی شێعریان هەیە، کەوایە ناتوانین بڵێین یار و نەیاری کورد بە پێچەوانەوە  ئێمەیان ناسیوە و یان پێناسەیان کردووین.

“ڤیلادیمیر مینۆرسکی” مێژوونووسی ناسراو سەبارەت بە وشەی کورد ڕایوایە کە بە سەرجەم هۆزە کۆچەرەکانی کێوەکانی زاگرۆس و ناوەڕاستی ئێران گوتراوە کورد، هەر بۆیەش لوڕەکان و بەشێک لە عەشاییری بەلووچ بە کورد دەزانێت.

 ئیبن خەلدوون پاش پێناسە کردنی جۆرەکانی شەڕ لە لایەن هۆزەکانەوە کە بریتیە لە چوار جۆر: 1- شەڕ  و کێبەرکێی خێڵەکی 2- هێرش و  داگیرکاری کیانی خەڵکانی دیکە 3- شەڕی ئیدئۆلۆژی و جیهادی4- شەڕی پاراستنی دەسەڵات و حکومەمەت. ڕایوایە کە عەشاییری کورد و عەڕەب زۆرتر شەڕەکانیان بە مەبەستی خۆبەخێو کردن و مانەوەیە، چونکە ناتوانن پشت بە پێشکەوتن و زانستی سەردەم ببەستن بۆ سەرخستنی خۆیان و نەتەوەکەیان.

لەمڕۆدا کە سیاسیەکانی کورد باسی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی دەکەن بەداخەوە عەقڵیەتی عەشاییری لە گۆڕەپانی سیاسەتیشدا خۆی دەبینێتەوە و دیوەخانی عەشاییری زیاتر لە یاسا و پەرلەمان دەور دەگێڕێت.

khamenei-ashayer

هاوکات بەرژەوەندی عەشاییری و حیزبی بیر و باوەڕی نەتەوەیی خستۆتە ژێر سێبەری خۆی و ئەوەی لەمڕۆدا دەبیندرێت نەوەک پێشەوەچوونی ناسیۆنالیزمی کورد نیە، بەڵکوو گەڕانەوە بۆ چاخەکانی کلتووری کۆچەر بوونە و ئەوەی چەند سەر مەڕ و ماڵات یان ئۆتۆمبێلی جام ڕەشی زیاتری هەبێت و ژومارەی شوێنکەوتەی زیاتری هەبێت ئەوە لە کۆمەڵگەدا سالار و پێشەوایە.

ashireti-


شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی نەتەوەی کورد و هۆکاری سەرەکی شکستی دەگەرێتەوە هەر بۆ ئەم جۆرە بیرکردنەوە عەشاییریە. کاتێک دەبین پێشەوای نەمر قازی محەمەد خەریکی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بوو، بەشێکی بەرچاو لە عەشاییری کورد بە ئاسانی بە هەبوونی سیاسەتی ژێراوژێر دەگەڵ سیستەمی پاشایەتی حازر نەبوون دیوەخانی خێڵەکی خۆیان فیدای کۆماری کوردستان بکەن و بەرەنگاری دوژمنانی کوردستان ببنەوە وەڵاتەکەیان بە یەکجاری ڕزگار بکەن.

تەنانەت چوراچێوەی زۆربەی شۆڕشی نەتەوەی کورد گرێدراوە بە لەوەڕگەی مەڕ و ماڵاتی عەشاییر و هۆزەوە و زۆربەی شۆڕشەکانی کورد بە پێوانەی جوغرافیایی هەر ئەوندە بازنەکەی فراوان کراوە کە مەڕ و ماڵاتی ئاغا و کوێخا و شێخ و مەلا تێدا گەرمیان و کوێستانی کردبێت. ئەگیان تەنیا بە دروشمی بریقەدار شۆڕشەکان کوردستانی بووە، بەڵام بە پێچەوانەوە عەقڵییەتی شۆڕشەکان عەشاییری بووە  نەوەک هیچی دیکە.

…………….

هەواڵی لەم بارەوە

رێوڕەسمی ژنهێنانی کوڕی سەرۆکی یەکێک لە عەشیرەکانی هەرکی بووە و 8 هەزار میوان تێیدا بەشدار بوون

27.08.2015

رێوڕەسمی زەماوەندی كوڕی سەرۆكی عشیرەی هەركی لە گوندی “كانی سپی”ی سەر بە شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی كوردستان كە بە گەوەرترین زەمازەندی كوردستان ناسراوە، 8 هەزار كەس تێیدا بەشدار بوون.

بۆ ئەو زەماوەندە كە ماوەی چەند مانگێك ئامادەكاری كراوە، كەمپێك لە ناوچەی كوێستانی و لە زەمینێك بە پانایی 10 هێكتار و بە 3 پاركینگ بەڕێوە چووە.

دەگوترێت بایی هەشت ملیار خەڵات و دیاری بۆ ئەو بووك و زاوایە هێنراوە و بە چەشنێك فراوان بووە كە 5 ئۆتۆمبێل خەڵات و دیارییەكیان گواستووەتەوە و چەند هۆڵێك كراوەتەوە كە تەنیا ئەو مەڕ و بزنانەی كە وەك دیاری هێنراون، تێیدا راگیرون.

ماڵپەڕەكانی هەواڵ بڵاویان كردووەتەوە كە ئەو رێوڕەسمە لە سەعات 10ی بەیاننیەوە دەستی پێكردووە و هەتا 8ی ئێوارە بەردەوام بووە.

رێوڕەسمی زەماوەندی “میهران نیعمەتی” كوڕی سەرۆكی عەشیرەی هەركی لە گوندی كانیی سپیی شنۆ بووەتە سووژەی راگەیەن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

ئەم زەماوەندە زیاتر لە 260 هەزار دۆلاری تێچووە و بەهای ئەو دیاری و خەڵاتانەی كە بۆ بووك و زاوا هێنراوە زیاتر لە تێچووەكەی بووە.

سەرچاوە خۆجێیەكانی رۆژهەڵاتیش بڵاویان كردووەتەوە كە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو رێوڕەسمە هێزە ئەمنییەكان و بەتایبەت سوپای پاسداران رێوشوێنێكی توندی ئەمنیان گرتووەت بەر و رێژەیەكی بەرچاو لە هێزەكانی سوپای پاسداران و بەرپرسە حكوومەتییەكان بەشدار بوون و دەگوترێت خاوەن زەماوەنە كەسانێكی نزیك حكوومەتی ئێرانن .

پۆست : هانی رووف



 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی