ڕووداوه‌كانی باشووری كوردستان هه‌ڵگری دوو په‌یامی گرینگ و پڕ باییخن!
یه‌ك؛ ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی و حوكوومیی له داواكارییه‌كانی خه‌ڵك تێ بگات و ده‌رفه‌تی له‌بار بۆ پێشه‌وه‌چوونی دۆخی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی هه‌موار بكات و دۆخی ژیانی گه‌لیش ئاوری لێبدرێته‌وه. پێویسته ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حوكوومه‌ت له‌وه بگات كه گه‌ل توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه كه وه‌ك ڕه‌شه‌با كۆشكی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حوكوومه‌ت بله‌رزێنێت و ده‌سه‌ڵات تووشی كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تیی بكات. ئه‌م دۆخه‌ی كه ئه‌مڕۆ باشووری كوردستانی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێ، گه‌لێك چاره‌نووسسازه و كاریگه‌ریی ئه‌رێنیی و نه‌رێنیشی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان هه‌یه. نابێ ئیزن به‌وه بدرێ كه داخوازییه‌كانی گه‌ل و مافی ڕه‌وای گه‌ل تێكه‌ڵ به قینی كۆنه بكرێت و نه‌یاران داخی خۆیان له ڕێگای ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی چینوتوێژه‌كانی كوردستانه‌وه به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا بڕژێنن. چونكه ئه‌وه به مانای فێڵكردن له‌گه‌ل دێت. ده‌بێ گه‌لیش ڕێ له‌وه بگرێت و ئیزن نه‌دات كه داخوازییه ڕه‌واكانیان له‌لایه‌ن هندێك لایه‌نی تاییبه‌ته‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیردرێت و وه‌ك گوشار بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌كار ببردرێت. گه‌ل هه‌رده‌م ده‌توانێ به گوشار خستنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات داخوازییه‌كانی به‌ده‌ست بهێنێت و پێویست به‌وه ناكات كه گرژیی، ئاڵۆزی و تنوتیژیی تێكه‌ڵ به ویسته‌كانی بكات.
دوو؛ ئه‌م گرژیی و ئاڵۆزییانه بینه‌ری تاییبه‌ت به‌خۆی هه‌یه و وڵاتانێكی ناوچه‌یی و ده‌كرێت بڵه‌یین كه جیهانییش چاوه‌دێریی دۆخه‌كه ده‌كه‌ن و پێویسته كه ده‌سه‌ڵات به باییخه‌وه چاو له داخوازییه‌كانی گه‌ل بكات. له‌وانه‌یه هەندێك له وڵاتانی ناوچه‌یی ئه‌م ئاڵۆزییانه وه‌ك ده‌رفه‌ت بۆ شێواندنی دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان به‌كار بێنن و نێوبانگی كورد و ده‌سه‌ڵاتی كوردیی له وڵاتانیی بڕیارده‌ر له‌كه‌دار بكه‌ن. له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا نه‌ته‌وه‌ی كورد و ده‌سه‌ڵاتیی كوردیی به‌چه‌شنێكیی ئه‌رێنیی ڕۆژه‌ڤی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانی جیهانیی بۆخۆی ته‌رخان كردبوو، نابێ ئاڵۆزییه‌كان له ڕێچكه‌ی خۆی لابدات و كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر هێزی كورد له ناوچه‌كه دابنێت. نابێ ئه‌م ئاڵۆزییانه ببنه هۆی ئه‌وه‌كه كورد پاڵپشتیی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ده‌ست بدات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو چین وتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستان هه‌ست به ناسكیی ئه‌م دۆخه ناكه‌ن و پتر كۆمه‌ڵگای ئێمه له چینه‌كانی جیاواز پێك دێت كه به‌داخه‌وه به‌شێك له‌وان ئاگاداری دۆخی سیاسیی ناوچه‌یی نیین و له كۆدا هۆشیاریی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ییمان لاواز و بێ په‌رژێنه. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئه‌و به‌شه له چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا كه له ڕووناكبیرانی سیاسیی، قوتابیان و خوێندكاران پێك دێن به وریاییه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا هه‌ڵسووكه‌و‌ت نه‌كه‌ن، له‌وانه‌یه ئاسۆی گه‌شی كورد به‌ره‌و زه‌رده‌په‌ڕی ئێواران هه‌ڵزنێت.
ئه‌مه‌ش كاره‌ساتی سیاسیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. چونكه نه‌یارانی كورد هێنده زۆرن كه دائیم و به‌رده‌وام له كه‌مینی ئه‌و هه‌رێمه خنجیلانه دان. من لێره‌وه ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی به به‌رپرسی سه‌ره‌كیی ئه‌م دۆخه ئه‌ژمار ده‌كه‌م و به‌ڕاستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له ئاست داخوازییه‌كانی گه‌لی ئه‌م هه‌رێمه نابه‌رپرسانه جووڵاوه‌ته‌وه. ئێمه وڵاتێكی سه‌رمایه‌دار و خاكێكی به پیتوبه‌ره‌كه‌ت به سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی له‌و هه‌رێمه ده‌بینین كه به‌شێكی زۆر له دانیشتووانی شه‌وانه به‌برسێتییه‌وه سه‌ر ده‌نێنه سه‌ر سه‌رنیاكه‌یان. هاوكات به‌شێكی دیكه‌ش له كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌م هه‌رێمه به‌هۆی ده‌سه‌ڵاته‌وه تووشی جۆره سه‌رلێشێواوییه‌ك بووه. هه‌نووكه به‌شێكی سه‌ره‌كیی له كۆمه‌ڵگا گه‌نده‌ڵ بووه. ئه‌مه‌ش به‌هۆی مووچه‌وه، مووچه‌یه‌ك كه له‌ژێر ناوی مووچه‌ی حیزبیی خۆی پێناسه ده‌كات. ئه‌م چه‌شنه له مووچه‌خۆران ڕۆژانه بێكارن و به به‌رده‌وام له چاییخانه‌كاندا پاڵیان داوه‌ته‌وه و بێكار ده‌سووڕێنه‌وه و به شه‌قامه‌كانی شاردا ده‌خولێنه‌وه.
مووچه‌داری بێكار بۆخۆی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه كه ده‌توانێ له داهاتوودا كاره‌سات بخووڵقێنێت. ئه‌وه‌یكه لێره‌دا جێگای ڕامان و وردبوونه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه كه بنچینه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته پێویستی به هه‌ڵته‌كان و نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه كه ڕێ بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هه‌موو چه‌شنه گه‌نده‌ڵیكارییه‌ك خۆش بكات و ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌لیی و به‌رپرس لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له ژیانی خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگا هه‌ڵبداته‌وه. ئه‌م گۆڕانكارییانه له‌هه‌ر ئانوساتێكدا ڕوو بدات جێگای دڵخۆشییه و نابێ به‌هۆی ناسكیی دۆخی ناوچه‌ییه‌وه كڵاوڕۆشنه له‌سه‌ر ڕێی هاتنی وزه‌ی ڕووناكیی بۆ‌نێو ماڵ دابنێین. ده‌بێ ده‌سه‌ڵات به‌رپرسانه‌تر له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا بجووڵێته‌وه و دابینكردنی به‌خته‌وه‌ریی له ژیانی دانیشتووانی ئه‌م كۆمه‌ڵگا وه‌ك ئامانجیی سه‌ره‌كیی خۆی دابنێت. چونكه كۆمه‌ڵگه برسیی، هه‌ژار و نه‌داره. له‌و لاشه‌وه ده‌سه‌ڵات سكتێر، خومار و سه‌رخۆشه.
خه‌ڵكی برسیی و نه‌داریش بیر له نان و ئاو ده‌كاته‌وه، بیر له سه‌ربه‌ستیی و ده‌وڵه‌تیی كوردیی ناكاته‌وه. هه‌روه‌ك چون بۆچوونێكی سه‌رمایه‌داریی هه‌یه كه ده‌ڵێت هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریدا له‌دایك ده‌بێ، كه‌واتا ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م كێشانه به پرسی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه گرێ ده‌ده‌یت، ده‌بێ له پێشدا برسێتی بڕه‌وێنیته‌وه. ده‌وڵه‌تێكیش كه برسێتیی چاره‌سه‌ر نه‌كات و نه‌توانێ گۆڕانكاریی له ژیانی كۆمه‌ڵگا پێك بهێنێت، ناتوانێ ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌م دۆخ و دۆخه‌كانی دیكه‌ش مسۆگه‌ر بكات. هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن نه‌وت و گاز و ئاوه، خاوه‌ن زه‌ویی پانوبه‌رین و به‌راوه.
حوكوومه‌تێك كه نه‌توانێ به‌و هه‌موو وزه‌وه سه‌ربه‌ستیی دابین بكات و نه‌توانێ كه كێشه‌ی ئابووریی بڕه‌وێنێته‌وه و خه‌ڵكی برسیی تێر نه‌كات، ئیتر بوونی له قه‌یرانه و قه‌یرانیش قه‌یران ده‌خووڵقێنێت و ناكرێ به قه‌یران قه‌یران چاره‌سه‌ر بكرێت. من له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینیی گه‌لی كورد له باشوورم و پێموایه كه ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی نه‌یتوانیوه دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی دابین بكات و برسێتیی و هه‌ژاریی بنبڕ بكات. ده‌سه‌ڵاتێك كه به‌وهه‌موو سامانه سرووشتییه‌وه نه‌توانێ هه‌ژاریی و نه‌داریی ڕیشه‌كێش بكات و له دابینكردنی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت و تووشی شڵه‌ژان بێت، نه‌بوونی باشتره له بوون. ئه‌مه به‌و واتایه دێ كه كۆمه‌ڵگه هه‌وڵ بۆ گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی له بنه‌ماكانی ده‌سه‌ڵاتیی سیاسیی ئه‌م هه‌رێمه بدات، نه‌ك ته‌نیا بیر له چاره‌سه‌ر كردنی بێمووچه‌یی بكاته‌وه. بوونی مووچه‌ی زۆر یه‌كێ له كێشه‌كانی گه‌وره‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌یه. زۆر مووچه‌یی به یه‌كێ له هۆیه‌كانی كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ پێناسه ده‌كرێت.